رۆژنامەی ھەولێر

ناساندنی کتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان)ـی (خوان ڕولفۆ)

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

 

ناکرێت کتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان) تەنها وەک کۆمەڵەیەکی پانزە چیرۆکی کورت تەماشا بکرێت؛ بەڵكو ئەم کتێبە لە ڕاستیدا بەرچاوگەیەكی ئەدەبییە، نیشتمانێكی گێڕانەوەییە کە لەگەڵ هەر چیرۆکێكی، گۆشەیەک لەو نیشتمانە ئاشکرا دەبێت. (خوان ڕولفۆ ـ Juan Rulfo) لەم کتێبەیدا، مەکسیکێک وێنا دەکات کە لە خۆرەتاوە خنکێنەر و زەوییە شەقبووەکەیدا، مرۆڤ بەر لەوەی ژیان بكات، هەوڵ و ڕاهێنانی مانەوە دەدات. لێرەدا سنووری نێوان ڕەنج و هیوا زۆر باریکە و هەر هەناسەیەک بۆنی بێهیوایی لێ دێت.

دەربارەی کتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان)
لە هەموو ئەم کۆمەڵە چیرۆكەدا، فەزاكان هەمووی یەکن: گوندە لەبیرکراوەکان، ئەو زەوییانەی كە چیتر بەرهەمێكیان لێوە بەرهەم نایێت و بێ بەرن، خەڵکانێک کە لە نێوان هەژاری و توندوتیژیدا دەست و پێ دەكوتن، بەڵام بەدەر لە فەزای یەكانگیر و هاوڕەنگی چیرۆكەكان، هەر چیرۆکەی دەنگێکی تایبەت بە خۆی هەیە. ڕولفۆ بە کارامەیییەکی سەیرەوە، لە دڵی هەمان ئەو زەوییە بێ ڕۆحانەوە، یەک بە یەک دەنگی مرۆڤەکان دەردەكێشێت دەیگوازێتەوە بۆ ئێمە و پێمانی دەسپێرێت. دەنگی منداڵێکی داماو، دەنگی باوکێکی تووڕە، دەنگی ژنێکی وازلێهێنراو یان دەنگی پیاوەیلێك کە جگە لە تۆڵەسەندنەوە هیچی تریان بۆ ژیان نییە.
لە سەرەتای كتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان)ـدا، چیرۆكێك هەیە بە ناوی (ئاقیبەتی زەویداریەتیم)، نووسەر لەو چیرۆكەدا و بە تامێکی تاڵ خوێنەر فڕێ دەداتە نێو دڵی ئەم جوگرافیایەوە. چەند جوتیارێک پشكی خۆیان لە چاکسازیی زەوی وەردەگرن: پارچە زەوییەک کە وەها وشک و بێ بیتن كە دەقەكە دەبێتە تەنزێكی ڕەش. حکومەت بەڵێنی داوە دادپەروەرانە كارەكە بكات، بەڵام ئەوەی دەیبەخشێت، پارچە زەوییەکە کە تەنانەت مردن تێیدا لە ژیان ئاسانترە. ئەم چیرۆکە کلیلی تێگەیشتنی چیرۆكەكانی دیكەی کتێبەکەیە. لە دونیای ڕولفۆ، هیوا هەندێک جار ڕووخسار و ڕەهەندێكی تراژیكی هەیە.
لە چیرۆکێکی دیكەی كتێبەكەدا، (ماکاریۆ) كە منداڵێکی هەتیو و لاوازە، بە چاو و دیدێكی منداڵانەوە وەسفی جیهان دەکات. ڕاستگۆیی و سادەییەكەی لە گێڕانەوەكەدا، لەبری ئەوەی سووك و ئاسانی بكات، بە پێچەوانەوە دەبێتە بەردێك و دەخرێتە سەر دڵ و هەناسە قورس و سوار دەكات. لە ڕێگەی چاوی ئەو منداڵەوە، دەکرێت دڵڕەقی گەورەکان و بێ بەزەیی ژینگە هەست پێ بکرێت. ئەم جیاوازی و هاودژییە یەکێکە لە چەکە سەرەکییەکانی ڕولفۆ: ئەو ناچارمان دەکات بە چاویلكەی سادەترینەکانەوە، قووڵترین برینەکان ببینین.
چیرۆكی (پێیان بڵێ نەمکوژن)، وێنایەکە لە زەمەن، ڕابردوویەك کە هەرگیز تەواو نابێت و دووماهی نایێت. پیاوێک کە ساڵانێكی زوو كەسێكی کوشتووە، ئێستا بە دەستی کوڕی کوژراوەکە سزا دەدرێتەوە. ئەم چیرۆکە بە ڕیتمێكی خاو و دەنگی تکا و پاڕانەوەی پیاوەکە، دەریدەخات تاوان و توندوتیژی بە تێپەڕینی دەیان ساڵیش، لە نێو ناچێت و لە كۆڵ مرۆڤ نابێتەوە.
لە چیرۆكی (سەگ ناوەڕێت)ـی كتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان)، لە شەوێكی تاریکدا باوکێکی پیر و ماندوو و کوڕێکی بریندار ڕێ دەبڕن. كوڕەكە باوکەكە لە كۆڵ ناوە و بە درێژایی ڕێگاکە قسەی لەگەڵ دەکات. ئاواز و دەنگی باوکەكە تێکەڵەیەكە لە تووڕەیی و گلەیی و لە هەمان کاتیشدا خۆشەویستییەکی كپ و بێدەنگ. ڕولفۆ بە کەمترین وشە، پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەبەر چاومان زیندوو دەکاتەوە: خۆشەویستییەک کە لە دووتوێی لۆمە و نائومێدییەکانەوە سەر دەردێنێت.
چیرۆكی (تالپا)، چیرۆکی گەشتكردنە، بەڵام لەبنەوە لێوڕێژە لە خیانەت و ئارەزووی کەسی. برایەکی نەخۆش بەڕێ دەکەوێت، بەڵام گەشتە ئاینییەکەی ئەو دەبێتە بارێک بەسەر شانی هاوسەفەرەكانیەوە. لێرەدا وەها باوەڕ و تاوان تێکدەئاڵێن کە جیاکردنەوەیان زۆر زەحمەت و نەكردەیە.
چیرۆکی (لووینا) چیرۆکێک کە لەوانەیە لووتکەی تاڵی و تراژیدیای ئەم کۆمەڵە چیرۆكەی ڕولفۆ بێت. مامۆستایەکی گەنج دەنێردرێت بۆ گوندێکی دووركەوتە؛ شوێنێک کە زیاتر لە لاچەپێكی زیندەبەگۆڕكردن دەچێت تا شوێنێک بۆ پەروەردە و فێرکردن. ئەو مامۆستایە بۆی دەردەکەوێت هیوا لەو خاکەوە سەوز نابێت و ڕەگ داناكوتێت و هەموو هەوڵێک بێ سوودە.

