فیلمی (قرژاڵ ـ The Lobster) لە نووسین و دەرهێنانی (یۆرگۆس لانتیمۆس ـ Yorgos Lanthimos)، فیلمێك نییە بۆ هەمووان، چونكە وەك فیلمە هۆلیۆدییەكانی دیكە ناتوانیت بە هەیەجانەوە بەرامبەری دانیشیت، بەڵكو دەبێت جۆرێك لە گۆشەگیریت تێدا بێت تا بتوانی بگەیتە كۆتایی فیلمەكە.
فیلمێك كە ئایندەیەكی نێزیكی مرۆڤەكان نیشان دەدات، ئایندەیەك كە مرۆڤ چیتر مافی زگورتبوونی نامێنێت. فیلمێك كە تیایدا كار لەسەر ئایدیۆلۆژیا و دیكتاتۆربوون كراوە و لەم دوو ڕەهەندەشەوە پێناسێك لە ئەشقی نێوان مرۆڤەكان خراوەتە ڕوو كە ئەم گوتارە ئیحساسییە دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە! واتە ئەشق لە سێ دنیای ئایدیۆلۆژی و دیكتاتۆریانە تاقی دەكرێتەوە كە یەكێكیان دنیای نێو هۆتێلە و ئەویتریان دنیای نێو دارستان و سێیەمیشیان نێو شارە و هەركامەشیان یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە.
لە دنیای نێو هۆتێل، مرۆڤەكان لە چوارچێوەی چەندین یاسا و ڕێسا، دەبێت تا 45 ڕۆژ هاوجووتی خۆیان بدۆزنەوە دەنا دەگۆڕدرێن بۆ ئاژەڵێك و لە ژینگەدا بەرەڵا دەكرێن. لە دنیای دەرەوەی هۆتێل، واتە لە نێو دنیای دارستان یاسای زگورتمانەوە و چەندین ڕێسا هەیە كە لادان لێی كوشتنی بە دواوەیە. لە دنیای سێیەمیشیان كە دنیای نێو شارە، تیایدا پێویستە هاوجووت بیت و زگورتەكان دەستبەسەر دەكرێن.
كەواتە لە فیلمی (قرژاڵ)ـدا، ئایدۆلۆژیا حاكمە كە بنەمایەكە بۆ دیكتاتۆریەت و پووچگەرایی. بۆیەشە دەبینین بەردەوام:
ـ تاقمی نێو هۆتێل شەوانە دەردەچن بۆ ڕاوی زگورتەكانی نێو دارستان.
ـ تاقمی نێو دارستانیش زوو زوو بەسەر هۆتێلەكەدا دەدەن بۆ ڕاوی هاوجووتخوازەكانی نێوە هۆتێل.
ـ تاقمی نێو شاریش، ئەو كەسانە دەستبەسەر دەكەن كە زگورتن و هاوسەرگیرییان نەكردووە.
ئێمەی بینەر، لە سەرەتای فیلمەكەدا ژنێك دەبینین كە لە ڕۆژێكی باراناوی و لە پێدەشتێكدا ترۆمبێل داژوا، دەگاتە چەند جاشكە كەرێك. ترۆمبیلەكەی ڕادەگرێت و دادەبەزێت و بە دەمانچە چەند گولەیەك بە جاشكێكیانەوە دەنێت و دەیكوژێت و جاشكەكانی دیكە تەنها تەماشای دەكەن. خوێنەری بەڕێز بۆ ئەوەی بزانیت لە ڕووی سیمبولیكەوە ژن و جاشكەكان وێنا و سیمبولی چین، تكایە تا كۆتایی ئەم نووسینە لەگەڵم بمێنەرەوە.
سەرەتا با بزانین فیلمەكە چییە و چۆنە؟!
***
فیلمی (قرژاڵ)، یەكێك بوو لەو فیلمانەی كە سەرەنجێكی زۆری ڕاكێشام و لە هەمان كاتیشدا تووشی شۆكی كردم. فیلمێكی خەیاڵی ـ زانستی ـ دەروونشیكارانە كە ناچار بووم چەندین وتاری بە پەلە و لەسەر یەك لێ بخوێنمەوە تا تێبگەم چۆن ماهیەتی پێكەوەبوون و پەیوەندیی ئاشقانە خراوەتە بەر توێكارییەكی دەروونشیكارییەوە.
چیرۆكی فیلمەكە:
دەیڤد (كۆڵین فارێل ـ Colin Farrell) لەگەڵ سەگەكەی (كە لە ڕاستیدا براكەیەتی) دەچێتە هۆتێلێكی نێزیك دەریا. هۆتێلێك كە زگورتەكان دەبێت لە 45 ڕۆژدا هاوجووتی ژیانیان بدۆزنەوە كە لە زۆر ڕووەوە پێكەوە گونجاو بن. میوانەكانی هۆتێلەكە بە ناچاری بەشداری گۆرانی و سەمای و شانۆگەریی تەك ئیپیزۆتیی نێو هۆتێلەكە دەكەن و بەو پەڕی بێتاقەتی و بێزاریشەوە دەبێت چەپڵە لێبدەن. دواجار میوانەكان دەبێت هەموو ڕۆژێك بەشداری مەراسیمی ڕاوی زگورتەكان بكەن كە لە نێو دارستانەكەی نێزیك هۆتێلەكە ئەنجام دەدرێت. لە نێو دارستانەكە بە تفەنگی بێهۆشكەر زگورتەكان ڕاو دەكرێن و هەر كەسێك بتوانێت كەسێك ڕاو بكات چەند ڕۆژێك بە 45 ڕۆژەكەیەوە زیاد دەبێت تا كاتی زیاتری هەبێت بتوانێت هاوجووتی خۆی پەیدا بكات، دەنا لە كۆتاییدا دەگۆڕدرێت بۆ ئاژەڵێك كە خۆی حەزی لێ دەكات.
