رۆژنامەی ھەولێر

تۆ وا مەبە

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

من نامەوێ تۆ خەمبار بیت
تا پێت بڵێم من لە شیعرا خەمەکانت دەهۆنمەوە
قەت نامەوێ بە هەنسک و حەسرەتەوە
باسی دوێنێ و ئەمڕۆت بکەی
تا پێت بڵێم
شەونخونم و بە تاسەوە چیرۆکی تۆ دەخۆنمەوە
من نامەوێ تۆ بگرێیت
تاکو بڵێم لە گریانتا
گوێم لە دەنگی حەیرانێکی چیایییە
ئەو کێوانەی هەژاندووە
من نامەوێ
لەپی دەستت لەژێر چەنەت ڕابخەیت و
سەر دابخەیت
تا پێت بڵێم بێ و بڕوانە
کزۆڵەییت چەندین ڕەنگی ماتەمینی
بەسەر تابلۆی ڕوخسارمدا پڕژاندووە
تۆ وا مەبە
هیواخوازم
دار بەڕوویەک ببینییەوە
لە سایەیدا دەف بژەنیت
لەم چەرخەدا کە دەست و پا شەتەک دەدات
لەگەڵ ڕەزمی دەفەکەتا
تاشەبەردی چیاکانیش سەما بکەن
هیوادارم
وشەکانت بە بارانێ پاراو بکەی
گوڵشەنێکی سنووربەزێن ئارا بکەن
لەم سەردەمە بێ ڕەنگەدا
لە هەر وەرزێ ڕەنگینترین ئارایشتی داوا بکەن
تۆ وا مەبە
با ببینم
هەورییەکەت شەکاوەیە
لەم سەردەمە بیژییەدا
لەسەر لووتکەی ناسنامەی خۆت
هەڵی بکە وەکوو بەیداخ
هەر نەخشێکی
لە دێراوی نیشتمانتا بوەشێنە
با ڕێ و بانی هاتوچۆمان ببێت بە باخ
تۆ وا مەبە
من دەخوازم بۆ پرشنگی خۆری جوانیت
چاو هەڵهێنم
بە چاوانت بڵێم ئەی یار بەیانیت باش
لە سۆماتا بمهەژێنی
تا سەرلەنوێ بژێمەوە
لەم چەرخەدا کە توانا و هێز دادەماڵێ
تەنیا چاوتە وزەبەخشە
هیواخوازم
بە کەنینت نێوانەکان پڕکەیتەوە
با گوێم لێ بێت
بە دەنگی خۆت بەیتەکانی “وەرە حەیران” بڵێیتەوە
لەم نێوەندەی قانگ دراوە بە ژاوەژاو
هەر زایەڵەی دەنگی تۆیە
ئەوینپەخشە