ئارام كۆشكی – سلێمانی
باوەڕناکەم هیچ گەلێک هێندەی گەلی کورد چیرۆک و تراژیدیای نەنووسراوی هەبێت، بۆیە هەمیشە ئەو پرسیارەم لەلا دروست دەبێت کێ ئەو چیرۆکە فەرامۆشکراو و ونبووانە دەنووسێتەوە؟ ئەو جێگایانەی مێژوونووسان ناتوانن بیگەنێ و ڕۆژنامەنووسان ئەو چاوەیان نییە ئەودیوی پەنهانەکان ببینن، کێ دەستی پێیان دەگات جگە لە ڕۆماننووسان؟ ئەدەب ئەو هێزەی هەیە هەر جێگەیەکی بوێت پێی دەگات. هێزی ئەدەب لەوەدایە، کە هیچ سنوورێک نییە ڕێگری لێ بکات، هەر ئەمەشە دەقە ئەدەبییە گرنگەکان تەنها دەقی سەردەمێکی دیاریکراو نین، بەڵکو دەقی هەموو سەردەمێکن و دەچنە نێو هزری هەر خوێنەرێک بیەوێت ئاوێتەیان بێت.
دۆزینەوەی چیرۆکە ونبووەکانی ئەنفال و ناساندنیان تەنها بە دیکۆمێنتکردن کۆتایی نایەت، بەڵکو دیکۆمێنتکردنی هەر تراژیدیا و ڕووداوێک قۆناغی سەرەتاییە بۆ ئەوەی نەمریی بە چیرۆکی قوربانییەکان و تراژیدیاکان بدەین. ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێک لە ڕزگاربوانی کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە لە ڕێی بەڵگەمەندکردنی وتەکانیانەوە بەشێک لە تراژیدیاکە لە فەوتان ڕزگار کرا، ئەوە هەوڵێکی گرنگی سەرەتاییە، بەڵام قۆناغی نەمرکردنی تراژیدیا ئەرکی ئەدەبە و لەنێو ئەدەبیشدا شیعر و ڕۆمان دەتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، چونکە دوو ژانرن زۆر نزیکن لە ڕۆحی مرۆڤی ئەم سەردەمەوە و تاڕادەیەکیش دوو ژانری گەلێک بەربڵاوترن لە هەردوو ژانری چیرۆک و شانۆ.
تراژیدیای هۆلۆکۆست تەنها لەڕێی نووسینەوە و بەڵگەمەندکردنەوە نەمر نەبوو، بەڵکو لەڕێی ئەو سەدان فیلم و ڕۆمانەوە زیاتر و زیاتر بەنەمریی مایەوە، تا هەموو نەوە یەک لە دوای یەکەکان بینەری ئەو تراژیدیایە بن. فیلمەکانی سینەماییەکانی وەکو “ژیان جوانە، پیانۆژەنەکە، کتێبدز، لیستی شنەیدەر، خوێنەرەکە” نموونەیەکی کەمی ئەو سەدان فیلمە سینەماییەن لەسەر تراژیدیای هۆلۆکۆست، کە من بینەریان بووم و نەمتوانیوە سەرسامی خۆم بە شێوازی خستنەڕووی تراژیدیاکە بشارمەوە. هاوکات ڕۆمانەکانی وەکو “کچەزاکەم، شالوور، ڕۆژمێری کیژۆڵەیەک، ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت” چەند نموونەیەکی کەمی ئەو ڕۆمانە بەناوبانگانەن لەسەر ئەم تیراژیدیایە، کە توانیویانە بە شێوەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێش و لە ئاستێکی هونەری باڵادا کار لەسەر ئەم تراژیدیایە بکەن، کە خۆشبەختانە هەموویان بە زمانی کوردی بەردەستن. واتە ئەو هێزەی ئەدەب هەیەتی بۆ وننەکردنی ڕووداو و کارەساتێک هیچ هێزێکی دیکە نییەتی، ئەمەش پەیوەندی بەو بەربڵاویەی ئەدەبەوە هەیە، کە توانای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی هەیە چ لە ڕێی تێکستی ڕۆمانەوە، یان کاتێک هەمان تێکست دەکرێتە کارێکی سینەمایی.
لێرەدا کارەساتی هۆلۆکۆست وەکو نموونە هێنراوەتەوە. دەنا بە سەدان کارەسات و تراژیدیای دیکە هەیە، کە توانراوە لەڕێی هێزی ئەدەبەوە نەمر بکرێن و ئەدەب وەکو فریادڕەسێک توانیویەتی لە فەوتان و لەبیرچوونەوە بیپارێزێت. سینەماش وەکو هێزێکی دیکە، کە لەدوای ئەدەبەوە دێت و زۆرجاریش کەڵک لە تێکستی ئەدەبی وەردەگرێت بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانی، ئەویش دەتوانێت کاریگەریی گرنگ و بەرفراوانی هەبێت. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئێمە چیمان بۆ نووسینەوەی هەردوو کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە کردووە لەڕێی دەقی ئەدەبی و هونەری سینەماوە؟ ئایا ئەوەی تا ئێستا نووسراوە لە ئاستی گەورەیی و قوربانییەکانی ئەو ڕووداوانەدا بووە، یان تەنها پیشاندانی جۆرێک لە ڕووکەشی ئەو تراژیدیایانەدا بووە؟
بێگومان وەڵامی دروستی ئەم پرسیارە توێژینەوە و بەدواداچوونی وردی دەوێت، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها چەند سەرنجێکی زۆر کورت لەوبارەیەوە دەخەینەڕوو. یەکێک لەو تێکستە گرنگانەی بۆ هەڵەبجە نووسراوە “لاوکی هەڵەبجە”ی ڕەفیق سابیرە، کە تێکستێکی شیعریی گەلێک گرنگە و هەر زووش کرایە گۆرانی. لە دواتردا چەندین شیعری دیکە نووسران، بەڵام هیچیان چەشنی ئەو شیعرە نەبوون زمانحاڵی قوربانیانی ئەو تراژیدیایە، کە ئێستا وەکو ناسنامەی ئەو کارەساتە دەبینرێت. لە ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەسدا گەلێک دەقی شیعریی بۆ کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە نووسراوە و لێرەدا تەنها ئاماژە بۆ دوو تێکستی بەرچاو و گرنگی دەکەم، کە یەکەمیان “گۆڕستانی چراکان”ـە، کە ڕۆمانە شیعرێکی گرنگ و ناوازەیە لەسەر کارەساتی ئەنفال و لەوێدا خوێنەر گوێی لە زرکە و ناڵەی ئەنفالکراوان دەبێت. هاوکات کتێبی “سرودە بەردینەکان”یش ئەویش دەقێکی گرنگی دیکەیە لەسەر هەمان کارەسات و دواندنی هەموو جومگەکانی تراژیدیایە و بەدەنگهێنانی ئازارەکان، کە ئەم شاعیرە بەسەلیقەیەکی زۆرەوە هەوڵی نووسینەوەی دیوە پەنهانەکانی کارەساتەکەی داوە.
لەنێو دەقی گێڕانەوەییدا چیرۆکی زۆر نووسراون، کە بەشێکی زۆریان لاوازن (هەڵبەت ئەوانەی من بینیومن)، بەڵام بەشێکیشیان هێزی ئەوەیان تێدایە ببنە زمانحاڵی ڕووداوەکە و گۆشەکی گرنگ و نەبینراوی ئەو تراژیایانە پیشان بدەن. بەڵام وەکو ڕۆمان ئەگەرچی وەکو ژمارە تێکستگەلێکی زۆر نووسراون، بەڵام وەکو سەنگینی و بایەخی هونەرییان ژمارەیان گەلێک کەمە. یەکێک لەو تێکستانە دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین “شەوانی ئادەم”ی بەیان سەلمانە، کە ڕۆمانێکە سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەنفال لەسەر ئەو تاکانە لەو کارەساتە ڕزگاریان بووە، کە تووشی داڕووخانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوون و توانای دروستکردنەوەی پەیوەندی و ژیانکردنێکی ئاساییان نییە. نووسەر لەم رۆمانەدا بە چاوێکی ورد و سینەماییانەوە چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە و گەلێک پەنهان لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر دەروونی تاکی کورد دەخاتەڕوو.
هەرچی ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپییەکان”ی بەختیار عەلییە ئەویش سەبارەت بە ژیانی مۆسیقارێکی کوردە، کە لە کارەساتی ئەنفال ڕزگاری دەبێت. دوای ڕزگاربوونی هەوڵی ئەوە دەدات ئەو کەسانەی دیکە کە هاوشێوەی خۆیین کۆیان بکاتەوە و دواتر بیانکاتە خاوەنی دادگایەکی شایست بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەو کارەساتەی کردوون. لە دواجاردا یەکێک لە بکەرانی ئەو کارەساتە لەو دادگایەدا سزا بدەن.
ڕۆمانی “مەرگی چاوکاڵان”ی نەبەز گۆرانیش یەکێکی دیکەیە لەو ڕۆمانانەی هەوڵی نووسینەوەی تراژیدیای هەڵەبجە و ئەنفال دەدات و لەڕێی دوو مێردمنداڵەوە بەنێو تراژیدیاکەدا ڕۆدەچێت و دەیەوێت دیوێکی دیکە هەردوو تراژیدیاکە پێکەوە گرێ بدات. نووسەر لەم ڕۆمانەدا لە چاوی دوو مێردمنداڵەوە لە کاریگەرییەکانی ئەو دوو کارەساتە دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت دیوێکی نەنووسراو و پەراوێزخراوی ئەو کارەساتانە بنووسێتەوە.
ئەوەی لیرەدا خرایەڕوو چەند نموونەیەکی دیاری ئەو ئەدەبیاتەیە، کە سەبارەت بە کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە نووسراون، بەڵام ئایا ئەمانە لە ئاستی ئەو تراژیدیایانەدان؟ بێگومان هەر یەکەیان توانیویەتی لە گۆشەیەکی جیاوازەوە لەو کارەساتانە بدوێت و گۆشەیەکی پیشان بدات، بەڵام ئەمانە زۆر کەمن و ئێمە پێویستمان بە دەیان تێکستی لەم چەشنە هەیە تا تراژیدیاکانمان بنووسێتەوە. بەڵام خاڵێک کە لێرەدا جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە توانای بە فیلمکردنی و پەڕینەوەی ئەم ئەدەبیاتەمان نییە بۆ ئەوەی ببێتە بەرهەمی سینەمایی، چونکە سینەما زمانێکی جیهانیتر و بەرفراوانتری هەیە و هێزی بڵاوبوونەوەی زیاترە تا تێکستی ئەدەبی. ئەگەرچی بەشێک لەو تێکستانەی لەسەرەوە باسم کردن بۆ زمانی دیکە وەرگێڕدراون بەتایبەت ئەوانەی “ڕەفیق سابیر، شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی” بەڵام هێشتا لە سنووری یەک دوو زمان تێنەپەڕیون، بەڵام بوون بە بەرهەمی سینەمایی، یان دروستکردنی بەرهەمی سینەمایی لەم تێکستانەی سەبارەت بەم کارەساتانە هەنگاوێکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکەین لە نەمرکردنی ئەو تراژیدیایانە و هاوکات گەیاندنی تراژیدیاکان بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو و هاوکات بە جیهانیکردنی ئەم کارەساتانەیە چەشنی هۆلۆکۆست، کە تا هەنووکە بەشی هەرە زۆری هەوڵەکانمان بۆ ناساندنی ئەم تراژیدیایانە تەنها هەوڵی ڕۆژنامەوانین و نەیانتوانیوە سنووری کاری ڕۆژنامەوانی و بەڵگەمەندکردن تێپەڕێنن. بۆیە ئێستا گرنگە ئەو قۆناغە بجێ بهێڵین و بەرەو قۆناغێکی نوێی ناساندنی تراژیاکەمان هەنگاو بنێن، کە ئەویش بە تەنها بە هێزی ئەدەب و هونەر دەکرێت.

