رۆژنامەی ھەولێر

خوێنەری ڕیسککار

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

خوێندنەوە ڕێگایەک نییە هەمووان بەو ڕێگەیەدا بڕۆن، یان ڕێگەیەکی گشتی نییە، کە بمانەوێت ئەوانی تر چۆن پێیدا ڕۆیشتوون ئێمەش بەهەمان شێوە پێیدا بڕۆیین، خوێندنەوە دۆزینەوەی ڕێگای تایبەتی کەسی خوێنەرە، یان درووستترە بڵێم جۆرێکە لە ڕیسککردن، چوونکە خوێندنەوەی هەر کتێبێک دەرگا لەسەر نهێنییەک دەکاتەوە و جۆرێک لە دۆزینەوەی شتی نوێیە، کە هەر خوێنەرە و بە ئەزموونێکی جیاوازەوە بەری دەکەوێت و بەرکەوتنی خوێنەرەکان تەنانەت بەهەمان کتێبیش وەکوو یەک نییە، بۆیە هەمان کتێب کاتێک دوو خوێنەری جیا دەیخوێننەوە، ئاساییە کە هەمان تێگەیشتن لای ئەو دوو خوێنەرە دروست نەکات، چوونکە هەر خوێنەرە و بەر دیو و توێیەکی ئەو کتێبە دەکەوێت، کە جیاوازە لەوی تر.

