رۆژنامەی ھەولێر

گوللەیەك لــــــــــــــە نێو مێشـــــــــــــــك

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

ئەندرز، درەنگ گەیشتە بانكەكە. كە گەیشتیش، دەرگا داخرا، هەڵبەت هێشتا ڕیزی دوور و درێژی لێ وەستابوون. هەرچۆنێك بوو ئەو، كەوتە پشتە سەری دوو ژنەوە كە دەنگە گەورە و قسە گەمژانەكانیان دەهری و شێتیان دەكرد. ئیتر لەوەش گەڕێین كە هەرگیز حاڵ و تاقەتێكی باشی نەبوو. ئەندرز ڕەخنەگرێكی بەنێوبانگ بوو و هەمووان بە ڕەخنە توندەكانی دەیانناسی، هەرچییەكی خوێندبایەوە یا تاوتوێی كردبا، داری بە ڕۆحیدا دەدا.

لەگەڵ ئەوەی كە ڕیزەكە هێشتا مابووەوە، كەچی ژنە پارەدەرەكەی باجەی بانكەكە تابلۆی (داخراوە)ی هەڵواسی و چووە بنەبانی بانكەكە و پاڵی دا بە مێزێكەوە و دەستی كرد بە قسان لەگەڵ پیاوێكدا كە خەریكی هەڵدانەوەی بەڵگەنامەیەك بوو. ژنەكانی بەردەم ئەندرز قسەكانیان بڕی و بە نەفرەت و ڕقەوە چاویان بڕیە ژنەكە. یەكێكیان گوتی: “ئای بە خۆشی بێت.” هەڵسووڕایەوە و ڕووی لە ئەندرز كرد و هەستی كرد كە هاوڕایەتی، بۆیە گوتی: “هەر ئەم ڕەفتارانەیە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ جارێكی دیكەیش بگەڕێتەوە.”
ئەندرز كە خۆی لە دەست پارەدەرەكە ئیمانی نەمابوو، داخی دڵی خۆی بەسەر بۆڵەبۆڵكەرەكەی پێش خۆی بەتاڵ كردەوە: “نەعلەتی لێ بێت! بەڕاستی كارەساتە! یا پێی ساغ و سەلامەت دەبڕنەوە، یا گوندی ئاباوئەژدادیی خەڵكی بۆمباران دەكەن، ئەگەریش نەكرا، پەنجەرەی پارەدانەكە دادەخەن!”
ژنەكە وازی نەهێنا. “نەمگوت كارەساتە. تەنیا هەست دەكەم ڕەفتاریان لەگەڵ مشتەرییەكاندا ئاوا قۆڕ و خراپ بێت.”
ئەندرز گوتی: “جێگەی لێخۆشبوون نییە! خۆ خوا خۆی دەیبینێت.”
ژنەكە دەمولەوسی خڕ كردنەوە و چاوی بڕیە پشتە سەری ئەندرز و هیچی نەگوت. ئەندرز بینی كە ژنەكەی دیكەش، هاوڕێی ئەو ژنەی قسەی دەكرد، تەماشای هەمان شوێن دەكات. لەپڕ پارەدارەكانیش وازیان لە كار هێنا و مشتەرییەكانیش بە هێواشی وەرسووڕانەوە و بێدەنگییەك باڵی بەسەر بانكەكەدا كێشا.
دوو پیاو دەمامك ڕەش كە جلێكی ئیشی ڕەنگ شینی تۆخیان لەبەر بوو، لە تەنیشت دەرگاكە وەستابوون. یەكێكیان دەمانچەیەكی بە بناگوێی پاسەوانەكەوە نووساندبوو. هەردوو چاوی پاسەوانەكە نووقانفدبوو، دەمی دەجووڵاند. پیاوەكەی تر تفەنگێكی لوولەكورتی ڕاوكردنی بە دەستەوە بوو. بێ ئەوەی كەس قسە بكات، پیاوە دەمانچەبەدەستەكە، قیڕاندی: “ئەو دەمە زلەتان داخەن! گەر دەست بنێن بە زەنگی ئاگاداركردنەوەدا، دەتانكەمە بێژنگ! تێگەیشتن؟”
پارەدەرەكان سەریان شۆڕ كردەوە.
