ئەگەر کردەی نووسین و ئاراستەکردنی بۆ گەورەکان بە گوێرەی تەمەنی فیزیکییان گران و دژوار بێت، ئەوا بۆ منداڵان و مێرمنداڵان زۆر لەوە واوەتر دەچێت و جگە لەوەی پێویستی بە پاشخانێکی گەورەی مەعریفی هەیە لە ڕووی درککردن بە تایبەتمەندییەکانی قۆناغی منداڵی و خەیاڵ و جیهانبینییەکەیان، لە هەمانکاتیشدا نیازی بەوەیە لە ڕووی زمانی نووسین و تەوزیفکردنی فکر و ئامانجەکان و داڕشتنی لە چوارچێوەی ژانرێکی ئەدەبیدا، هاوتای توانستی زەینی و تێگەیشتنی منداڵان و مێردمنداڵان بێتەوە. ئەگەر وانەبێت، هیچ شوێنەوارێکی ئەرێنی و بنیاتنەرانە بەسەر پانتایی ئەدەبی منداڵان و مێردمنداڵانەوە بەجێ ناهێڵێت و وەک دەقێکی مردوو پێوانەی بۆ دەکرێت کە تەنها خراوەیە سەر کاغەز و ناوی قەڵەمبەدەستێکی بەسەرەیە و هیچی دی!
لە ڕوانگەی بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆمەوە، نووسین بۆ منداڵان و مێردمنداڵان پەیوەستە بە چەندین خەسڵەت و تایبەتمەندییەوە، کە لێرەدا بە کورتی لە چوارچێوەی چەند خاڵێکدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم:
_ پێویستە لەنێوان گەیەنەر کە قەڵەمبەدەستە و وەرگر کە منداڵ و مێردمنداڵە، کەشێک بۆ لێکتێگەیشتنی دوانەیی لەئارادا بێت. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە دەبێت قەڵەمبەدەست لەوە ئاگادار بێت لایەنی بەرامبەر چی گەرەکە، لە هەمانکاتیشدا بەکام مینکانیزمی چلۆنایەتی دەتوانێت خواست و مەبەست و ئامانجەکانی خۆی لەڕێی وشەوە بگەیەنێت.
_ پێویستە لە نووسیندا، ڕەچاوی قۆناغی تەمەن و توانستە زەینی و فکرییەکانی منداڵان و مێردمنداڵان بکات و لە چوارچێوەی فۆرمی داڕشتن و وشەسازی و تەوزیفکردنی نیاز و مەبەست و ئامانجەکاندا لە بەرچاوی بگرێت.
_ ئەو دەقەی دەینووسێت، لە ڕووی زمانی دەربڕین و هونەری وشەسازی و ڕێنووس و خاڵبەندییەوە بێ گرفت و گرێوگۆڵ بێت و تێبینیی لەسەر نەبێت.
_ بابەتێک تەوزیفی نووسین بکات لەلای منداڵان و مێردنداڵان سەرنجڕاکێش و خوازراو بێت، یاخود تامەزرۆییان بۆی هەبێت و بەئاسانی ئاوێتەی ببن.
_ لە چوارچێوەی دەقە نووسراوەکەیدا، بتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە بیر و زەینی منداڵان و مێردمنداڵان جار بەجارێک پێیانەوە سەرگەرم دەبێت و بەدوای وەڵامیدا دەگەڕێن.
_ ئەو بابەتانەی لەبارەیانەوە دەنووسێت، بەوهێندە دووبارە و سواو نەبن منداڵان و مێردمنداڵان پشتگوێی بخەن و بێبەها لێی بڕوانن.
_ هانی منداڵان و مێردمنداڵان بدات بیر بکەنەوە و توانستی خەیاڵکاری و تێڕوانینیان بە دیوێکی ئەرێنی و بنیاتنەردا بۆ ئێستا و داهاتوویان زیاتر ببێت.
