ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ویلهێلم كیزەڤێتێر (١٨١١ بەرلین _ ١٨٦٥ گۆتا) نیگاركێش و ئیتنۆگرافێكی ئەڵمان بوو كە لە ژیانیدا دوو گەشتی گەورەی بۆ دەوڵەتانی سكەندناڤی و هەرێمەكانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی كردووە و، لە میانەی ئەو گەشتانەدا تابلۆی كێشاوە و میناتوری دروست كردووە و پاشان لە سوێد و وڵاتانی تری ئەوروپا بەرهەمەكانی خۆی فرۆشتووە و بە داهاتەکەی ژیاوە.
نووسەر و رووناكبیری كورد (بەكر شوانی) سەبارەت بەو گەشتەی ویلهێلم نووسیویەتی: كیزەڤێتێر ساڵی ١٨٤٨ گەیشتووەتە ناوچەی ئاگری و لەوێ ماوەیەك لە ناو كورداندا ماوەتەوە و بەرهەمی ئەو ماوەیەی بریتییە لە كۆمەڵێك تابلۆ و كاری میناتۆر. هونەرمەند لەوێ تابلۆی بەگێكی كوردی كێشاوە كە لە بەرزاییەكدا دانیشتووە و هەردوو لووتكەی گەورە و بچووكەکەی چیای ئاراراتی لە پشتەوە دیارە، كیزەڤێتێر بە پلاستیك میناتۆری شێوازی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دروست كردووە كە لێیان ماوەتەوە؛ بۆ نموونە: میناتۆری “ڕەشماڵی كوردان” وەك لە وێنەكەدا دەبینرێت و لەم سەردەمەدا بەشی هەرە زۆری كارەكانی كیزەڤێتێر لە مۆزەخانەی كولتوورەكانی ئەوروپا لە بەرلین بۆ پێشاندان دانراون.

