وهرگێڕانی: کامیل بۆکانی
تەمامە بێیەوە دیسان لەبەر پێت دابنێم گیانێ
لەوەش کەمتر شیاوی تۆ نییە هیچ جۆرە قوربانێ
درێژیی عومرەکەم هێندە لە بەختی خۆم دەخوازم تا
لە هەوری لوتفەوە داکاتە سەر ئەم خاکە بارانێ
لە نێوان دوو گراوا گەر بیابانێکی قاقڕ بێ
درەختی ئەرخەوان دەڕوێ لە جێی دڕکی موغەیلانێ
مەگەر ئەو لەیلییە نازانێ بێ دیداری روخساری
هەموو دنیا لەبۆ مەجنوونێ تەنگە چەشنی زیندانێ
مەخابن بۆ ئەوان کاتان کە من قەدرم نەزانیون
ئەوەی دووریی نەدیبێ قەدری دەستەملانێ نازانێ
نە من تەنیا گرفتارم لە نێو زولفی پەرێشانت
لە نێو هەر تاڵە موویێکی ئەسیر ماوە پەرێشانێ
دڵان دڕفێنێ ئەو فیتنەی لە نێو چاوانی تۆدایە
بە تەنیا تۆی لە شیرازێ هەبێ گەر تاقە فەتتانێ
شیاو نێ بێت و بڕژێنی لە خۆڕا خوێنەکەی سەعدی
بەڵام ئاسانە گەر هەتبێ بە خەتتی میر فەرمانێ
ئەگەر سەبرت هەبێ کاتی لەدەستچوو دێتەوە دیسان
بەهار کاتێک دەگا پیاو تێپەرێنێ وەرزی زستانێ

