ئا: ئەرسەلان حەسەن
قوربانیکردن لە ئایینە ئیبراهیمییەکانەوە بۆ ئایینەکان لە ئەفریقا و ئایینی هیندۆسی لە ئاسیا، هەمیشە پردێکی نێوان مرۆڤەکان و فەرمانی باڵا بووە، ئامرازێکە بۆ ئارامکردنەوەی خوداوەندەکان، بەدوور لە کارەسات، یان دەربڕینی سوپاس. ئەوکارانە لە چوارچێوەی کلتووری و مێژووییاندا تەنیا “کوشتن” نەبوون، بەڵکو فۆرمێک بوون لە “دەربڕین”، زمانێکی ڕێوڕەسمی قسەکردن لەگەڵ جیهانی غەیب، بەڵام ئێستا هەستیاریی بۆ ئاژەڵەکان بڵاوە، مرۆڤ لە ڕێی زانستەوە باشتر لە ئازاری ئاژەڵەکان گەیشتووە. ڕۆڵی ئایین لە پانتایی گشتی بەرەوڕووی ئاڵنگاریی نوێ، نەریتی قوربانیکردن بەرەوڕووی پرسیاریی بنەڕەتی بوەتەوە. دەکرێت پیرۆزکردنی نەریت، گوێی لە ئازاردانی بوونەوەرێکی زیندوو نەبێت؟ پێویستە ئازادی ئایینی، مافی ئازارنەگەیاندن بەئاژەڵەکانی تربێت؟ دەکرێت بیر لە نەریتی قوربانیکردن بکەینەوە، بەبێ زیانگەیاندن بە ڕۆحی ئیمان؟
نەریت و ڕێباز؛ تێڕوانینێکی بەراوردکاریی قوربانیکردن لە ئایینەکاندا
هێشتا نەریتی قوربانیکردن لە هەندێک ئاییندا پێگەی ناوەندییە، لە هەندێکی تردا وازی لێ هێنراوە یان زۆر سنوردارکراوە، زۆرجار لە ڕێی خوێندنەوەی ئاکاریی یان هێمایینەوە بۆ نەریتەکە، لە ڕێی پرۆسەیەکی مێژوویی یان لە سەرەتاوە بە نەریتشکێنی.
پێگەی قوربانیکردن لە ئایینی جوولەکەدا، بنەڕەتی بووە و لە کتێبی (لاویان) لە تەوراتدا دیمەنی قوربانیکردن، خوێنڕشتن و سووتاندنی ئاژەڵەکان هاتووە، بەڵام بەتێکدانی پەرستگای دووەم لە ساڵی١٩٧٠، واز لەم نەریتە هێنراو نزای ڕۆژانە، ڕۆژووگرتن و تۆبە جێی گرتەوە. ئەمڕۆ کۆمەڵەیەکی گچکەی جوو، لەوانەش بزووتنەوە توندڕەوەکانی گەڕانەوە، ئەم نەریتەیان پاراستووە.
نەریتی قوربانیکردن لە ئایینی مەسیحدا، ئاژەڵ جێی خۆی دا بە چەمکی دواقوربانی (عیسای مەسیح). بە گێڕانەوەی سەردەمیانە. لە خاچدانی مەسیح جۆرێک قوربانیبوون و کەفارەت بوو بۆ تاوانی مرۆڤ. ئینجیل لە کتێبی عیبرانییەکان باسی دەکات کە عیسا بە پێشکەشکردنی خۆی، قوربانییەکی تەواوی کردووە. ئەم گۆڕانە، گۆڕانکاریی لە توندوتیژیی مادییەوە بۆ قوربانیدانی ڕۆحی دیاری دەکات.
