رۆژنامەی ھەولێر

شیعرێکی سارد

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

١
گەر تاوێ چوومە ڕۆخی کانییەک
پێی دەڵێم چۆڕێ لە ئاوت بێنە
خاکێکی تینوو لە گەروومایە
ئەو تێراو ببێ، منیش ناخنکێم
٢
گەر تاوێ بچمە سایەی درەختێ
پێی دەڵێم ڕەگت لە من گرێدە
خونچەیەکی زیز لەناو دڵمایە
دەم بکاتەوە، منیش ناژاکێم
٣
گەر جارێ چوومە قەدپاڵی چیا
پێیدەڵێم بمکە بە تاشەبەردێ
فەرهادی ماندوو لە بازوومدایە
بەرنەبێتەوە، منیش ناڕوخێم
٤
گەر دەنگم بگات بە باڵی قەقنەس
پێی دەڵێم بمکە بە شاپەڕی خۆت
خۆرێکی مەلوول لە ئاسۆمدایە
گەر ئاوا نەبێ، لە تەکیا هەڵدێم
٥
ئەگەر بگەمە پەلکەزێڕینە
پێیدەڵێم ڕەنگت بڕژێنە ناخم
تابلۆیەک لەسەر سەری پەنجەمە
بڕازێتەوە، منیش دەنەخشێم
٦
گەر لەگەڵ ماسی دوو قسە بکەم
دەڵێم لە خوێنی منا مەلە کە
ڕووبارێکی مات لە دەمارمایە
گەر شەپۆل بدا، منیش دەخرۆشێم
٧
گەر تاوێ بگەم بە پەڵە هەورێ
پێیدەڵێم تاوێ لێرە ببارێ
نێرگزێ لەسەر لێوانمە دەگری
بگاتە بەهار، منیش ناوەرێم
٨
ئەگەر من و مانگ ئاشت ببینەوە
دەڵێم تریفەت بێنە ژوورەکەم
سێبەرێکی کاڵ لەسەر جەستەمە
لێت نەتۆرێ ئەو، منیش ناتۆرێم
٩
ئەگەر لەگەڵ مەی گفتوگۆ بکەم
پێیدەڵێم تێیکە تا لێوڕێژ دەبم
دوێنێم سەرخۆشە و دەستی دەلەرزێ
ئەمڕۆ نەتڕێژێ، سبەی خۆم ناڕژێم
١٠
ئەگەر لەگەڵ یار بگەین بە یەکتر
ئەو مەیلی نەبێ منیش ناپرسم
ئەو شیعرە ساردە چییە لە زارتا
بەستەڵەکئاسا دەڵێ ناجوڵێم