رۆژنامەی ھەولێر

هاوڕێكه‌م… نیسۆ!

نووسین: هۆڤهانس تومانیان
وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: خدر ئیبراهیم خدر

 

(١)
ئێمه‌، چەند منداڵێک بووین پێكه‌وه‌ خەریکی یاریكردن بووین…
نه‌ هیچ خوێندنگه‌یه‌ك له‌ئارادا بوو، نه‌ هیچ مه‌شق و وانه‌یه‌ك، ته‌واو ئازاد بووین و كارمان هەر گەمە و یاری بوو. یه‌كتریمان زۆر خۆش ده‌ویست، تابڵێی ئۆگری یه‌كتری بووین… كاتێك برسێتی تینی بۆ ده‌هێناین، ڕامانده‌كرد و له‌سه‌ر سه‌به‌ته‌ی نانه‌كه‌، نانێكمان تاو ده‌دایه‌ و له‌ناو دیزه‌ی په‌نیره‌كه‌شدا، پارچه‌ په‌نیرێكمان ده‌هێنا و دیسان په‌له‌مان بوو بگه‌ڕێینه‌وه‌ لای یه‌كتری.
شه‌وان پێكه‌وه‌ كۆ ده‌بووینه‌وه‌ و قسه‌ی خۆش و پڕ له‌ پێكه‌نینمان ده‌كرد، یاخود به‌سه‌رهاتێكمان ده‌گێڕایه‌وه‌. هاوڕێیه‌كمان هه‌بوو ناوی (نیسۆ) بوو. هێنده‌ چیرۆكزان و به‌ سه‌لیقه‌ بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و به‌سه‌رهاتدا، گاڵته‌ی پێ نه‌ده‌كرا.
له‌ شه‌وانی مانگه‌شه‌وی هاویندا، له‌سه‌ر لیژنه‌داره‌كانی پێش ده‌رگای ماڵه‌وه‌مان له‌ده‌وری یه‌كتری كۆده‌بووینه‌وه‌، له‌ ڕووخساری (نیسۆ)ی ڕاده‌ماین كه‌ له‌ هه‌ڵچوون و په‌شۆكاویدا دڵڕفێنتر ده‌بوو. ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ حۆری و په‌رییه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ باڵنده‌ی ئه‌فسانه‌یی، سه‌باره‌ت به‌ دونیای تاریك و ڕوون چیرۆكی ده‌گێڕایه‌وه‌.
– (نیسۆ) گیان، جارێكی تر چیرۆكی (گورشا)مان بۆ بگێڕه‌وه‌… جارێكی تر چیرۆكی (باز و تووتی)مان بۆ بگێڕه‌وه‌… جارێكی تر چیرۆكی (كه‌چه‌ڵ و كۆسه‌كان)مان بگێڕه‌وه‌…

(٢)
هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا بوو قوتابخانه‌یان له‌ ئاواییه‌كه‌ی ئێمه‌دا كرده‌وه‌. منیان خسته‌ به‌ خوێندن. بیست سی منداڵی تریش وه‌ك من خرانه‌ به‌ر خوێندن. بۆ هه‌ر منداڵیك له‌ ساڵێكدا، مانگانه‌ سێ ڕۆبڵیان وه‌رده‌گرت. به‌وهۆیه‌وه‌، زۆر له‌ منداڵانی ئاوایی كه‌ خێزانه‌كانیان نه‌یانده‌توانی مانگانه‌ سێ ڕۆبڵ بده‌ن، نه‌یانتوانی بخوێنن. به‌هه‌مان شێوه‌، زۆر له‌ هاوڕێیانی یاریكردنی منیش، نه‌یانتوانی بخوێنن، كه‌ (نیسۆ) یه‌كێك بوو له‌ ئه‌وان!
