دەشتی ئیسماعیل
گومان هەڵناگرێت ئێستا جیهان بەنێو قۆناخێکی زۆر ناسروشتی و پرلە کێشمە کێشمدا دەروات چاوی زلهێزەکانی لەسەرە بۆ لێكخشانی بەرژەوەندییەكان گەیشتۆتە ترۆپك ، ئەوەی بەچاوی سەر دەبینرێت، ئەوەیە جیهانی تاك جەمسەر كۆتاییهاتووە، ئێستا نەك دوو جەمسەر، بەڵكو فرە جەمسەرەو، ئەو بابەتە كاریگەری قووڵی لەسەر كۆی كایەكانی ژیان داناوە.
جیهانی فرەجەمسەر، هەروا قۆناغێكی ئاسایی نیە، بەڵكو سەرجەم جومگەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دابەش دەبنەوە. هەرلە چەمكەكانەوە، تاكو بەرژەوەندییەكان، سەرجەم دەستەڵاتەكانیش دابەش دەبنەوە. هاوكات، زۆنەكانی هەژموون گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و، سەرلەنوێ نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان دەستكاری دەكرێتەوە.
پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە: مادەم بابەتەكە بەو جۆرە بێت و، گۆڕانكارییەكە ئاوا ڕیشەیی بێت، ئایا بەگوێرەی چ بنەمایەكی یاسایی ئەو پرۆسەیە دیسپلین دەكرێت؟ چۆن زەبتی ئەو ئیقاعە دەكرێت؟ چۆن زەمانەتی ئەوە وەردەگیرێت كە ئاڵوگۆڕەكە نەبێتە هۆی پێكدادانی زلهێزەكان؟.
ئەمانە ئەو پرسیارە جەوهەری و چارەنوسسازانەی بەردەمی جیهانن كە پێویستە بیرمەندان و دانایانی جیهان پێیانەوە سەرقاڵ ببن و، هەوڵبدەن ڕاوێژ وبیرۆكەی ژیرانە پێشكەشی بڕیار بەدەستانی وڵاتانی زلهێز بكەن، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ئەم قۆناغە بەبێ پێكدادانی سەرتاپایی تێپەڕێنێت.
لەڕاستیدا ڕۆڵی میدیا و ناوەندە ئەكادیمییەكان لەوڵاتانی زلهێزدا، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەمووان بەرچاو ڕوون بن و، بزانن قووڵایی بابەتەكە چەندەو؟ چۆن كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەمەترسی پێكدادانی ڕاستەقینە بپارێزرێت.
” تیۆری حوكمڕانی جیهانی” كە ئێستا بەربڵاوترین تیۆرە و بووەتە ناوكی ” سیاسەتی دەرەوەی كۆماری میللی چین” بەشێوەیەكی ورد باسی ئاریشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕەوتی حوكمڕانی جیهانی لەم دۆخەی ئێستایدا دەكات و، هەروەها نەخشە ڕێگاش پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕەكە بە شێوەیەكی “سەلس” بڕواتە پێشەوە.
كێشە بونیەوی و وەزیفییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، خاڵی جەوهەریی نێو ئەم كایەیەن، بەو مانایەی كە ناكرێت تۆ چاوەڕوان بیت ئاڵوگۆڕێكی لەوشێوەیە لەئارادا بێت، بەڵام ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەو ئیفلیجییەوە زەبتی ئیقاعەكەی بكات. بەڕاستی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو ئاستەدا نیە بتوانێت ئەو بابەتە تێپەڕێنێت.
بەبڕوای بیرمەندانی چینی و تیۆریزەكارانی ” حەوكەمەی جیهانی” كێشەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان قووڵ و چارەنووسسازن، بۆ نمونە: مافی ڤیتۆ، یەكێك لەو كێشە گەورانەیە كە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەوڵەتان دابەش دەكات و، سەروەری وڵاتان دەخاتە بەردەم دابەشبوونێكی مەترسیدار. چونكە هەبوونی ئەو مافە بە پێنج وڵاتی دیاریكراو، بێبەشكردنی وڵاتانی دیكە، مانای وایە دادپەروەری لەجیهاندا بەهیچ شێوەیەك مسۆگەر نەكراوە. بەڵكو ئەو پێنج وڵاتە دەتوانن هەرچی لەبەرژەوەندی خۆیان بێت تێیپەڕێنن و، بەپێچەوانەوە ڕێگە بەتێپەڕینی هیچ بابەتێكی دیكە نادەن كە خۆیان نەیانەوێت! ئینجا وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، بەریتانیا و چین، دەتوانن ئەو مافە بەكاربێنن، بەڵام سۆماڵ و تەنانەت بەرازیل و هیندستان ناتوانن، ئایا ئەوە دادپەروەرییە؟ بێگومان نەخێر. ئەوەش لەكاتێكدایە كە خودی ڕێكخراوەكە بۆ ئەوە دروستبووە، تاكو پارێزگاری لە ئاشتی جیهانی بكات، ئێستا هەمووان دەپرسن: چۆن پارێزگاری لە ئاسایش و ئاشتی جیهانی دەكرێت، لەكاتێكدا وڵاتان لەمافدا یەكسان نین؟ وڵاتان هەست بە ستەمێكی سیستماتیزەكراو دەكەن؟
بۆیە تیۆری حوكمڕانی جیهانی لێرەوە وەك مەدخەلێك، قسە لەسەر دەستكاریكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، لەسەر بنەمای ” یەكسانی سەروەری” بەچاو پۆشین لە توانا و ڕووبەر و هێزی وڵاتان. بەڵكو لەسەر بنەمای یەكسانی سەروەری پەیوەندییەكان دابڕێژرێنەوەو، نەتەوە یەكگرتووەكان دەست بۆ ئەو مۆدیلە تازەیە ببات.

