زۆزان تقی الدین
مێزگردی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان؛ لە پلانێکی درێژمەودا و ئامانجداردا، وەک هێزێکی حزبی و حکومی ڕووبەڕووی قەیرانەکان و پێشهاتەکان بووەتەوە، بەڵام و چۆن و بە چ ڕێگایەك؟
هێزی ئافرەت، لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا، بە جۆرێک باڵی بەسەر جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی’ـدا کێشاوە، کە ڕەنگە لە ئاکامی باوەڕدا نەبێت، وەلێ جیهان لە ئێستادا، بە شێوەیەکی ڕەها، پشتی بەستووە بە کارامەیی و لێهاتوویی و بیرتیژیی ئافرەت. تا وای لێهاتووە، کە لە زۆربەی پلەبەندییەکاندا ئافرەت، پشکی شێری بەرکەوتووە.
زیاتر، ئەو هێزی جەزم و نەرم و نیانیەی ئافرەت بە جەرگـەوە ڕۆڵی پێ دەگێڕێت، کە هاوئاستە لەگەڵ بیرتیژییەکەی، بووەتە هەوێنی چارەسەری زۆربەی کێشە نێوخۆییەکان، بە تایبەت لە بازنەی هەرێمی’ـدا. بۆ نموونە، هێزی دەربڕینی وشەی (نا و نەخێر)، ئەوەندە بە ڕۆحێکی ڕژدی دیپلۆماسییەتەوە دەری دەبڕن، کە ڕاستەوخۆ کار لەسەر بڕیاری مێزگردە جیهانییەکان دەکات. هەروەك، خاتوو (لەیلا زانا)ـی سیاسەتڤان، کە یەکێک بووە لەو وێنە ڕەنگاوڕەنگە.
هەروەها، مێزگردی ئافرەت، تەنها خۆی لە کاری سیاسی و چاڵاکڤانی’ـدا ناگرێتەوە، چەمکی ژن و هێزەکەی لە ماڵەکەیدا سەرهەڵدەدات، لەو هزرە بێتاوان و جوانەی کە ئەم لە خەیاڵـەکانیدا نەخشاندوویەتی، وەك جوانێکی هەتاهەتایی ماڵ و ماڵداری. کورد گۆتەنی: “شێر هەر شێرە، چ نێرە چ مێرە”. لێرەدا، بە ئاشکرا، سەر دەخرێتە سەر هێز گرنگ نیە، ئافرەت بێ یاخود پیاو.
هاوکات، بەشێکی زۆری میهرەبانی و لوتفی ژن، لە مێزگردە نێوخۆییەکان’ـیشدا، ڕەنگیان داوەتەوە، بە نموونە، لە کاتێ دەرکردنی بڕیارێکی گونجاو بۆ یەکێك لە پارێزگاکان، لە ئاست مەینەتی و ئازارەکانیان، ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات، ڕێزدار (مەسرور
بارزانی)، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری پێدانی پلەی پارێزگاری بە ئافرەت دا!، ئەمە جگە لەوەی، لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمەوە تا کابینەی نۆیـەمی حکومەتی هەرێم، بەشێکی زۆری ڕانکــە دیارەکان وەبەر ڕەگەزی مێیەنە کەوتووە.
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە ئافرەت براوەی دیپلۆماسییەتی مێزگردی سیاسی و مەدەنی بووە، لەو بوارەدا بە ئازایانە توانیویەتی هێز و بازووی خۆی لە ماڵەکەی خۆیدا بباتـە دەرەوە و عەشایەری گۆتەنی: “چێشتێکی مزەوری پڕ ڤیتامین و سەوزە”، دروستبکات.
ئایا دەپرسی، ئاخۆ بۆ بــەندە کەیسی چێشتی مزەور یاخود هەروەك هــەژاری کوردناس لە پەرتووکەیدا دەفەرمووێت: “چێشتی مجێور”، و نازناویشی هەر ئەمەیە، بۆ هێناومـەتە ناو باسەکە؟، بێ شک، پرسیارێکی هەژی گۆتنـە و جێگای سەرنجە!.
ژن؛ بە هەموو مانا فەلسەفی و مێینەیی و ڕۆمانی و تەسەوف و دینی و کوردایەتییەوە، تەواوی هزری لە دەست و پەنجەکانیەوە ڕەنگ دەداتەوە، هزر و خەیاڵەکانی، هاوکات، ئاوات و بەهرە و ئامانجەکانی، تێکەڵ بە شتە هەبووەکانی نێو بەفرگری ماڵەوەی دەکات و چێشتیکی تێکەڵاو تەنیا لەو ئامراز و کەرەستانەی بەردەستی خۆی لێی دەنێت، ئااا ئەمە هێزی ئافرەت! ئەمەیە مێشکی ئاڵتوونی ئافرەت لەسەر مێزی گفتوگۆ.
سەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتنی مێزگری ئافرەت، بیرتیژی و دروستکردنی شتی نوێیە لە کەلوپەلی بەردەست و کۆن، بەڵێ داوای نوێگەری دەکات، لەگەڵت دام، بەڵام، لە نەبوونەوە نوێگەری دێنێتە ئاراوە.
شۆڕشی نهێنی یاخود بێدەنگ، هەر ئەمەم گەڕە، هەر ڕەوتێك، هەر شۆڕشێك، هەر بزووتنەوەیەك، گەر هێزی ناوەکی نەبوو، تەواوی هێزە دەرەکی و زلهێزەکانی دنیا پاڵپشتی بکەن، سەرناگرێ.
تۆی خوێنەر؛ بە ئەرک نەبێ بچۆرەوە بۆ ساڵی (١٩٥٢)ـز، ئەو کاتەی باوکی ڕۆحی نەتەوەییمان (مەلا مستەفا بارزانی)، لە نێو جەرگەی ڕۆشنبیرییەتەوە، جیا لە نالەباری بارودۆخ، بۆ بەڕێزیان بە نهێنی ڕەوتی مڕۆیی و ڕێکخراوی (یەکێتی ئافرەتانی کوردستان)ـی دانا؟، لەبەر ئەوەی کارێزمای کورد زۆر بە لێزانانە دەیزانی، بزاڤێك کەلە ماڵەوە توانیویەتی هزری بێشکە و لانکە(لاندك)، مێشکی نێرە و پیاو، بە قسەیەکی شیرین و گفتۆگۆیەکی میهرەبانانەوە، لەو پەڕی خراپی باری دارایی و ژین، و بگرە ناخۆشییەکانی ژیانی هاوسەرگیری’ـش، ئارام بکاتەوە و بیگۆڕێت بۆ کەیف و ماڵێکی خۆشئاسا، بە ئاسانانەش دەتوانێت لەسەر مێزی گفتۆگۆ دەستکەوتە ڕەها و ڕێژەییەکان، هەروەها، مافە دەستووری و یاسایی’ـیەکان، لەژێر دەستێکی زاڵم دەربێنێت. ئەمەیە هێزی ژن!
*ڕۆژنامەنووس و چالاکڤانی سیاسی

