وەرگێڕان : شۆڕش غەفووری – هەولێر
لە سەردەمێکدا کە ئەدەبیاتی کلاسیک زۆرجار وەک میراتێکی کۆن تەماشا دەكرێت، یان لە باشترین حاڵەتدا وەک سەرچاوە و دەقێكە بۆ سینەما، بە ئاسانی ناتوانین وێنای ئەوە بکەین كە نووسەرێکی ڕووسیی سەدەی نۆزدەیەم بتوانێت لەناکاو ببێتە دەنگێکی بەهێزی نەوەی زێد (1997 تا 2012)، بەڵام (فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکی ـ Fyodor Dostoevsky)، كە وەك پەیامهێنەری تاریکی دەناسرێت، جارێکی تر نەک لە ڕێگەی ڕەهەندە ئەدەبییەكانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی شاشەكانی مۆبایل و پلاتفۆڕمەکانی وەک تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیكەوە گەڕاوەتەوە نێومان.
ئەم گەڕانەوەیە نۆستالۆژیایەکی ئەدەبیی سادە نییە. دۆستۆیۆڤسکی بۆ خوێنەری جەحێڵی ئەمڕۆ ـ خوێنەرێک کە لە جیهانێکی پڕ لە ناسەقامگیری دەژیت ـ تەنیا نووسەرێکی گەورە نییە؛ بەڵكو ئەو ئاوێنەیەکە، ئاوێنەیەک کە نەک تەنیا جیهانی دەرەوە، بەڵکو ڕەهەندە تاریکەکانی ڕۆحیش نیشان دەدات. لە سەردەمێکدا کە وەڵامە ڕەهاكان درۆیین دەردەکەون و، ڕیکلامەکانی هیوا و سەرکەوتنی کەسی زۆرجار لەسەر لێواری خەمۆکی و نایەکسانی بنیاد نراون، ئەوەی دۆستۆیۆڤسکی دەیخاتە ڕوو، نەك ڕزگاری، بەڵکو ڕاستگۆییەكی بێ پێچ و پەنایە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئازارەکان.
کریستۆفەر ئاکەرز، ستووننووسی ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز، دۆستۆیۆڤسکی بە “کوڕی گومان” ناو دەبات؛ نووسەرێک کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، هاوکات لەگەڵ باڵادەستبوونی زانستگەرایی، مادیگەرایی و هیومانیستیی ئەوروپی، چووە زگ ئەو ڕەهەند و توێیانەی كە شارستانیەتی ڕۆژئاوا چاوی لێ دەپۆشین وەك: شێتی، گومان، باوەڕ، گوناه و ڕاڕایی. ئەمانە لە سەدەی بیست و یەکەمدا، لە جیهانێک کە پڕۆژەی لیبریالیزمی دواخراو، بەڵێنە جێبەجێنەكردووەكانی خۆی واز لێ هێنا، چیتر چەمکێك نەبوون لە سەدەکانی نێوەڕاست، بەڵکو ئەزموونی ملیۆنان گەنجی نەوەی نوێ بوون و هەن.
ئەو پووچگەراییەی (نێهلیزم) کە دۆستۆیۆڤسکی لە “شەیتانەكان”ـدا لەگەڵی دەجەنگێت، ئەمڕۆ چیتر نەک تەنیا فەلسەفەیەکی لادەرانە، بەڵکو دۆخ و حاڵ و هەوایەکی گشتییە: باوەڕ بەوەی کە هیچ دامەزراوە، ئایدیۆلۆژیا یان ئاسۆیەکی مەعنەوی ناتوانێت وەڵامدەر بێت. کەسایەتییەکانی بەرهەمەكانی دۆستۆیۆڤسكی ـ ئیڤان کارامازۆف، ڕاسکۆلنیکۆف، شازادە میشکین ـ چیتر سیمبول و كەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەكان نین، بەڵکو نموونەی مرۆڤی هاوچەرخن کە لەنێو ئاپۆڕای زانیاری، ئازادییە ساختەكان و قەیرانە ئەخلاقییەکان، دەگەن بە بەتاڵبوون.
