رۆژنامەی ھەولێر

بورهان بەرزنجی و حەزی نۆستالژی

دكتۆر عێزەدین بیبانی *

 

یەكێكە لە جۆرەكانی نۆستالژیای تاك، نۆستالژیای گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو و دووری یار: گەڕانەوە بۆخۆشی و ناخۆشی و تاڵیی ڕابردوو، گەڕانەوە بۆ سەردەمی پڕ سەروەری، گەڕانەوە بۆ خۆشی و شادییەكانی ڕابردوو، ئەو خۆشییانەی، كە ئێستا نەماون و گەڕانەوەیان ئەستەمە.
گەڕانەوەش بۆ ڕابردوو، تایبەت نییە بە چینێك یان قۆناغێكی دیاریكراو، بەڵكو دەشێت زۆربەی چینەكانی كۆمەڵگا ئەم هەستەیان هەبێت؛ لە هەموو كات و سەردەمێكیش ڕەنگی داوەتەوە، چونكە مرۆڤ بە سروشتی خۆی هەردەم لە بیركردنەوەیەكی بەردەوامدایە، بەجۆرێك بیركردنەوەی مرۆڤ بۆ چركەساتێكیش ناوەستێت. چەندین بابەت هەن، كە ڕۆژانە هزر و بیری مرۆڤ داگیر دەكەن، بیركردنەوە لە ئێستا، لە ئەوسا، لە ناوپاش (داهاتوو)، ئەمانە هەموو لە خەیاڵدانی مرۆڤدا ئامادەگییان هەیە، هەندێك له شارەزایانی بواری دەروونزانی دەڵێن: چەقینی مرۆڤ لە ڕابردوودا و زۆربیركردنەوە لەو شتانەی تێپەڕیون و، گەڕانەوەیان زۆر ئەستەمە، نەرێنی و ناخۆشە! بۆیە پێویستە مرۆڤ سوود لە ڕووداوی ڕابردوو وەربگرێت و بیكاتە چرای خۆشبەختی و هەنگاونان بەرەو دواڕۆژێكی گەشتر، نەك خەم و حەسرەتخواردن بۆ ڕابردوو و داگیركردنی خەیاڵی، هەمیشە نۆستالژیا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە لایەنی دەروونییەوە هەیە؛ توخمی كات و شوێن هەردووکیان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی نۆستالژیا.
دەقی (ئەم خۆشەویستیەت لێ دێ)ـیەکەی بورهان بەرزنجی، گەیشتنە بە لوتكەی حاڵەتی نۆستالژی، كاتێك دەڵێ:
زۆر بە هێمنی پێی وتم:
ئەم خۆشەویستیەت لێ دێ.
بیرت ماوە چ ڕەنگی تۆخی باوەش و
گوڵەكانیت خۆ بیر ناچێ
چۆن عەتریان پیا كردی
بیرتە دوگمەی سنگی قسەم كرایەوە و
تۆش چۆن بە ئاوی كەوسەری لێوەكانت
وەڵامت بۆ ئەدایەوە،
بیرت ماوە چۆن پەنجەكانت شمشاڵ بوون
پەلەكانت ئەیانژەنی و
هەنێ هەوری قرچ و لۆچی نەیارانیش
پێڵاوەكانی دیداریان تەڕ ئەكردین
جێژوانیش چەند بە جوانی،
شوێنپێكانی هەڵئەگرتین
لەو ڕۆژەوە
من بارانم و
تۆش هەوریت و لە باوەشی
وەفاداریی منا نووستوی…
د. بورهان بەرزنجی :2021، ل 37
نۆستالژیا، تەواوی دەقەكەی داگیر كردووە، وەكو دەڵێن: ئەشق لای مرۆڤ دۆخێكە لە وەرچەرخان و بزاوتنی بەردەوامدایە، بارێكی ناجێگیرە و هەڵپە و هەڵچونێكە، كە لە دڵەوە دەردەچێت نەك ئەقڵ، مرۆڤ زۆرجار بەهۆی دووری لە خۆشەویستەكەی، بە خەیاڵ بەرەو یادەوەرییەكانی ڕابردووی دەگەڕێتەوە و درێژە بەتەمەنی ئەشقەكەی دەدات، لە خەم و حەسرەتی دووری لە یار، شاعیر تووشی بارێكی ئاڵۆزی دەروونی بووە و گەیشتووە بە لوتكەی حاڵەتی نۆستالژیا؛ بورهان بەرزنجی بە سوودوەرگرتن لە هەستەكان (بینین و بیستن و بۆنكردنەوە) دەست دەكات بە گێڕانەوەی یادگارییەكانی ڕابردوو، ئەو ڕابردووەی پڕ بووە لە جوانی و هیوا. بورهان بەرزنجی حەز و ئارەزووی گەڕانەوەی هەیە بۆ یاد و یادەوەریی ئەو خۆشەویستییەی، نەیتوانیوە ئاهی دڵی تێر بكات، ئەوەش كاریگەییەكی زۆری لە دەروونیدا بەجێ هێشتووە، تووشی حاڵەتی نۆستالژیی كردووە، بەجۆرێك شاعیر ئارەزووی دووبارەبوونەوەی ئەو ئەشقە دەكات، ئەشقێك تووشی خەم و فرمێسكی نەبڕاوەی كردووە و هۆشی لێ داگیر كردووە، چونكە نۆستالژیا بەئاواتی ئەوەوەیە، كە شتە لەدەستچووەكانی ڕۆژگاری ئەوسا، ئێستا بهێنێتەوە بەردەست، ئاماژەدان و بەبیریارهێنانەوەی كات و شوێنی بەیەكگەیشتنی خۆی و خۆشەویستەكەی، نیشانە و ئاماژەی نۆستالژیایەكی تەواوی پڕحەزی دووبارەگەیشتنەوەیە بەیار و خەم و پەرێشانی شاعیرە، ئاماژەی ئەوەیە شاعیر بەقۆناغێكی پڕخەم و ئازاری دووری ئەشقدا تێپەڕیوە، شاعیر خەم بۆ ڕۆژانی پڕ لە جوانی و كاتە پڕ چێژەكان دەخوات، هەر ئەمەیە وادەكات ئاوڕ لە ڕابردوو بداتەوە، ئەو ڕۆژگارەی لەگەڵ یار، پێکەوە بوون مایەی شادمانی بووە، ڕۆژانێكی پڕ لە مەستی و دەستبازیی بووە، ئەمانە وادەكەن شاعیر بەئومێد و هیواوە لە داهاتوو بڕوانێ. لێرەدا تایبەتمەندییەكی بورهان بەرزنجی بەدی دەكریت، كە بە دەگمەن لای شاعیرانی تر دەبینرێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر دووری یار لای شاعیرانی تر بووبێتە هۆی بەرهەمهینانی نۆستالژیایەكی پڕ لەخەم و حەسرەتی بەردەوام، حاڵەتی نەخوازراو و ناخۆش بەجێ دەهێڵێ، بەڵام كاتێك دەڵێ:
لەو ڕۆژەوە
من بارانم و
تۆش هەوریت و
لە باوەشی وەفاداریی منا نووستوی!
ئەم وێنانە بۆتە هۆی دڵخۆشی و دلنەوایی شاعیر و ئومێدی بەردەوامی ژیانی پێ بەخشیوە. بوونەتەهۆی ئەوەی هەمیشە ئومێدی دووبارەبونەوەی ساتەخۆش و ئەفسووناوییەكان لە دەروونی شاعیردا بچێنن.

* مامۆستای بەشی كوردی لە زانكۆی كەركووك