ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەموو ساڵێک لە دوای ڕۆژی جیهانی شانۆوە ئیدی وزەیەکی نوێ دەکەوتە گیانی شانۆکاران و گرووپە شانۆییەکان و دەستیان بە نمایشە شانۆییەکان، یان ئامادەکارییەکان بۆ نمایشی شانۆیی دەکرد و لە هاوینی ئەو ساڵەدا چەند نمایشێکی پڕواتا و چێژبەخش و هەستناک پێشکەش دەکرا و دەبووە جێگەی سەرنجی بینەران و شانۆکارانی دیکە و گفتوگۆی ڕەخنەیی و شرۆڤەیشی بەدوای خۆیدا دەهێنا.
بیست ساڵێک لەمەوبەر لەو بینەرانە بووم، کە بەتامەزرۆییەکی زۆرەوە چاوەڕوانی نمایشە شانۆییەکان بووم، عەشقی من بۆ شانۆ گەلێک دێرینە لەو نمایشە کورتانەی خوێندنگە و دواتریش کۆڵانەکەمانەوە دەستی پێ کرد، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە گرووپە لۆکاڵییە شانۆییەکان سازیان دەکرد. ئەو عەشقە بە زیندووی مایەوە و ئێستاش بۆی دەژیم. شانۆ لەو هونەرانەیە ڕاستەوخۆ بەر بینەر دەکەوێت، من عاشقی ئەو زیندووێتی و ڕاستەوخۆییەم ئەوەش هۆکاری سەرەکی پەیوەستبوونی منە بەم هونەرەوە. لەو بیست ساڵەی ڕابردوودا کەم نمایشی شانۆیی هەبووە لە شاری سلێمانی بینەری نەبووبم، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا هیچ شانۆیەکی ئەوتۆ نە نمایش کراوە و نە ئەگەری نمایشی هەیە. دەشێ ئەمساڵ بۆ شانۆی کوردی ناوبنێین “ساڵی ماڵئاوایی شانۆی کوردی”، یان “ساڵی سەرهەڵگرتنی شانۆی کوردی”، چونکە تا ئێستا هۆڵەکانی شانۆ بێ نمایشن و بینەرانیش لە چاوەڕوانیدان.
دەکرێت بپرسین تیپ و گرووپە شانۆییەکان لەکوێن؟ ئایا توانای نمایشکردنی یەک بەرهەمی ساڵانەیان نییە؟ ئەدی شانۆکاران لە کوێن؟ ئەو لێشاوە شانۆکارەی کە زۆرجار لە هەموو چین و توێژەکانی دیکە دڵگەرمترن ئێستا لە کوێن؟ کوان نمایشەکانیان؟ کوان جوڵە و سروودەکانیان بۆ ئەمڕۆی ئێمە؟
لەم 10 ساڵەی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە شانۆکاران بەرەو سێکتەرەکانی دیکەی ژیان هەنگاویان نا پەڕینەوە بۆ سێکتەرەکانی وەکو (ڕاگەیاندن، ڕیکلام، دیزایین… و چەندینی دیکە) ئەمەش مافی سروشتی خۆیانە و من درک بەوە دەکەم، کە هونەر لەلای گەلی بچووک نابێتە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیان، بەڵام خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هونەریی کارێکە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە. هەر هونەرمەندێک/نووسەرێک لە هەر کایەیەکی مەعریفیدا بێت ئەگەر هونەر و نووسین بە عەشقەوە پەڕیبێتە نێو خوێنییەوە ناتوانێت دەستبەرداری بێت. دەستبەرداربوونی بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان/نووسەران، لە کاری هونەری و نووسین بەر ئەنجامی کاڵی و سادەیی عەشقەکە بووە، یان بە هەڵە پەڕیونەتەوە بۆ نێو ئەو دونیایە.
من بە وردی ئاگاداری ئەوەم، کە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ سیاسەتێکی هونەریی دروستیان نییە، بەڵام ئەی هونەرمەندان و شانۆکارانیش هیچ سیاسەتێکی هونەرییان نییە، عەشقەکەیان بۆ هونەر خستووەتەلاوە و بوونەتە مرۆڤی میدیاکار، ڕیکلامکار، دیزاینەر.. ئەی هونەرەکەیان بە کێ سپاردووە؟ کێ قەرەبووی پشتکردنە هونەر دەکاتەوە؟
بەشێک لە پەرەسەندنی ئەو لێشاوە کارە ناهونەرییەی لە سۆشیال میدیاوە بەناوی هونەرەوە پەخش دەکرێت بەرهەمی نەبوونی هونەرێکی جیدییە. نەبوونی هونەرێکی جیدی و بێدەنگی هونەرمەندانی جیدی سەرەتاییەکە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ هونەر بازاڕیی ئاستنزم و ماڵئاوایی لە کولتوورێک، کە دەبێتە بونیادنانی مرۆڤێکی شارستانی.
نەبوونی نمایشی شانۆیی تەنها هەواڵێکی ڕاگوزەر نییە، کە بە بەهانەی نەبوونی بودجەی تەرخانکراوەوە شانۆکاران پشت لە شانۆ بکەن. بەڵکو نەبوونی نمایشی شانۆیی نیشانەی هەرەسێکی کولتووری گەورەیە، کە دەیسەلمێنێت ئێمە پەیوەستی هونەر و کولتوورێکی بەرز نین کە شانۆیە. شانۆ لە کۆنترین هونەرەکان و بەرزتریین هونەرەکانە. سینەما بەو هێزە گەورە و زەبەلاحەی خۆیەوە نەیتوانی بیسڕێتەوە، لە هەندێک کۆمەڵگەدا لاوازی کردووە، بەڵام لە کۆمەڵگە زیندووەکاندا شانۆ هێشتا هونەرە ڕەسەنەکەیە، کە بینەران لەگەڵ خۆی ئاوێتە دەکات و دەبێتە بزوێنەری هونەر و ئەدەبێکی جیدی و دواجاریش لەدایکبوونی ڕەخنەیەکی چالاک لە فەزای ڕۆشنبیرییدا.
ساڵ هێشتا لەنیوەدایە، من نائومێد نیم لە نمایشی شانۆیی جاد، بەڵکو چاوەڕوانی نمایشی شانۆییم، بەڵام ویستم لەڕێی ئەم وتارەوە پەیامی بینەرێک بگەیەنم، کە ساڵانە چاودێر و چاوەڕوانی نمایشە شانۆییەکانە و هێشتا لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە.

