1
گەر ترسنۆک بوومایە نەمدەوێرا بە داگیرکەر بڵێم
تۆ وڵاتی منت دزیوە
نەمدەوێرا تف لە چارەی نێرێک بکەم کە بەبیانووی ئابڕووپارێزی
کچە پاکیزەکەی دەداتە بەر خەنجەر
نەمدەتوانی بە نیشتمانفرۆشێک بڵێم
دووکانە قێزەونەکەت داخە
شەرەفت هەرزانفرۆش مەکە
ترسنۆک بوومایە نەمدەوێرا بەتۆ بڵێم خۆشمدەوێی
کە براکانت بەردەوام دەستیان لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگە
2
ئێوە سەرقاڵی کوشتنی یەکترین، ئێمەش مژوڵی ئاشت کردنەوەی بارانین لەگەڵ کێڵگەدا
ئێوە ماڵی یەکتر دەڕووخێنین
ئێمەش بۆ کۆتر و چۆلەکە هێلانەی تازە چێ دەکەین
ئێوە تەقە لە باخچە دەکەن، ئێمە چوینەتە داخوازی گوڵ بۆ مێشهەنگوینی ئەویندار
ئێمە دڵمان نایە، پێ لەگەڵا وەریوەکانی پایز بنێین
ئێوە لەسەر جەرگی یەکتری سەما دەکەن
ئێوە لە توخمی ئاگر و ئاسنن
ئێمەش لە ڕەگەزی گوڵ و هەنگ