یه‌كه‌م جار بوو ئێمه‌ له ‌یه‌كتری جیا بكه‌نه‌وه‌. قوتابخانه‌ و مامۆستاكه‌ی، ئێمه‌یان له ‌یه‌كتری جیا ده‌كرده‌وه‌. یه‌كه‌مجاریش بوو دركمان به‌وه ‌كرد كه‌ یه‌كێكمان دارا و هه‌بوویه‌ و، ئه‌وی ترمان نه‌دار و نه‌بوو. هێشتا ده‌نگی نووزه‌نووز و گریانی (نیسۆ)م له‌یاده‌ كه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌وه‌یان خۆی له‌ خاك و خۆڵ وه‌رده‌دا و هاواری ده‌كرد:
– منیش ده‌مه‌وێت بچمه‌ قوتابخانه‌.
هێشتا قسه‌كانی باوكیشیم له‌ گوێچكه‌دا ده‌زرنگێته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌نگی به‌رز ده‌یوت:
– نیمه‌، نیمه‌، كوڕه‌ بۆ تێناگه‌یت، ئه‌گه‌ر نه‌مبێت، له‌كوێی بهێنم! ئه‌گه‌ر سێ مانتم هه‌بایه‌، نانم پێ ده‌كڕی، ده‌مهێنا و ده‌رخواردی تۆم ده‌دا، تا ئاوا برسی نه‌مێنییته‌وه‌… نیمه‌ و ته‌واو…
(نیسۆ) و هاوڕێكانم كه‌ له‌ قوتابخانه‌ وه‌رنه‌گیرابوون، ده‌هاتنه‌ به‌رده‌م ده‌رگای قوتابخانه‌ و كۆده‌بوونه‌وه‌ و لێیانده‌ڕوانین. به‌ڵام مامۆستا ڕێگه‌ی نه‌ده‌دا كۆببنه‌وه‌ و له‌وێ ده‌رده‌كردن. كاتێك زه‌نگی پشوو لێ ده‌درا، نه‌یده‌هێشت ئه‌وان یاریمان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. ده‌یوت: “منداڵانی ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌، نابێت تێكه‌ڵی قوتابییه‌كان ببن و، یارییان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.”
بۆیه‌، ئه‌وانیش ده‌چوون له‌په‌نا دیواری قوتابخانه‌ داده‌نیشتن و چاوه‌ڕێ ده‌بوون تاكو وانه‌كانمان دوایی ده‌هات و، هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌.
(٣)
دوای ئه‌وه‌ی یه‌ك دوو ساڵ له‌ قوتابخانه‌ی ئاواییه‌كه‌مان خوێندم، باوكم منی بۆ قوتابخانه‌ی شارۆچكه‌یه‌كی نزیك گواسته‌وه‌. ئه‌وێ دونیایه‌كی تر بوو. خانووه‌كان ڕه‌نگیان سپی و سه‌ربانه‌كانیان سوورباو بوو. خه‌ڵكه‌كه‌ پۆشته‌ و ڕێكوپێك و خاوێن بوون، هه‌روه‌ها قوتابخانه‌كه‌ش گه‌وره‌ و له‌به‌ردڵان بوو. نه‌ك وه‌ك قوتابخانه‌ی ئاواییه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ ته‌نها تاكه‌ مامۆستایه‌كی هه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وێ ژماره‌یه‌ك مامۆستای هه‌بوو. ته‌نانه‌ت خاتوونی مامۆستا كه‌ به‌لای منه‌وه‌ شتێكی تازه‌ و جێگه‌ی سه‌رسامی بوو. تابڵێی په‌سه‌ند و دڵخواز بوو.
جلوبه‌رگه‌كانم به‌ گوێره‌ی قوتابخانه‌كه‌ و شارۆچكه‌كه‌، گۆڕانی به‌سه‌رداهات. ئه‌و جلوبه‌رگه‌م پۆشی كه‌ قوتابیانی شار ده‌یانپۆشی و جوان و دڵڕفێن و پاك و خاوێن بوو. به‌هه‌مان ئه‌و گۆڕانكارییه‌وه‌ كه‌ له‌ سیما و شێوه‌مدا ڕوویدابوو، له‌ پشووری جه‌ژندا گه‌ڕامه‌وه‌ ئاواییه‌كه‌مان.