ئەندرز گوتی: “ئافەرین! هەی بژین! بێژنگ.” پاشان گەڕایەوە و ڕوو لەو ژنەی كە لە پێشیەوە وەستابوو، وەستا. “بیست. وای لەو سیناریۆیە؟ شیعری توند و تووڕەی چینی خوارەوە.”
ژنەكە تەماشای چاوە تەڕەکانی ئەندرزی كرد.
پیاوە تفەنگ‌بەدەستەكە پاڵی بە پاسەوانەكەوە نا تا لەسەر ئەژنۆیان دانیشێت. تفەنگەكەی دایە هاوڕێكەی و مەچەكی دەستی پاسەوانەكەی گرت و هێنانیە پشتی و كەلەپچەی كرد. پاشان پێلەقەیەكەی كێشا بە بڕبڕەی پشتیدا و لەسەر عەرزەكە پانی كردەوە. تفەنگەكەی وەرگرتەوە و بەرەو لای دەرگای پاسەوانییەكە چوو و ئەوسەری گرت. قوڵەبنە و خڕپن بوو و بە دڵنیابوونەوە دەجووڵایەوە. هاوڕێكەی گوتی: “دەرگاكەی بۆ بكەنەوە.”
پیاوە تفەنگ بە دەستەكە دەرگاكەی كردەوە و چووە ژوورەوە. بە هێواشی بە تەنیشت پارەدەرەكانەوە تێپەڕی و كیسەیەكی پلاستیكی دایە هەر یەكەیان. كە گەیشتە پەنجەرە بەتاڵەكە، تەماشایەكی پیاوە دەمانچە بەدەستەكەی كرد و گوتی: “ئەم كونە هی كێیە؟”
ئەندرز تەماشای ژنە پارەدەرەكەی كرد. ژنەكە دەستی خستە سەر گەرووی، سەری وەرگێڕا بەرەو ئەو پیاوەی قسەی لەگەڵ دەكرد. پیاوەكە سەری بۆ لەقاندە. ژنەكە گوتی: “هی منە!”
ـ “زۆر باشە، خێراكە واز لە خاڵۆمان بێنە، وەرە ئەو كیسەیە پڕ بكە.”
ئەندرز بەو ژنەی پێش خۆی گوت: “دەفەرموو! ئەوەش دادپەروەری جێبەجێ كرا.”
ـ “هۆی! عەبقەری! من داوام لێكردی قسە بكەیت؟”
ـ “نا!”
ـ “كەوایە دەمی تەویلەكەت قەپات بكە!”
ئەندرز گوتی: “تێگەیشتی عەبقەری! ڕێك وەك چیرۆكی (مرۆڤكوژەكان)ـی ئێرنێست هەمینگوای.”
ژنەكە گوتی: “تكایە، بێدەنگ بە!”
پیاوە دەمانچە بەدەستەكە بەرەو لای ئەندرز هات. لوولەی تفەنگەكەی بە زگیەوە نووساند و گوتی: “كەڕی؟ وادەزانی گاڵتە دەكەم؟”
ئەندرز گوتی: “نا.” بەڵام لوولەی دەمانچەكە وەك پەنجەیەك ختووكەی دەدا. دەبوو پێش بە پێكەنینەكەی بگرێت. ئەمەشی بە چاوبڕینە نێو چاوی پیاوەكە ئەنجام دا كە لە كوونی دەمامكەكەیەوە چاوەكانی بە جوانی دەبینران. چاوەكانی ڕەشهەڵگەڕاو و سوور ببوونەوە. پێڵووی چەپی پیاوەكە بەردەوام دەپەڕی.
لە كوونی ئەو دەمەی كە هەڕەشەی لە ئەندرز كرد، بۆنی توند و تیژی ئامۆنیاك دەهاتە دەرەوە. ئەندرز وردە وردە هەستی بە نیگەرانی دەكرد كە پیاوەكە دووبارە دەمانچەكەی لە زگی ڕۆ كردەوە.
ـ “حەزم لێدەكەی، عەبقەری؟ دەتەوێت بیخەمە دەمتەوە؟”
ئەندرز گوتی: “نا.”
“باشە، كەوایە ئیتر تەماشا مەكە.”
