رۆژنامەی ھەولێر

ناساندنی نوێترین كتێبی پیتەر برۆکس و خواستنی چیرۆكگێڕانەوە

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(پیتەر برۆکس ـ Peter Brooks)، مامۆستای خانەنشینی ئەدەبیاتی بەراوردكاری، چل ساڵ لەمەوپێش لە كتێبێكدا گوتی: چیرۆك، تاقە ڕێگەی تێگەیشتنن لە خۆمان، كەچی ئەمڕۆ لە كتێبە نوێیەكەیدا بە ناوی (فریوی چیرۆك: بەكارهێنان و خراپ‌بەكارهێنانی گێڕانەوە) باسی زاڵبوونی گێڕانەوە بەسەر ڕاستییەكاندا دەكات و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەڵێت چاوەڕوانی ئەم جۆرە گۆڕانكارییەی نەكردووە. ئەوەی دەیخوێننەوە باسێكی كورتی ئەم كتێبە و بیری نوێی برۆکسە: قسە ڕاستی نییە و ژیان لەگەڵ چیرۆك جیاوازە.

چل ساڵ لەمەوپێش، پیتەر برۆکس، تیۆریزانی ئەدەبی، بە بەرگریكردن لە گفتوگۆیەك كە لەو كاتەدا نامۆ بوو، نێوبانگێكی گەورەی بەدەست هێنا ئەویش ئەوە بوو گوتی: تێگەیشتن لە خۆمان، لە ڕێگەی چیرۆكەكانەوەیە. ئەو لەو كتێبە بەنێوبانگەی ئەودەمی (خوێندنەوە بۆ بونیادی گەڵاڵە) (ساڵی ١٩٨٤)، نووسی: گێڕانەوە هۆكاری سەرەكیی ڕێكخستنە كە بە هۆیەوە مانا بە ژیانمان دەدەین.
برۆکس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەكرد هەموو چینەكان ـ لە سیاسی و پزیشكەوە بگرە هەتا دەروونشیكار و چاپەر و چالاكڤانان ـ هاوڕای بن. ئەم مامۆستا ٨٤ ساڵەیەی ئەدەبیاتی بەراوردكاری، لە كتێبە نوێیەكەیدا (فریوی چیرۆك: بەكارهێنان و خراپ بەكارهێنانی گێڕانەوە)، كە بە جۆرێك سەرەنج خراوەتە سەر (هەڵەی من بوو)، دەڵێت: “من هەرگیز ئەم جۆرە زاڵبوونی گێڕانەوەم بەسەر ڕاستیدا كە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم دەیبینین. نە پێشبینی كردووە و نە ئارەزووم بۆی خواستووە”.
تەنانەت ناڕەزایەتیش دەردەبڕێت لەوەی ئەمڕۆكە مەحاڵە پاكەتە بسكویتێكت بەرچاو كەوێت یان سپڕایەكی جەستە لە ئەنتەرنێتدا بدۆزیتەوە و ڕووبەڕووی چیرۆكگەلی جیاوازی ئەو ئەفڕێنەر و گەنجە خۆپەسن و بنەماڵە ئایدیالیستانە نەبیتەوە كە بە دوای دروستكردنی بەرهەمەكانی چاودێریی كەسین بێ بەكارهێنانی مادە پارێزەرەكان. برۆکس دەنووسێت: وەك ئەوەی جووجەڵەیەك كە خۆم ئاو و دانم داوەتێ، بگۆڕێت بۆ ئاژەڵێكی دڕندە كە حەقیقەت لە پێناو چیرۆكدا حەپەلووش دەكات.
ئەو لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە كە لە تەلەڤزیۆن جۆرج بووشی بینی كە ئەندامانی كابینەكەی بە باسكردنی سەرگوزەشتە “تایبەت”ـەكانی ڕابردوویان دەناسێنێت، نیگەرانی لەسەر ئەم بابەتە ڕووی تێكرد. ترسی برۆکس لەوەوەیە كە ئێمە هێندە لە چیرۆك تێر بووگین كە ئیتر بووینەتە بەكارهێنەری ناجیاكار و، تەنانەت لەو شوێنەی كە پێویست دەكات گومان لەسەر سەرچاوەی زانیاری و ئەو كەسانە بكەین كە دەگێڕنەوە، بە حەزەوە لەگەڵ بونیادی گەڵاڵەی چیرۆك دەكەوین. ئەو دەڵێت ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ گێڕانەوە، ڕەنگە بمانخاتە بەردەم مەترسیی تیۆرییەكانی پیلانگێڕییەوە.
