وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
خوانێکی گەورە ڕێکخراوە و کۆمەڵێک قسەکەری هەرە دەستەبژێری ئەسینا (ئاتێن) وەک (ئاریستۆفان؛ Aristophanes)ـە شاعیر، (فیدرا؛ Phaedra ) هونەرمەند، (ئەریکسیماک)ـە پزیشک و بێگومان (سوقرات ـ Socrates)ـە فەیلەسوفیش لەوێ کۆ بوونەتەوە. ئەم كەسانە، لەو خوانەدا قسە لەبارەی بابەتگەلی جیاوازەوە دەکەن و هەرکەسەیان ڕای تایبەت بە خۆی هەیە. پرسیارێكی گرنگ لە هەموو چیرۆکەکەدا كاری لەسەر دەكرێت و باس دەكرێت، ئەویش «ئەشق چییە؟”یە.
بۆیە دەبینین ئەو كەسانە هەموویان بە زمانی ئەدەبی خۆیانەوە دەربارەی ئەشق قسە دەکەن و سوقراتیش دوایین کەسە کە بە باشی و ڕوونی پێناسەکانی لەسەر ئەشق دەخاتە ڕوو و ئەو فێرکارییە ورد و قووڵانە بۆ ئامادەبووان باس دەكات كە لە گەشتێكیدا لە (دیۆتیما*)وە فێریان بووە.
دیۆتیمل، سرووشت و هۆکار و کاریگەریی ئەشق، واتا و ئامانجەکەی و لە هەمووشی گرنگتر ئاشقبوون فێری سوقرات دەكات. دیۆتیما شارەزایەكی گەورە بووە لە هونەری لێکدانەوەی نیشانە و ئاماژەكان و تەنانەت زۆر باش شارەزای تێگەیشتن لە ویستە نهێنیەکانیش بووە. دیۆتیما، زۆر بە باشی ئەو نەخۆشی و سەرلێشێوانانەی ناسیوە کە ئەشق بۆ مرۆڤەکانی دروست دەکات.
دیۆتیما، قۆناخ بە قۆناخ سوقرات ئاشنا دەكات بە ئەشق. سەرەتا خواییلکەی ئەشق واتە “ئێرۆس”ـی پێ دەناسێنێت: “ئێرۆس لە ڕۆژی لەدایکبوونی ئەفرۆدیت (خواییلکەی جوانی) لەدایک بوو، بەڵام کوڕی پێنیا (خواییلکەی هەژاری) و پۆڕۆس (خواییلکەی دەوڵەمەندی) بوو. ئێرۆس لەلایەكەوە، لە دایک و باوکییەوە توانایی، زیرەکی، دەوڵەمەندی و لە لایەکی تریشەوە سروشتی قەلەندەری، ئاوارەیی و شێوانی بە میرات بردبوو”.
لەم چیرۆکەدا شاهیدی مشتومڕ و گفتوگۆی نێوان ئەو كەسانە دەبین كە لە خوانەکەدان و ئەدەبیاتی چیرۆکەکە ئەدەبیاتێکی قووڵ و جێی تێڕامانە. هەموو ئەو ناوانەی كە لە خوانەكەدان و پێشتر ناویان هێنرا، لە كۆتایی کتێبەکەدا بە شێوەی لاتین نووسراونەتەوە تا خوێنەری گەنج بتوانیت كتێبەكە بە ئاسانی بخوێنیتەوە و لێی تێبگەیت. خوێنەر، نەغرۆی ڕستەکانی نێو کتێبەکە دەبێت و بەردەوام لە حاڵی بیرکردنەوە لە ماهیەت و سرووشت و چەمک و واتای ئەشقە.
خوێنەری گەنج، لەم کتێبەوە فێر دەبێت کە لە باس و گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەكاندا چۆن لەگەڵ کەسانی تر پەیوەندی و کارلێک دروست بکات و بیرۆكە و تێڕوانینەکانی خۆی بێ ترس و نیگەرانی بخاتە ڕوو. ئەم کتێبە جگە لە ناساندنی خوێنەر بە فەلسەفە و بیر و هزری سوقرات، ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فۆڕموولەبوونی کۆڕگەلی ئەدەبیش دەکات و بە جێگیركردنی چەندین چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگە لەتەنیشت یەكتری، ئاماژ بە بۆچوونگەلی جیاواز و تێڕوانینی جیاوازی تاکەکان لەسەر پرس و بابەتێک دەكات. هەروەها ئازادی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی بێ ترس لە قەزاوەت و هەڵسەنگاندن، بابەتێکی گرنگە کە لە چیرۆکەکە ڕەنگی داوەتەوە.
