ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکەم پرسیار سەبارەت بە وەرگێڕانی پێچەوانە ڕووبەڕوومان ببێتەوە ئەوەیە چی وەربگێڕین بۆ زمانەکانی دیکە؟ ئایا هەر تێکستکمان دەستکەوت و پاڵپشتێکی ماددی لە پشتییەوە بوو، ئەوا ئەو تێکستە شیاوە بۆ وەرگێڕان؟ ئەگەر وەرگێڕان لە زمانانی بیانییەوە بۆ زمانی کوردی جارێک بەرپرسیارێتی بێت، ئەوا لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانە بیانییەکانی دیکە دووجار و زیاتریش بەرپرسیارێتییە، چونکە ئەو تێکستانە تەنها نوێنەری خۆیان نین لەنێو زمانێکی دیکەدا، بەڵکو دەبنە نوێنەری تەواوی ئەدەبی کوردی، بۆیە گرنگە چ تێکستێک دەکەینە نوێنەری خۆمان لەنێو ئەدەبیاتی جیهانیدا.
ماوەی چەند ساڵێکە تەوژمێکی وەرگێڕانی پێچەوانە بەتایبەت لە کوردییەوە بۆ عەرەبی و فارسی دەستی پێ کردووە و لەو نێوانەدا کۆمەڵێک تێکستی زۆر کراون بەو دوو زمانە، لەنێو ئەو ژمارە زۆرەی تێکستدا زۆر بەکەمی تێیاندایە شیاوی وەرگێڕان و خوێندنەوە بن، بۆیە ناکرێت بە هەر وەرگێڕانێکی پێچەوانە شاگەشکەبین و پێمانوابێت، کە خزمەت بە ئەدەبی کوردی دەکەن، بەڵکو بەشێک لەوانە بە زیانی ئەدەبی کوردی دەشکێنەوە و دەبنە خاڵێکی نەرێنی بۆ ئەدەبی کوردی.
ڕەنگە ئێستا پرسیاری ئەوە دروست ببێت بۆچی وەرگێڕانی تێکستێک دەبێتە خاڵێکی نەرێتی بۆ ئەدەبی کوردی، بێگومان وەرگێڕان پرۆسەیەکی گرنگی نێوان ژیارەکانە پرۆسەی بەهرەمەندبوون و ئاڵۆگۆڕی فیکریی و مەعریفی و ئەدەبییە. بۆیە هەر ژیارێک باشترین نوێنەرەکانی خۆی و ناودارترینەکانی خۆی بۆ نێو ژیارەکانی دیکە دەبات و ئەمەش پرۆسەیەکی تەواو تەندروست و گرنگە. بەڵام زۆرجار لەنێو ئەدەبی کوردییدا دەبینین تێکستگەلێک لەڕێی زەبری پشتگیریی ماددیەوە دەکرێنە عەرەبی، یان فارسی بەبێ ئەوەی لەنێو ئەدەبی کوردیدا هیچ سەنگێکی ئەوتۆیان هەبێت و ژمارەی خوێنەرەکانیان بگاتە 100 خوێنەر. بەڵام لافی ئەوە لێ دەدەن بەرەو زمانێکی دیکە هەنگاو دەنێن.
یاسایەکی بچووک و ورد هەیە لە پەیوەست بە وەرگێڕانی پێچەوانەوە ئەویش ئەوەیە هەر تێکستێک لەنێو زمانەکەی خۆیدا (ئەو زمانەی پێی نووسراوە) پەسەندکراو و خاوەن پێگەی ئەدەبی و ئیستاتیکی نەبێت ناتوانێت هەمان پێگە لەنێو ئەدەبی زمانێکی دیکەدا بکاتەوە. (بێگومان لێرەدا باس لە حاڵەتی ئاوارتە ناکەم، کە جاروبار تێکستێک یەکەمجار لەنێو زمانی دووەمدا دەنگدەداتەوە) لێرەوەیە کە ئەو لێشاوە تێکستەی لەنێو خوێنەرانی کورددا ناتوانن خوێنەر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن چۆن دەتوانن لەنێو زمانی عەرەبی، یان فارسی خوێنەر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، کە دە بەرامبەر زمانەکەی ئێمە سەرچاوەی جۆراوجۆر لەبەردەستی خوێنەرانیاندایە و کتێبخانەکانیان هێندە دەوڵەمەندن کە باکیان بە ئەدەبی ئێمە نییە.
پرۆسەی وەرگێڕانی پێچەوانە پێویستی بە وەرگێڕانی لێشاوێک لە تێکستی کاڵوکرچ نییە، کە هیچ بەهایەکی هونەریی و ئەدەبی و ئیستاتیکییان نییە و تەنها لەبازنەیەکی داخراودا دەخوێنرێنەوە، بەڵکو وەرگێڕانی پێچەوانە پێویستی بەو تێکستانەیە، کە ساڵانێکی زۆرە نوێنەرێکی ڕاستەقینەی ئەدەبی کوردین لەناوخۆی کوردستان و ساڵانە خوێنەران دەیانخوێننەوە و لێیاندەکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەبارەوە نووسراوە. ئەدەبی زیندوو بەرلەوەی هەر جێگەیەکی دیکە زیندوو بێت یەکەمجار لەنێو زمانەکەی خۆیدا زیندووە و دەنگی بۆ هەمیشەیی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. هیچ ئەدەبێک نییە، کە لەنێو گەلەکەی خۆیدا فەرامۆش بکرێت و لە جێگەی دیکە بدرەوشێتەوە (هەڵبەت جگە لە حاڵەتی ئاوارتە)، ئەدەبی ڕاستەقینە سەرەتا لەنێو گەل و زمانەکەی خۆیدا دەدرەوشێتەوە و دواتر درەوشانەوەکانی بە زمان و گەلانی دیکەش دەگات.

