رۆژنامەی ھەولێر

منیش لاو بووم

یەڵدا هەرکی

شۆخێک
کە زولفەکانی
لە خۆرئاوابوونی ڕەزی ترێ دەچوو،
کەس نەیدەزانی
لە دوا پێچی قژەکانیدا
چەند باڵندە
بە حەسرەتەوە دانیشتووە.

سێوێک بووم
کە خۆی
بۆ چێژی هیچ مرادێک
نەدەخستە خوار له دارەکە

پێدەکەنیم
بێ هۆکار
لە دڵی پیادەڕەوەکان
کە هەندێ کات
لە حزورم دەمانەوە

سەدا
ڕێک دادەنیشت
پاڵ چاڵی لێوەکانم
وەک باڵندەیەک
دەگەڕایەوە هێلانەکەی

جیهان، دەپێورا
بەڕێ دەکەوتم بێ پلان
بێ نیشانە
بەو کراسەی
بۆنی وشەی هەڵدەگرت
و گیرفانی پڕ
لە پارچە کاغەزی پرسیار بوون

منیش بەڕەنگ بووم
و لاویم
نە بۆنێک بوو لە کافێکاندا،
نە پێکەنینێکی چەلوز
بۆ سەرەنجێک
شۆڕشێکی تەنیایی بوو
نە دەستی ئاواڵەتی
نە زەردەخەنەی خوازی بینین
بە قەد تەنیایی خۆم
متمانەی نەبوو

هەر پلەکان
شیعرێکی ناتەواو بوو
“من”
نەدەترسا لە کەوتن
کە زەوی مەودایەکی تر بوو
کاتێک بۆنی ئەفلاتوون
بە جەستەی ئاوەزمدا لکابوو

ئێستا،
لە دەسپێکی چڵ ساڵاندام
هێشتا لەوەی دەمتوانی ببمێ
دوورم و
تاکە خاڵی گەشاوەی ئاوێنە
ژنێکە
لەژێر قەرزی
سووری هیچ هەنارێک نەماوە
لێوەکانی و
هەر تاڵی سپی قژی
نهێنی شۆخێکی شەنگە
کە دەیەوێت
بە جوانترین شێوەی بوونی
لە ناوەڕاستی چرچولۆچی پیربوونیدا
سەما بکات.