رۆژنامەی ھەولێر

سپاسنامەیەك بۆ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانەکەم

ئازاد عەبدولواحید

خوشک و برایانی ئازیز و خۆشەویست..
ئامادەبووانی هێژا.. زۆر بەخێربێن.. سەر سەر و سەر چاوان هاتن.

* لەوەتەی خەریکی خوێندنەوە و نووسینم، زیاتر وەک عیشق و خولیا، بەسەرگەرمی و حەزێکی زۆرەوە دەستم داوەتە خوێندنەوە و نووسین، هەرچیم کردبێ و نووسیبێ و بەرهەمم هێنابێ، منەتم بەسەر کەسدا نەکردووە، خزمەتی ئەدەبیات و نووسین و زمانی کوردی و ڕۆژنامەگەریم بە ئەرکی نەتەوەیی سەرشانم زانیوە، ئەمڕۆكه‌ جێگەی شانازیمە کە دەبینم کارە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەکانم، لەلای ئێوەش پەسند دەکرێن، یان بوونەتە مایەی لەسەر وەستانی نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و خوێنەران، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێمەدا جارێ بەها جوانەکان، نرخ و به‌ها و ڕەونەقی خۆیان لە دەست نەداوە و هێشتا ڕێزیان لێ دەگیرێ.
* من لە ژیانمدا هیچ کاتێک، هیچ پلە و پۆستێکم لە کاری نووسەرایەتی و ڕۆژنامەوانی پێ گەورە و گرنگتر نەبووە، بۆیە بێجگە لە نووسەرایەتی و ڕۆژنامەوانی، چاوم لە هیچ پلە و پۆستێک نەبووە. لە دوای ڕاپەڕینیشه‌وه‌، بە تایبەتی لە ساڵی 1996 بەدواوە، کە کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، وردە وردە ڕووی لە ئاوەدانکردنەوە کرد، لەو کاتەوە قەناعەتم وا بووه‌، کە دەبێ نووسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسانیش لەو قۆناغەدا، ئەندازیاری داڕشتنەوەی ویژدان و چێژ و دنیابینی تاکەکانی کورد بن، هەر ئەوەشم بە ئەرکی سەرشان زانیوە. کاتێک کورد بەردەوام لەناو شۆڕشدا بووە و ژیاوە، ئەوە بەو مانایە نییە ئیدی شۆڕش تەنیا لایەنە سەربازییەكەی بێ، شۆڕش تەنیا شەڕ و دووکەڵ نییە، پێم وایە هەر شۆڕشێک، لە هەر کوێی ئەو دنیایەدا بەرپا بووبێ، ئەوە چەند یەکەیەکی جیاوازن، کە ئەو یەکانە یەکدەگرن و یەکدی تەواو دەکەن، بە هەموویان تابلۆ گەورەکەی شۆڕش دەنەخشێنن، پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، مامۆستا و پەروەردە و فێرکردن، بۆ گۆشکردن و پێگەیاندنی وەچەکان، جووتیار و کرێکار بۆ بەرهەمهێنان و بیناکردنەوەی وڵات، قوتابیان و لاوان، ئافرەتان، ئەندازیار و پزیشك و فەرمانبەران هه‌ر توێژه‌یان به‌ ئه‌ركی سەر شانی خۆیان، تا دەگاتە سەر ئەرکی نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندان، کە پێویستە ئەوانیش هەریەکەیان لە شوێنی خۆیانەوە، بە باشی ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن، ئەوکاتە دەبینین گۆڕانکاری ڕیشەیی لەناو کۆمەڵ بەرپا دەبێ، لەو سۆنگەیەوە بووە خۆم بۆ نووسین و ڕۆژنامەگەری تەرخان کردووە، کە تۆ توانیت بەهرەکان بلاوێنیتەوە، داهێنان لەناو کۆمەڵ باڵای کرد و درەوشایەوە، دڵنیا بن هۆشیاریی نەتەوەیی و مەلەسەی بنەڕەتی کوردییش کە خۆی لە سەربەخۆییدا دەدۆزێتەوە، گەورەتر و به‌رجه‌سته‌تر دەکەوێتە ڕوو.
