رۆژنامەی ھەولێر

کتێب و خۆناسین

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ماوەیەک لەمەوبەر لە سایتێکی ئینتەرنێتدا سێ پۆلێنکردنم بۆ خوێنەر خوێندەوە، کە بەلامەوە جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو. یەکەم جۆری خوێنەر ئەوانەی تێدا پۆلێن کرابوون، کە تەنها تامی کتێبەکان دەکەن. جۆری دووەم ئەوانە بوون توانای هەزمکردنی کتێبەکانیان هەیە. هەرچی جۆری سێیەمە بەو خوێنەرانە ناونرابوون کە کتێبەکان لەنێو هزر و جەستەیاندا دەتوێننەوە و وشەکان دەبنە بەشێک لە بوونیان.

کاتێک لەم سێ جۆرەی خوێنەر ڕادەمێنین دەشێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئێمە لە کام جۆری خوێنەرین؟ ئایا تەنها لە جۆرێکیدا گیرۆمان خواردووە، یان چی دیکە؟ ئایا ئەو پۆلێنکردنە لەپێناو پۆلێنکردنی خوێنەردا بووە یان کتێبەکان؟ لاموایە ئەو پۆلێن کردنەوەی سەرەوە هەم بۆ خوێنەران دروستە و هەم بۆ کتێبەکان. بەڵام بەلای منەوە زیاتر ئەوە پۆلێنکردنی کتێبەکانە، نەک خوێنەرەکان. ئەوە کتێبەکانن کە بەشێکیان تەنها بۆ چێژ دەنووسرێن و تەنها چێژیش دەبەخشن. بۆیە تەنها تامیان هەیە و هەر زوو تامەکەشیان بیر دەچێتەوە، چونکە تامێکی کاتیی و ڕاگوزەرە. بەشێکی دیکە لە کتێبەکانی بۆ ئەوەیە، کە هەزمیان بکەین، واتە بەجۆرێک لە جۆرەکان وشیارییەکمان سەبارەت بەو جیهانە هەبێت، کە لە دەوروبەرمان دەگوزەرێت و بەبێ ئاگاداربوون لێی دەبینە نەزان و زیانبار دەبین. هەرچی جۆری سێیەمە ئەو کتێبانەن کە دەشێ ببنە پەیڕەوینامەمان و وەکو پەیڕەونامە لە ژیانماندا خاڵ بە خاڵ پەیڕەوی بکەین. بێگومان بەهەرسێ جۆرەکە دەتوانێت خوێنەرێکی ڕاستەقینە دروست بکات، کە لە خوێندنەوە بەهرەمەند بێت.
من ئەو پۆلێنکردنەی خوێنەر تێدەپەڕێنم و دەیگوێزمەوە بۆ پۆلێنکردنی کتێب: جۆری یەکەم و دووەمی کتێبەکان تاڕادەیەک بۆ هەموان ڕوونە، کە چ جۆرە کتێبێکن، بەڵام دەشێ سەبارەت بە جۆری سێیەم بپرسین چ جۆرە کتێبێک دەکرێت ببێتە پەیڕەوینامەمان. لێرەدا دەمەوێت ئەوەش وەکو تێبینی بخەمەڕوو، کە ئێمە باس لە کتێبە ئاسمانییەکان و کتێبی هیچ ئایینێک ناکەین، چونکە ئەوە بابەتێکی دیکەیە، کە لە چوارچێوەی ئەم وتارەی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە.
خوێنەربوون یەکێکە لەو ڕێگە گرنگ و کاریگەرانەی کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بدۆزێتەوە و یارمەتیدەرێکی سەرەکیی خۆدۆزینەوەیە. هەر لێرەوەیە کە کتێب دەبێتە ڕزگارکەری مرۆڤ لەو کۆتوبەندانەی لەنێو ژینگە و کۆمەڵگەکەیدا بۆی دروست دەبێت و کتێب دێت ئەوانەی لەکۆڵ دەکاتەوە و ڕێگەی نوێی پێ دەناسێنێت.