ئەندرز چاوی بڕیە پێڵاوە چەرمییە هەشت كونییەكەی پیاوەكە.
لوولەی دەمانچەكەی هێندە لە بن گەرووی ئەندرز پاڵ پێوە نا، كە چاوی ئەندرز بەرز بووەوە بۆ بنمیچەكە.
ـ “ئەم خوارەوە نا! تەماشای سەرەوە بكە!”
ئەندرز هەرگیز سەرەنجی نەدابووە ئەو بەشەی بانكەكە. باڵەخانەیەكی كەشخە بوو بەو بنمیچ و پێشخان و دینگە مەڕمەڕی و گەچە مارپێچییە زێڕینەی سەرەوەی قەفەسی پارەدارەكان. بنمیچە گومبەدییەكەی بانك لە هی ئوستوورەكان دەچوو، وێنەی ناشیرین و ناڕێك كە ئەندرز چەندین ساڵ پێش پەی بە بێ قەوارەییان بردبوو و ئیتر لەوە بە دواوە سەرنجی نەدابوونێ. ئێستا چارەی نەبوو جگە لەوەی بە وردی تەماشای نیگارەكان بكات. خراپتر لەوە بوو كە بە بیری خۆی دەهێنایەوە و بەو پەڕی وردەكارییەوە جێبەجێ كرابوو. وەك ئەوەی هونەرمەندەكە چەند شتێكی زانیوە و بەردەوام دووبارەی كردوونەتەوە. بنەڕەنگێكی پەمەیی لە بن هەورەكان لە ئاسمانەكەیەوە درابوو، تێڕوانینێكی شەرمێون بە دیمەنی كۆپید و فائۆنا.
بنمیچەكە پڕ بوو لە نیگار و وێنەی دووبارە نمایشكراو و بەرچاوگەكە زیاتر لە هەمووی، ئەوروپایی و زئۆسی بوو. لەم حیكایەتە وێنەییە، زئۆس و ئەوروپا وەك گایەك كێشرابوو كە لە پشت كادانێكەوە چاوی بڕیبووە مانگایەك. نیگاركێشەكە بۆ مانگاكە برژانگێكی درێژی كێشابوو كە عیشوە و دوڵبەری دەكرد. گاكەش برۆكانی بەرز كردبووەوە. ئەگەر وەك چیرۆكە وێنەدارەكان، بازنەیەكی لەسەر سەری كێشابوایە، لە زمانی ئەوەوە دەنووسرا: “ئازیزەكەم.”
ـ “بە چی پێدەكەنی، عەبقەری؟”
ـ “هیچ شتێك.”
ـ “ئەی بۆ وادەزانی من پێكەنیوم؟ نەكا وا بیر دەكەیەوە گاڵتەجاڕم؟”
ـ “نا!”
ـ “وادەزانی دەتوانی هەڵمخەڵەتێنی؟”
ـ “نا!”
ـ “جارێكی دیكە فریوم بدەیت، دەچێتە نێو زبڵدانی مێژووەوە. تێگەیشت كەرە؟”
ئەندرز لەوەی كە دەیبینی كابرا لاسایی دۆن كۆرلئدون دەكاتەوە، پێكەنینی دەهات.
دەمی بە پەنجەكانی دەستی داپۆشی و گوتی: “شەرمەزارم، شەرمەزارم” و بە ئیتالی دەیگوت، گەمژە! گەمژە تێگەیشتم. پیاوە دەمانچە بەدەستەكە چەكەی بەرز كردەوە و گوللەیەكی تەقاند، ڕێك بۆ نێو كەللە سەری ئەندرز.
گوللەكە، كاسەی سەری ئەندرزی بڕی و لە مێشكییەوە تێپەڕی و لە بنەگوێ ڕاستی هاتە دەرەوە و پارچەیلی مێشك و وردە ئێسقان و ڕەگ و هەمووی تێكەڵ بە یەكتری بوون، بەڵام بەر لە ڕووداوەكە و چوونی گوللەكە بۆ نێو مێشك، زنجیرە گواستنەوە و شەپۆلە پەیامێكی دەماری ڕوویان دا. ئەم پەیامانە بە هۆی ڕەچەڵەك و ڕابردووی تایبەتەوە، بیرەوەریی هاوینی چل ساڵ پێشیان زیندوو كردەوە كە بۆ چەندین ساڵ لەیاد كرابوون. گوللەكە پاش بەركەوتن بە كەللەسەر، بە خێرایی سێسەد مەتر لە چركەیەكدا دەجووڵا، خێراییەك كە بەراورد بە كارەبای سیناپتیكی دەماری زۆر هێواش بوو.
