ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
تازەترین پرۆژەی گەورەی توێژەری كورد (بەهرۆز جەعفەر)، ناوەندێكی جیهانی بڵاوی دەکاتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (هەولێر) ئەو گوتی: دەربارەی تازەترین “كتێب”ـەکەم، لەگەڵ سپرینگە گرێبەستێكمان واژۆ كرد و ئەم كتێبە نوێیەمان بە ناونیشانی “جیۆپۆڵەتیكیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵكشانی فرەجەمسەری: خاڵی وەرچەرخانی جیهانی” لەلایەن سپرنگە (Springer)ـەوە قبووڵ كرا. هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی لە (٧٠٠٠) حەوتهەزار كتێبخانە و دامەزراوەی جیهانی بەردەست دەبێت (بێگومان بە ئینگلیزی)؛ هاوكات لە ڕێگەی بازاڕەكان و كەناڵەكانی دابەشكردنەوە لە هەموو جیهان بەردەست دەبێت. بەپێی پیاچوونەوەكاران و گرێبەستەكە ئەم هەوڵە ئەكادیمییە قبووڵ كرا؛ چوونكە بۆ خوێندكارانی ماستەر، دكتۆرا و ناوەند و دروستكەرانی بڕیاری جیهانی گرینگە.
كتێبەكە باسی وەرچەرخانی جیهان دەكات بۆ فرەجەمسەری یان جیهانێكی بێجەمسەر (Non Polar World)؛ باسی هەڵكشانی ڕۆڵی چین، هەوڵەكان بۆ داماڵینی دۆلار (Dedollarisation)، زیادبونی ڕۆڵی ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان بەتایبەتی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی بواری تەكنەلۆژیاو زیرەكی دەستكرد دەكات، باسی وەرچەرخانی هێزە؛ وەرچەرخانی وزەیە (Energy Transition)؛ تیشك دەخاتە سەر زیادبوونی ڕێژەی هێزە مامناوەندییەكان (Middle Power)، لەنێوان هێزە گەورەكاندا، بە دوو چاپتەر گرژی و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتە خاڵی وەرچەرخانەكە لەڕووی جیۆپۆڵەتیكییەوە؛ لێرە ناوترێ كە ئاست و پلەی ئەمریكا دابەزیوە، بەڵكو باس لە بەرزبوونەوەی ئاستی خەڵكی تر دەكات. كتێبەكە لە كۆتاییدا لەپاڵ ئایندەی جەمسەرگیریی جیهانیدا نەزمی نوێی جیهانی و ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست نیشان دەكات.
“بەهرۆز جەعفەر” گوتیشی: چ نووسینی، چ پرۆسەی پیاچوونەوە و بڵاوكردنەوەی ماندووكەر بوو، بەڵام دڵخۆشكەرە؛ دڵخۆشكەرترە چوونكە ئەمساڵ لەناو سەدان پرۆپۆزەڵ و پرۆژەی وەهادا كە لەلایەن توێژەران و فیگەرە جیهانیەكانەوە پێشكەش كراون بۆ زنجیرەیەك بە ناونیشانی “پرسی وەرچەرخانی هێز لە جیهاندا”، هەشت دانەیان قبووڵ كراون، یەكێكیان من بووم.

