رۆژنامەی ھەولێر

کۆنفرانسێکی تایبەت بە زمانی كوردی

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لەژێر ناونیشانی “زمانمان بوونمانە”، كۆنفرانسێكی تایبەت بە زمانی كوردی لە دامەزراوە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا كە لەلایەن كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و گۆڤاری زمان و زار بە هاوكاریی دەستەی گەشتوگوزار رێك خرابوو.

لە میانی سێ پانێڵدا ژمارەیەك بابەتی گرنگ خرانە ڕوو لەبارەی رەوشی بەكارهێنانی زمانی كوردی وەك زمانی یەكەم لە شوێنە بازرگانییەكاندا، بە تایبەت بنكە و دامەزراوە گەشتیارییەكان و، هەروەها‌ چەندین سەرنج و راسپاردە خرانە ڕوو.
لە وتەیەكدا سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بە بایەخەوە باسی لە ئامانجەكانی كۆنفرانسەكە كرد و تیشكی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی دەستەی گەشتوگوزار گرتوویەتیە بەر بە مەبەستی پاراستن و برەودان بە بەكارهێنانی زمانی كوردی و كەمكردنەوەی هەژموونی زمانیە بیانییەكان لە پێگە و بنكە گەشتیارییەكان.
لە راگەیێنراوێكی دەستەی گەشتوگوزاردا هاتووە كە ئەمەل جەلال وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ رێكخەران و بەشداربووانی كۆنفرانسەکە، هاوكات پشتگیریی تەواوی دەستەی گەشتوگوزاری دەربڕی بۆ كاركردن لەسەر راسپاردەكان. دواتر لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پشكنین)ـی دەستەی گەشتوگوزار رەشنووسێكی رێنمایی بە ناونیشانی (رێكخستنەوە و پەرەپێدانی بەكارهێنانی زمانی كوردی و فەرهەنگی كوردی لە كەرتی گەشتوگوزاردا) خرایە ڕوو و بەشداربووان ئامادەیییان دەربڕی بۆ كاركردن لەسەر رەشنووسەكە بە پێی سەرنج و راسپاردەكان و، هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پەسەندكردن و جێبەجێكردنی.
شایانی باسە دەستەی گەشتوگوزار لە ساڵی ٢٠٢٣ وەك یەكەمین دامەزراوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بڕیارێكەوە تەواوی بنكە گەشتیارییەكانی پابەند كرد بە بەكارهێنانی زمانی كوردی وەك زمانی یەكەم و سەرەكی.