* خوشك و برایانی ده‌لال.. من هەمیشە ئەو قسەیەی سوکرات لە مێشکمدا دەزرینگێتەوە و قەت لەبیرم ناچێ کە لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتوویەتی: ئەگەر پێم دەڵێن لە کوێ لە دایکبووم، ئەوە پێتان دەڵێم لە ئەسینا لە دایکبووم، بەڵام کە لێم دەپرسن خەڵکی کوێم، ئەوە پێتان دەڵێم: من خەڵکی هەموو دنیام، هەرچەندە من حەددی ئەوەم نییە خۆم بهێنمە ڕیزی فەیلەسووفێکی گەورەی وەک (سوکرات) و هەرگیز خۆم بەو بەراورد ناکەم، بەڵام ئەگەر هەمان پرسیارم لێ بکرێ کە لە کوێ لە دایکبووم، ئەوە دەڵێم لە هەولێر، لەناو هەولێریش لە گەڕەکی تەیراوا لە دایکبووم، خۆ ئەگەر لێم بپرسن خەڵکی کوێم، ئەوە بە دەنگێکی دلێرەوە پێیان دەڵێم: من خەڵکی کوردستانم. گرنگترین شت بەلامەوە ئەوەیە: من کەسێکی کوردستانیم و تەنیا خەون و ئاواتم ئەوەیە پێش مردنم سەربەخۆیی کوردستان و یەكگرتن و پێشکەوتنی کورد به‌چاوی خۆم ببینم، هەر خۆشەویستی کوردستانیش بووە وای لێ کردووم قەت لێی دوور نەکەومەوە، بۆیە هەرگیز دڵم بۆ چوونە دەرەوەی کوردستان لێی نەداوە، لام وایە ناکرێ تۆ وڵاتی خۆت خۆش بوێ و عاشقی خاكه‌كه‌ی بیت و بەجێی بێڵی.
* لێرەوە دەبێ بڵێم سپاس بۆ تۆ خودایە، کە ڕەنج بە خەسار نەبووین، لەپاش ئەو هەموو ساڵانەی شەونخوونی و ماندووبوون و کۆڵنەدان، ئێوە بۆتان سەلماندین ئەو ڕەنج و هیلاکییەمان بە فیڕۆ نەچووە. وا خەریکە لێم عایەن دەبێ، کە ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆر هەن و ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە، بەکاری لێبراوانە و بەرهەمەکانمان دەزانن، بۆیە بۆ ئەو پێزانین و ڕێزلێنانە، دەستی یەک بە یەکتان خۆش بێ، زۆر سپاس بۆ هەمووتان، بەو بەسەرکردنەوەیەتان شەرمەزارتان کردم. زۆرم بەو ئەرک و ماندووبوون و خۆخەریک کردنەتان پێمەوە زانی، ئاگادارم ماوەیەکە ئەو ستافە خەمخۆر و دڵسۆزە، خەریکی ئامادەکردنی ئەو ڕێوڕەسمەن، زۆر بە پەڕۆشەوە، هەموو هەوڵ و توانایی خۆیان خستە گەڕ، بۆ ئەوەی کارێکی شیاو و جیاوازم بۆ بکەن.
* من بۆ ئەو هەموو ماندبوون و پەرۆشی و دڵسۆزییەتان بە قەدەر هەموو دنیا سپاستان دەکەم، لە پێشەوە سپاس بۆ بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری بەڕێز ئاریان سەڵاحەددین بۆ ئامادە بوون و پێشکەشکردنی وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و وتە جوانه‌کانی، سپاس بۆ برای بەڕێزم ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ چاپکردنی کتێبەکە لەسەر ئەرکی پارێزگا و ئامادەبوون و پێشکەشکردنی ئەم وتارە پڕ لە ئەمەک و وەفادارییەی بەرانبەرمان نواندی، سپاس بۆ د. سالار عوسمان کە زۆر مەبەستی بوو ئەم ڕێزلێنانە بەو بەرگە جوان و ڕازاوەیە خۆی بنوێنێ، ئەو هەر لە سەرەتاوە ئامادەیی خۆی و بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)ی بۆ هاوڕێیانی وەزارەت نیشان دابوو، بۆ هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی ئەوان، بۆ ئەم مەبەستە هیچ درێغی نەکرد. سپاس بۆ هونەرمەند م. فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەر کە زۆر خەمخۆرانە، بەدواداچوونی بۆ هەموو كاره‌کان و وردەکارییەکانی ئەم ڕێزلێنانە کرد.
سپاس بۆ برایانم: گۆران حوسێن بەڕێوەبەری چالاکیی وێژەیی هەولێر، سەلام باپیر بالیسانی وەک ڕاگەیاندنی جەنابی پارێزگار، کە بۆ چاپی کتێبەکە و بۆ ڕاپەڕاندنی کاری دۆکیومێنتارییەکە زەحمەتی زۆری کێشا، سپاس بۆ هێما سالار عوسمان، سەرکەوت وەلی، هاوڕێ مستەفا، فەهد قادر کە پێمەوە ماندووبوون. سپاسی زۆرم بۆ برام (زانا خەلیل)ی نووسەر و شاعیر کە بۆ ئامادەکردنی ئەو کتێبەی بەردەستتان، سەرەتا لە سایتەکەی خۆی (تێکستی ئەدەبی) و دواتر لە ئامادەکردنی ئەو کتێبەدا