(نیسۆ) و هاوڕێ كۆنه‌كانم زانیبوویان گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ سپێده‌ی به‌یانییه‌وه‌ هاتبوون و به‌ده‌وروپشتی خانووه‌كه‌ماندا ده‌سووڕانه‌وه‌ و له‌ درزی دیواره‌كانه‌وه‌ ده‌یانڕوانی. له‌ماڵ هاتمه‌ده‌ره‌وه‌ و چوومه‌ لایان. له‌یادم نییه‌ چۆن سڵاومان له‌یه‌كتری كرد، ته‌نها ئه‌وه‌م له‌یاده‌ كه‌ ئیتر وه‌ك ڕابردوو له‌گه‌ڵ مندا گه‌رموگوڕ و دڵسۆز نه‌بوون. یه‌كه‌مین شت كه‌ سه‌رنجی ئه‌وانی ڕاكێشا جلوبه‌رگه‌كه‌م بوو. ته‌نانه‌ت (نیسۆ) ئاماژه‌ی بۆ چاكه‌ته‌كه‌م كرد و پلارێكی تێگرتم و، ڕوویكرده‌ ئه‌وانی تر و وتی:
” ده‌ڵێی قه‌له‌باچكه‌یه‌ و، كلكی بڕاوه‌. ”
كوڕه‌كان هه‌موو پێكه‌نین. منیش نائارام و نیگه‌ران بووم. به‌ڵام هیچم نه‌وت. پاشان (نیسۆ) ده‌ستی له‌ جلوبه‌رگه‌كه‌مدا. ئه‌وانی تریش هه‌مان كاریان كرد و سه‌رسامبوون له‌وه‌ی چه‌نده‌ نه‌رمه‌.
ئه‌و ڕۆژه‌، یه‌كه‌مجار بوو جلوبه‌رگه‌كانیان سه‌رنجم ڕابكێشێت. بۆمده‌ركه‌وت چه‌نده‌ پیس و پۆخڵ و په‌رپووتن. هه‌موو ئاواییه‌كه‌ی خۆمانم به‌ نه‌دار و پیس و پۆخڵ هاته‌ به‌رچاو!

(٤)
دوو ساڵ دوواتر، باوكم منی له‌وێوه‌ بۆ شارێكی گه‌وره‌تر گواسته‌وه‌. كاتێك له‌وێوه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ئاواییه‌كه‌ی خۆمان، هاوڕێ كۆنه‌كانی یاریكردنم، كه‌ له‌ ئیتر كوڕگه‌لێكی گه‌وره‌یان لێ ده‌رچووبوو، هاوشێوه‌ی خه‌ڵكی ئاوایی هاتن و، له‌ هه‌واڵپان پرسیم و هاوشێوه‌ ئه‌وانیش دوور ڕاوه‌ستان. ته‌نها جارێك له‌ میانی قسه‌كردندا، كاتێك ئه‌وانی تر لێیانپرسیم كه‌ له‌یادمه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وانه‌م خوێندووه‌، (نیسۆ) ش لێیپرسیم:
– له‌یادته‌، شه‌وان له‌سه‌ر لیژنه‌داره‌كانی پێش ده‌رگای ماڵه‌وه‌تان چیرۆكمان ده‌گێڕایه‌وه‌؟
منیش وه‌ڵاممدایه‌وه‌:
– هه‌ڵبه‌ت… چۆن له‌یادم نییه‌؟ بۆچی له‌یادم ده‌چێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌ خۆشترین یاده‌وه‌ری سه‌روه‌ختی منداڵیمه‌.
وه‌ك ئه‌وه‌بوو (نیسۆ) شادمان بووبێت، به‌ڵام هێشتا وه‌ك بێگانه‌یه‌ك، دوور له‌ من مایه‌وه‌.
