رۆژنامەی ھەولێر

چرای ژینی مامۆستا عەبدولحەمید حەیرەت‌سەجادی کوژایەوە

سەید عەبدولحەمید حەیرەت‌سەجادی ساڵی ١٩٢٩ لە شاری سنەی کوردستانی رۆژهەڵاتدا لەدایک دەبێت؛ سەید محەمەدباقری باوکی (١٨٧٤_١٩٦٢)، کەسایەتییەکی خوێندەوار و رۆشنبیری کوردستانی رۆژهەڵات بووە و نازناوی روکنولئیسلامی لێ نرابوو.

ڕوکنولئیسلام یەکێک بووە لە دامەزرێنەران و پێشەنگەکانی پەروەردە لە سنە و کوردستانی رۆژهەڵات؛ ساڵی ١٩٠٧ لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی ئێرانەوە راسپێردراوە بۆ دروستکردنی یەکەم قوتابخانەی گشتی لە کوردستانی رۆژهەڵات.
عەبدولحەمید حەیرەت‌سەجادی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە زێدی خۆی تەواو کردووە؛ ئەدەبی عەرەبی و شەرعی ئیسلامی لە لای باوکی و مامۆستاگەلی شارەکەی خۆیان خوێندووە. ساڵی ١٩٥٧ خوێندنی مامۆستایەتیی لە قوتابخانەی سپەهسالار تەواو کرد و، بڕوانامەی وەرگرت. پاشان چووە کۆلیژی ئیلاهیات و پەروەردەی زانکۆی تاران و، ئەو خوێندنەیشی دایە سەر.
پرۆفیسۆر سەجادی ساڵانێکی زۆر بوو لە تاراندا دەژیا و لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا دوا ساڵی زانکۆ و ئاستی دکتۆرا لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا وانەی دەگوتەوە و، ساڵانێکی زۆریش مامۆستایەکی دیاری بەشی دین و عیرفان بوو لە زانکۆی ئازادی رەی لە تاران.
مامۆستا عەبدولحەمید پیشەی مامۆستایەتیی هەڵبژارد و، وانەی زمانی فارسی و زمانی عەرەبیی دەگوتەوە؛ سەرەڕای ئەوەیش لە ساڵی ١٩٦٣وە تا ١٩٧٧ لە رادیۆی نیشتمانیی ئێراندا کاری کردووە.
دکتۆر سەید عەبدولحەمید حەیرەت‌سەجادی، نووسەری کتێبی فێرکاری و سەرنجڕاکێشی “گلەوگازندەی مامۆستایەک”، یەکێک لە کەسایەتییە گەورەکانی ئێرانی هاوچەرخ بوو لە بواری پەروەردەدا.
ئەو مامۆستا و پڕۆفیسۆرە گەورەیە، نزیکەی شەست ساڵ خزمەتی پڕ لە خۆشەویستی و راستگۆیانەی کرد بە منداڵانی ئەم خاکە. بۆنی قەڵەمەکە، بەرامەی نووسینە پاراو و ئامۆژگاری و حیکایەتەکانی گەورەیەکی وەکو شێخی ئەجەل سەعدی شیرازی و کتێبی گۆڵستانەکەیمان دێنێتەوە یاد؛ وشە شیرین و قسە خۆشەکانی فارسی تێکەڵ بە شێوەزارێکی کوردی سیحراوی دەکەن و مێشک و رۆحی مرۆڤ راو دەکەن.
پرۆفیسۆر سەجادی خاوەنی چەندین بەرهەم و کۆکراوەیە؛ لەوانە:
_ گلەوگازندەی مامۆستایەک
_ بەرپەرچدانەوەی ئاژاوە؛ وەڵامدانەوەی کتێبی “ئایەتە شەیتانییەکان’ـەکەی سەڵمان روشدی
_ هەڵفڕین بەرەو کولانەی سیمرخ
_ لە کەناری شکۆمەندیدا؛ دەپڕژێتە سەر باسی ژینی مەولانا جەلالەدین محەمەد بەڵخی رۆمی کە لە کتێبی “مەناقیبولعارفین”ـەکەی ئەحمەد ئەفلاکییەوە وەریگرتووە.
دکتۆر حەیرەت‌سەجادی، مامۆستایەکی دڵسۆز بووە و خاوەن مێژوویەکی زۆر بەرهەمدار و درەوشاوەی خزمەتکردنە. بۆ نموونە لە ساڵی 1985 کاتێک فەرمانێکی لە وەزارەتی پەروەردەوە پێ گەیشت کە تیایدا هاتووە ناوچەی بەلووچستانی سەر بە پارێزگای سیستان‌وبەلوچستان، مامۆستای قوتابخانەیان زۆر کەمە؛ قووڵ کاری تێی کرد و نیگەرانی دایگرت و خۆبەخشانە و بە پەلە تارانی بەجێ هێشت بەرەو شاری زاهیدان و، داوای کردبوو رەوانەی گوندەکانی بەلووچستان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەش‌بەحاڵی خۆی بەشێکی ئەم کورتهێنانە پڕ بکاتەوە؛ بەڵام گوتیان لە زاهیداندا پێویستمان پێتە. دواجار لە دوو قوتابخانەی ئامادەیی زاهیدان و هەروەها لە زانکۆی سیستان و بەلووچستان دەستی بە وانەوتنەوە کرد.
هەر لە یەکەم رۆژەکانی مانەوەی لە زاهیدان، سەرسام بوو بە کەسایەتییە خێرخواز و زاناکەی ئەو شارە، مەولانا عەبدولعەزیز و بەردەوام دەچووە خزمەتی.
دکتۆر سەجادی دوای خزمەتکردنی چەند ساڵێک لە زاهیدان، گەڕایەوە تاران، بەڵام ئەم هۆگری و پەیوەندییەی بە بەلوچستانەوە وەک خۆی مایەوە و لە ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٤ لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەر و مامۆستاکانی مەدرەسە دینییەکەی دارولعلوم، سەردانی شاری زاهیدانی کردەوە.
ئامادەکردن و کۆکردنەوەی سێ کتێبەکەی بە ناونیشانی “کاریگەریی قورئان لەسەر شیعری فارسی”، “شاعیرانی فارسیبێژ” و “پەندی پێشینان بە زمانی کوردی لەگەڵ هاوتا فارسیەکەی”، ١٨ ساڵی خایاند؛ خەڵک و توێژەرانیش پێشوازییەکی باشیان لێ کرد.

بەرهەم و نووسین و لێکۆڵینەوەکانی پرۆفیسۆر سەجادی زۆرن؛ لەوانە:
• کاریگەریی قورئان لەسەر شیعری فارسی
• شێوازی رێنووس
• گوڵزاری شاعیرانی کوردستان
• شاعیرە کوردە فارسیبێژەکان
• نوێژی تایبەت
• بڕوادار و دووڕوو لە قورئاندا
• جەختکردنەوە و ئاماژەدان بە ئایەتەکانی قورئان لە شیعری فارسیدا
• پێغەمبەرانی قورئان لە کەوشەنی شیعری شاعیراندا
• مێژووی پەروەردە و راهێنان لە کوردستان بە وێنەوە (دوو بەرگ)
• هۆز و کۆچەرییەکانی کوردستان
• پەندی پێشینان بە زمانی کوردی و، هاوتا فارسیەکەی