ئەگەر بەشێوەیەکی ورد لە پرۆسەی خوێندنەوە و خوێنەربوون وردبینەوە دەبینین سوودمەندبوونی خوێنەران لە کتێبەکان جۆراوجۆرە و کتێب بۆ هەموان وەکو یەک نییە و هەر خوێنەرە و بەشێوەی خۆی بەر کتێبێک دەکەوێت. بۆ نموونە ئەگەر چەند خوێنەرێکی جیا هەمان کتێب بخوێننەوە ئەوا بەهەمان تێگەیشتن بەر کتێبە دیاریکراوەکە ناکەون و هەر خوێنەرەو بەپێی مەعریفە و ئاستی ڕۆشنبیریی و دونیابینی خۆی بەر کتێبەکە دەکەوێت و لە ئایدیاکانی کتێبەکە تێ دەگات. لێرەوە هەر خوێنەرە و جۆرێک لە کتێب دەبێتە سەرمەشقی و دەشێ کتێبی هاوبەش لەنێو خوێنەراندا هەبێت، بەڵام هەمیشە کتێبی جیاوازیش بوونی هەیە.
یەکێک لەو کتێبانەی ساڵانێکی زۆرە بۆ من بووەتە پەیڕەونامە و چەندجارێکم خوێندووەتەوە کتێبی “گوێبگرە پیاوی بچووک”ی ولیەم ڕایشە، کە کتێبێکی گرنگی خۆناسینە و مرۆڤ لەو کتێبەوە بەر ئەو دیوەی خۆی دەکەوێت، کە نایناسێت. پەیامی سەرەکی کتێبەکە ئەوەیە، کە مرۆڤ خۆی ڕزگارکەری خۆیەتی و کەسی دیکە ڕزگارکەری نییە و ئەمە شاگوتاری کتێبەکەیە و بەدرێژایی کتێبەکە بەردەوامە. لەگەڵ ئەم کتێبەکەدا بیرەوەرییەکانی “نیکۆس کازانتزاکیس” و “موسا عەنتەر” دوو کتێبی گەلێک گرنگ و بەبایەخن لە ژیانی مندا و دوو لەو کتێبانەن دەروازەی خۆناسینیان بۆ واڵاترکردم. یەکەمیان کۆمەڵێک وانەی گرنگی ژیاندۆستی پێ وتمەوە، کە فێری کردم لە وڵاتێکدا کە هەمیشە جەنگ و کوشتار بەردەوامە گرنگە دەست بە ژیانەوە بگرین، نەک بەرەو پیری مەرگ هەنگاو بنێین. دوومیشان فێری کردم کوردبوون چەندە سەختە و بەبێ شۆڕشی بەردەوام و هەوڵدان بۆ مانەوە مەحاڵە بتوانین بمێنینەوە و خاک و زمانەکەمان بپارێزین. ئەوەی موسا فێری کردم زیاتر بوو لەوەش و ئەو وانەی ئەوەشی فێرکردن کوردبوون واتە قوربانیدانی هەمیشەیی و کۆڵنەدانی هەمیشەیی و خەباتی بەردەوام.
بێگومان ژمارەی ئەو کتێبانەی کە کارگەرییان لەسەرم هەبووە زۆر زۆرن و بەشێکیان وەکو پەیڕەوینامە بەکاردەهێنم، بەڵام ناکرێت لێرەدا ناوی هەموویان ڕیز بکەم، بەڵام دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە مرۆڤ مەحکومە بە ژیان، هەر لەپاڵ ئەمەشدا مەحکومە بە مەرگ، بۆیە هەموو هەوڵدانەکانی لەنێو ئەم دونیایەدا بۆ تێگەشتن لەم مەحکومبوونەی بە ژیان و دواتریش بە مەرگ و مرۆڤ چەشنی گەڕیدەیەک لەنێو ئایین و کولتوور و فەلسەفە و سیاسەتدا بۆ ئەم مانایە دەگەڕێت و کۆڵیش لە گەڕان نادات. هەر ئەمەشە نهێنی بەردەوامی و مانەوەی ژیان لەسەر زەوی، بەڵام ئەم مانەوەیە بەبێ خۆناسین مانەوەیەکی بەرهەمدار و چالاکانە نابێت، بۆیە گرنگە ڕێگەی خۆناسین بدۆزینەوە، کە کتێب یەکێکە لە ڕێگەکانی.
کتێب تەنها ڕێگەیەک نییە بۆ چێژوەرگرتن، یان بۆ زانیاریی دەستکەوتن، وەکو لە جۆری یەکەم و دووەمدا دەیبینین، بەڵکو کتێب ڕێگەیەکی گرنگ و کاریگەرە بۆخۆناسین و بەهرەمەندبوون و خۆدۆزینەوە لەنێو ئەم جیهانە ئاڵۆزەی تا دێت خۆدۆزینەوە زۆر ئەستەم دەبێت. ئەوەی کە ئەم ئەستەمییە ئاسان دەکات کتێبە و ئەو خوێنەرانە بەختەوەرترینی خوێنەرەکانن، کە لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵییەوە دەست بە خوێندنەوە دەکەن و هەر زوو دەروازەکانی خۆناسینیان بەڕوودا دەکرێتەوە.