رۆژنامەی ھەولێر

سەبارەت بــــــــە مرۆڤــخوازی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر ساموئێل هانتینگتۆن، تێزی پێکدادانی شارستانییەتەکانی خستەڕوو و پێوابوو، کە لە سەردەمی نوێدا شارستانیەتەکانی بەریەکتری دەکەون و ململانێ دەکەن. ئەم تێزە تا ئێستا بەوشێوەیەی هانتینگتۆن مەبەستی بوو کورتی هێناوە، بەڵام تێزێکی دیکە شوێنی گرتووەتەوە، کە تێزی “تێکەڵبوونی شارستانییەتەکان”ـە ئێستا کەم شارستانییەت هەیە خالیس و دووربێت لە تێکەڵی نەتەوە و ئایین و ڕەنگ و زمانی جیاواز و ئەو تێزەی ئێستا بەرجەستەیە “جیهان لە شێوەی گوندێکی گەورە”یە، نەک شتێکی دیکە. سنوورەکان تا دێت کاڵ و کاڵتر دەبنەوە و نەتەوەکان تا دێت تێکەڵ و تێکەڵتر دەبن. ئەمەش بەلای منەوە نیشانەیەکی نەرێنی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی ئەرێنییە و زەوی ماڵی هەموانە و مرۆڤ لە کوێ پێی خۆش بێت دەکرێ مافی ئەوەی هەبێت بتوانێت تێیدا بژی، یان بۆ ژیان هەڵی بژێرێت.

ئەگەر سەرنج لە هەرێمی کوردستان بدەین لە 20 ساڵی ڕابردوودا گەلێک گۆڕانکاری گەورە لە شێوەی ژیان و تێکەڵبوونی نەتەوە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستاندا ڕوویداوە، کە ئەمە بە بەراورد بە پێشتر بەو شێوە و قەبارەیە نەبووە. ڕاستە هەرێمی کورستان خۆی لە کۆمەڵێک نەتەوە و ئایین و کەمەنەتەوەی جیا پێکهاتووە، ئەمە سروشتی هەموو کۆمەڵگەیەکە، بەڵام نیشتەجێبوونی سەدان و هەزاران بیانی لە هەرێمی کوردستاندا، کە بۆ ئیش و ژیان لێرەن ئەمە دیاردەیەکی نوێ و جێگە تێڕامانە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن هەموومان لەژێر یەک چەتردا و بەشێوەیەکی ئاشتیانە بژین ڕێزی بیروبۆچوون و تایبەتمەندی یەکتری بگرین؟ ئایا ئەوەی دەتوانێت ئەمە فەراهەم بکات چییە؟ ئایا تەنها تێزی “مرۆڤخوازی” نییـە، کە توانای بەرجەستەکردنی ئەمەی هەیە؟
هەشت ساڵ لەمەوبەر کتێبی “ڕەگەزی سێیەم”م خوێندەوە، کە لە نووسینی “جومانە حەداد”ە و “هەڵکەوت عەبدوڵڵا” کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەچاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ پەرەپێدان و خستنەڕووی تێزی “مرۆڤخوازی”، یان “مرۆڤسەنتەری” و بونیادنان و پەروەردەکردنی مرۆڤێک، کە بڕوای بە مرۆڤ هەبێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ڕەنگ، نەتەوە، ئایین و ئایدۆلۆژیا. واتە دەیەوێت لەم دۆخەی ئێستای جیهاندا، کە هەموان بەرەو تێکەڵبوون و پێکەوەژیان دەڕۆن و زۆرجاریش ئەم پێکەوە ژیانە ناچاریانەیە، مرۆڤێک پەروەردە ببێت کە بڕوای بە مرۆڤێک هەیە لەبەرئەوەی مرۆڤە، نەک لەبەرئەوەی کە هاونەتەوەیە، یان هاوئایین و هاوڕەگەز و هاوڕەنگە. وەکو جومانە دەڵێت مرۆڤێکی مرۆڤخوازبێت.
ئەگەر لە تێزی “مرۆڤی مرۆڤخواز” وردبینەوە دەبینین، کە ئێستای جیهان بە گشتی و هەرێمی کورستان بە تایبەتی پێویستی بەم تێزە هەیە. ئەوەی سنوورەکان کاڵبوونەتەوە و نەتەوەکان لە شوێنی خۆیان هەڵکەنراون زۆرجار ناچارانە لە جێگەی خۆیان هەڵکەندراون لەپێناو ئەوەی لە جێگەیەکی دیکە بژین و کاربکەن و بخوێنن بەبێ ئەم تێزە مرۆڤخوازییە، کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامی دەروونی و ئاسایشی سیاسی دەخولقێنێت جیهان دەبێتە وێرانە و ئارامی تێدا نامێنێت.
جومانە حەداد لەم کتێبەدا لە جێگەیەکدا خاڵێکی گرنگ دەخاتەڕوو ئەویش ئەوەیە، کە “مێژووی ژیارە مرۆڤایەتییەکان دەری خستووە، مرۆڤ لە دێر زەمانەوە جەنگاوەر بووە، بەڵام مرۆڤی مرۆڤخواز تەنیا جەنگاوەر نییە، بەڵکو جوامێریشە، بەتایبەتی جوامێرە.” لێرەوە تێدەگەین ئەوەی جوامێری بە مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە دەبەخشێت یەکترسڕینەوە و نکۆڵیکردن نییە بە بوونی یەکتریی وەکو ئەوەی زۆرجار نەتەوە فاشیستییەکان دەکەین، بەڵکو پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەگونجانە، کە ژینگەیەکی ئاسوودە هەموان فەراهەم دەکات. هەموومان لەسەر ئەم هەسارەیە پێکەوەین لە یەک ماڵداین بۆیە جوامێری و جەنگاوەریمان لە ئێستادا جەنگکردن و یەکتر سڕینەوە نییە، بەڵکو ئەوەیە مرۆڤێکی مرۆڤخوازبین و ڕێزی هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی بگریین و مافی هیچ مرۆڤێکی دیکە پێشێک نەکەین.
حەداد لە کتێبەکەدا و دوای گەڵاڵەکردنی تێزی مرۆڤی مرۆڤخواز ئەوە دەخاتەڕوو، کە یەک تاکە قەدەغەکراو هەیە ئەویش “نامرۆڤخوازییە”. ئەگەر ورد سەرنج بدەین ئەوەی جیهان (لە وێنە گەورەکەدا) بەرەو وێرانە دەبات “نامرۆڤخوازی”ـە. ئەوەشی جیهان بەرەو ئاشتی دەبات مرۆڤخوازییە، کەواتە بۆچی مرۆڤخواز نەبین، ئەگەر ژینگەیەکی پڕ لە ئاشتی و پێکەوە ژیانمان دەوێت.
ئەگەر بمانەوێت بگۆڕێین، گرنگە گوێ لەم مرۆڤە گەورە و مرۆڤخوازانە بگرین، کە هانمان دەدەن بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی ئەویتر، بۆیە ئەم جۆرە کتێبە دەشێ لە نێو ناوەندە پەروەردەییەکاندا بکرێتە جۆرێک لە پەیڕەو بۆ ئەوەی خوێندکاران لە قۆناعی ناوەندی و ئامادەییدا بەم جۆرە هزرە مرۆڤخوازییە ئاشنا بن.