لە سەدەی هەژدەیەمدا، نووسەرانی ڕۆمان ئازار و ماندووبوونێكی زۆریان دەكێشا تا ڕوونی بكەنەوە ڕووداوی چیرۆكەكانیان لە كوێوە هاتوون و زۆرجاریش پێشەكییەكی درێژیان دەنووسی و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە نووسخەی دەستنووس یان چەند نامەیەكیان لە جانتایەكدا دۆزیوەتەوە یان ئەوەی دەیانەوێت بە شێوەی نەناسراو دانپێدانانێكی

مەترسیدار بڵاو بكەنەوە. ئەم جۆرە چوارچێوانە ـ كە جارجار نامەعقوولیش بوون ـ لانیكەم خوێنەرەكانیان ناچار دەكرد بۆ پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ نووسەر و چیرۆكی ڕۆمانەكە، تێڕوانینێكی ڕەخنەییان هەبێت.
وردە وردە كە ژانری ڕۆمان مەشروعیەتی بەدەست هێنا، نووسەرەكان ئاسانتر توانییان خوێنەرەكانیان ڕاستەوخۆ فڕێبدەنە نێو جیهانی چیرۆك و دواجاریش خودئاگاییی چیرۆكییەوە، بەڵام نووسەرە مۆدێڕنیستەكانی سەدەی بیستەم وەك (ڤێرجینیا وۆڵف) و (ولیام ڤاكنەر)، بە گونجاندنی گێڕەرەوەی باوەڕپێنەكراو و “خوێنەر خستنە نێو یاریی چاوشاركێنێ”، پرسی (مەعریفەناسی ـ Epistemology)ـیان هەر بە یەكێك لە پێشینەكان دانا.
ڕووداو لە ڕۆمانی (ئابشالۆم، ئابشالۆم)ـەکەی ڤاكنەر، بە دەوری چۆنیەتی فۆڕموولەبوون زانیارییەكان دەخوولێتەوە؛ نهێنیی سەرەكی چیرۆك ـ بۆچی هێنری ساتپێن دەزگیرانی خوشكەكەی كوشت ـ، بە هاتنەناوەوەی كەسایەتیگەلێك كە ڕەخنە لە نەریتی بنەماڵەیی دەگرن، مانایی جیاواز دەگرێتە خۆی. خوێنەرەكان كە هاوكات گرێی پەیوەندییە ئاڵۆزەكەی نێوان گێڕەرەوە و نووسەر، حیكایەت و حیكایەتبێژ دەكەنەوە، دەبێت هۆشیار بمێننەوە.
لە هەمان كاتدا برۆکس نیگەرانە لە سەركەوتنی ڕۆمانە ڕاڕاكەر و دەروونناسانەكەی (پائۆلا هاوكینز) بە ناوی (كچێك لە شەمەندەفەر ـ ٢٠١٥) كە دژی یاساكانی خۆی هەنگاو دەنێت و لێدەگەڕێت كەسایەتییەك ڕووداوی مردنی خۆی بە زمانێكی ڕاستەقینە بگێڕێتەوە. برۆکس نیگەرانە كە پێشوازیی خوێنەران لەم ڕۆمانە، سەرەڕای “شپڕێوی”ـیەكەی، نیشانەی تەمبەڵیی نەغرۆبوونمانە لە چیرۆكەكان.
ئێمەی دەورگیراو بە چیرۆك، ناچارین ڕووی گێڕانەوە لە خۆمان بكەین و ڕووداوەكانی ژیانمان وەك ڕووداوگەلێكی چیرۆكی و بەشێك لە گەشتی پاڵەوانە خەیاڵییەكان هەژمار بكەین.