*
واهاته‌پێش له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ شار، ئه‌سپه‌كه‌ی باوكی (تیسو) به‌كرێ بگرین و من سوار و (نیسۆ) ش پیاده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سپه‌كه‌دا بێت. كاتێك كه‌وتینه‌ڕێ، من سوار و ئه‌ویش پیاده‌ بوو. زۆر نائارام بووم، كاتێك له‌دواوه‌ (نیسۆ) م به‌و جلوبه‌رگه‌ شڕ و دڕاو و كه‌وشانه‌وه‌ ده‌بینی كه‌ په‌نجه‌كانی لێی هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌. دوای كه‌مێك ڕۆیشتن، وتم:
– حه‌ز ده‌كه‌م به‌ پیاده‌ ڕێبكه‌م نه‌ك به‌ سواری…
بۆیه‌ له‌ ئه‌سپه‌كه‌ هاتمه‌ خواره‌وه‌. دوای ئه‌وه‌، یان دوو به‌ دوو به‌ پیاده‌ ده‌ڕۆیشتین، یان به‌ نۆره‌ ده‌چووینه‌ سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌كه‌. (نیسۆ) له‌م ڕووه‌وه‌، زۆر كه‌یف خۆش بوو. به‌ڵام بۆمده‌ركه‌وت ئه‌و كاره‌م به‌ گه‌مژانه‌ داده‌نێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ڕووی هه‌ستی دۆستایه‌تی و مه‌حه‌ببه‌ته‌وه‌، ئه‌نجامی بده‌م.
من دڵگران بووم، به‌ڵام دڵگرانی زۆرتر له‌ ڕێبوو…
*
له‌میانی ڕێگه‌دا، له‌ شوێنێك لاماندا و پشوویه‌كمان وه‌رگرت و شتێكمان خوارد. له‌كاتی شووتی خواردندا، چه‌قۆكه‌ی گیرفانم ده‌رهێنا و، دامه‌ ده‌ستی (نیسۆ) تاكو شووتییه‌كه‌ی پێ له‌ت بكات. له‌وده‌مه‌ی سه‌رگه‌رمی له‌تكردنی شووتییه‌كه‌ بوو، چه‌قۆكه‌ بزربوو. (نیسۆ) سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌قۆكه‌ی داوه‌ته‌وه‌ من و منیش خستومه‌ته‌وه‌ گیرفانم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌مزانی نه‌یدامه‌وه‌ته‌وه‌ من، به‌ڵام ئه‌ملا و ئه‌ولای گیرفانه‌كانی خۆمم ژێر و ژووركرد و كه‌وتینه‌وه‌ ڕێ…
من به‌ ئاشكرا ده‌مزانی ئه‌و چه‌قۆكه‌می بردووه‌. دوواتریش كه‌سانی تر چه‌قۆكه‌یان له‌ده‌ستی ئه‌ودا بینیبوو. به‌ ئازارێكی قوورسه‌وه‌ كه‌ دڵی گوشیبووم، وه‌ڕێ كه‌وتین. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌قۆكه‌ بزر ببو، به‌ڵكو له‌به‌ر شتگه‌لێكی زۆر به‌نرختر كه‌ (نیسۆ) نه‌یده‌توانی لێیان تێبگات… كاتێك گه‌یشتینه‌ شار و (نیسۆ) ده‌بووایه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، سه‌رباری كرێی ئه‌سپه‌كه‌، پارچه‌ قوماشێكی چاكه‌تم بۆ كڕی و پێشكه‌شیم كرد. كه‌چی ڕووی لێ نام و وتی:
– ئه‌دی پاره‌ی چایه‌كیشم ناده‌یتێ؟
هه‌ستم به‌ شه‌رمێكی زۆر كرد و پاره‌ی چایه‌كه‌م پێ دا. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌، هه‌ر كاتێك سه‌روه‌ختی منداڵیم ده‌هێنایه‌وه‌ یادی خۆم و ئه‌و شه‌وانه‌ش كه‌ له‌ژێر ڕووناكی مانگه‌شه‌ودا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم به‌سه‌ر لیژنه‌داره‌كانه‌وه‌ داده‌نیشتین و (نیسۆ) چیرۆكی ده‌گێڕایه‌وه‌، دڵم پڕ ده‌بوو له‌ داخ و حه‌سره‌ت.

