ئارام كۆشكی – سلێمانی
(1-2)
شیعر یەکێکە لەوپ هونەرە باڵایانەی کە مێژووەکەی گەلێک درێژە (وەک چەند جێگەیەکی دیکەدا هێمام پێکردووە کۆنترین ژانری نێو مێژووی مرۆڤایەتییە). لەم مێژووە دوورودرێژەدا ئەم هونەرە گەلێک گۆڕانکاریی جۆراوجۆری بەسەردا هاتووە و هەموو ئەو گۆڕانکارییانەش لە بەرژەوەندی نەبوون، بەڵکوو بەشێکیان بە زیانی ئەم هونەرە تەواو بووە. کێشەی شیعر ئەوەیە کە لەو ژانرانە نییە لەژێر یەک پێناسەدا، یان چەند پێناسەیەکدا جێگیری بکەین، چونکە شیعر ژانرێکی نەگیرە و دژی هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانەیە، کە بۆی دیاری دەکرێن، هەر شاعیرە و خۆی ڕێسای نوێ دادەهێنێت و هەر شیعرەش خۆی هەڵگری جۆرێک لە ڕێسای تایبەتی خۆیەتی. بۆیە کاتێک شاعیرانی کلاسیک بیانویستایە شیعرێک لەسەر شێوازی شیعرێکی دیکە بنووسن ناچاربوون بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوێنێک لەو قەرز بکەن (چەند بەیتێک، یان سەرواکەی قەرز بکەن) بۆ ئەوەی لەژێر ڕۆشنایی ئەو چەند بەیتەدا دەست بە نووسینی شیعرە نوێیەکە بکەن. بەڵام شیعری مۆدێرن گەلێک تایبەتمەندیی هەیە، کە هەموو تایبەتمەندییەکانی شیعری کلاسیکی تێپەڕاندووە. شیعری نوێ شیعرگەلێکە کە ئازادی تێیدا بێسنوورە. ئەم بێسنوورییە شیعری لە ژانرێکی داخراوەوە کردووە بە ژانرێکی کراوەی فرەڕەهەند و فرەفۆڕم و هەتا توانای توانەوەی ژانرەکانی دیکەی لە خۆیدا هەبێت.
ئالان بادیۆ سەبارەت بە شیعری مۆدێرن لە جێگەیەکدا دەڵێت “شیعر مۆدێرن، خۆی وەکوو جۆرێک لە بیرکردنەوە دەبینێت.”(1) لە دواتریشدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “شیعری مۆدێرن تەنیا بوونی فیعلی بیرکردنەوەیەک نییە، کە لە قاڵبی زماندا خرابێتەڕوو، بەڵکوو کۆمەڵێک پرۆسەیە کە ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕێگەیەوە دەگاتە پلەی بیرکردنەوە لە خۆی. وێنە شیعرییە گەورەکان کۆمەڵێک میتافۆڕی کوێر و پووچ نین. ئەمانە دەزگا و ئەپارەتوسێکی ڕێکخراو پێکدێنن کە شاعیر، نواندنەوەی هەستەکیی ڕژێمێکی بیرکردنەوەیە.”(2)
بادیۆ زیاتر سەبارەت بە شیعری مۆدێرن دەدوێت و دەڵێت “شیعری مۆدێرن، فۆڕم و قاڵبی مەحسووسی ئایدیا نییە، بەڵکۆو مەحسووس خۆیەتی، کە لە هەناوی شیعردا، خۆی لە شێوەی نۆستالۆژیای بێتوانا و نەمری ئایدیای شیعریدا دەردەخات. شیعری مۆدێرن دژی تەقلید و لاسایکردنەوەیە.”