رۆژنامەی ھەولێر

گۆگۆڵ؛ شاعیرێکی دۆڕاو چیرۆکنووسێکی سەرکەوتوو

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ژیانی بەشی هەرە زۆری نووسەرە داهێنەرەکان، ژیانێکی سەخت و پڕ لە ئاڵەنگاریی بووە. کاتێک لە ژیانی ئەم نووسەرانە ورد بینەوە. هەست بەو عەشق و خۆشەویستییە دەکەین، کە بۆ نووسین هەیانبووە و چ قوربانییەکیان داوە تا توانیویانە بگەنە ئەو پلەیەی کە هەموان دەست بە سنگەوە بگرن بۆیان و تامەزرۆی کتێبی نوێ و بەرهەمەکانیان بن. بەشێک لەو نووسەرە داهێنەرەکان تا خۆیان لە ژیاندا بوون بەرهەمی ڕەنج و داهێنانەکەی خۆیان نەبینی، بەڵام دوای کۆچی دواییان ئیدی دەنگدانەوە و گەشانەوەی بەرهەمەکانیان دەستی پێ کرد.

نیکۆلای گۆگۆڵ، یەکێک لە ئەستێرە گەشاوەکانی ئەدەبیاتی ڕووسی، ئەو لەو نووسەرانەیە کە بە ژیانێکی سەخت و مەشەقەتێکی زۆرەوە تا توانیویەتی بگاتە ئەو پلەیەی چیرۆکنووسین کە گەورە نووسەرێکی وەکو فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی بڵێت “هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە هاتوینەتە دەرەوە.” واتە ئەوەی دۆستۆ و نووسەرانی نەوەی ئەو نووسیویانە لەژێر کاریگەریی گۆگۆڵدا بووە و ئەو بووەتە هەوێنی ئەو بەرهەمانە. وەک دەزانین “پاڵتۆ” یەکێکە لە چیرۆکە درێژەکانی گۆگۆڵ و لە ڕیزی بەناوبانگترین بەرهەمەکانی نووسەرانی ڕووس و جیهانیدایە.
نیکۆلای گۆگۆڵ لە ٢١ ئازاری ١٨٠٩ چاوی بەژیان ھەڵێناوە و لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا لە ٢١ شوباتی ١٨٥٢ کۆچی دوایی کردووە. مامۆستا حەمەکەریم عارف کە چەند بەرهەمێکی ئەم نووسەرەی کردووە بە کوردی لەوێدا ژیاننامەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشی ئەم نووسەرەشی خستووتەڕوو و باسی ئەو سەختیانەی کردووە، کە تووشی ئەم نووسەرە هاتوون، هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە گۆگۆڵ هەر لەسەرەتاوە خەونی ئەوەی هەبووە ببێتە کەسێکی ناودار و ئەمەش تەنها ناوێکی بۆش نەبێت، بەڵکو ناوێک بێت کە جێپەنجەی دیار بێت. حەمەکەریم عارف لەو کتێبەی تایبەت بە گۆگۆڵ نووسیویەتی لەوێدا دەڵێت “گۆگۆڵ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ حه‌زی ده‌كرد ببێت به‌ شتێكی گه‌وره ‌و ده‌ورێكی گرنگ له‌ ژیاندا ببینێ و ناوێكی پڕخزمه‌ت و نه‌مری هەبێت. هێشتا قوتابی قۆناغی دواناوه‌ندی بووه، كاغه‌زێكی بۆ خزمێكی نووسیوە و ئەو حەزەی خۆی بۆ بەیان کردووە.
گۆگۆڵ لەو کاغەزەدا دەنووسێت “كه‌ جارجار بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ بمرم و فریا نه‌كه‌وم كارێكی گه‌وره‌ی ئه‌وتۆ ئه‌نجام بده‌م، كه‌ ناوم بخاته‌ سه‌رزاران، ئارەقه‌یه‌كی سارد ده‌نیشێته‌ سه‌ر ڕووم. بەڕاستی زۆر ئه‌سته‌مه‌ مرۆڤ له‌م دنیایه‌دا بژی، بێ ئه‌وه‌ی كارێكی وه‌ها ئەنجام بدات ماقوولییه‌ت به‌ بوونی ببه‌خشێت. بیرم له‌ هه‌موو كاروفرمانێك كرده‌وه.”
گۆگۆڵ بۆ ئەوەی خەونەکەی لە جێگەیەکی دیکەوە بەدەست بهێنێت له‌ ته‌مه‌نی نۆزده‌ ساڵیدا وازی له‌ زانستگه‌ هێنا و ڕووی كرده‌ سان پتروسبۆرگی پایته‌ختی ڕووسیا، ویستی وه‌زیفه‌یه‌كی گونجاو بدۆزێته‌وه، وەلێ‌ بێهوده‌ بوو و ویستی وەكوو ئه‌كته‌ر له‌ بواری نواندندا كار بكات، له‌مه‌شیاندا سەرنه‌كه‌وت، چونكه‌ ده‌نگی نزم و له‌شولاری وردیله‌ و كه‌م نموودی هەبوو.