_ بەتاڵ نەبێت لە ئامانج، چونکە ئەوکات تەنها وەک دەقێکی بێگیان و مرددوو لێی دەڕوانرێت و ناچیتە خانەی بەرهەمێکەوە بۆ ئێستا و داهاتوو کەڵکی لێ وەربگیرێت.
_ زیادەڕۆیی تیادا نەبێت لە وشە و ڕستە و دەستەواژەکانیدا کە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵ ماندوو بکات، یاخود بێزاری بکات و لێی دوور بکەوێتەوە.
_ لە ڕووی داڕشتنەوە، نووسینەکەی بەشبەش بکات، بە جۆرێک کە لە چەند پەرەگرافێکی لێکجیا پێک هاتبێت، بەڵام ڕووی ناوەڕۆکەوە بە جۆرێکی سەرکەوتووانە پێکەوە بەسترابێتنەوە و یەکتری تەواو بکەن. نەک ئەوەی تێکڕای دەقەکە بە یەک پاکێج لە دەستپێکەوە تاکو کۆتایی پێکەوە بنووسرێت.
_ دیالۆگ جیا بکرێتەوە لە نووسینی گشتی و بەشێوەی تایبەت لە دەقەکەدا تۆمار بکرێت.
سەبارەت بە ناوەرۆکیش کە قەڵەمبەدەست ئایدیا و مەبەست و ئامانجەکانی خۆی تیادا کۆ دەکاتەوە و وەک چەند پێدراوێک ئاراستەی منداڵان و مێردمنداڵانی دەکات، لەلای خۆمەوە ئەو خالانەی خوارەوە دەستنیشان دەکەم کە بە گرنگی دەزانم لە نووسینی هەر دەقێکیدا لەبەرچاو بگیرێن، بە چاوپۆشین لەوەی هۆنراوەیە، یاخود چیرۆک، یاخود ئۆپەرێت، یاخود هەر ژانریکی ترە لەو بوارەدا.
_ سووژە و ناوەرۆکی بابەتەکانی پێچەوانە نەبن لەگەل بەها باڵانی سەرخانی کۆمەڵایەتی کۆمەلگە لە ڕووی مەعنەوی و فەرهەنگی و کەلتووری و پاشخانی مێژووییەوە.
_ ئەو پرەنسیپ و بەها بەرزانە بگریتەخۆی کە نیازیان بەوەیە لە تەمەنی بەراییەوە لە بنیادی منداڵان و مێردمنداڵاندا جێگیر بکرێن و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا تۆخ بکرێنەوە.
_ لە دەستیشانکردنی بابەتدا، ئەو لایەنانە پشتگوێ نەخرێت کە منداڵان و مێردمنداڵان هەست بە نزیکیان دەکەن و مەبەستیانە زۆرتر تیایادا شارەزایی بەدەست بهێێن.
_ بە شێوازێكی سەرکەوتووانە زانستی نوێ و تەکنۆلۆژیای سەردەم تەوزیفی نووسین بکرێت و بگەیەنرێتە چاو و بیر و زەینی منداڵان و مێردمنداڵان.
_ کار بۆ قووڵکردنەوەی ڕێز و خۆشەویستی و تەبایی نێوان منداڵان و مێردمنداڵان بکات، لە هەمانکاتیشدا ئەو ڕێز و خۆشەویستی و تەباییە لەنێوان ئەوان و ئەندامانی خێزان و هاوڕێ و کەسەکانی تری ناو فەزای کۆمەلایەتی و خوێندنیشدا بەرجەستە بکات.
_ هەستی نیشتماندۆستی و پاراستنی جوانییەکانی خاک و نیشتمان بەتەواوی شار و ناوچەکانییەوە لەلای منداڵان و مێردمنداڵان بەرز ڕابگرێت.
_ منداڵان و مێردمنداڵان هان بدات بۆ ڕێزگرتن لە ژینگە و بایەخدان بە پاک و خاوێنی و سەوزکردنی کۆڵان و گەڕەک و شار و ناوچەکانی خۆیان.