(3) لێرەدا دەشێ بپرسین کە شیعری شێرکۆ بێکەس تەواو شیعرێکی مۆدێرنە، یان ناچێتە خانەی شیعری مۆدێرنەوە. ئێمە لە بەشەکانی پێشتری ئەم کتێبەدا هەندێک وردە سەرنجمان خستەڕوو سەبارەت بە ئەزموونی ئەم شاعیرە و لێرەدا دووبارەیان ناکەینەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەهۆی ئەوەی شێرکۆ بێکەس ئەزموونەکانی سەرەتایدا لەژێر کاریگەریی گۆراندا بووە، بەڵام دواتر لەژێر سێبەری ئەو کاریگەرییەی گۆراندا دێتە دەرەوە بۆیە ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێین ئەزموونەکەی بە ئەزموونێکی لاسایکردنەوە دەستی پێ کردووە و بەمەش دەسەلمێ کە ناچێتە خانەی شیعری مۆدێرنەوە. بەڵام بەدەر نەبووە لە هەوڵ بۆ نوێکردنەوە و دوای دوو کتێبی یەکەمی جۆرێک لە خۆڕاپسکان لە ئەزموونەکەیدا بەدی دەکرێت و دواجاریش لە ئەزموونەکانی پاش قەسیدەی “دەربەندی پەپوولە” ئەم شاعیرە خۆی لە هەموو سیمایەکی دووبارەکردنەوە و لاساییکردنەوەی گۆران دەپارێزێت. بەڵام ئەوەی کە ئەم شاعیرە ناکاتە شاعیرێکی تەواو مۆدێرن نەبوونی زمانێکی شارستانییانەیە چەشنی زمانی شیعری ڕەفیق سابیر و بەختیار عەلی.
ئیریش هیلەر سەبارەت بە پێگەی شیعر ئەوە دەخاتەڕوو “کاتێک باس لە شیعر دەکەین، هاوکات مەبەستمان لە شتێکە زیاتر لە شیعر، بە هەمان شێوە کە شیعر ئاماژە بۆ شتێک زیاتر لە خۆی دەکات. کەواتە مەبەستمان لە شیعر چییە؟ واتە شیعر هیچ نییە جگە لە سەلماندن و پێداگری بۆ بەهای ژیان و ئەزموونی مرۆیی.”(4) ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەسیش هەوڵێکی چڕ و بەردەوامە بۆ پێدانی بەها بە ژیان و نووسینەوەی ئەزموونی مرۆیی. هەر لێرەوەیە شێرکۆ بێکەس دەبێتە شاعیرێک بۆ گوزارشتکردن لە ئازارەکانی نەتەوە و دوای کۆچی دوایشی یەکێک لەو ڕستە زۆر باوانەی خوێنەرانی شێرکۆ بێکەس دەیانگوتەوە (بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانیش) ئەوە بوو “دوای شێرکۆ بێکەس کەس نییە ئازارەکانی نەتەوە بلاوێنێتەوە و بینووسێتەوە.” ئەم ڕستەیە چەندە بەدیوێکدا پەسەنددانی توانای شێرکۆیە وەکو.وشاعیرێکی گەورە، کە نزیک بووە لە ڕۆحی نەتەوەکەیەوە، هاوکات ئەوەندەش لێدانە لە ئەزموونەکەی کە هاوتای خوێنەران بووە و ئەزموونێک نەبوو شۆکهێنەر و یاخیگەرانە بێت و دونیای نوێیان لە هەموو ئاستەکاندا بەڕوودا بکاتەوە.
لێرەوە دەتوانین بگەینە سەر پرسی ئەوەی ئەرکی شاعیران لەم دونیا بەرینەی شیعردا چییە؟ ئایا دەیانەوێت مێژوو بنووسنەوە، یان خود دەنووسنەوە؟ ئەرکی ئەوان لەنێو ئەم هونەرەدا چییە؟
ئەرکی شاعیران دامەزراندنی جیهانێکە، کە لەنێو ژانرەکانی دیکەدا پەی پێنەبراوە. واتە ئەو ئەرکەی مێژوونووسێک ناتوانێت پێی هەڵسێت شاعیرێک دێت و ئەرکەکە لە ئەستۆ دەگرێت. چوونکە شیعر هونەری پیشاندانی ئاشکرا نییە، بەڵکوو هونەری دۆزینەوە و پیشاندانی نهێنییە. شیعر هونەرێکە کەمتر لەنێو سەنتەردا کار دەکات، بەڵکوو ئەو هەمیشە پەراوێز دەکاتە سەنتەری خۆی، بۆیە شیعر هونەری دۆزینەوەی نادیارە.