دواتر له‌ هه‌ڕه‌تی نائومێدیدا بیری كه‌وته‌وه،‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی هه‌یه‌ و له‌ ڕۆژانی قوتابییه‌تیدا نووسیونی، له‌گه‌ڵ خۆیدا بردی و به‌سه‌ر وه‌شانخانه‌كانیدا گێڕا به‌ ئومێدی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یان، بەڵام كه‌س نه‌چووه‌ ژێرباری چاپکردنی ئەو بەرهەمەوە. وەک لە ژیاننامەکەیدا هاتووە ناچار بووە له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی بڵاوی بکاتەوە‌، ڕه‌خنه‌گران و ئه‌هلی ئەدەبیات زۆر به‌توندی هێرشیان كرده‌ سه‌ری و ناچاربوو له‌ بازاڕ و كتێبخانه‌كاندا کتێبە شیعرییەکەی كۆی بكاته‌وه ‌و بیسوتێنێت و لەم ئەزموونەیدا خۆی وەکوو شاعیرێکی دۆڕاو هاتە بەرچاو، کە هەرگیز پێیوا نەبوو بگاتە ڕۆژێکی لەو شێوەیە. دواتر ویستی سەری خۆی هه‌ڵبگرێت و سواری كه‌شتی بوو تا بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بڕوات. وەلێ‌ به‌رله‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ له‌ ڕووسیا ده‌ربچێت پەشیمان بووه‌وه ‌و دابه‌زی.
پاش كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ ناكامه‌كه‌ی ئەم نووسەرە کۆڵی نەدا و له‌ ساڵی 1832دا كتێبی دووه‌می له‌ژێر سه‌رناڤی “شەوانێك له‌ گێڵگه‌یه‌كێ نزیكی دیكانكا”دا بڵاوكرده‌وه. ئه‌م كتێبه‌ سه‌ركه‌وتنێكی چاكی ‌بەده‌ستهێنا و لێرەوەشه‌ بوو و درێژه‌ی به‌ كاری نووسین دا. ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵی 1835دا كتێبی سێیه‌می، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكه‌ به‌ نێوی “میرگۆرۆد” چاپ و بڵاوكرده‌وه‌. پاشان لێبڕا كتێبێك ده‌رباره‌ی مێژووی ئۆكرانیای زێد و زاگه‌ی خۆی بنووسێت و كتێبێكی دیكه‌ی هه‌شت نۆ به‌رگی له‌سه‌ر مێژووی سه‌ده‌كانی ناڤین بنووسێت. لێ‌ كه‌س ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌ چاونەبینی و له‌و باره‌یه‌وه‌ ته‌نیا چیرۆكه‌ به‌ نێوبانگه‌كه‌ی “تاراس بۆڵبا”ی چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ چیرۆكی ستایشی قاره‌مانیه‌تی و سوارچاكی و قوربانی و فیداكارییه. ئه‌م چیرۆكه‌ مێژووییه‌ بریتییه‌ له‌ وه‌سفی ڕووداوه‌ مێژوییه‌كانی بزاڤ و ته‌ڤگه‌ری ڕزگاریخوازی گه‌لی ئۆكرانیا به‌سه‌ركردایه‌تی سه‌ركرده‌ی نەبەز (تاراس بۆلبا) دژی داگیركه‌رانی زۆردار دەکات.
هەر لەو ساتەدا بڕیاریدا كۆڵنه‌دات و بۆ خەونەکانی بژی دەستی بە نووسین کرد و یەکەم شانۆنامه‌ی” جه‌نابی موفه‌تیش”ی نووسی کە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ درەوشانەوەی ئەم نووسەرە مەزنە.
کاتێک لە ژیانی ئەم نووسەرە وردبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت ئەگەرچی گۆگۆڵ شاعیرێکی دۆڕاو بوو، بەڵام یەکێکە لە ناودارترین چیرۆکنووسەکانی ڕووس و ئەدەبی جیهانی و بۆ ئەدەبی ڕووسی وەکوو دامەزرێنەری قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەیی دادەنرێت و ئەمەش کردییە خاوەن تایبەتمەندییەکی گرنگی چیرۆکنووسین، کە بەرهەمەکانی لە هەموو جێگەیەک بخوێنرێتەوە.
وانەیەک کە لەم نووسەرەوە فێری دەبین ئەوەیە کۆڵنەدان دەمانگەیەنێت بە سەرکەوتن. مەرج نییە شکست لە بوارێکدا نیشانەی شکستی هەمیشەیی بێت. بۆیە گرنگە تواناکانمان بدۆزینەوە لەو بواری دەتوانین بەهرەمەند بین.
*بۆ نووسینی وسینی ئەم بابەتە سوود لە کتێبی “گۆگۆڵ؛ دامەزرێنەری ڕیالیزمی ڕەخنەیی لە ئەدەبدا” کە لە نووسین و وەرگێڕانی مامۆستا حەمەکەریم عارف وەرگرتووە.