_ هەستی باوەڕبەخۆبوون لە ناخی منداڵان و مێردمنداڵاندا بچێنێت و لەو چوارچێوەیەدا کار بۆ ئەوە بکات هەستە خراپ و نەرێنییەکانی وەک ترس و گومان و دوودڵی لەلایان بسڕێتەوە.
_ منداڵان و مێردمنداڵان دوور بخاتەوە لە سیفات و ئەدگارە شەڕانی و توندوتیژ و نێگەتیڤەکان کە کەسایەتی مرۆڤ بەرەو دزێوی دەبەن و لە بەرامبەریشدا بە باشترین شێوە، بە دژەکانیان ئاشنایان بکات.
*
کتێبی (جگەرگۆشەکان) کە لە دیوانە شیعرێکی (١٤٢) لاپەڕەیی پێکهاتووە و لەلایەن بەڕێز (حەمە حەمەئەمین قادر) ناسراو بە (کاکەی فەللاح)ـەوە نووسراوە و ساڵی ١٩٧٨ چاپی یەکەمی بڵاو کراوەتەوە، یەکێکە لەو کتێبانەی نیازی بەوەیە لەلایەن قەلەمبەدەستان و تۆژەرەوانەوە بەهەند بگیرێت و قسەی جدی لەبارەوە بکرێت.
(کاکەی فەللاح)ـی شاعیر لە دەستپێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کتێبەکەی پێشکەش دەکات بە (دایک و باوکە بەڕێزەکان و مامۆستا دڵسۆزەکان و جگەرگۆشە ئازیزەکان)، هەروەها پێشکەشیشی دەکات بە (هەموو مرۆڤێکی منداڵ پەروەر و بزە و گڕوگال پەرست!).
ئەمەش جەختکردنەوەی شاعیر دەسەلمێنێت لەسەر هەمان ئەو ڕاستیەی کە کردەی پەروەردەکردن بە پلەی یەکەم لەناو هەردوو دامەزراوەی (خێزان) و (پەروەردە و فێرکردن)ـدا ڕایی دەبێت و پاشان ئەو کەس و لایەن و دامەزراوە و سەرچاوە مەعریفییانە ڕۆڵ دەبینن کە منداڵان بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەلیاندا هەیە. چونکە لە دەرەوەی ئەو دوو دامەزراوەیەدا، منداڵان ناتوانن ئەوە بەدەست بهێنن کە لە تەمەنە بەراییەکانی ژیانیەوە، نیازیان بەوەیە لە بنیادی کەسێتی و توانستە بیری و زەینییەکانی خۆیاندا کۆی بکەنەوە.
شاعیر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە حەز و ئارەزووی وی بۆ ڕووکردنە دونیای پڕ لە بەرائەتی منداڵان و لەو میانەشدا نووسینی شیعر بۆیان، پەیوەست نییە بەوەوە کە لە ناوەندەکانی خوێندندا ئەرکی مامۆستایەتی ڕایی کردبێت و لەو ڕێگەیەشەوە لە نزیکەوە بە منداڵان ئاشنابووبێت بە جیاوازیی سروشت و خوو و خدەکانیانەوە، بەڵکو تەنها خۆشەویستی وییە بۆ ئەوان هانی داوە لە ڕێگەی وشەوە خزمەتیان بکات و بەسەریان بکاتەوە. ئەمەش هەستێکی جوان و ئەرێنییە.
ناوەڕۆکی ئەو دیوانە شیعرییە هەم فێرکاری و هەم ناساندن و هەمیش ئامۆژگاریکردنە کە شاعیر ویستوویەتی بە شێوەیەکی سێ لایەنە کاریان لەسەر بکات. بۆ ئەمەش سوودی لە وێنەی شیعری جوان وەرگرتووە، لە هەمانکاتیشدا وەسفکارییەکی باسی بەکار هێناوە بۆ گەیاندنی داتای خواست و مەبەستەکان بە منداڵان و مێردمنداڵان.
