فەرهاد قادر ئۆمەر
ئێوارە عەسرێكی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ، کە هێدی هێدی هەوای گەرم کپ دەبۆوەو دەنگە دەنگ کوچە وکۆڵانەکانی شاری پڕ دەکرد، بەرەو ماڵی هاوڕێی ئازیزم مامۆستا بەکر کاکۆ شۆڕبوومە تاوەکو بەیەکەوە عەسرە چایەکی بەتام وبۆ بخۆینەوە.. دام لەدەرگە، کاکە دیاری تەمەن ٢٢ساڵان دەرگاکەی کردەوەو بەزەردەخەنەیەکەوە فەرمووی کرد.. هەر لەنێو باخچەکەوە لەژێر دار تووەکەوەو لەسەر کورسیە پلاستیکیەکان دانیشتین.. کاکەدیار خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی ئینگلیزیە لە کۆلێژی زمانەکان لە زانکۆی سەلاحەدین و کوڕی مامۆستا بەکر کاکۆیە، هەر بەدەم چاخواردنەوە کاکە دیار نۆبەرە نامیلکە وەرگێڕدراوەکەی(خودا ڕاستیەکان دەبینێت، بەڵام چاوڕێ دەکات)ی خۆی وەک دیاریەکی دەگمەن ونایاب پێشکەش کردم.. جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژەیەک بەو بەرهەمە نۆبەرە نایابە بکەم. نامیلکە چیڕۆکی (خودا ڕاستیەکان دەبینێت، بەڵام چاوڕێ دەکات) نۆبەرە چیرۆکێکی پەندئامێزی وەرگێڕدراوی ئەدیبی گەورەی ڕوسی تۆڵستۆی لەخۆگرتووە. چیرۆکەکە جگە لەوەی وەک بەرهەمی ئەدەبی، چیڕۆکێکی تراژیدی پڕ دەرس وعیبرەتە، کە باس لەڕووداوێکی جەرگبڕ دەکات کە زادەی کۆمەڵێک ئامانجەو ڕۆژانە ئەو چیڕۆکانە دووبارە دەبنەوە… ئەم نۆبەرەیە وا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە لە هەر دێڕێکدا وەرگێڕ بەشێوەیەك چۆتە بنج وبنەوانی دەقەکان کە خوێنەر هەست نەکات دەقێکی وەرگێڕدراوە، نەخێر؛ بە جۆرێك نووسراوە وا هەست دەکەی خۆت بەشێکی نێو ڕووداوەکەی، بۆیە بە تەواوی لە بێزاری دوورت دەخاتەوە و ناچارت دەکات بەردەوام بیت لە خوێندنەوە.. کاکە دیار قوتابی زانکۆ لە ڕێگەی ئەم کارەوە نیشانی دا کە نەوەی نوێ تەنها وەەرگێڕانی وشە بۆ وشە ناکات، بەڵکو لەڕێگەی وەڕگێڕانەوە پردێک لە نێوان کولتوورەکان دروست دەکەن.. کورتەی قسان، بەڕاستی نامیلکەکە زۆر سەرنجڕاکێشە ولەڕووداوێکی ڕاستەقینە دەچێت وپێموایە پێویستە هەموو تاکێك بیخوێنێتەوە، گەر بیەوێ هۆشیارو چاوکراوە بێ، ئێمەش لەکۆتاییدا دەڵێین خەرمان بەرەکەت کاکە دیاری گوڵ…..
پەراوێز:
1. دیار بەکر کاکۆ: قوتابی بەتوانای قۆناغی سێیەمی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی زمانەکان لە زانکۆی سەلاحەدین. لە بنەماڵەیەکی پەروەردەییدا لەدایک بووە، بە یەکێک لە وەرگێڕە گەنجە ئومێدبەخشەکانی گۆڕەپانی ڕۆشنبیری کوردی دادەنرێت.
2. وەرگێڕانی ئەدەبی: هونەرێکە لە گەیاندنی وشەکان تێدەپەڕێت بۆ گەیاندنی ڕۆح. پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵە لە دەقی سەرچاوە و کولتووری وەرگر، بۆ ئەوەی بەرهەمی وەرگێڕدراو بە زیندوو و جوانی بمێنێتەوە.