گوللەكە كە چووە نێو مێشكەوە، زەمەن بە پێی لێكدانەوەی مێشكی بەكار كەوت و دەرفەتی تەواوی دایە ئەندرز تا بتوانێت دیمەنەكە لێك بداتەوە و وەك دەڵێن ـ كە پێشی تێك دەچوو ـ “دیمەنەكە بە بەر چاوییەوە دەڕۆیشت.”
ئەو شتانەی كە بەبیر نەدەكەوتەوە، بەراورد بەوەی كە بیری دەكەوتنەوە، هێندە گرنگ نەبوون. یەكەمین خۆشەویستی خۆی، (شێری)ـی بیر نەدەكەوتەوە، لەگەڵ ئەوەی كە شتێكی هەبوو بەر لەوەی ببێتە مایەی عەزابی، شێتانە خۆشی دەویست، داواكارییە بێ شەرمانەكانی..
ئەندرز ژنەكەی بیر نەدەكەوتەوە كە بەر لەوەی بە ڕەفتارە پێشبینینەكراوەكانی ماندووی بكات، خۆشی دەویست. یا كچەكەی كە ئێستا لە لە دارتەمووت مامۆستای بێزاركەری ئابووری بوو. بیری ناكەوێتەوە لە پشت دەرگای ژووری كچەكەی گوێچكەی هەڵخستبوو كە لەبارەی ڕەفتارە بێتامەكانی ئەوەوە قسەی دەكرد و لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر “پاپا” ڕەفتاری نەگۆڕێت، سزایەكی تۆقێنەر چاوەڕوانی دەكات. تەنانەت تاقە دێرێك لەو سەدان دێرە شیعرەی كە لە لاویەتی ئەزبەری كردبوون، هیچی بیر نەدەكەوتەوە. شیعرگەلێك كە هەركاتێك دەیخوێندنەوە، موچڕك بە لەشیدا دەهات. “بێدەنگ لەسەر لووتكەیەك لە دارین، خوایا خوایا، چ ڕۆژێكی خراپم بینی”، یا ” ئەی جوانكیلەكانی من؟ گوتتان هەر ئەو شتەی كە دەبێت؟ ئاهـ ئەی قەلەباچكە؟” هیچ كام لەمانەی بیر نەدەكەوتنەوە. تەنانەت یەك دانەش. بیری نەدەكەوتەوە مامۆستا جۆزفێس بە خوێندكارەكانی گوتبێت، هەركام لە زیندانییە ئاتێنییەكان لە سیسیل كە شیعرەكانی ئاشیلیان ئەزبەر دەخوێندەوە، ئازاد دەكران. پاشان خۆشی شیعرێكی ئاشیلی بە یۆنانی دەخوێندەوە. ئەندرز بیری نەدەكەوتەوە كاتێك كە گوێبستی ئەو شیعرە بوو، چاوی پڕ بوو لە فرمێسك.
بەبیری ناكەوێتەوە ئەوكاتەی تازە لە زانكۆ هاتبووە دەرەوە و ناوی یەكێك لە هاوپۆلەكانی خۆی لە پشت بەرگی ڕۆمانێكەوە بینی، چەندە پێی سەیر بوو. یا پاش خوێندنەوەی كتێبەكە چ ڕێزێكی بۆی هەبوو. چێژی ڕێزگرتنەكەشی بیر نەدەكەوتەوە.