لە تەمەنی ١٧ ساڵی، كە شتی زۆرم لە بارەی خۆمەوە نەدەزانی، دەبوو ڕاستییەكانی ژیانم لە چوارچێوەی چیرۆكێكی ئەوەندە سەرنجڕاكێش دابڕێژمەوە كە سەرەنجی یاریدەدەری كارگرووپی وەرگرتنی زانكۆ ڕابكێشم. دەبوو بە هۆكاری هەڵبژاردنی چالاكییەكانی دەرەوەی پلان و وانەكانی قوتابخانەی ئامادەییمدا بێمەوە و خۆم بگۆڕم بۆ كەسایەتییەكی ویستراو. دەگمەن وانەكانی فیزیا و ئەندازەیاریی قوتابخانەم بە كەلك دێن، بەڵام یەكەم كارم لە بڕاندسازی بە كارێكی بەسوود دەرچوو ـ یارمەتیم دەدات لە ئینستاگرامدا ستۆرییەكانی ژیانم دابنێم و، دواجار ژیاننامەكەم بنووسم (و پشكی خۆم پێشكەش بە ژانرێك بكەم كە برۆکس فرە ناوونیشانەكەی بە شایەتیدانێكی دیكەی پاڕادایمی گێڕانەوەی زاڵ لەقەڵەم دەدات).
لانیكەم من پاساوم هەیە بۆ نووسەربوون؛ بەپێی ئاماری ئیپیزۆدی “حەزی حیكایەتخوانی” لە پۆدكاستی (دێكۆدێر ڕینگ)ـی ماڵپەڕی (سلەیت)، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ماڵپەڕی (لینكدن) خۆیان بە “حیكایەتخوان” ناساندووە، لە سفر كەسەوە لە ساڵی ٢٠١١ گەیشتووەتە نیو ملیۆن كەس لە ساڵی ٢٠١٧.
بەڵام، وەك برۆکس (بە كاریگەریی كیەركەگور) هۆشداری دەدات، كە نەئاگاداری لە كۆتایی چیرۆك، كاری ئێمە وەك گێڕەرەوانی چیرۆك قورس دەكات: هەتا ساتی مردن، “مانای ژیان” ڕوون نابێتەوە. لەو ساتەدا ـ ساتێك كە لێی ئاگادار نابیتەوە ـ ڕەنگە دواجار و زۆر بە كورتی لە مانای پێچەڵپێچییەكانی ژیان بگەین. بەپێی ڕوانگەی برۆکس، وەسفكردنی مردنی كەسایەتییە چیرۆكییەكان ـ لەگەڵیشیدا دۆزینەوە و پەشیمانیی كۆتاییان ـ یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی ڕۆمانەکان بێت.
لە ڕۆمانی (كلاریسا)ی (ساموئێل ڕیچاردسۆن)ـەوە هەتا (بابا گۆریۆ)ی (بەلزاك) و (ئیڤان ئیلۆڤیچ)ـی (تۆڵستۆی)، فۆڕمی بێ ڕتووشی ئەم خەواست و مەیلە دەكرێت لە دەفتەرەكانی سەدەی حەڤدەیەم بدۆزینەوە كە لە زیندانەكانی لەندەن دابەشیان دەكردن و بانگەشە دەكرا ئەمە هزر و تێگەیشتنی زیندانییەكانە لە چەندین ڕۆژ و كاتژمێری بەر لە ئیعدامكردنیان. ئەم دانپیانانانە، لەسەر بنەمای ئەوە بانگەشەیەی كە زیندانییەكان دەیانكرد و كەشیشی زیندانیش تۆماری دەكردن، بەگشتی دانپیانانی دواساتی ئیمانیان بوو.”
