هۆنیار عەبدوڵڵا ـ هەولێر
لە مەغریب تەڵاق لەناو هۆزە بیابانییەکانی باشوور: سوس و ئەتڵەسدا، هیچ کاتێک وەک لەکەیەکی کۆمەڵایەتی سەیر نەکراوە. لەوێ، ژن دوای تەڵاق بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت و پڕ ڕێز پێشوازی لێدەکرێت، وەک دەرفەتێک بۆ دەستپێکی نوێی ژیان.
ئاهەنگە پڕشکۆکانی بووکگواستنەوە تەنها وێنەی کۆتایی شادیبەخشی هەموو ژنێکی مەغریبی نین. بەڵکوو “کێکی ڕەش” و سەماگەلی شادومانی دوای جیابوونەوە، بوونەتە هێمای سەرەتایەکی تازە و ژیانێکی سەربەخۆ.
لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەرنجڕاکێشدا، هەندێک لە ژن و پیاوە مەغریبییەکان دەستیان کردووە بە سازدانی ئاهەنگی تەڵاق. ئەم ساتانە بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار دەکرێن و بە خۆشحاڵییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە.
تەڵاق لە کۆمەڵگەی بیابانیدا نەنگی نییە؛
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی ژنانی سەماکەر دەبینرێن، کە لە دەوری کێکی شۆکۆلاتەیی کە بە دەستەواژەی “تەڵاقدراوم و شانازی دەکەم” ڕازاوەتەوە. ئەم دیمەنانە، کە پێشتر وەک تابوو سەیر دەکران، ئێستا پڕن لە پێکەنین و هەستی ئازادی، نیشانەی ئەوەی کە ژیان بەردەوامە.
ئەمینە، ژنێکی بیابانییە و شاهیدی چەندین نەوەی ژن بووە کە ئاهەنگی دوای تەڵاقیان گێڕاوە. ئەو دەڵێت ئەمە نەریتێکی بەنرخی ناوچەکەیە و ئامانجی ئەوەیە ژنی تەڵاقدراو بە هێزەوە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە و هەست بە تەنیایی نەکات.
ئەمینە دەڵێت: ژن لە هۆزەکانی باشووری مەغریب، هیچ کاتێک بە چاوی کەمەوە سەیر نەکراوە ئەگەر هاوسەرگیرییەکەی سەرکەوتوو نەبووبێت. ئەو لە کۆمەڵگە دابڕاو نییە، بەڵکو بە شکۆمەندییەوە پێشوازی لێدەکرێت و ئاهەنگی بۆ سازدەکرێت، ئەمەش ڕێزێکە بۆ ئەو و مانای ئەوەیە کە دەتوانێت بە سەربەستی ژیان بکات.”
فوئاد بلمیر، مامۆستا و توێژەری کۆمەڵناسی دەڵێت: “دیاردەی ئاهەنگگێڕان بۆ تەڵاق، نیشانەی گۆڕانکارییەکی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتییە. تەڵاق، بەتایبەتی بۆ ژن، چیتر وەک شکستێکی شەخسی و کۆمەڵایەتی سەیر ناکرێت، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ ئازادبوون، خۆدۆزینەوە و بنیاتنانەوەی ژیانێکی نوێ.”
بلمیر پێیوایە ئەم گۆڕانکارییە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەرفەت دەدەن بە ژنان بۆ ئەوەی ئەزموونەکانی خۆیان بەیان بکەن و تۆماری بکەن، ئەمەش هاندەر بووە بۆ داهێنانی شێوازی نوێی ئاهەنگگێڕان کە جیابوونەوە وەک سەرەتایەکی گەش نیشان دەدەن.
بلمیر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕەوتە هەمیشە مانای خۆشیی ڕاستەقینە ناگەیەنێت و ڕەنگە هەندێک جار وەک کاردانەوەیەکی دەروونی یان میکانیزمێکی بەرگری بێت بۆ شاردنەوەی ئازار. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە هێشتا وەک شێوازێک لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو لەکە کۆمەڵایەتییە دادەنرێت کە بە وشەی “تەڵاقدراو” دەبەسترێتەوە.
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕەفتارە نوێیانە ڕەگوڕیشەیان لە نەریتە کۆنەکانی مەغریبدا هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، سوس و ئەتڵەس، کە لەوێ ژن دوای تەڵاقدان دەگەڕایەوە ناو کۆمەڵگەکەی خۆی و بە ڕێوڕەسمێکی ڕێزدارانە پێشوازی لێدەکرا.
سەرچاوە: الحدث