قوربانیکردنی ئاژەڵ لە ئایینی زەردەشتی، هەوراز و لێژی مێژووی تێپەڕاندووە. قوربانیکردن لە ناو زەردەشتییەکان پێگەی خۆی هەبوو، گەرچی فێرکارییەکانی زەردەشت، بە تایبەت لە گاتاکاندا، جەختییانکردووەتەوە لە خوێن نەڕشتن، بەڵام نهۆ ئەم نەریتە لە جیهانی زەردەشتیدا کاڵ بووەتەوە یان تەنیا مانای هێمایینی خۆی پاراستووە.
قوربانیکردن، ناوەندی ئایینی هیندۆسی بەرایی بووە و دەقەکانی ڤیدایی پڕن لە وەسفی ڕێوڕەسمی ئەشڤامێدا، کە قوربانیکردنی ئاژەڵیان تێدابوو، بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا، بەتایبەتی بەکاریگەریی ئایینی بودا، ئەم دابونەریتە وازی لێهێنرا. کەچی لە هەندێک قوتابخانە ناوخۆییەکان یان مەزهەبەکانی شاکتیدا، هێشتا قوربانی لە پەرستگاکاندا دەکرێت، ئەمەش گرژی نێوان نەریتە ناوخۆییەکان و فێرکارییە ئاکارییەکان دەخاتە ڕوو. بۆ نموونە فێستیڤاڵی گادیمای لە نیپاڵ، بە گەورەترین کوشتارگەی ئاژەڵ ناسراوە، بەڵام ئایینی بودایی لە فۆرمۆلە بوونیەوە، بەپێی فێرکارییەکانی کارما و ئاهمیسا، وازی لە قوربانیکردنی ئاژەڵ هێنا. بودا لە وتاری کوتادانتا سوتا، قوربانیکردنی خوێناوی بەکارێکی بێهودە، ناپەسند داناوە. جەختدەکاتەوە لە گرنگی نیاز و ڕەفتاریی ئاکاریی لە جیاتی ئایینی خوێناویی.
ئایینی بەهائیش لە سەرەتاوە وازی لە قوربانیکردنی ئاژەڵ هێنا. بەهائوڵڵا، جەخت دەکاتەوە لە یەکگرتوویی مرۆڤایەتی و وازهێنان لە پێشبڕکێ و ئاکارتەوەری و بەهائیەکان عیبادەتەکانی نوێژ و ڕۆژوو و پاڕانەوە، بە بەدیلی ڕێوڕەسمی ئایینی خوێناویی دەزانن؛ ئەم نەریتشکێنییە لە ئایینی بەهائیدا جێی سەرنجە، چونکە هەرچەند ئەم ئایینانە لە جوگرافیای ئیسلام دەرکەوت، وازییان لەم نەریتە هێنا. ئەمە بەئاشکرا گواستنەوەیەکی تەواوەتییە لە ڕێوڕەسمی قوربانییەوە بۆ ئایینێکی ئاکاری.
ئیسلام، ئایینێکە ڕێوڕەسمی قوربانیکردنی بەشێوەیەکی زۆر دامەزراوەیی پاراستووە. سەربڕینی ئاژەڵ لە ڕۆژی جەژنی قوربان لە حەج، واجبە. لە قورئاندا، چیرۆکی ئیبراهیم بۆ قوربانیکردنی کوڕەکەی و گۆڕینی بە مەڕ، نمونەیەکە لە ڕێوڕەسمی قوربانیکردن. واجبی قوربانیکردن لە ئیسلامدا وایکردووە، پێداچوونەوە بەم نەریتە زۆر قورسە بکرێت.
فەلسەفه، ئاکار و ڕێوڕەسمی قوربانیکردن
بڵاوبوونەوەی کتێبی (ڕزگاریی ئاژەڵان)ـەکەی پیتەر سینگەر، خاڵی وەرچەرخانە لەم بوارەدا. سینگەر بەوەرگرتن لە جێرمی بنتام دەڵێت، ڕەگەز و جۆری ژیان و زیرەکی لە ئاکاردا، پێوەری سەرەکی نییە، بەڵکو بوونەوەرێکە هەست بەئازار دەکات یان نا. بۆیە ئەگەر ئاژەڵێک ئازاربکێشێت، ئەرکی سەرشانمانە ئازارەکەی بە جدی وەربگرین، هەتا ئەگەر نەریت یان ئایینیش دیاری بکات.