گرنگترین ئامرازی دۆستۆیۆڤسکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی مەعنەویی مرۆڤی مۆدێرن، پەڕجوو نییە بەڵکو چیرۆکە. لە “ئەفسانەی موقەتیشی گەورە”دا، ئەم شاکارە دەروون چیرۆکییەی نێو ڕۆمانی “برایانی کارامازۆف”، هەموو ئەو تەنگەژێ و پەشێویەی كە لە نێوان ئازادی و دەسەڵات، گومان و باوەڕدا هەیە، بە وتەیەکی سەرسوڕهێنەر دەرببڕدرێت. مەسیح، کە گەڕاوەتەوە، بێدەنگ دەبێت. لەبەرامبەر هەموو بەڵگە ئەقڵانی و هێزتەوەریی موقەتیشكەكە، تەنیا ماچێک دەکات. ئەم بێدەنگییە، ڕەنگە باشترین وەڵامی دۆستۆیۆڤسکی بێت بۆ جیهانێک کە دەیهەوێت بە داتا و شیکاركردن لە مانای ژیان تێبگات و کۆنتڕۆڵی بکات.
ڕەنگە هەر ئەم بێدەنگییە بێت کە نەوەی ئەمڕۆ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت؛ نەوەیەک کە لە هەرا و هۆسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕیکلامەکانی سەرمایەداری و سیاسەتە شکستخواردووەکان، بەدوای شتێکی زیاتر لە ڕووکارسازیی جیهانی هاوچەرخ دەگەڕێن. لە جیهانێکدا کە ئایدیۆلۆژیاکان ڕزیبون و ئەفسانەکان بەسەرچوون، دۆستۆیۆڤسکی بیرمان دەخاتەوە کە مانا نەک لە “وەڵام هەبوون”ـە بەڵکو لە “بەرگەگرتنی ئازار”دایە و دەدۆزرێتەوە.
ئەمڕۆ خوێندنەوەی دۆستۆیۆڤسکی تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ کلاسیکەکان؛ بەڵكو گەڕانەوەیە بۆ ئەزموونێک لە ئەدەبیات کە بە هەموو هێزیەوە دەروونی مرۆڤ پاچەكۆڵ دەكات، بەڵام دۆستۆیۆڤسکی، وەک هەموو نووسەرە گەورەکان، بێعەیب و عار نییە. دژەجوولەکەبوون و دژەکاتۆلیکبوونەكەی، ئەگەرچی جۆرێكە لە تێگەیشتنی چوارچێوەی مێژووی ڕووسیای سەدەی نۆزدەیەم، بەڵام هێشتا برینگەلێكن لەسەر بەرهەمانی، بەڵام ڕەنگە گەورەییەكەی ئەو لەوەدا بێت کە تەنانەت ئەو دەمەی هەڵدەخلیسکێت، ئێمە ناچار دەكات كە جارێکی دیكە لە خۆمان بپرسین: مرۆڤبوون مانای چییە؟ ئازار یانی چی؟ ئایا ئازادی بەبێ باوەڕ و ئیمان هەموارە؟
لەم ڕۆژانەدا نەوەی نوێ چیتر باوەڕ بە پاڵەوانی بێگەرد ناکەن و، دژایەتی وەک بەشێک لە ڕاستی هەژمار دەكەن، دۆستۆیۆڤسکی لەو کەمە نووسەرانەیە لەگەڵ هەموو دژایەتییەکانیشدا، هێشتا ڕاستگۆ دەمێنێتەوە. ئەو نە ڕێگەچارەیەك دەخاتە ڕوو و نە هیوای درۆیینیش دەبەخشێتەوە، بەڵكو ئەوەی پێشکەشی دەکات شتێکی گرانبەهاترە؛ تێڕوانینێك کە لە قووڵاییەوە هەڵدەقوڵێت نەک لە سادەییەوە، لە نێو دڵی تاریکییەوە دێتە دەرەوە، نەک لە ڕووناكییەکی دەستكردەوە.