بەڕێز (کاکەی فەللاح)، لای لە زۆر بابەت کردۆتەوە و قسەی لەبارەوە کردووە، وەک (ڕۆڵی قوتابخانە و گرنگیی خوێندن، کاریگەری مامۆستا لە ڕووی پەروەردە و فێرکردن و چەمکە زیندووەکانی دی، ڕەخنەگرتن لە سستی و تەمبەڵی لەلای مرۆڤ، ناساندنی هەستە مرۆڤییەکان، پەسن و وەسفکردنی دایک، تەوزیفکردنی هەندێک لە ئاژەڵ و پەلەوەڕەکان بۆ ناو شیعر، باسی تۆپ و گرنگی یاری و وەرزشکردن، وەسفکردنی وەرزەکان و ژیانی گوند و هەندێک لە دیاردە سروشتییەکان).
هەروەها هەوڵی داوە لە ڕێگەی پشتبەستن بە فۆلکلۆر و پاشخانی فەرهەنگی کوردەوارییەوە، دەقێکی جوان دابڕێژێت و لێیەوە مەبەست و خواستەکانی خۆی وەک شاعیرێک، بگەیەنێتە منداڵان و مێردمنداڵان.
جگە لەوە، کتێبەکە، شەش دەمەتەقێشی گرتۆتە خۆی کە چواریان بەرهەمی بیر و زەینی شاعیرن و دوانەکەی تریان بۆ نووسینیان پشتی بە سەرچاوەی تر بەستووە. ئەو دەمەتەقێیانەی کە بەرهەمی بیر و زەینی ئەون و لە کتێبەکەدا دەبینرێن، ئەمانەن:
وەرزەکان، لاپەرەکانی (٤٨ – ٥٢)
لەنێوان شار و لادێدا، لاپەڕەکانی (٦٢ – ٦٨)
لە دارستانێکدا، لاپەڕەکانی (٦٩ – ٧٨)
شانازی، لاپەڕەکانی (٩٠ – ٩٩)
ئەو دوو دەمەتەقێیەش کە بۆ نووسینیان پشتی بە فۆلکلۆر و پاشخانی فەرهەنگی کوردەواری بەستووە، ئەمانەن:
دووپشک و کیسەڵ، لاپەڕەکانی (٨٤ _ ٨٩)
گورگ و بەرخۆڵە و ڕاوکەر، لاپەڕەکانی (١٠٤ _ ١٠٨)
هەروەها شاعیر لە نووسینی بەسەرهاتی (شێری ساختە)دا کە لە فۆرمی شیعرێکی درێژدا دایڕشتووە، کاریگەری شیعرێکی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی (سەعدی شیرازی) بەسەرەوە بووە و لەژێر ئیحای ئەودا نووسیویەتی. هەروەک خۆی لە پەروێزدا ئاماژەی بۆ کردووە و بە (بنچینەی بیری) ناوی هێناوە و لاپەڕەکانی (١٠٩ – ١٢٦)ی کتێبەکەی گرتۆتەخۆی.
بەوپێیەش، دەکریت بڵێین کە کتێبەکە تێکەڵەیەکە لە نووسین و تەوزیفکردنی فۆلکلۆری کوردی و و نووسین لەژێر ئیحای شاعیرێکی دیدا.
*
بەڕێز (کاکەی فەللاح) لە شیعری (لەسەرەتای ساڵەوە) دا کە لە دەستپێکی کتێبەکەدا و لە لاپەڕە (٩)دا هاتووە، نووسیویەتی:
براکانم، خوشکەکانم
هاوڕێ خۆشەویستەکانم
پشووی هاوین بڕایەوە
دەرگای مەکتەب کرایەوە
جا نۆرەی قوتابخانەیە
کە بۆ زانین هێلانەیە
……. هەتاکو دوایی.