دیۆنتۆلۆژیای کانتی بنەمایەک بۆ گەشەسەندنی بایۆئێتیک دابین دەکات، کانت بۆخۆی جوغزی بەدەوری “بەهای ناوەکی” بۆ مرۆڤ کێشاوە و وایزانیوە ئەرکی ناڕاستەوخۆی بەرامبەر ئاژەڵەکان هەیە. تۆم ڕیگان ئاکاری کانتی بۆ ئاژەڵان درێژکردوەتەوە و بەهای ناوەکی بۆ ئاژەڵەکان داناوە. لە کتێبی (پاراستنی مافەکانی ئاژەڵ) باسدەکات کە زۆربەی ئاژەڵەکان ئاقڵ و حەزیان هەیە و زیرەکن، بۆیە پێویستە هاوشێوەی مرۆڤ بە “بابەتی ژیان” دابنرێن.
هەندێک فەیلەسوفی سەردەم، بەپێی ئاکاری فەزیلەت ئاژەڵ بە بابەتێکی ئاکاریی دەزانن. ڕیشەی ئاکاری فەزیلەت لە فەلسەفەی ئەرستۆدایە و لە جیاتی قوڵبوونەوە لە دەرئەنجامەکان یان ڕێساکان، جەخت دەکاتەوە لە تایبەتمەندی لە بەزەیی و دادپەروەری و خۆبەدەستەوەدان. بەوپێیە، مارتا نۆبزبام بەڕوانگەیەکی پشتبەستوو بەتواناکان، باوەڕیوایە بوونەوەرە زیندووەکان، لە وانە ئاژەڵەکان، بەتوانان و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی ئەو توانایە بێئاکارییە.
بەپێی هەر سێ بۆچوونەکە، ئازاری ناپێویست گەیاندن بە ئاژەڵ کارێکی نائاکارییە. کەواتە، ئەگەر قبوڵمان بێت کوشتنی ئاژەڵ بۆ ئایین کارێکی ناپێویستە، ئەوکاتە ئەوکارە بەپێی ڕاکانی سەرەوە نائاکارییە. جگە لە ڕێبازە ئاکارییەکان، دەبێت قوربانیکردنی ئاژەڵ بۆ ئامانجی ئایینی لە ڕوانگەی سیاسی و پەیوەند بەسنوری ئازادی ئایینی ڕاڤە بکرێت. پێویستە بەڕەهایی ڕێز لە باوەڕە ئایینیەکان بگرین، هەتا گەر ئازار بە بوونەوەریتر بگەیەنێت؟ دوو فەیلەسوفی لیبراڵ، جۆن ڕاوڵز (بەتایبەت لە کتێبی لیبرالیزمی سیاسی) و جۆزێف ڕاز (لە کتێبی ئاکارو ئازادی) جەخت دەکەنەوە، دەبێت ئازادی ئایینی بخرێتە چوارچێوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی ئەوانی ترەوە و ئەوانیتر وەک برایان لایتەر بەڵگەدەهێننەوە، نابێت ئایین “پارێزبەندی ئاکاری” هەبێت.
بەپێی فەلسەفهی جۆزێف ڕاز بەڵگەدێنێتەوە، چونکە ئاژەڵەکان سوودبەخشن، کەواتە وەک مرۆڤەکان مافییان هەیە و ئێمەش لە بەرامبەریاندا ئەرکمان لەسەر شانە. داوا دەکەن نابێت ئایین بەسەر مرۆڤدا بسەپێندرێت و مافە سەرەتاییەکانی پێشێلبکرێت، نابێت نەریتی ئایینیش مافی ئاژەڵ پێشێل بکات. ئەم ڕوانگانە وایانکردووە وڵاتانێک یاسای نوێ دەربکەن کە قوربانیکردنی ڕێوڕەسمییان سنوردار یان قەدەغە کردووە، لانیکەم بەگشتی یان توندوتیژ.