(٥)
(نیسۆ) هه‌ژار و نه‌داره‌… نه‌زانه‌… پڕه‌ له‌ تاڵییه‌كانی ژیانی پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌ریی گوندنشینی… ئه‌گه‌ر ئه‌و چووبایه‌ قوتابخانه‌، فێر ده‌بوو، ئارامی و ئاسووده‌یی وه‌گیری ده‌كه‌وت. ده‌بووه‌ مرۆڤێكی باش، له‌وانه‌شه‌ زۆر له‌ من باشتر ببووایه‌…”
ئێستاکە هه‌ركاتێك (نیسۆ) ده‌هێنمه‌وه‌ یادی خۆم، هه‌میشه‌ به‌جۆرێك بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و به‌ بێتاوان دابنێم. وێنه‌یه‌كی باش له‌ ئه‌و پێك بهێنم و به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و كات و ساتانه‌ی خۆشم ده‌ویست، دیسان خۆشم بوێت. ده‌مه‌وێت به‌رده‌وام وێنه‌ی (نیسۆ)م له‌ شه‌وانی پڕ له‌ ئه‌ستێره‌ و مانگه‌شه‌ودا له‌به‌رچاو بێت و له‌ بیر و زه‌ینمدا بێت. به‌ڵام ناكرێت. دیسانه‌وه‌ ناكرێت… ده‌موده‌ست وێنه‌یه‌كی تر خۆی نیشان ده‌دا. وێنه‌یه‌كی شه‌رمهێن و به‌ئازار!
*
كاتێك خوێندنم ته‌واوكرد و، ده‌ستم به‌ ژیان كرد. جارێكی تر گه‌ڕامه‌وه‌ ئاواییه‌كه‌مان و ڕوومكرده‌ مه‌یدانی ئاوایی. خه‌ڵكی له‌وێ خڕببوونه‌وه‌ و هاتوهاواریان وه‌ڕێ خستبوو. له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌یدانه‌كه‌دا، (نیسۆ) به‌ گوریسێك به‌ دارێكه‌وه‌ به‌سترابۆوه‌ و به‌ سه‌ری نزمه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو .
كاتێك له‌ هۆكاره‌كه‌یم پرسی، له‌وه‌ڵامدا پێیان وتم:
– (نیسۆ) دزیی كردووه‌.
به‌نێوه‌ندگیری من، ئازادیان كرد. به‌ڵام له‌ یاده‌وه‌ری مندا هێشتا ئه‌و له‌ژێر خۆره‌تاوی سووتێنه‌ردا گوریسی لێ ئاڵاوه‌ و به‌سه‌ری نزمه‌وه‌ له ‌شوێنی خۆیه‌تی. خه‌ڵكی ئاواییش به‌ ده‌وروپشتییه‌وه‌ هاتوهاواریان وه‌ڕێ خستووه‌.
ئه‌گه‌رچی له‌ ئاواییه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌م دزیكردن و هه‌م به‌ داره‌وه‌ به‌ستن و هه‌م داركاریكردن شتێكی ئاسایی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌یانم له‌به‌رچاو لانه‌ده‌چوو و نه‌متوامی له‌یادی بكه‌م. هێشتا (نیسۆ) بچكۆڵه‌، (نیسۆ) چیرۆكبێژی شه‌وانی مانگه‌شه‌و، (نیسۆ) دانیشتووی سه‌ر لیژنه‌داره‌كان له ‌یاده‌وه‌ریم ناسڕێته‌وه‌.
(نیسۆ) بێگه‌رد و دڵپاك، هاوڕێی سه‌روه‌ختی منداڵیم، (نیسۆ)…

*ئه‌م چیرۆكه‌ له‌و سه‌رچاوه‌ فارسییه‌وه‌ كراوه‌ته‌ كوردی:
فصلنامه‌ فرهنگی پیمان، شماره‌ (85)، پائیز 1397، تهران, مترجم فارسی: ادوارد هاروتونیانس