هۆكاری دژایەتیی برۆکس لەگەڵ “چیرۆككردنی حەقیقەت”، لەدەستدانی باوەڕی نییە بە هێزی گێڕانەوە، بەڵكو پێچەوانەی ئەم قسەیە ڕاستە. ئەو تەنیا جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت وریا بین. برۆکس دەنووسێت: پێویستمان بە چیرۆكەكانە تا لە “ئاشووبی كۆنتڕۆڵنەكراوی حەقیقەت” بمانپارێزێت. تەنانەت ئەگەر ویستباشی بەساتی چیرۆكەكان كۆ بكاتەوە، ئەوا چانسی سەركەوتنی نەدەبوو: خۆدانە قەرەی چیرۆك، شتێكی سروشتی و بینراوە. منداڵەكان، هەر لەو كاتەوەی دەست بە دروستكردنی وشەكان دەكەن، ئیتر چیرۆك دروستكردنیش دەست پێدەكات. برۆکس لە كتێبەكەیدا باسی (پۆل هەریس)ـی دەروونناس دەكات كە دەڵێت خەیاڵكردن یەكێكە لە قۆناغە سەرەكییەكانی گەشەسەندن و منداڵەكان توانادار دەكات لە جیهانی دەوروبەری خۆیان بکۆڵنەوە و تەنانەت قەڵەمڕەوی خەیاڵییان كۆنتڕۆڵ بكەن. هەریس دەڵێت ئەو خۆشییەی منداڵەكان لە خەیاڵ وەریدەگرن، لە هەمان ئەو خۆشیە دەچێت كە لە گەورەبوون لە خوێندنەوەی ڕۆمان و سەیركردنی تەلەڤزیۆن وەریدەگرن: ئەوان لە دۆخێكی “نیوە ـ باوەڕ”دا دەژین ـ تێگەیشتنێك كە ئەوان بە شەوقەوە فریویان لێی خواردووە.
یەكێك لە نیشانەكانی “هەڵاوسانی كۆنتڕۆڵنەكراوی چیرۆك” ڕەنگە ئەوە بێت كە كاتێك برۆکس دەپرسێت بۆچی “فۆڕمێكی دیكەی خستنەڕوو و تێگەیشتن، بە زۆری لە بەرژەوەندیی چیرۆكگێڕانەوەدا وەلاوە نراون؟”، نەمزانی مەبەستی لە فۆڕمی دیكە چییە ـ تا ئەوەی كە خۆی فۆڕمی ژیرانەی وەك بەڵگەهێنانەوە و فۆڕمی شاعیرانەی وەك وشە هەم وەزن و قافیەكانی خستە ڕوو.
پێم خراپ نەدەبوو كەمێك زیاتر مەبەستەكەی ڕوون كردبوایەوە، ئەگەرچی ئەو نموونانەی كە ئەو دەیهێنانەوە، جێگەی سەرنجن. بۆ نموونە دەڵێت لە سەدەی بیستەمدا ڕیكلامچیەكان، لە جیاتی ئەوەی وەك ئەمڕۆ بەدوای بازنەی گێڕانەوەكانەوە بن، ڕكەبەرییان دەكرد تا ئاوازە نەمرە ڕیكلامییەكان بەرهەم بهێنن.
لە كۆتاییدا دەبێت بڵەین برۆکس حەزێكی وەهای بە خستنەڕووی ڕێگەچارە یان دروستكردنی تیۆرییەكی تایبەت بە دەرخستنی وەها دۆخێك نییە و دەیەوێت زیاتر پێمان بڵێت كە چیرۆك حەقیقەت نییە و ژیان لەگەڵ چیرۆك جیاوازە و “گوتن و ژیانكردن دوو شتی لێك جیاوازن”.
پەراوێز:
ـ ئەم بابەت (ئەلیس ڕۆب ـ Alice Robb) نووسیویەتی و ڕێكەوتی ١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢، بە ناوونیشانی “Our fatal addiction to narrative” لە ماڵپەڕی نیوستەیتسمەن بڵاو كراوەتەوە و بۆ یەكەمجار بە ناوونیشانی “ژیان چیرۆك نییە، چونكە كۆتاییەكەی نازانین”، لە 27ـەمین ژمارەی وەرزنامەی (تەرجومان)ـی زانستە مرۆییەكان بڵاو كرایەوە.
ـ ئەلیس ڕۆب، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی ئەمریكییە. بەردەوام ڕەخنە لەسەر كتێبەكان دەنووسێت و لە ماڵپەڕی نیوستەیتسمەن بڵاویان دەكاتەوە. نووسینەكانی، لە واشنتۆن پۆست، ئەتڵەنتیك و نیوڕیپەبڵیك بڵاو دەبنەوە. كتێبە نوێیەكەی ناوی (بیر مەكەرەوە ئازیزم ـ Don’t Think، Dear)ـە و بەم زووانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

سەرچاوە:
www.newstatesman.com