رۆژنامەی ھەولێر

گەشتی حیکایەتخوانی لەگەڵ “نەنە پەریزادم گێڕایەوە”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

خوێندنەوەی چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتی گەلان، یەکێکی دیکەیە لە خولیا هەمیشەییەکانم، لەڕێی ئەو چیرۆک و بەسەرهات و ئەفسانانەوە ئاشناییم لەگەڵ زۆرێک لە میللەتانی دونیا پەیدا کردووە (هەرچەندە ئاشناییەکە سەرەتاییە)، بەڵام هەمیشە بڕوام وابووە ئێمە بەتەنیا ناتوانین بژین و بەردەوام بین ئەگەر سوود لە کەلەپوور و کولتوور و داهێنانەکانی ئەوانی دیکە وەرنەگرین.

لە وەرگێڕانی ئەفسانە و حیکایەت و چیرۆکی گەلاندا مامۆستا و وەرگێڕی کۆچکردوو “عەزیز گەردی”، یەکێکە لەوانەی کە لەڕیزی پێشەوەی ئەو وەرگێڕانەیە، کە کتێبخانەی کوردی بە وەرگێڕانی ئەفسانەی گەلان دەوڵەمەند کردووە. کتێبخانەکەم زیاتر لە 50 کتێبی ئەم وەرگێڕەی تێدایە، کە تایبەت بە ئەفسانەی گەلان. دواتریش مامۆستا “حەمەکەریم عارف” و زۆر وەرگێڕی تر دێن، کە کاری هەموویان جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە و دونیای گێڕانەوە حیکایەتخوانی کوردییان دەوڵەمەند کردووە، چونکە خوێندنەوەی چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتی گەلان تەنها سوودێکی ڕاگوزەرانەی نییە، بەڵکو دەبێتە هەوێن بۆ لەدایکبوونی تێکستی ئەدەبی و جوڵاندنی خەیاڵی خوێنەر و کردنەوەی ڕووبەری نوێی گێڕانەوەیی و حیکایەتسازی مۆدێرن و دەشبێتە هاندەر تا خوێنەرەکان بۆ ئەوەی بەسەرهاتی خۆیان بگێڕێنەوە، یان بنووسێنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لەو کتێبە گرنگ و تایبەت و سەنگینانەی خوێندمەوە کتێبی “نەنە پیرزادم گێڕایەوە” بوو، کە کۆمەڵێک ئەفسانە و چیرۆکی جیهانی لەخۆ گرتووە و “گێرد مانێ و ئاننێ ڤێننێ شیلدە” کۆیان کردووەتەوە و هەریەک لە “بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی” لە سویدییەوە کردوویانە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 125 لاپەڕەدا بەچاپی گەیاندووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە خوێنەر تەنها چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتی یەک ناوچەی دیایکراو ناخوێنێتەوە، بەڵکو چەشنی ئەوەیە گەشتێک بکات بە بەشێکی زۆری جیهاندا و چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو گەلانە بخوێنێتەوە. خوێندنەوەی چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتەکانی ئەم کتێبە هەر لە ئەفەریقا و ئازەربایجان و پاکستانەوە تا یۆگسلافیا و یۆنان و ژاپۆن و زۆر جێگەی دیکەی جیهان لە خۆ دەگرێت. تایبەتمەندییەکی دیکە ئەم چیرۆک و بەسەرهات و ئەفسانانە ئەوەیە کە لەپشت هەریەکێک لەم چیرۆکانەوە پەندێکی بەهێز ئامادەیی هەیە کە خوێنەر لێی سوودمەند دەبێت.
بێگومان هەموو چیرۆک و داستان و ئەفسانەکانی ئەم کتێبە سەرنجڕاکێشە، بەڵام یەکێک کە بەلای منەوە لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر بوو چیرۆکی پێشبڕکێی خێرایی نێوان “کیسەڵ و کەروێشک” بوو، چیرۆکەکە باس لە هەستی لە خۆبایبوونی کەروێشک و متمانەبەخۆبوونی کیسەڵ دەکات و بەمەش لەو ململانێیەی دەکەوێتە نێوانیانەوە بەڵێنی پێشبڕکێیەکی خێرایی دەدەن و لە پێشبڕکێکەدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو “کیسەڵ” لە کەروێشک دەباتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرسوڕمانی پاشا و شکاندنی شکۆی کەروێشک و دەست بەجێ شوێنی پێشبڕکێکە بەجێدێڵێت. کاتێکیش پاشاکە پرسیار لە هۆکاری بردنەوەی پێشبڕکێکە لە لایەن کیسەڵەوە دەپرسێت؟ کیسەڵ زۆر بە متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێت هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو، کە کیسەڵەکانی تر پشتگیرییان کردم. پاشا لەوە تێناگات، دەڵێ تۆ بردتەوە، نەک هەموو کیسەڵەکان. ئەویش ڕاشکاوانە دەڵێت ئاخر بەبێ پشتگیریی ئەوان من نەمدەتوانی بیبەمەوە و ئەو هاوکاریی و پشتگیریی ئەوان بوو، کە هۆکاری سەرەکی بردنەوەی من بوو.
دوای وردبوونەوە لە قسەکانی کیسەڵ پاشاکە ئەوە دەخاتەڕوو، کە هێز لە یەکگرتندایە، نەک لە لەخۆباییبوون و بەهێزی و خێراییدا بێت. کەروێشکەکە بەهۆی ئەوەی کە لەخۆباییانە مامەڵەی کرد و پشتی بەوانی تر نەبەس، بۆیە نەیتوانی پێشبڕکێی خێرایی لە کیسەڵ بباتەوە، بەڵام ئەگەر پشتگیریی کەروێشکەکانی دیکەی هەبوایە ئەوا بردنەوەی مسۆگەر دەبوو، چونکە هەم توانا و هەم خێرایی گرەنتی بردنەوەی بوون.
وانەکانی ئەم چیرۆک و بەسەرهاتە ئەفسانەییانە چەندە سادەن، بەڵام چێژبەخش و پەندئاوەرن. خوێنەران دەتوانن بۆ هەمیشەیی لێی سوودمەند بن. ئەوەشی زیاتر گرنگی ئەم چیرۆکانە دەسەلمێنێت ئەو ژیانە پڕ ڕۆتین و ڕووکەشگەرایەیە کە تاکی ئێستا گیرۆدەی بووە و ئاگاداری بەهای خێزان و پێکەوەبوون نەماوە.
دەستخۆشی بۆ هەردوو وەرگێڕ و دەزگای سەردەم، کە بەم کتێبە ناوازانە بەردەوامن لە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی.