لە سوێدییەوە: کەریم تاقانە
فەرهاد شاکەلی ساڵی ١٩٥١ لە گوندی شاکەل لە دایک بووە. سەرەتای حەفتاکان پێشمەرگە بووە و دژی ڕێژیمی سەددام خەباتی کردووە. ساڵی ١٩٧٨ هاتە سوێد و لێرە نیشتەجێ بوو و دوایی لە زانستگەی ئوپسالادا بوو بە مامۆستای زمان و ئەدەبییاتی کوردی. شاکەلی زیاتر لە سی کتێبی چاپ و بڵاو کردوونەتەوە، لەنێویاندا، هەشت دیوانەشیعر و کۆمەڵەچیرۆکێکیش هەن. ماوەیەک بەر لە ئێستا [مروارییەک لە گۆمی لێڵی خەوندا] بە زمانی سوێدی چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم دیوانە شیعری سەرەتای حەفتاکان هەتا ناوەڕاستی هەشتاکانی لە خۆ گرتووە. [ژێیەکانی دووری] هەڵبژاردەی ئەو شیعرانەن کە لەناوەڕاستی هەشتاکان بە دواوە نووسراون و قۆناغێک پێشان دەدەن کە بە بیر و نەریتی سۆفییانە ڕەنگڕێژ کراوە.
ئەم شیعرانە کە بوو گوستاڤسۆن هەڵیبژاردوون، چەند پارچەشیعری تازەنووسراویشیان تێدان. بوو گوستاڤسۆن هەر خۆیشی پێشەکییەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە کە یەکجار زۆر بەپێزە. بێجگە لە گوستاڤسۆن، بوو ئووتاس ـیش پاشەکییەکی بۆ فەرهاد شاکەلی نووسیوە. بەو حاڵەیش، لەم ڕووبەرە دڵڕفێنەدا، ئەوەی زوڵاڵترین و درەوشاوەترینە شیعری شاکەلییە. کتێبەکە بە شیعری ژێ دەست پێ دەکات کە شیعرێکی درێژە؛ یەکەمین دێڕەکانی بەم جۆرەن:
له سهرهتای وهرزی خهونی ڕهنگاوڕهنگدا
چاو دهبڕمه چهقی ڕێگهی ههڵکشاو و
پرسیار له خۆ دهکهم:
تۆیش ئهم ڕێگایهت له پێشه؟
یەک لەو بنەمایانەی کە لە نەریتی شیعری سۆفییانەدا هەیە، بەکارهێنانی وشەی “تۆ”یە. بەکارهێنانێکی شارەزایانە و فرەلایەنانە کە دەق بە فرەتوێژی و فرەمانایی بارگاوی دەکات. داخۆ شاکەلی بەم “تۆ”یە، کە لێرە لە شیعرەکانیدا بەری دەکەوین، ڕووی لە تۆی خوێنەرە؟ بۆ نموونە، ڕووی لە منە؟ من وای دەخوێنمەوە، وەک بانگهێشتێک بۆ شیعری شاکەلی. یان تۆ بڵێی ڕووی لە دڵبەرەکەی تر نەبێت، ئەو دڵبەرەی کە “تۆ”ی نامومکینی عیشقە؟ کێ دەزانێت، دووریش نییە مەبەستی حزووری خودایی بێت کە بە “تۆ” ناوی دەبات.
لە درێژەی شیعرەکەدا هاتووە:
سهرخۆش نیم،
بێهۆش نیم،
کاسم، کاس.
دهنگ و ڕهنگت کاسم دهکهن،
به بێدهنگی و بێڕهنگیشت کاس دهبم.
من-ـی نێو دەقەکان لە بەردەم شیعرەکاندا نەبووەتە ڕێگر. ئەو “من”ـە زیاتر لە گرێژەنەیەک دەچێت کە خەیاڵ و خەونی لە خۆیدا ڕاگرتوون. “من” نەک هەر ڕێی بە شیعر نەگرتووە، بەڵکو بە جوانییەکی هێندە بێوێنە تێیدا تواوەتەوە، سەرت لێی سووڕ دەمێنێت. بەیداخی نەریتی سۆفییانە، لەبیرچوونەوەی خۆ، کارکردێکی مەعناداریان لە دەقەکاندا پێک هێناوە. تەنانەت لێرەیشدا “تۆ” فرەتوێژ و فرەمەعنایە. لەوەیە ئەو “تۆ”یە تاراوگەیش بێت کە فکر و زیکری لای وڵاتێکە کە ناوی کوردستانە؛ کوردستانێک کە ساڵەهای ساڵ دوای هەڵهاتن، لە بەر ترووسکەی بیرەوەریدا، هەم کاڵ بووەتەوە هەم لێوڕێژە لە ژیان.
شاکەلی خۆی بە ئازار و ژیانی پەنابەرییانەی خۆی نانوێنێت، بەڵکو لێ دەگەڕێت تاراوگە بۆ خۆی بدوێت. لەخوێندنەوەکەی مندا، شاکەلی بووەتە زمانحاڵی تاراوگە نەک کەسێک کە هەر ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی دەرببڕێت. زۆرێک لە دەقەکان کە دواتر لەگەڵیاندا بەرەوڕوو دەبینەوە، لە دڵەوە نزیکن و خۆیان بۆ خوێندنەوەی دیکەیش دەکەنەوە.
ناوت نابەم
نەوەک بە بای ئەم وەرزە دەردەدارە
هەڵبزڕکێی،
دەتسپێرمە دوکانچەکەی خەمی دەروون.
چۆن دڵم دێ
مۆمی یادت ئا لەم شەوگارە درێژەدا
داییسێنم؟
دەقەکان لەنێوان ئەوەدا کە هەیە و ئەوەیشدا کە دەکرێ هەبێت، هاتوچۆیانە. زیندان و زیندانەوان هەن، ئازادییەکی نهێنییش هەروەتر. من بیر لە تاراوگەنشینانی دیکەی وەک ژیلا موساعد و گوننار ئێکەلوێف دەکەمەوە، ئەوانەی تر، کە دوورەدەستن و کەمەندکێش دەکەن. بیر لە ڕوومی دەکەمەوە.
زمان لە ژێیەکانی دووری-دا چریکەیەکی گەرموگوڕ و خەمباری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، بەو وەرگێڕانە سوێدییەی کە کێشدارە و مۆسیقایی. گومان لەوەدا نییە لە کاتی وەرگێڕاندا زۆر دەربڕینی ورد و ناسک لە وەرگێڕانەکەی بوو گوستاڤسۆندا لە نێو چوونە، بەڵام ئێمە ناتوانین داوای شتێکی دیکە لەو چریکەیە بکەین کە لەنێو وشەکان و لەو دیو وشەکانەوە دەگاتە گوێمان. بێگومان دەکرێت زۆر وردەکارییش هەبن من هەستم پێ نەکردبن و بە لایاندا نەچووبم، منی ناشارەزا بە شیعری کوردی، منی بێخەبەر لە دنیای سۆفیگەری، منێک کە هەرگیز تاراوگەنشین نەبوومە. ئەوە شیعری فەرهاد شاکەلییە بە نوورێکەوە دێت و دەبێتە ڕێنوێنم.
سەرچاوە:
لە بەشی ڕەخنەی ئەدەبیی Tidningen kulturenدا، ٢٥-٩-٢٠١٥، بڵاو کراوەتەوە.
کاللـە فلوگنمان Calle Flognman
ناوی کارل یووهان فلوگنمانە، ناسراوە بە کاللـە فلوگنمان. ساڵی ١٩٧٢ لە دایک بووە،
شاعیر و نووسەر و مامۆستایە. بە دەیان وتار و ڕەخنەی ئەدەبیی نووسیوە و لە گۆڤار و ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکانی سوێددا بڵاوی کردوونەتەوە.
کاللـە تا ئێستا دوو دیوانی بڵاو کردوونەتەوە.
١- “توێکڵ”، ساڵی ٢٠١٨
٢- “مەودا”، ساڵی ٢٠١٩
لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێم گوت:
– ئەو نووسینەتم کردووە بە کوردی کە لەبارەی “ژێیەکانی دووری”ـی فەرهاد شاکەلییەوە نووسیوتە.
دڵی خۆش بوو، گوتی:
– ئەوە بۆ من شانازییەکی گەورەیە خوێنەری کورد نووسینەکەم بخوێننەوە.
کەریم تاقانە
بەرگی دیوانی [ژێیەکانی دووری] بە زمانی سوێدی
بەرگی دیوانی [مروارییەک لە گۆمی لێڵی خەوندا] بە سوێدی