ئەرکی کێشا و پێیەوە هیلاک بوو، سپاس بۆ برایانم لە تەلەڤزیۆنی قەڵا، ستافی وێنەگرتن و مۆنتاژ و ئامادەکردنی دۆکیومێنتارییه‌كه، كە زۆر ڕەنجیان بۆ جێبەجێ کردنی کارەکەیان کێشا. زۆر سپاسی ئەو خوشک و برا و دۆستە خۆشەویستانەم دەكەم چ لە کتێبەکەدا، یان لە چاوپێکەوتنی دۆکیومێنتارییەکەدا قسەیان لە بارەی منەوە کردووە، بە وشە بەهادار و جوانەكانیان گوڵاوپژێنیان كردووم، لەناو سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و لوتفی خۆیاندا نوقمیان كردووم، شانازی بە هەر وشەیەک، ڕستەیەک، پەرەگرافێکیانەوە دەکەم کە لە بارەی منەوە وتوویانە، شەرمندەی لوتف و مەحەبەت و گەورەیی هەموویانم، هەموو وشە و ڕستە و پەرەگرافەكانیان، دوڕ و گەوهەر و مروارین و كردوویانەتە ملوانكەیەك و بە ملیانەوە كردووم، زۆر سپاسی ئەو خوشک و برا ئازیزانه‌م دەکەم کە لە دەرەوەی شاری هەولێرەوە (كه‌ركووك، سلێمانی، كۆیه‌، شه‌قڵاوه‌)وه‌ تەشریفیان هێناوە و ئەرکیان کێشاوە و ئامادە بوون، یان بە برووسكە بەسەریان كردووینەتەوە، دواجار پێویستە بڵێم: سپاس بۆ هاوژینه‌کەم کە بە درێژایی ساڵانێكی زۆر، ئه‌ویش پشوودرێژانە ڕەنجی له‌گه‌ڵم دا و تەحەمولی کردم، چ وەک نووسەرێک کە بەردەوام کەشی خوێندنەوە و نووسینی بۆ فەراهەم کردووم، چ لەو کاتانەی بەهۆی هەڵوێستی سیاسیمەوە ئازاری زۆری بینی، ڕاونان و نەبوونی و دەردەسەری و ئاوارەیی زۆری لەگەڵ چەشتم، ئەو هەڵوێستەیم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە کە هەمیشە دەیگوت لە دۆزەخیش بێ، لەناو ڕه‌شماڵێکدا لەگەڵتدا دەژیم. سپاسی منداڵەکانم: (تەوار، ژیوار، واژام، تار، هەنار) دەکەم، کە زۆر و کەم باجی ناهەمواریی ژیانی منیان دا و پڕیشكی ئازار و ناخۆشییەكانیان لەگەڵ بەش كردم، جگه‌رگۆشه‌كانم شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، خۆشتانم ده‌وێ.
* هێژایان: وتە و ڕستەکانتان ڕاستگۆیی و خۆشەویستییان لێ دەچۆڕا، منتان لەناو وشە جوان و پڕ لە توێکڵەکانتان خەجاڵەت کرد، لە هەمان کاتیشدا ئەرکی سەرشانتان زۆر لە جاران قورستر کردم، تا لە ئاییندەدا لەسەر ئەو کارانەی جێی پەسندی ئێوەن، ڕژد و مکوڕتر بم و ئەوەندەی تەمەنم ماوە زیاتر لە خزمەتتاندا بم. ڕێزگرتن لە کارەکانم و میهرەبانی ئێوە، وام لێ دەکەن سووم لەو هەموو سالانەی تەمەنم نەیەتەوە کە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانم خەرجم کردووە و لەپێناویدا جواناوم ڕشتووە. سپاس بۆ هەموو ئەوانەی تا ئێستا پشتیوانییان لێ کردووم، بە وشەیەک، بە ڕستەیەک منیان بەسەر کردووەتەوە و هەستی پاک و جوانی خۆیان بەرانبەرم دەربڕیوە، یان ڕۆژێ لە ڕۆژان قسەیەکی خێریان بۆ کردووم، گەورەیی ئەو هاوڕێ و برا و دۆستە ئازیزانەم، ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسم، یان دووراودوور دەمناسن و چاودێریی کارەکانم دەکەن، ئەوانە ئەوەندە پڕ هیوایان کردم، تا من لە ژیاندا مابم لەبیرم ناچنەوە، ئێوەش هه‌مووتان ئه‌ی خوشک و برایانی هێژا، بەهاتن و ئامادەبوونتان لەم گەرما تاقەپڕووکێنەی ئەم هاوینە، ڕۆح و دڵ و دەروونتان ئاوپڕژێن کردم و ئەوەندەی دی هانتاندام لەسەر خزمەتەکانم بەردەوام بم. خۆشەویستانم زۆر زۆرم پێ زانی، لەشساغ و تەمەن درێژ و بێوەی بن، کوردستانمان ئاوەدان، قوربانی هەمووتان بم.

* سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان.