خدر ئیبراهیم خدر
ئەمڕۆکە ئەزموونی نووسینەوەی بیرەوەری یاخود تۆماری ڕۆژانی رابردوو، بارگاوییە بە جۆرێک لە پاشاگەردانی و زیادەڕەوی و بەلاڕیدابردنی ڕاستییەکان لە رووی ناوەرۆک و ئاراستەی نووسینەوە؛ ئاخر زۆرینەیان لەو بابەتەدا رووداو و پیشهاتەکانی رابردوو لە ڕوانگەی خۆیانەوە تۆمار دەکەن و لە پەنایشیەوە ویستگە جیاوازەکانی تەمەنیان بەسەر دەکەنەوە، لەلایەک نمایەکی سۆپەرمانئاسا دەدەن بە کەسێتی خۆیان وەک کەسی گێڕەرەوە کە لە ماوەی تەمەنی فیزیکی خۆیاندا نمایشیان کردووە، لەلایەکی تریشەوە، سیفەتگەلێکی میسالی دەبەخشن بە بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت و پارتە سیاسییەکەیان، بۆیە ئاسان نییە لەو میانەدا بتوانین نووسراوێک بژاردە بکەین و بیخوێنینەوە و، بۆ ئەوە بشێت چەند وشەیەکی ئەرێنیی لەبارەوە بنووسین، یاخود بە دیوێکی خوازراو و ڕەزامەندهێندا ڕانان و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.
*
کتێبی (تەمەن و ئەزموون) کە بەڕێز (مامۆستا عەبدوڵڵا ساڵح) یاخود (مامۆستا عەبدە) نووسیویەتی و ساڵی ٢٠٢١ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، سەرباری ئەوەی وەک یەکەم ئەزموونی وی لە بواری نووسینی کتێب و بڵاوکردنەوەدا، بەدەر نییە لە سەرنج و تێبینی، بەڵام ئەوە دەهێنێت لای لێ بکرێتەوە و بە وردی بخوێنرێتەوە و، لە توێی وتارێکدا هەندێک قسەی لەبارەوە بکرێت.
کتێبەکە لە ڕووی قەبارەوە گەورەیە و لە (٣٠٨) لاپەڕە پێک هاتووە، جگە لە (سەرەتایەکی پێویست) کە بەڕێز (مامۆستا عەبدە) خۆی نووسیویەتی و (پێشەکییەک) کە بەڕێز (مامۆستا بورهان) نووسیویەتی، بەگشتی دابەش کراوە بەسەر (٨٧) ناونیشاندا کە هەر یەکێکیان بەگوێرەی توانست و چەندایەتیی ڕووداو و پێشهاتەکان تیایدا، نووسەر قسەی لەسەر کردوونە. جگە لەوە، لە پاشبەندی کتێبەکەشدا، چەند لاپەڕەیەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ کۆمەڵیک فۆتۆی ئەرشیفی تەرخان کراوە و تیایدا ژمارەیەک فۆتۆ بە جیاوازی زەمەنە مێژووییەکانیانەوە بەرچاو خراون.
نووسەر لەم کتێبەدا، هەروەک خۆی لەسەر بەرگ ئاماژەی پێ کردووە (گۆشەیەک لە بیرەوەرییەکانی) خۆی تۆماردووە و مەبەستی بووە پێشهات و رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو ژیانی خۆی بەتایبەتی و کەسوکاری بە گشتی تۆمار بکات. هاوکات بەشێکیشی تەرخان کردووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەزموونی مامۆستایەتی خۆی کە ساڵانێک ئەو پیشەیەی لەئەستۆ گرتووە. لە پەنا ئەوەشەوە تیشکی خستۆتە سەر دوو لایەنی دی، ئەوانیش بریتین لە ئەزموونی سیاسیی خۆی و ئەزموونی ژیانی غەریبی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵاتدا. ئەوەی لە ئەزموونی ژیانی غەریبی ویدا دەبینرێت ئەوەیە کە چوونی بۆ شاری بەغدا پەیوەست بووە بە خواستێکی خوازراوی خودییەوە، بەو پێیەی بە مەبەستی خوێندن ڕووی لەوێ کردووە. هەرچی جۆرەکەی تریانە کە چوونی وییە بۆ تورکیا و بەریتانیا، پەیوەست بووە بە خواستیكی ناچارییەوە کە لە زۆر ڕەهەندەوە هەلومەرجە نابابەتییەکانی وڵاتی لەپشتەوە بووە.
