رۆژنامەی ھەولێر

ڕەتکردنەوەی کوێرانەی تێکستەکان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

یەکێک لە بنەماکانی دروستبوونی خوێنەری ڕاستەقینە، کە دواتر دەبێتە بنەمای پێوانەکردنی ڕۆشنبیربوونی ئەو خوێنەرە ئەوەیە بەردەوام گومان لە مەعریفە و ئاستی تێگەیشتنی خۆی بکات. ئەمەش وای لێ بکات، کە بکەوێتە سەر هەوڵدانی زیاتر و تێکۆشان بۆ ئەوەی باشتر لەو بابەتانە تێ بگات کە دەیانخوێنێتەوە و ئامانجی سەرەکی تێگەیشتن و بەهرەمەندبوون بێت لەو تێکستانە، نەک شتێکی دیکە.

لەئەزموونی خوێندنەوەی خۆمدا ئەگەر توانام بەسەر تێگەیشتن لە تێکستێک نەبووبێت، دەستبەجێ نووسەر و تێکستەکەم تاوانبار نەکردووە بەوەی هیچ نییە و نەکەوتوومەتە نەفرەتبەخشینەوە بۆ نووسەر و وەرگێڕ و دەزگای چاپەمەنییەکەی، بەڵکو سەرەتا گومانم لە مەعریفە و ئاستی تێگەیشتنی خۆم کردووە. دواتر پرسیارم کردووە و هەوڵمداوە وتار و تێگەیشتنی ئەوانی دیکە لەسەر ئەو تێکستە بخوێنمەوە و سەرنجی نووسەرانی تر و تێگەیشتنی خوێنەرانی تری لەبارەوە بزانم، بۆ ئەوەی بگەم بەو خاڵەی کە چ شتێکە من درکم نەکردووە و ئەوانی دیکە درکیان کردووە، یان هەڵەکە لە کوێدایە؟
خاڵێکی گرنگی خوێنەربوون ئەوەیە، کە مەرج نییە هەموان وەکو یەک بەر تێکستەکان بکەون و وەکو یەک چێژی بکەن. چێژکردنی هەر خوێنەرێک بۆ تێکستێک جیاوازی هەیە لەوی دیکە، دەشێ هەندێکمان ڕادەی چێژکردنمان لە یەکدییەوە نزیک بێت، بەڵام هەمیشە خاڵی جیاوازیشمان هەیە. ئەم خاڵە بنەمایەکی گرنگە بۆ ئەوەی بەبێ مەعریفە و تێگەیشتن تێکست ڕەت نەکەینەوە. لەو هەوڵە ڕەخنەییانەمدا، کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا داومن و بەشێکیان بڵاوکراونەتەوە. هەندێکجار ڕەخنەی توندم لە تێکستێک گرتووە و ڕەتیشم کردووەتەوە، بەڵام هەرگیز بەبێ پاساو و مەعریفە بۆچوونم دەر نەبڕیوە. کتێب فێرمان دەکات بەرامبەر بە وشە بەرپرسیار بین و لە کاتی ڕادەربڕین و باسکردنی هەر کتێبێک، یان بابەتێکدا سەرەتا بیر لە هەر وشەیەک بکەینەوە، کە دەمانەوێت بیخەینەڕوو و ئەو وشەیەش هێزی لە مەعریفە و تێگەیشتنێکی لوژیکیانەوە وەرگرتبێت، کە ئەو کۆنتێکستە دەیخوازێت.
هاوڕێیەکی خوێنەرم هەفتەی پێشوو ڕەخنەیەکی توندی لە کتێبی “بوون و نەبوون”ی جان پۆڵ سارتەر گرت و پێیوابوو کە “ئەو کتێبە هەر هیچی بەسەر هیچەوە نییە.” ئەم گوزارشتەی کەمێک شۆکی کردم. ئەو برادەرە خوێنەری فەلسەفە نییە بە ڕێکەوت ئەو کتێبەی خوێندووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە فەلسەفە بتۆرێت، ئەمە ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نەبوو ئەو حوکمە موتڵەقەی ئەو هاوڕێیە بوو، کە نەدەبوو چێژ و دونیابینی و ئاستی مەعریفی خۆی بکاتە پێوەر بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تێکستە.
دوو سێ هەڵە لە بۆچوونی ئەم هاوڕێیەدا هەیە لێرەدا هەوڵ دەدەم بە ڕوونی بیخەمەڕوو، یەکەم: پێویستە بزانین خوێنەری چ جۆرە کتێبێکین، ئەمە سەرەتایترین پرەنسیپی خوێنەربوونە. دووەم: گرنگە ئاگاداری ئەوە بین مەعریفەی ئێمە چەندە و سنووری تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان لە کوێدایە تا لە خۆوە تێکست ڕەت نەکەینەوە. سێیەم: فێری ئەوە بین هەرکات لە تێکستێک تێنەگەیشتین گومان لە ئاستی مەعریفی و تێگەیشتنی خۆمان بکەین. بێگومان بەبێ ئەم سێ خاڵە ناتوانین هەنگاوی جیدی لە بواری خوێندنەوە بنێین، چونکە دواتر دەکەوینە ئەوەی دەست بە “ڕەتکردنەوەیەکی کوێرانە”ی تێکستەکان و نووسەرەکان بکەین.
ڕەنگە کۆمیدیترین ڕەخنەیەک لەم ماوەیەی پێشوودا ئاگاداری بووبم ئەو ڕەخنەیەی نووسەرێک بوو کە بە ڕاست و چەپ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کەوتە ڕەتکردنەوە و شکاندنی نووسەران و بیرمەندان و پێیوابوو کە “نیتچە” هیچ نییە، دۆستۆیڤسکی نووسەرێکی قوماربازە و کانت هیچی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگەی کوردی پێ نییە و فۆکۆ بۆ ئەوروپا گرنگە نەک بۆ ئێمەی کورد. ئەم قسانە چەند کۆمیدی بکەوینەوە، بەڵام دیوێکی تراژیدی هەیە، کە نووسەرێک ڕێگە بەخۆی دەدات بەشێک لە میراسی فیکر و ئەدەبی خۆرئاوا ڕەت بکاتەوە بەبێ هیچ بەڵگە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێک ئەم بۆچوونانە دەربڕێت. ئەمە دەشێ وەکو گەورەترین تراژیدیای نێو نووسینی کوردی و نووسەری کورد بیبینین، چونکە لە هیچ کولتوورێکدا نییە نووسەرێک خۆی بە ڕەخنەگر و هەڵگری بڕوانامەی ئەکادیمی بزانێت بەم شێوەیە بکەوێتە ڕەتکردنەوەی گەورە نووسەران و بیرمەندان. بۆیە ئەمەش فۆڕمێکی دیکەی ڕەتکردنەوەی کوێرانەیە.
بێگومان نموونەکانی ڕەتکردنەوەی کوێرانەی تێکستەکان و نووسەرەکان زۆرە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتە تێپەڕێنین گرنگە هەمیشە گومان لە مەعریفە و تێگەیشتنی خۆمان بکەین و بەبێ بنەمای مەعریفی و میتۆدی تێکست و نووسەر ڕەت نەکەینەوە. ڕەخنەگرتن کارێکی گرنگ و بایەخدارە، بەڵام ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەی کوێرانەی تێکست کارێکی نادروستە و ناچێتە هیچ چوارچێوەیەکی دونیای خوێنەربوون و ڕۆشنبیرییەوە.