هەروەها لە شیعری (چۆلەکە)دا کە لە لاپەڕە (٢٥) ی کتێبەکەدا هاتووە، نووسیویەتی:
چۆلەکەی سەر گوێسوانە
چەند بچکۆلە و چەند جوانە
چەند دڵگیر و ئێسکسووک
پووش هەڵئەگرێ بە دەنووک
.. هەتاکو دوایی.
خدر ئیبراهیم خدر
بە هەمان شێوە، لە شیعری (هەفتانە)دا کە لە لاپەڕە (٨٣)ـی کتێبەکەدا هاتووە، نووسیویەتی:
شەممە: هەرچەند بخوێنم کەمە
یەکشەممە: خوێندن نادەم بە گەمە
دووشەممە: گوێ و چاو و دەمە
سێشەممە: خوێندەواری ڕێگەمە
چوارشەممە: ڕەوشتی جوان پیشەمە
پێنجشەممە: نەزانین هەور و تەمە
هەینی: تەمەڵ زۆر کوێرە زەینی
*
لەگەڵ ئەوەی وەک لە سەرەتادا ئاماژەم بۆ کرد، دیوانەشیعری (جگەرگۆشەکان) شایستەی ئەوەیە لەلایەن قەلەمبەدەستان و تۆژەرەوانەوە بەهەند بگیرێت و قسەی جدی لەبارەوە بکرێت، بەڵام هێشتا لە هەڵە و کەموکووڕی بەدەر نییە کە بەسەر پانتایی بەرگ و لاپەڕەکانیەوە دەبینرێت و پێویستە پەنجەیان بخرێتە سەر و قسەیان لەبارەوە بکرێت.
ئەوانەی خوارەوە، پوختەی ئەو سەرنج و تێبینی و ڕەخنانەن کە لەلایەن خۆمەوە درکم پێ کردوون و بە پێویستم زانیوە بیاننووسم و بەسەریاندا تێنەپەڕم:
_ لەسەر بەرگ، وشەی (مناڵان) لەجێی (منداڵان) بەکار هێنراوە، لە کاتێکدا لە ڕووی ڕێزمانی و وشەسازییەوە دووەمیان پەسەندتر و خوازراوترە و لە ڕووی جوگرافیای زمانەوانیشەوە بەرفراوانتر بەکار دێت.
_ هەرچەندە لەسەر بەرگ ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە کتێبەکە بریتییە لە (شیعر بۆ مناڵان)، بەڵام بە سەرنجدان لە شیعرەکان و خوێندنەوەیان، بۆت دەردەکەوێت کە بەشێکی زۆریان بۆ قۆناغێکی باڵاتر لە منداڵان دەست دەدەن، ئەویش قۆناغی (مێردمنداڵی)ـیە. بۆیە وا پێویست بوو لەسەر بەرگ بنووسرابا (شیعر بۆ منداڵان و مێردمنداڵان)، نەک ئەوەی لەو قۆناغە بەراییەدا قەتیس بکرێت لە ڕووی تەمەنی فیزیکییەوە.
_ کتێبەکە، جگە لە شیعر، چەند دەمەتەقێیەکیشی گرتۆتە خۆی کە دەتوانم بڵێم نزیکەی نیوەی ناوەڕۆکی کتێبەکە دەگرێتەوە، بۆیە دەبوایە لەسەر بەرگ، ئاماژە بەوەش کرابا و پشتگوێ نەخرابا.
_ بەسەر لاپەڕەکانی کتێبەکەوە، ژمارەیەک هەلە کە لایەنی ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندی دەگرێتەوە، بەرچاو دەکەون و حەیفت لێ دێت بەو جۆرە تێپەڕیون و ڕاست نەکراونەتەوە. لە نموونەی ئەوانەش وەک وشەکانی (پشوو) لە لاپەڕە (٩) دا و (لادێ ی دا) لەلاپەڕە (٦٣) دا و (حەفتانە) و (هەرچەن) لە لاپەڕە (٨٣)ـدا.
_ لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا، ژمارەیەک دەربڕینی نەگونجاو هەن کە پێویست بوو بە دیوێکی درووست و ڕاستدا بنووسرێن، نەک ئەوەی بەو شێوەیە بن، وەک (بزە و گروگاڵ پەرست) کە لە لاپەڕە (٣)ـدا بەرچاو دەکەویت، هەروەها دەربڕینی (بەچکە مرۆڤ) کە لە لاپەڕە (٦)ـدا دەبینرێت.
_ کتێبەکە لە ڕووی تەوزیفکردنی نیگارەوە، لاوازە و نەیتوانیوە لەو ڕێگەیەوە وابکات منداڵان و مێردمنداڵان بەجۆرێکی خوازراو بەلای خۆیدا ڕابکێشیت. هەروەها وەک پێویستیش، ناوەڕۆکی شیعر و دەمەتەقێ شیعرییەکان تیایاندا ڕەنگینەداوەتەوە.
_ پێویست بوو لە ڕیزبەندکردنی وەرزەکانی ساڵدا، بە وەرزی (بەهار) دەستی پێکردبا، نەک وەرزی (هاوین)، چونکە جگە لەوەی سەرەتای ساڵی نوێی کوردی دەکەوێتە دەستپێکی ئەو وەرزەوە، هاوکاتیش لە ڕووی فەرهەنگی باوی کۆمەڵایەتییەوە، هەمیشە وەرزەکان لەلای گەورە و بچووکی کۆمەڵگەی کوردەواری بەو جۆرە لە وتن و نووسیندا ڕیزبەند کراون (بەهار، هاوین، پاییز، زستان).
_ سروودی (خۆشم ئەوێ) کە سەرباری ئەوەی ناونیشانەکەی لە ڕووی ڕێنووسەوە، هەڵەی تێدایە، هاوکات لە ڕووی وشەسازی و دەڕبرینەوە چەند پلەیەک لە سەرووی توانستی تێگەیشتنی منداڵان و مێردمنداڵانەوەیە بەراورد بە شیعر و دەمەتەقێ شیعرییەکانی تری کتێبەکەدا.
*
لەگەڵ ئەوەی ڕانان و هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبە لەلایەن منەوە و پاشانیش نووسینی ئەو سەرنج و تێبینی و رەخنانەم بەراورد بە مێژووی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا، درەنگکەوتوووە، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە خۆشەویستیم بۆ کتێبەکە و خەمخۆریم بۆ دونیای ئەدەبی منداڵان و مێردمنداڵان بە جیاوازی ژانرەکانییەوە، وایکردووە بەو چەشنە ئەو کتێیە بە هەندبگرم و لەپەناشییەوە قسەم خۆم بکەم.
بۆیە لەکاتێکدا دروود بۆ ڕۆحی شاعیری کۆچکردوو دەنێرم، هاوکات خۆم بە بەختەوەر دەزانم بتوانم لە پێناوی ڕۆحی ئەو و ناسنامە ئەدەبی و فەرهەنگییەکەیدا، یەکێک لە کتێبەکانی بەهەند بگرم و بە دڵسۆزییەوە، ڕانان و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم. بێگومان خوداش گەورە و پشتیوانی هەمیشەییە لە هەموو کارێکی جوان و بەسووددا.
تێبینی: لە بەکارهێنان و دووبارە نووسینەوەی نموونەی دێڕە شیعرەکان و ناونیشانەکانیاندا، ڕەچاوی لایەنی ڕێنووس و خاڵبەندیم کردووە و ئەو وشە و دەربڕینانەم ڕاست کردوونەتەوە کە لە ڕووی هەڵەی ڕێنووس یاخود هەڵەی چاپەوە، پێویست بوو ڕاست بکرێنەوە.
* جگەرگۆشەکان، شیعر بۆ منداڵان، کاکەی فەللاح، وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەر، دەزگای ڕۆسنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، ژمارە (٣٣)، بەغدا، ١٩٧٨.