هەڵبەت، ئەم کتێبە جگە لەوەی تۆمارێکە بۆ چەندین ویستگەی ژیانی نووسەر، لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە بەشێک لەو پێشهات و ڕووداوانەی بەسەر کردۆتەوە کە پەیوەستن بە ڕابردووی شاری قەڵادزێ و دەڤەری پشدەرەوە بە تایبەتی و، کۆی نیشتمان بە گشتی. لەمەشەوە دەتوانین بڵێێن کە وەک تۆمارێک دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی زۆر لایەنی مێژوویی ئەو شار و ناوچەیە بەدیوێکی ئەرێنیدا. بەتایبەتیش ئەو پێشهات و ڕووداوانەی نیازیان بەوە بووە بە دیوێکی ڕاستگۆیانەدا پشتڕاست بکرێنەوە و لە فۆرمێکی دوور لە ڕتووشدا قسەیان لەبارەوە بکرێت و داتای زانیارییەکانیان دەستنیشان بکرێت. بێگومان بۆ هەندێک شار و ناوچەی تریش هەروا، بەوپێیەی لە پەنای ئەو یادەوەرریانەدا لای لێ کردوونەتەوە و قسەی لەبارەوە کردوونە.
لە کاتێدا وەک کەسێک کە بیر و ئایدیایەکی یەکسانخوازی هەڵگرتووە، کۆششی کردووە خەبات و ماندووبوونی لەپێناو کۆی مرۆڤایەتیدا بێت، هاوکاتیش لەوە بەئاگا بووە کە کۆشش و هەنگاونانی لەو چوارچێوەیەدا ئاسان نییە و دەیان بەربەست و ڕێگری گەورە و بچووکی دێتە بەردەم. بەلام تا کوێ ئەو کۆششانەی لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەنجامیان هەبووە، ئەوە قسەیەکی ترە.
*
بەڕێز (مامۆدستا عەبدە) لەسەر بەرگی دواوەی کیتیبەکەی، پوختەی مەبەستی خۆی لە نووسینەوەی ئەو یادەوەریانەدا بۆ خوێنەران خستۆتە روو و، تیایدا ئەو وتەزایەی رەت کردۆتەوە کە وای دەبینێت بێدەنگی لە قسەکردن لەپێشتر و گرنگترە، هەروەک لە فۆرمە باوەکەدا دەوترێت (ئەگەر قسەکردن لە زیو بێت، ئەوە بێدەنگی لە زێرە). لە ئەلتەرناتیڤی ئەوەدا، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە (ئەگەر بێدەنگی لە زیو بێت، ئەوا قسەکردن لە زێڕە . ئەمەش بەدیوە شاراوەکەیدا دوو شتمان پێدەڵێت: لەلایەک دەکرێت نووسینی ئەو یادەوەریانە وەک پارچەکردارێک بێت لەبەرامبەر ئەو زیانە مەعنەوییەی بەریکەوتووە لەبەرەنجامی بێدەنگبوونی لە ئاست خەبات و تێکۆشانیدا بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە. لەلایەکی تریشەوە دەکرێت وەک هەر مرۆڤێکی تر کە چەندین ویستگەی تەمەنی تێدەپەڕاندووە، مەبەستی بووبێت بەشێ لەو یادەوەرییانە تۆماربکات كە شایستەی لەسەر وەستانن و دەتوانن سوود بە کەسە نزیکەکانی خۆی لەلایەک و خوێنەران لەلایەکی تر بگەیەنن. بەتایبەتی ئەوانەی ئەزموونی ژیانی پێش ڕاپەڕین و کۆڕەویان نییە و سەر لە زۆرینەی پێشهات و ڕووداوەکانی ئەو سەروەختە دەرناکەن. هەرکامێک لەو دووانە درووست بن، جیاوازیەک لەوەدا درووست ناکات کە ئەو کارەی بەڕێز (مامۆستا عەبدە) جێگەی دەستخۆشییە و شایستەی ئەوەشە بەهەندبگیرێت.
بەڕێز (مامۆستا عەبدە) لەبەرگی دواوەی کتیبەکەیدا ئەو وشانەی نووسیون:
” لەنێو ئەو دونیا جەنجاڵەدا، لەنێو ململانێی سەختی ژیاندا، ئەگەر قسە نەکەیت و هەڵوێستت نەبێت، ئەوا کەس ناتبینێت. ئەگەر تەنیا سەر ڕاوەشێنی بە نیشانەی ڕازیبوون، یا هەڵچی و تووڕەببیت بە نیشانەی ڕەتکردنەوە، ئەوا دڵنیابە لە ڕێڕەوی ژیان دوواکەوتووی. جیا لەوەی ڕۆڵێکی ئەوتۆشت نەبووە لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکاندا. چونکە هەردوو هەڵوێستەکە، پێویستیان بە بیرکردنەوە و خۆماندووکردن نییە و وەک ماسی مردوو لەگەڵ ڕێڕەوی شەپۆل دەڕۆن. ئەوەی تۆ دەناسێنێ گوتار و کردارتە، دەور و نەخشی خۆتە لە ئاڵوگۆڕی نێو کۆمەڵگە جا بەهەر لایەکدا بێت. بەڵام مەبەستی من لەو ئاڵوگۆڕەیە کە دنیایەکی ئاسوودە و یەکسان بۆ هەمووان دابین بکات.
خۆشحاڵ دەبم ئەگەر توانیبێتم ئەو راستییەی سەرەوە لەم کتێبەدا جێ بکەمەوە و ئەم بەشە لە ئەزموونی ژیانم، ڕاستییەکی ئاوا، تیایدا رەنگی دابێتەوە. ئەوەی تا چەند سەرکەوتوو بوومە لە پێکانی ئەو ئامانجەدا، ئەوە بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵم.
پیاوێکی شیکپۆشی خاوێن کە لەسەر نووکی پەنجە دەڕۆیی، بە فیزێکەوە لە (سۆکرات)ـی پرسی: ها چۆنم دەبینی؟ (سۆکرات) لە وەڵامدا وتی: قسە بکە تا بتبینم! ”
*
بێگومان پاشخانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی بەڕێز (مامۆستا عەبدە) پێمان دەڵێت کە لە نووسینەوەی یادەوەرییەکانیدا چەندی یادگەی یارمەتیی دابێت، هەوڵی داوە، بە باشی خاڵ بخاتە سەر پیتەکان، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەموو قسە و دەربڕین و نووسینێک هەلومەرجی خودی و بابەتی خۆی هەیە تا بەیان بکرێت، بۆیە ئەویش نەیتوانیوە هەموو ئەوە بخاتە سەر کاغەز کە پێویستە بنووسریت و تۆمار بکرێت. ئیدی ئەوەی ماوەتەوە، یان بە یەکجاری لە یادگەیدا دەیهێڵێتەوە و دەیپارێزرێت، یاخود لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا دەیخاتە ڕوو. ئەوەش پەیوەستە بە بیرکردنەوە و تێڕوانینە تاکەکەسییەی خۆیەوە.
*
من وایدەبینم کە تۆمارکردنی ئەم بیرەوەرییانە دوو ئاکامی لێ دەکەوێتەوە کە یەکێکیان ئەوەیە لە قازانجی نووسەر تەواو دەبێت، بەوپێیەی تۆمارکردنی ئەو یادەوەرییانە دەبنە تۆمارێکی زیندوو کە ئەزموونە فیعلییەکانی نووسەری گرتۆتە خۆیی و لێیەوە دەتوانێت جۆرێک لە شکۆی مەعنەوی نوێێ لێ بەدەستبخات بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەوانەدا کە لە ڕابردوودا بەوهێندە لە وردەکاری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو ئاگادارنەبوون. هەروەها دەشتوانێت بیکاتە بنەمایەک بۆ کار و چالاکییەکانی داهاتوویی و سوود لە ئەزموونەکانیشی وەربگرێت بە هەردوو دیوەکەیدا؛ خوازراو و نەخوازراو. ئەوی تریشیان ئەوەیە ئەوانە لێی بەهرەمەند دەبن کە بە وردی دەیخوێننەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی مەبەستیانە لە دوێنێی نیشتمان ئاگادار بن.
*
هەرچەندە ئەم کتێبە، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە و بەلای منەوە شایستەی ئەوەیە لە بەرامبەریدا دەستخۆشی لە نووسەرەکەی بکرێت، بەڵام هیشتا وەک هەر کتێب و نووسراوێکی تر کە بەرهەمی زەین و بیرکردنەوەی مرۆڤە، لە خەوش و کەموکووڕی بەدەر نییە. بۆیە لێرەدا بە پەسەندی دەزانم لە ڕوانگەی خۆمەوە ئەو سەرنج و تێبینیانەم تۆمار بکەم کە وایدەبینم لە هەندێک ڕووەوە چلۆنایەتیی کتێبەکەیان کاڵ کردۆتەوە (ئەگەرچی خۆشبەختانە لە ڕادەیەکی سنوورداردان). ئومێد دەکەم بەڕێز (مامۆستا عەبدە) بە دیوە بنیاتنەرەکەیدا قبووڵیان بکات و لە چاپەکانی داهاتووی کتێبەکەیدا، بەهەندیان بگرێت.