ئەمە بەشێکە لە قسەکانی دیۆتیما بۆ سوقرات:
“سوقرات! ئەشق پێشکەوتنە، پلیكان و قادرمەیەكە مرۆڤ لە ئەشقێکی جەستەییەوە بەرەو ئەشقێکی باڵاتر ئاراستە دەكات، ئەشقێك کە بنەمای ژیان و بزوێنەری جەستەیە و ناسکی، سەرنجڕاکێشی و جوانی پێ دەبەخشێت. ئێرۆس، هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە. ئەو سەرەتا جەستەیەکی خۆش دەوێت، دواتر جەستەیەکی جوان. پاش ئەوە دەگاتە ئەشق و جەستە و ئینجاش ئەشقی دوو جەستەی جوان و پاشان دەگاتە ئەشقی هەموو جەستە جوانەکان. لەوێوە، لە ئەشقی جەستەکانەوە دەگاتە ئەشقی ڕۆح، یاساكان، زانست و دەربڕینەكان؛ و لە کۆتایشدا دەگاتە ئامانجە باڵاكەی واتە ئەشقی ئەندێشەی جوان. بەم شێوەیە، ئەشق بە هێواشی ڕۆحی گەڕۆك بە دوای ئەبەدەیەت، ڕوو لە تێڕوانین و ئەندێشەی جوان دەباتە پێشەوە کە لە هەموو شتە دیار و هەستپێکراوەکان باڵاترە. ئەم ئەندێشە جوانە، تەنها لە ئەشقی ڕەها دەدۆزرێتەوە و ئەمەش لە ڕوانگە و بۆچوونی هەموو کەسێکەوە، جوان و سەرنجڕاکێش نییە”.
لە شوێنێکی ترەوە دیۆتیما بە سوقرات دەڵێت:
“سوقرات! ئەشق خاوەنداریەتیی ماڵێکە کە تا ئەبەد بەردەوامە. ئەشق ویست و حەزی لەدایکبوونە لە جوانییەوە بۆ جاویدانبوون. ئەوەی ئەشق دەیهەوێت، ژیانبەخشینە بە ڕۆح و جەستە.”
ئەم کتێبە، یەکێکە لە ناوونیشانەکانی کۆمەڵەی (ئەفلاتوونە گەنجەکان). لەم کۆمەڵەیەدا، پاڵەوانی سەرەکی هەمان سوقراتی فەیلەسوف و زانایەیە کە لەبارەیەوە بیستوومانە، بەڵام هەرگیز حیكایەت و گێڕانەوەیەکمان لێوەی نەخوێندووەتەوە. ئەم كۆمەڵەیە، دەلاقە و دەروازەیەكەی ئەفڕێنەرانەیە بەرەو ئەندێشە و فەلسەفە و هاوكاریمان دەكات لەوەی دونیای جەحێڵایەتی و گەنجایەتی بە پەروەردەكردنی بیری ڕەخنەگرانە و ئارگۆمێنتی، دەوڵەمەندتر بكەین.
لە ناوونیشانەکانی تری ئەم کۆمەڵەیە، دەكرێت ئاماژە بە (شانۆی بچووکی هانا ئارێنت)، (شۆڕشی ئەپیکتیتۆس)، (لایب نیتس یان باشترین دونیای گریمانەیی) و (ڕۆشنگەرییەكانی ئەلبێرت ئەنیشتاین) بکەین. لەگەڵ دەقەکەدا، وێنە و نیگارە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبەکە دەرفەتێکن بۆ باشتر تێگەیشتنی چیرۆكەكە لای گەنجان تا ماندوو نەبن لە تێگەیشتنە قووڵ و فەلسەفییەكان.
لەبارەی نووسەر و نیگاركێشی (سوقرات ئاشقە):
(سەلیم ئەلمقەدەم)، لە فەلسەفە خوێندویەتی. لە زانکۆدا هونەری باش ژیان وانە دەڵێتەوە. نیگاركێشی كتێبەكەش، (یان لو برا)یە كە پاش كێشانی نیگارەكانی کتێبێك بە ناوونیشانی (مەرگی سوقراتی پیرۆز)، چووە شاری نانت و لەوێ دەستی بە كاری شانۆ كرد. ئەو حەزی لە وێنەکێشانی کتێبی گەنجان و دیزاین و گرافیکە.
پەراوێز:
* دیۆتیما، کەسایەتییەکی ناودار و ژنێكی فەیلەسووفە كە سوقرات سەبارەت بە ئەشق، بە مامۆستای خۆی دەزانێت. لە زۆربەی باس و كتێبەكانی سوقراتیش، لەبەر ژنبوونی دیۆتیما، زیاتر وەك بوونەوەرێكی خەیاڵی هەژماری دەكات. چونكە دەگوترێت ئەم ژنە ڕاهیبە بووە و تەنانەت بەرهەمەكانیشی نەكراونەتە ئینگلیزی و هەر بە نەناسراوی ماونەتەوە.

