خدر گوڵانی
لە یەکەم جار پێش ئەوەی
خونچەی چاوت بپشکوون ..
دەسرازەیەکی نەخشاوم چنی بۆت
تەقەڵەکانی ورد، وردبوون،
نەخش و نیگارێکم کێشا
هێواش، هێواش
وەک ترپەکانی دڵی خۆت !
هەندێک لە زێڕاوی شیعرو
هەندێک لە پەیڤی مرواری
هەندێکیشیان لە مووروو
مەرجانی ئەوین ..
دووەم هەنگاو،
ڕەوڕەوەیەکم دروستکرد
پێچکەکانی لە گلێنەی
هەردووک چاوم !
جێ دەستیشی لەبەندی دڵ
بەو ڕەوڕەوە دەسکردەی خۆم
هەتاکو پێڕەوکەم کردی،
هەزاران جار پێتنا بە گلێنەکانمدا
هەزارن جار دەستت نایە بەندی دڵم
هەتا هەنگاوت هەڵهێنان،
فێربووی بکەویە شوێن هەنگاوم
هێشتا خونچەی بەهارێکی،
بەر وەیشوومەی هەورەکان بووی
لەیەکەم وەرزی شکۆفە
چاوت تەڕ کردن بە باران !
لەناو ڕەنگی شەبەنگێکدا ونم کردی ..
لەوساتەوە من بوومەتە،
ڕایەڵەی خەمێکی بێ کۆتا !!
ئیدی چاوەڕێی من مەبە
نابمەوە بە خەندەو پێکەنینی جاران