سەرنج و تێبییەکان:
– کتێبەکە بە فۆنتێکی ورد نووسراوە. ئەمەش لەلایەک دەشێت هەوڵێک بووبێت لەلایەن نووسەرەوە بۆ خۆدوورگرتن لە گەورەبوونی زیاتری قەبارەی کتێبەکە و لەو ڕێگەیەشەوە تێچووی ماددی کتێبەکە کەمتر بکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە، دەشێت بگەڕێتەوە بۆ بڕیار و سەلیقەی دیزایینکار کە وای مەزەندە کردبێت لە ڕووی هونەرییەوە ئەم چەشنە فۆنتە وردە خوازراوترە بۆ خوێنەران. بێگومان لە هەردوو باردا، بە زیانی خوێنەر تەواو بووە و لە خوێندنەوەیدا مادووبوونی پێوە دەچێژێت.
– هەرچەندە زمانی کتێبەکە وەک دەربڕین بە گشتی پاراو و جوانە، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆی ئەوەی رێگە لە هەڵەی ڕینووس و خاڵبەندی بگرێت، کە لێرەولەوێ بەسەر پانتایی لاپەڕەکانیەوە دەبینرێت و سەرنجی خوێنەری شارەزا بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. بەداخەوە ئەو هەڵانە لە ڕێنووس و خاڵبەندی و تەنانەت وشەسازیدا بەرگی دواوەی کتێبەکەشی گرتۆتەوە. لەو ڕووەشەوە، خۆزگەم دەخواست نووسەر بەتەنگ ئەو لایەنەوە هاتبا و ڕێگەی لەوە گرتبا وەک ئەدگارێکی نەرێنی (ئەگەرچی بەرفراوانیش نەبێت) بەسەر لاپەڕەکانی کتێبەکەیەوە ببینرێت.
– جگە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر فۆتۆی خێزانی لەناو کتێبەکەدا کە لە هەندێک ڕووەوە ناوەڕۆکی یادەورییەکانی لە چوارچێوەیەکی زۆر خودیدا قەتیسکردووە، هاوکاتیش بەهۆی بچووککردنەوە و تێچڕژاندنیان لەگەڵ نووسینی لاپەڕەکاندا، بەهای هونەرییان کەم بۆتەوە. وایدەبینم بۆ نووسەر وا پەسەندتر بوو کۆی فۆتۆ ئەرشیفییەکانی لە دوا لاپەڕيدا بە شێوەی (پاشبەند) دانابا و لەژێر هەر فۆتۆیەکیشدا کورتەزانیارییەکی تۆمار کردبا کە ناوی کەسەکان و شوێن و ساڵی تیادا دەستنیشان کرابا. هاوکاتیش بەگوێرەی ڕیزبەندی ڕووداوەکان دانرابان.
– هەرچەندە بەگوێرەی ئەو ناونیشانانەی بۆ یادەوەرییەکان دانراون، هەوڵ دراوە لە فۆرمێکی ئاسۆییدا پێشهات و ڕوداوەکان بنووسرێن و ئاماژەیان بۆ بکرێت، بەڵام هێشتا جۆرێک لە تێکەڵی بەسەر کۆی یادەورییەکاندا زاڵە و هەندێک لە وستگە میژووییەکان تێکچڕژاون.
– بەرگی کتیبەکە قەرەباڵغە و پێویست نەبوو بۆ ناساندنی نووسەر، سێ جۆر ناو ئاماژەی پێ بکرێت. بەڵکو دەکرا لەپەنا ئاماژەکردن بۆ ناوی سیانی خاوەن کتێب، هاوکات ئەو نازناوەش بنووسرابا کە لە ڕووی کۆمەلایەتی و سیاسییەوە زۆرتر پێی ناسراوە.
*
دواجار، لەگەڵ ڕێزم بۆ بەڕێز (مامۆستا عەبدە)، ئومێد دەکەم ئەو وشانەم بەو دیوەدا لێ وەربگرێت کە من نیازمە، ئەویش دڵسۆزی و خەمخۆرییە و هیچی دی…
تێبینییەکی پێویست: لە رووی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە کەمێک ئەو چەند دێڕەم پوخت کردۆتەوە کە نووسەر لەسەر بەرگی دواوەی کتیبەکەی نووسیویەتی و گواستوومەتەوە ناو وتارەکەم، چونکە وەک خەمخۆر و هەوادارێکی زمانی شیرینی کوردی، نەمتوانی وەک خۆی بینووسمەوە.
* تەمەن و ئەزموون، عەبدوڵڵا ساڵح، چاپخانەی پاشا، ٢٠٢١

