قوبادی جەلیزادە
شەڕ کۆتایی دێت
ئیدی
گوێ لە پرخە پرخی تفەگ
دەگرین
کە بەتەنیشتمانەوە خەوی لێکەوتوە
وردە وردە برینی جەنگاوەرەکان سارێژ دەبن
لە ساتە وەختی سووتانی چەکەکان، لەکوورەی گڕی ئاشتیدا،
لە هەڵۆوە دەبین بە کۆتری سپی
ماڵئاوا لە ئەشکەوتەکانمان دەکەین
کە هەم پەناگە و
خەستەخانە و
چێشتخانە و تەختی خەوتنمان بوون
بە کوردی بە کەڵە
کێوییکان دەڵێن بە هیوای دیدار
کەڵەکێویەکانمان فێری نوسین و خوێنەوەی کوردی کردووە
چاوی بەفر لە دابڕانی ئێمەدا
سپی تر دەبێ
دڵمان سیخناخ دەکەین لەو
سپیاتی بەفرە
ژنەکان دەچنەوە شاری و
ساڵۆنێک دەکەنەوە بۆ قژ بڕینی
ئارامی و
جوانکاریی
ڕوخساری ئاشتیی
پیاوەکان دوکانێک بۆ گوڵ فرۆشی
دەکەنەوە
ئەو گوڵە کێویانەی دەمێکەبوونەتە
هاوڕێی گیانی بە گیانیی
بریندارەکان پێشانگایەکی هەمیشەیی دەکەنەوە
لە وێنە و یادگاری شەهیدان
برینەکان وردە وردە ساڕێژ دەبن
شەڕ کۆتایی دێ بەڵام عیشقی نیشتمان؛
برینێکە تا ئەبەد خوێنی لەبەر دەڕوا

