رۆژنامەی ھەولێر

ئەو نامەیەی تەنیا بۆ تۆی دەنێرم

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

چڵە نێرگزی عەشقت
لە بەرۆکی خۆم دەدەم
لە تەک سێبەرەکەمدا
بەناو شاردا دەگەڕێم
هەر بە ئەنقەست دەمەوێ
یار و نەیار بیبینن
جەنجاڵی شەقامەکان
ژاوەژاوی ڕێبواران
پیاوە چاوچنۆکەکان
ژنەکانیش دەزانن
نێرگز و یەخە و پیاسە
سێ نیشانەی ئەوینن
بازنەی قەراتێ دەبڕم
بێ دەنگ حەیرانێک دەچڕم
لە سینەمدا سەربوردەی
بە ناوی تۆ چنراوە
بێ ئاگا لە دەوروبەر
لەناو چەقی ڕێگادا
بە تەنیا سەما دەکەم
ئاوریشمی پێش خۆراوا
لە لەشم دەئاڵێنم
کە بە ڕەنگی پاییزان
لەناو چاوتا تەنراوە
شەوێ، چڵە نێرگز و بەرۆک و سێبەرەکەم
پیاسە و ڕێگە و خۆرئاوا
حەیران و بێ ئاگایی
سەما و پاییز و چاوت
دەیانکەم بە هەڵبەستێک
بە خەیاڵمی دەسپێرم
لە نامەیەکی مەستا
تەنیا بۆ تۆی دەنێرم