سەربەخۆیی چیرۆکەکان
ئەم كورتە چیرۆکانە هەریەکەیان لە ڕوانگەیەکەوە سەربەخۆن، بەڵام پێکەوە جیهانێکی یەکگرتوو دروست دەکەن؛ جیهانێک کە تێیدا سروشت، مێژوو و چارەنووس هاودەست و یەكانگیرن. وشکەساڵی و بێ پیتی خاکەكە، هێمایەکە لە بێ بەرهەمیی ژیانی مرۆڤەکان. توندوتیژی، کارێکی ڕیزپەڕ و نامۆ نییە، بەڵکوو ڕیتمێكی جێگیری ژیانە. تەنانەت لە پەیوەندییە خێزانی یان ئاینییەکانیشدا، سێبەری توندوتیژی و نائومێدی ئامادەبوونێکی بێدەنگ و زۆر دیاری هەیە.
ڕولفۆ لە كتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان)ـدا ستایلی تایبەتی خۆی جێگیر دەکات: ڕستەی کورت، دیالۆگی پارچەپارچە، و ئەو فەزا و كەشانەی كە بەر لەوەی ڕوون بکرێنەوە، هەست پێدەکرێن. ئەو نووسەرە، لەبری ئەوەی چیرۆکمان بۆ بگێڕێتەوە، فڕێمان دەداتە نێو دڵی دەنگی خەڵکەکانەوە؛ دەنگێک کە جاری وایە شکاوە و جاری واشە ئەوكگرتوویە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەنگانە هەمیشە ڕاستەقینە و توند و ڕووشێنەرن.
لە کۆتایی پوختەی ئەم شەش چیرۆکەدا، لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی دیكە و گرنگییان، ڕووبەڕووی شتێك دەبینەوە كە لە کۆمەڵە چیرۆکێك زیاترە: ئەزموونێک لە هەناوی هەژاری، توندوتیژی و تینوویەتیی ئومێد و هیواوە. كتێبی (دەشتە گڕگرتووەكان)، نە تەنیا مەکسیک، بەڵکوو هەموو ئەو شوێنانەیە کە مرۆڤ تیایدا دەست و پەنجە لەگەڵ زەوی بێ پیت و دەسەڵاتی بێ بەزەیی و چارەنووسێكی قورس نەرم دەكات. هەر ئەم گشتگیری و جیهانیبوونەیە كە وایکردووە بەرهەمەکە بێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەدەبیاتی ئەمەریکای لاتین.