رۆژنامەی ھەولێر

لە ئەدەبی جیهانەوە دیـــــارییە مەزنەکە

لە عەرەبییەوە:
بەهادین جەلال مستەفا

 

لەناو جەرگەی شارێکی جەنجاڵ و قەرەباڵغدا، ئەو شارەی كە خەونی ملیۆنانی تێدا یەک دەگرێتەوە و، ئاواتەکانیان بەیەکدا دەدەن، پیاوێکی بەتەمەن بە ناوی ئلیاس لەو شارەدا دەژیا، پیاوێكی كەمداهات و نەدار بوو، ئەو تەنیا خانوویەکی بچووکی لە ئاقاری شارەكە شك دەبرد لەگەڵ باخچەیەکی بچووك کە بەزەحمەت ڕۆژ لێی دەدا، بەڵام ئلیاس شتێکی سەیری هەبوو کە بەهاکەی بێشومار بوو: دڵێک پڕ لە میهرەبانی و خۆشەویستییەکی قووڵ بۆ مرۆڤایەتی، ڕۆژێکیان ئلیاس بەناو بازاڕە قەرەباڵغەکەی شاردا دەگەڕا، گوێی لە قسەی دوو بازرگان بوو باسی “دیارییە مەزنەکە”یان دەكرد. ئەم دیارییە، وەک دەگوترا، بەردێکی گرانبەهای دەگمەن بوو، کە پێیان وابوو بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بۆ خاوەنەکەی دەهێنێت. هەردوو بازرگانەکە بۆ بەدەستهێنانی کێبڕکێیان بوو، هەر یەکێکیان پێی وابوو کە ئەو شایانی بەدەستهێنانیەتی؛ ئلیاس زۆر غەمبار بوو، بیری لەو خۆشییە کردەوە کە دەتوانێت ئەم بەردە بەدەست بیهێنێت، نەک بۆ یەک کەس، بەڵکو بۆ هەموو خەڵك، بەڵام چۆن بەو نەداری و بێپارەییە دەتوانێت بەردێکی وا بكڕێت، ئێوارە بە غەمباری گەڕایەوە خانووەكەی خۆی، بەڵام ئەوەی ڕووی دا، زۆر سەیر بوو! لەو شەوەدا، ئەو كاتەی بە تەنیا لە باخچەکەیدا دانیشتبوو، ڕووناکییەکی كزی لەنێو چیمەن و گوڵەكانەوە بینی، ئلیاس بە سەرسامییەوە لە ڕووناكییەكەوە نزیک بووەوە، كە چاوی لێ كرد گوڵێکی بریقەدار و درەوشاوەیە! ئەم گوڵە وەک هیچ گوڵێکی دیكە نەبوو کە پێشتر بینیبووی، پەڕەکانی گوڵەكە بە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە دەدرەوشانەوە و بۆنێکی خۆشی لێ دەهات، کە هەرگیز بۆنی وای نەكردووە، بێ ئەندازە هەستی بە خۆشییەك کرد، نەیدەزانی ئەم گوڵە چییە، بەڵام هەستی دەکرد ئەمە دیارییەکە، بیری لەوە نەکردەوە بۆ خۆی هەڵگرێت، بەڵکو بڕیاری دا لەگەڵ خەڵكی بەش بکات، بۆ بەیانییەکەی ئلیاس گوڵەکەی بردە بازاڕ، خەڵک لە دەوری کۆ بوونەوە، بە جوانی و بۆنەکەی سەرسام بوون. ئلیاس چیرۆکەکەی بۆ گێڕانەوە، چۆن ئەم دیارییە ناوازەیەی دۆزیوەتەوە، پێی گوتن: “ئەم دیارییە تەنها هی من نییە، بەڵکو هی هەمووتانە، ئەمە بیرمان دەخاتەوە کە جوانترین دیارییەکان ئەوانە نین کە بە پارە دەیانکڕین، بەڵکو ئەوانەن کە لە سروشتدا دەیاندۆزینەوە، ئەوانەن کە لەگەڵ یەکدی بەشیان دەکەین، ئلیاس نەیدەزانی ئەو گوڵەی دۆزیوەتییەوە بەردێکی گرانبەهایە، بەڵکو لای ئەو هێمایەک بوو، هێمایەک بۆ ئەو جوانییەی کە لە سادەییدا حەشار دراوە و بۆ ئەو هێزەی لە بەخشندەییەوە سەرچاوە دەگرێت، خەڵکی شارەکە پەند و وانەیەکیان لە ئلیاسەوە وەرگرت کە هەرگیز لەبیر ناکرێت: دیارییە ڕاستەقینەکە لەوەدا نییە کە كێ خاوەنیەتی، بەڵکو لەوەدایە کە چی پێشکەش دەکەین، لەو ڕۆژەوە، ئلیاس بە “پیاوەکەی کە جوانترین گوڵی بە جیهان بەخشی” ناسرا و ناوبانگی دەركرد، باخچە فەرامۆشکراوەکەی بووە شوێنێک کە خەڵک لە هەموو لایەکەوە سەردانیان دەکرد، نەک بۆ بینینی گوڵەکە، بەڵکو بۆ بیرهێنانەوەی چیرۆکی پیاوە بەتەمەنەکە، کە واتای “دیارییە مەزنەکە”ی فێر کردن.
* ئۆلیڤەر هاریس لەدایكبووی ساڵی 1970ـی لەندەنە، نووسەری دەیان چیرۆك و ڕۆمانی پۆلیسی و ورووژێنەرە، پێشتر لە ڕۆژنامەنووسییەوە دەستی پێ كردووە، بەرهەمەكانی ئاڵۆز و قووڵ و تایبەتمەندن، زۆربەیان باس لە پرسی مرۆیی و سیاسی دەکەن.