مارتن هایدیگەر لە جێگەیەکدا دەڵێت: “کاری هونەریی، جیهان دادەمەزرێنێت.”(5) ئەگەر جیهانی شیر وەکو یەکێک لە کایە هونەرییەکان سەیر بکەین دەبینین بەبێ شیعر جیهانی ئێمە دانەدەمەزرا. شیعر جیهانی ئێمەی کوردی دامەزراندووە. لانی کەم میراتی چوار سەدساڵ بیرکردنەوە و تێڕامان و خەیاڵی تاکی کوردی تەنیا بەشیعر گوزارشتی لێ کراوە. شیعر ئەو دەروازەیەی بۆ ئێمە کردووەتەوە کە جیهانەکەمان دابمەزرێنین. تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێجگە لە شیعر هیچ بەرهەمێکی نووسینی دیکەمان نەبووە تا جیهانی خۆمانی پێ دابمەزرێنین. بۆیە شیعر بۆ قۆناغێکی گەورەی ئێمە ڕزگارکەر بووە و لە ڕێی شیعرەوە مێژوو و بیرکردنەوە و ڕوانینمان نووسراوەتەوە. بۆیە شیعر هونەرێکی ڕاگوزەر و پەراوێزی نێو دونیای کوردی نەبووە. ئەوە شیعر بوو، چەشنی هونەرێکی مەزن پارێزگاریی لە زمان و بەشێک لە دیرۆکمان کرد.
د. لوقمان ڕئووف لە لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە چەمکی شیعر و شاعیر لای شێرکۆ بێکەس ئاماری بەکارهێنانی وشەی شیعر و قەسیدە و هەڵبەست و هۆنراوەی دەرهێناوە. بە جۆرێک کە ئەم شاعیرە “وشەی شیعر 1754 جار بەکارهێناوە، وشەی قەسیدەشی 37 جار بەکارهێناوە. هەرچی وشەی هۆنراوەیشە 13 جاری بەکارهێناوە، وشەی هەڵبەستیش 10 جار بەکاریهێناوە.”(6)
هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا چەمکی شیعری بۆ چەند بەشێک دابەش کردووە و لەوێدا جارێک دەیسەلمێنێت کە شیعر لای شێرکۆ بێکەس پرسیارە، “پرسیارێکی نەکراو، بوێر و چاونەترس”(7) هاوکات نموونەیەکیش لە شیعرێکی دەهێنێتەوە کە ئەم نموونەیەیە:
“تۆ ئەزانی
شیعر کە پرسیاری نەبوو
لە چی ئەچێ؟!
باوکم وتی:
لە ئاوێکی وەستاو و
لە زەنگێکی بێ زرنگە و
لە بڵێسەی خامۆشکراو!”(8)
سەرچاوە و پەراوێز:
1-ئالان بادیۆ، شیعر چییە؛ فەلسەفە و شیعر لە ڕوانگەی ناوهەڵنەگرەوە، و: وەلید عومەر، بڵاوکراوەی شیعر ژمارە چوار 2017، ل105
2-هەمان سەرچاوە، ل105
3-هەمان سەرچاوە، ل106
4-ئێریش هیلەر، سەرکێشییەکانی شیعری مۆدێرن، و: فازل مەحمود، بڵاوکراوەی شیعر ژمارە دە 2021، ل100
5-پیتەر سلۆتەردایک، شیعریەت و هاتنەجیهان، و: بەکر عەلی، بڵاوکراوەی شیعر ژمارە یەک 2016، ل221
6-د. لوقمان ڕەئووف، چەمکی شیعر و چەمکی شاعیر لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا، سلێمانی چاپی یەکەم 2024، ل37
7-هەمان سەرچاوە، ل45
8-شێرکۆ بێکەس، دیوانی شێرکۆ بێکەس، بەرگی هەشتەم، چاپی یەکەم سوید 2009، ل375