یەکێک لە بۆشاییەکانی نێو دونیای خوێندنەوە لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا نەبوونی “خوێنەری ڕیسککارە”. ئەم جۆرە خوێنەرە یەکێکە لە چانسە گرنگەکانی دروستبوونی نووسەر و وەرگێڕی نوێ و هاوکات کردنەوەی پانتاییەکی نوێیە بۆ ئیشکردنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، کە بتوانن هەم نووسەری نوێ بە دونیای ڕۆشنبیریی کوردی بناسێنن، هەم دەستگیرۆیی دروستبوون و پێگەیشتنی وەرگێڕی نوێ بکەن. خوێنەری ڕیسککار ئەو خوێنەرەیە کە جووڵەی نوێی فیکریی و مەعریفی دروست دەکات، کە ترسی نییە لە هیچ کتێبێک و فیکرێک و بە وشیارییەکی سەرەتاییەوە دەست بە خوێندنەوە دەکات و دەیەوێت بەرەو وشیاری باڵا هەنگاو بنێت.
لەلایەکی دیکەوە خوێنەری ڕیسککار ئەو خوێنەرەیە، کە هەمیشە لە گەڕان و بەدواداچوونی بەردەوامدایە بۆ دەستخستنی کتێبی نوێ و ناسینی نووسەر و وەرگێڕی نوێ. ڕیسک بە ژیان و کاتی خۆیەوە دەکات بۆ ئەوەی بە فیکر و ئەزموون و نهێنی نوێ بگات، لەڕێی ناسینی کتێبی نووسەران و وەرگێڕی نوێوە. ئەم خوێنەرە کەمتر سەرنجی دەچێتە سەر ئەو نووسەر و کتێبانەی کە هەموان خوێنەرین، بەڵام شاکارەکان و تێکستە دایکانەکانیش فەرامۆش ناکات و خوێنەری ئەوانیشە، وەلێ ئەو بۆ تامی میوەی تر و دۆزینەوەی سەرزەمینی تر دەگەڕێت و نایەوێت بە چەند نووسەر و کتێبێکەوە لە جێگەیەکی دیاریکراوەوە گیرۆدە بێت. خوێنەری ڕیسککار خوێنەرێکی کۆچەرییە و خوێندنەوە لای ئەو ڕێگایەکە بۆ گەیشتن هەزاران ڕێگەی نوێ کە بە زانینی نوێ دەگەیەنن، بەڵام زانینێک بەرهەمدار بێت، نەک زانینێکی ڕۆژانەیی، کە بۆ ژیان و ئەزموونکردن بەکار نەیەت.
چەند ساڵێک لەمەوبەر لە کتێبێکدا گوتەیەکی سەرنجڕاکێشم خوێندەوە کە نووسرابوو “کتێبەکان گەمژەییمان ئازار دەدات، بۆیە زۆرێک لە مرۆڤەکان لێی ڕادەکەن.” خوێنەری ڕیسککار ئەو خوێنەرەیە، کە ترسی لە ئازاردانی گەمژەیی خۆی نییە و ئەو زۆرجار (بە مەبەست) ئەو کتێبانە دەخوێنێتەوە، کە گەمژەیی ئازار دەدەن و دژ بە دۆگماکانی ئەون. ئەم جۆرە خوێنەرە لە شەڕێکی بەردەوامدایە لەگەڵ دۆگماکانی خۆی و بە بەردەوامی لێی هەڵدێت. ئەوەی سیمای دیار و هەمیشەیی ئەم خوێنەرەیە ئەوەیە، کە ترسی لە هیچ کتێب و فیکرێک نییە، بەڵکو هەموان دەخوێنێتەوە و وشیاریی لە ئاستێکدایە، کە لە شکاندنی بتەکانی نێو ناخی سڵ نەکاتەوە و ئاگاداری ئەوەشە کە بە بتی نوێ جێگەیان پڕ نەبێتەوە.
لە بەرامبەر خوێنەری ڕیسککاردا، خوێنەری ئاراستەکراو هەیە. ئەم جۆرە خوێنەرە دوای چێژی گشتی و حەزی ئەوانی دیکە دەکەوێت، زۆرجار تەنها شەیدای ئەو کتێبانەیە، کە خاوەنی خەڵاتن، یان پڕفرۆشترینن، ئیدی بۆی گرنگ نییە چ جۆرە کتێبێکە، ئەو تەنها دەیەوێت کتێبێک، کە هەموان بەدڵیانە ئەویش بیخوێنێتەوە، لەبەرئەوەی بووەتە شایستەی خەڵاتێک ئەویش ببێتە خوێنەری. خوێنەری لەمجۆرە زۆر بەکەمی گەشە دەکات و کەمترینیان لێ دەبێتە خوێنەری بەرهەمدار، چونکە هەمیشە لەنێو بازنەیەکدایە، کە هەمو؛ وان تێیدان و هاوئاهەنگە لەگەڵ چێژی گشتی.
خاڵێکی مەترسی لە خوێنەری ئاراستەکراودا ئەوەیە، کە دەشێ دواجار بەهۆی ئاراستەکردنیانەوە ببنە خوێنەرێکی فاشیستی و ببنە ه ەڵگری ئایدیای ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیکە. کتێب و جیهانی خوێندنەوە لەبری ئەوەی بیانکاتە بوونەوەری عەقڵکراوەی پلۆرالیست، دەیانکاتە بوونەری دۆگمانی عەقڵداخراو، کە هەمیشە ئامادەیی ئەوەیان تێدایە ئەوانەی وەکو ئەو بیر ناکەنەوە، یان دژی ئەو بیر دەکەنەوە ڕەتیان بکاتەوە، یان دژایەتییان بکات. بەهۆی ئەوەشی کە بوونەوەرێکی ئاراستەکراوە، هەر ناوە ناوە بەرگری لە جۆرێک لە ئایدیا و جۆرێک بابەتگەلێک دەکات، کە بەرەو ئەو ئاراستە کراوە. ئەم جۆرە خوێنەرە بوونەوەرێکی بێ ڕێگایە و سەوداسەری ئەوەیە، کە دوای ڕێگای ئەوانی دیکەدا بکەوێت و زۆر بە کەمیش هەوڵی ئەوە دەدات، کە ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە.
ئەگەر بە وردی سەرنجی دۆخی خوێنەری ئێستا بکەین چ لە کوردستان و چ لە وڵاتانی دیکەش، ئەوەی بەسەر هەموو لایەکی خوێنەردا باڵکێشە و زۆرترین ژمارە و ڕووبەر داگیر دەکات خوێنەری ئاراستەکراوە و بە هەزاران دەزگای جۆراوجۆری میدیایی و کەناڵی ڕاگەیاندن و حزب و گرووپ و ڕێکخراوی جۆراوجۆر کار لەسەر ئاراستەکردنی خوێنەر دەکەن بەرەو ئەو جێگایانەی هەر کەسە و بەپێی بەرژەوەندی ماددی و هزریی خۆی دەیەوێت خوێنەرانی بۆ ئاراستە بکات. ئەمەش سەرەتایەکە بۆ دروستبوونی جۆرێک لە سەرلێشێواوی لەلایەن خوێنەرانەوە و بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی جیدی ڕیسککاریش کەوتوونەتە داوی ئەو هەزاران کەناڵ و ڕێکخراو و گرووپانەی پەرە بە جۆرێک لە خوێنەر دەدەن، کە ئاراستەکراوی خۆیان بێت نەک خوێنەرێکی بیرکەرەوە بێت و خۆی ڕێگای خۆی دیاری بکات، نەک ئەوانی تر بۆ دیاری بکەن.
بێگومان هیچ ڕۆشنبیرییەک خاڵی نییە لە خوێنەری ئاراستەکراو، بەڵام ئەم جۆرە لە خوێنەرە، خوێنەرێکی بێکاریگەرە و هیچ جووڵەیەکی مەعریفی و کۆمەڵایەتی، بە ئاراستەیەکی دروستدا لێ ناکەوێتەوە. بەڵکو ئەوەی دەتوانێت جوڵەیەکی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بکات خوێنەری بیرکەرەوە و ڕێسککارە، کە بە ڕۆحێکی نوێ و خەون و خەیاڵی تازەوە هەمیشە بەرەو جیهانی نوێ و نوێتر هەنگاو دەنێت و کۆمەڵگەکانیش لەسەر دەستی ئەوان نوێ دەکرێنەوە و بەرەو ژیاری نوی هەنگاو دەنێن.
ئەو خوێنەرەی کە ئێستا ڕۆشنبیریی کوردی پێویستییەتی ئەو خوێنەرە نییە کە لەڕێی پەیجەکانی سۆشیالمیدیا و کەناڵەکانی دیکەوە ئاراستە دەکرێن، چونکە لەم جۆرە خوێنەرەکان گەلێک زۆرە. بەڵام ئەوەی غیابی لەنێو پانتایی ڕۆشنبیریی ئێمەدا زۆرە “خوێنەری ڕیسککارە” کە تا دێت بەرەو کەمی دەڕۆن و نموونەیان لەبری ئەوەی زیاد بکات تا دێت کەم دەبنەوە. هەر ئەمەشە بووەتە هۆی ئەوە دۆخی شیعر و نووسین و وەرگێڕانی کوردی، نەک گەشەی نەکردووە، بەڵکوو لە پاشەکشەیەکی مەترسیداردایە، پاشەکشەیەک کە چەند ساڵی داهاتوو مەترسییەکەی بەتەواوی دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەی دەتوانێت هێزێکی نوێ بە جوڵەی ڕۆشنبیریی و نووسەر و وەرگێڕی نوێ بدات تەنها و تەنها خوێنەری ڕیسککارە، کە خوێنەرێکی ئاراستە نەکراوە و خوێنەرێکە خۆی ئاراستەی خۆی دەدۆزێتەوە و بەرەو نوێ و نوێتر هەنگاو دەنێت.