ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
“شامارێ پەریا” بەرهەمە تازەكەی “یاسین برایم”ـة و لە هەوارگەی شنگلبانە لە ڕواندز، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێنەران و ڕۆشنبیرانی دەڤەرەكە بەسەر ئامادەبوواندا دابەش كرا.
یاسین برایم، دەربارەی ئەم پەرتووكە بۆ (هەولێر) دەڵێت: “ئەمە كتێبێكی ئەفسانەكی كوردییە، بە شێوە ئاخاوتنەكەی ڕواندزێ نووسراوە، لە دەڤەری ئێمە لەسەر زاران بووە و من لە ڕێگەی داپیرەم تۆمارم كردووە و لە فەوتانم ڕزگار كردووە. ڕاستە حكایەتێكی فۆلكلۆرییە، بەڵام خوێندنەوەكەی چێژبەخشە، باس لە پاڵەوانێكی گەنج دەكات، بە هەوڵدانی بەردەوام و بە سەركێشی بەسەر كێشە و بەربەستی سەختدا زاڵ دەبێت و مكوڕ دەبێت لە بەدەستهێنانی خەونەكانی؛ بەم شێوەیە دەگاتە لووتكەی سەركەوتن و كورسیی دەسەڵات و دەكرێت لە لایەنی گەشەپێدانی مرۆیی سوودبەخش بێت، هانی خود دەدات، پشت بە خۆی ببەستێ، بەردەوام بێت لە متمانەبەخۆبوون و گەیشتن بە خەون و ئاواتە مەزنەكان.”
هەروەها ئەم كتێبە، لە لایەن مامۆستایان، دادیار ئازاد و سەلام نەورۆز و مەلا تەها سڵێمان)، پێداچوونەوەی زمانەوانی شێوئاخاوتنەكەیان كردووە. د. مەولوود ئیبراهیم، شارەزا لە بواری ئەفسانەناسی پێشەكی بۆ ئەم كتێبە نووسیوە. دادیار ئازاد دێزاینی كتێبەكەی كردووە و بەرگەكەش، كاری هونەرمەندی پەنجەزێڕین (تەیب موعتەسم)ـە، ئەم كتێبە بەرهەمی (ڕێكخراوی هاوڕێیانی كتێب)ـە. لە ساڵیادی لەدایكبوونی ڕابەری هونەر (زرار محەمەد مستەفا) بڵاو كرایەوە.
جیگای باسە یاسین برایم، دەستەی دامەزرێنەری (ڕێكخراوی هاوڕێیانی كتێب) و ئەندامی گروپی (خوێنەرانی ڕواندز)ە.