کەیسی کڵێسای لۆکۆمی بابالو ئای (١٩٩٣)، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشیەتی. لە ئایینی سانتریا نەریتی قوربانیکردنی ئاژەڵ هەیە، ڕیشەی لە نەریتەکانی ئەفریقی – کاراییبیدایە. لە شاری هایالیای ویلایەتی فلۆریدا، لە کاردانەوە بەکردنەوەی کڵێسایەکی سانتریا، چەند یاسایەکی دژی قوربانیکردنی ئاژەڵەکان پەسند کرد، بەڵام دیوانی باڵا بڕیاری دا یاساکان بنەمای ئازادی مەزهەبی دەستووری ئەمریکا پێشێل دەکەن. دۆسیەکە نموونەیەکە لە بەرکەوتەی بەهاکانی فرەکلتووری بە نیگەرانییەکانی مافی ئاژەڵان لە سیستمی لیبراڵدا.
ڕێوڕەسمی قوربانیکردن و بزووتنەوەکانی مافی ئاژەڵان
ڕێوڕەسمی قوربانیکردن، ئەوسا پرسێکی سەرەکی بووە لە بەگژداچوونەوەی نەریتی ئایینی و چالاکی مافی ئاژەڵان. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک مامەڵەی ئاکاریی لەگەڵ ئاژەڵان، لە لێدوان و ڕاپۆرتەکانیاندا زۆر باسی پرسی قوربانیکردنی ئاژەڵانیان کردووە، بەتایبەتی لە جەژنە ئایینیەکانی (قوربان و کەپارۆت)، داوایان کردووە واز لەم نەریتە بهێنن.
ڕێکخراوەکانی «ڕێکخراوی جیهانی داکۆکیکردن لە ئاژەڵەکان» و «کۆمەڵەی پشتگیری لە ئاژەڵەکان»، لە ڕێی یاسا و دیپلۆماسییەوە حکومەتەکانیان ناچار کردووە یاسای توندتر بۆ سەربڕینی ئایینی و ڕێوڕەسمەکەی دەربکەن. لە یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا، هۆڵەندا و سویسرا، سەربڕینی ئاژەڵ بێ بێهۆشکردنی پێشوەختە (لە ڕێوڕەسمی ئایینیدا باوە) قەدەغە کراوە. کۆمەڵە ئایینیەکان کاردانەوەی توندیان بەرامبەر بەم سنوردارییە هەبووە، بەڵام چالاکوانان ئەم سنوردارکردنەیان پێ سەرکەوتنێکی گرنگە لە ڕێی بەئاکاریکردنی یاسا. کۆتایاسا لە بەریتانیا «خۆشگوزەرانی ئاژەڵ لە کاتی سەربڕین»، بە ڕاشکاوی داوا دەکات ئازاری ئاژەڵەکان لە کاتی سەربڕیندا کەم بکرێتەوە. گەرچی سەربڕینی ئایینی ڕیزپەڕە، بەڵام گوشاری دامەزراوەکانی مافی ئاژەڵان وای کردووە ژمارەیەکی زۆری کوشتارگەکان لە ژێر چاودێری دکتۆری ڤێرتێرنەریدا بن و بە کامێرا، کارەکانیان چاودێری بکرێت.
چالاکوانان هەوڵیان داوە کاریگەرانە ڕێوڕەسمی قوربانیکردن ڕاستەوخۆتر یان ڕادیکاڵتر بوەستێنن، بەداگیرکردنی کێڵگەی قوربانیەکان، بەهێمایی ڕاگرتنی مەڕەکان، داخستنی دەرگاکانی چوونەژوورەوەی کوشتارگەکان. بۆنموونە، فەرەنسە، چالاکوانانی (L214) چوونە ناو کوشتارگای موسڵمانان لە پاریس و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کاتی سەربڕین، فشاریان بۆ حکومەت هێنا بە مۆڵەتی سەربڕیندا بچێتەوە. زۆرجار ئەوکارە بەرەوڕووی کاردانەوەی ئەمنی و یاسایی بووەتەوە، بەڵام دەکرێت ڕێوڕەسمی قوربانیکردن لە پەرلەمان، میدیاکان، دامەزراوە مەدەنییەکان بخاتە ڕوو.
گەنجان و چالاکوانانی ژینگەپارێز لە وڵاتانی ئیسلامی، کەمپینیان بۆئەم پرسە کردووە. بۆنموونە، لە ئەندۆنیزیا، کەمپینی «قوربانی بێ سەربڕین» پێشنیار دەکات لە جیاتی سەربڕینی ئاژەڵەکان، یارمەتی دارایی بدرێتە پەناگای ئاژەڵەکان یان خێزانە کەمدەرامەتەکان. دەستکەوتی ئەم کارە سنوردارە، بەڵام گۆڕان لە تێڕوانینی بەشێک لە موسڵمانان بۆ ڕێوڕەسمی قوربانیکردن دەخاتەڕوو.
لێکدانەوەی ئایینی: ئایا دەکرێت ڕێوڕەسمی قوربانیکردن ڕاڤە بکرێتەوە؟
لە بەرامبەر فشاری ڕێبازە ئاکاری و فەلسەفییەکان لە لایەک و چالاکی چالاکوانان لە لاکەیتر، دەپرسین: دەکرێت ڕێوڕەسمی کۆنی قوربانیکردنی ئاژەڵ ڕاڤەو لێکدانەوەی نوێی بۆ بکرێت، بێئەوەی زیان بە جەوهەری ئیمان بگەیەنێت؟ ئەم پرسیارە تەنها تیۆلۆژی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پرسی گونجاندنی ئایین لەگەڵ بەها جیهانییە نوێیەکان، لە وانەش مافی ئاژەڵان، ناتوندوتیژی و پێکەوەژیانی نێوان جۆر و زیندەوەران.
چاکسازیخوازانی ئایینی (عەبدولکەریم سسروش) یان لە جیهانی عەرەب خالید ئەبولفەزڵ)، هەوڵیان دا بە سەرلەنوێ خوێندنەوەی فەلسەفەی قوربانیکردن لە قورئاندا، ڕاڤەیەکی ناتوندوتیژ و هێمایی بۆ ئایینەکە بدۆزنەوە. ئایەتی “نەگۆشتیان و نەخوێنیان هەرگیز ناگاتە دەستی خودا، بەڵکو [ئەوە] تەقوای تۆیە دەیگاتێ” (سورەتی حەج، ئایەتی٣٧)، بابەتی ئەو ڕاڤەکردنانە بووە.
هەندێک چاکسازیخوازیی ئایینی پێشنیازیان کردووە کە دەکرێت ئەو ڕێوڕەسمە پێدانی پارە، ڕووەک، یان هەتا بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی بگۆڕرێت، کە لە ناو هەندێک کۆچبەرانی موسڵمانی ئەورووپا باوە. هەندێک یاساناسی نوێ هەوڵیان دا ڕێوڕەسمی قوربانیکردن پێناسە بکەنەوە، پشتبەستوو بە بنەماکانی فیقهی وەک “گۆڕینی بابەت” و “گۆڕینی حوکم بەهۆی گۆڕانی کات”. بۆ نموونە فەقیهی میسری یوسف قەرزاوی لە فەتواکاندا ئاماژەی بەوەکردووە کە سەربڕینی قوربانی واجب نییە، بەڵکو سوننەتێکی دووپاتکراوەیە دەکرێت بەیارمەتیدانی کەمدەرامەتان جێگەی بگیرێتەوە.