ئەندرز تەنانەت بەبیری نەدەهاتەوە سبەینەكەی ئەو رۆژەی كە كچەكەی لەدایك بوو، ژنێكی بینی لە باڵەخانەی بەرامبەرەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و مرد. بیری ناكەوێتەوە هاواری كرد، “خوایا، ڕەحم بكەیت!” بە بیری ناكەوێتەوە كە ئۆتۆمبێلەكەی باوكی بە قەستی كوتا بە دارێكدا و دیسان بیری ناكەوێتەوە كە سێ پاسەوان لە خۆپێشاندانی دژ بە شەڕ، بە پێلەقە لێیان دا و پەراسوویەكیان شكاند. بەبیری نەهێنایەوە كە بە دەنگی پێكەنینەكانی خۆی لە خەو ڕادەپەڕی. بێبەش نەبوو لە بیرنەكەوتنەوەی ئەو ترس و بێتاقەتییەی كە بە دیتنی دەستە كتێبێكی سەر مێزەكەی بۆی دروست دەبوو و شتێكی بەبیر نەدەكەوتەوە لەو نیگەرانییەی كە لە دەستی نووسەرەكانیان تووشی ببوو. هەر شتەو، ئەوی دەخستەوە بیری شتێكی دیكە.
تەنیا هەر ئەوە بیری دەكەوتەوە. گەرما، گۆڕەپانی بەیسبۆڵ، فریزی زەرد. ویزە ویزی جانەوەرەكان و خۆی كە پاڵی دابوو بە دارێكەوە و یاركوشتنی (یاریی زیرەكی) كوڕەكانی گەڕەكی تەماشا دەكرد كە لەبارەی زیرەكیی ڕێژەیی مانتێل و مێیز لە نێو یاری بەیسبۆڵ قسەیان دەكرد؟ هەموو هاوینەكە هەر ئەم قسانەیان دەكرد. ئیتر بۆ ئەندرز بێزاركەر بوو. ئەمەش هاوشێوەی گەرما بێزاری دەكرد.
دواتر دوو كوڕی دیكە گەیشتن، كویل و ئامۆزاكەی لە میسیسیپی. ئەندرز ئامۆزاكەی كویلی تا ئەودەمی نەدیتبوو و دواتریش نەیدیتەوە. لەگەڵ ئەوانی دیكە چاك و چۆنی لەگەڵ كردن و ئیتر سەرەنجی نادانێ. كە یاریی یاركوشتن دەكەن، دەڵێت چ پۆستێكت دەوێت. ئەویش دەڵێت: “شۆرت ستاپەكان باشترین پۆستە.” ئەندرز تەماشای دەكات. دەیهەوێت قسەكەی دووبارە بكاتەوە، بەڵام دەزانێك بە تەماشاكردن ناكرێت و دەبێت بیهەوێت. ئەوانی دیكە وا هەست دەكەن ئەو منداڵێكی شەڕاشۆیە و دەیهەوێت لەبەر هەڵە ڕێزمانییەكانی ئامۆزاكە، حاڵی بگرێت. بەڵام وا نییە، حەزی لێیە ڕستە ناتەواوەكە ببیستێت. لە گۆڕەپانەكەشدا لە حاڵەتی خەووبێداری دووبارەی دەكاتەوە.
گوللەكە چووەتە نێو مێشكەوە، هەتاهەتایە خێرا نابێت، لە ناكاویش ناوەستێت. لە كۆتاییدا كارەكەی خۆی دەكات. كەللەسەرە هەڵدڕاوەكە بەجێ دەھێڵێت و ئەستێرەی كلكداری یادەوەرییەكان لەگەڵ خۆی دەبات و هیوا و ژیری و خۆشەویستی، لە نێو هۆڵێكی مەڕمەڕی بانك بە عەرزەكەدا دەكوتێت. هیچیش ناكرێت، بەڵام ئەندرز ئێستاش كاتی هەر هەیە. ساتێك بۆ درێژبوون لە ژێر سێبەرەكان لە سەر فریزەكە، ساتی وەڕینی سەگێك كە بە دوای ئەو تۆپە كەوتووە كە بە ئاسمانەوەیە. ساتێك بۆ كوڕێك كە لە گۆڕەپانی یاری، دەستكێشە ئارەقاوییەكەی بە عەرزەكەدا دەكوتێت و دەڵێت باشترین پۆستەكان ئەوانەن، باشترین پۆستەكان ئەوانەن.

سەرچاوە:
(Our Story Begins: New and Selected Stories) ئینجیلی سپی ـ نووسینی تۆبیاس وۆڵف