یەكێك لە گاڵتە ناخۆش و ڕەشەكانی فیلمەكە ئەوەیە كە مرۆڤەكان بۆ
دۆزینەوەی هاوجووتیان دەبێت كەسێك بدۆزنەوە كە لە ڕوویەكەوە پێكەوە گونجاو بن، بۆیە لێرەدا كارەكتەرەكان ناچارن دەست بدەنە گزیكردن بۆ دۆزینەوەی هاوجووتەكەیان. وەك هاوڕێكەی دەیڤد كە دەشەلێت و دەبێت كەسێكی شەل بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بۆیە ناچارە سەری بكوتێت بە شتێكدا تا لووتی خوێنی لێ بێت و بەمەش دەبێتە هاوجووتی كچێك كە بەردەوام لووتی خوێنی لێ دێت. دەیڤدیش كە دەگاتە كۆتاییەكانی 45 ڕۆژەكەی، ناچارە لەگەل ژنێكی بێ ئیحساس ببێتە هاوجووت و لە یەكێك لە دیمەنەكان هەردووك سەیری تەرمی ژنێك دەكەن كە خۆی لە قاتی دووەمەوە فڕێ داوەتە خوارەوە و خۆی كوشتووە و دەیڤدیش وا نیشان دەدات خۆكوژییەكە ئاساییە و بەمە دەبنە هاوجووت، بەڵام كە ژنەكە دەیڤد بە كوشتنی سەگەكەی كە براكەیەتی، تاقی دەكاتەوە بۆی دەردەكەوێت درۆی لەگەڵ كردووە بۆیە دەیبات بۆلای خاوەن هۆتێلەكە تا دەیڤد بكاتە قرژاڵ كە خۆی خوازیاری بوونە قرژاڵە، بەڵام دەیڤد ژنەكە دەكوژێت و دەیباتە ژووری گۆڕین بۆ ئاژەڵ و خۆی ڕادەكاتە نێو دارستان بۆ لای زگورتەكان، بەڵام لەوێش یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە و سەما بە تەنیا دەبێت ئەنجام بدرێت و نابێت كەس سێكس لەگەڵ كەسی تر بكات و یا ببێتە هاوجووتی كەسێكی تر.
لەوێش دەیڤید لەگەڵ ژنێكی نێو زگورتەكان (ڕاچێڵ وێز ـ Rachel Weisz) ئاشنا دەبێت و یەكتریان خۆش دەوێت بەڵام سەرۆكی زگورتەكان ژنەكە كوێر دەكات و هەر ئەمەش وا دەكات كە دەیڤد سەرۆكە ژنەكە زیندەبەچاڵ بكاتە خۆراكی سەگان و خۆشەویستە كوێرەكەی هەڵگرێت و ڕابكەن بۆ نێو شار و لەوێ لە دوا دیمەندا لە ڕیستۆرانتێك دادەنیشن و دیڤد داوای چەقۆیەك لە خزمەتگوزارەكە دەكات. كە چەقۆكەی بۆ دێت، بە ژنە خۆشەویستەكەی دەڵێت چاوەڕێم بكە زوو دەگەڕێمەوە، دەچێتە دەستشۆرەكە و كلێنس لە نێو زار و لە دەوری ملی دەئاڵێنێت بۆ ئەوەی چەقۆكە بكات بە چاویدا و خۆی كوێر بكات وەك ژنە خۆشەویستە خۆشەویستەكەی، بەڵام فیلمەكە لەسەر دیمەنی چاوەڕوانی ژنەكە بۆ گەڕانەوەی دەیڤد ڕەش هەڵدەگەڕێت و تەواو دەبێت!
بۆ قرژاڵ:
كە دەیڤد دەچێتە هۆتێلەكە و ژن و میردە خاوەندارەكەی هۆتێلەكە لێی دەپرسن حەزی لێیە ببێتە چ ئاژەڵێك، ئەویش دەڵێت: قرژاڵ. كە ژنەكە هۆكارەكەی لێ دەپرسێت، دەیڤد دەڵێت: “چونكە قرژاڵ زیاد لە 100 ساڵ دەژیت و وەكو نەجیبزادەكان خوێنی شینە و هەتا كۆتایی تەمەنی لەگەڵ یەك هاوجووت دەمێنێتەوە و سەرەڕای هەموو ئەمانەش دەریای خۆش دەوێت”.
بە كورتی، “قرژاڵ” دیوە مەترسیدارەكەی دیكەی ئەشقە. باشە ئاخۆ ئەشق ڕەهەندێكی ترسناكی هەیە؟! بەڵێ، زۆر موەترسیداریشە! چونكە بە پێچەوانەی قرژاڵ ناتوانێت زۆر تەمەن بكات و ناتوانێت لەسەر یەك كەس بمێنێتەوە.
دەشزانین كە قرژاڵ چەند تایبەتمەندییەكی هەیە وەك ئەوەی كە هەرگیز پیر نابێت و بەردەوام خۆی نوێ دەكاتەوە و ساڵانە قەپێلك دەگۆڕێت، كە دەشمرێت لە ئەنجامی پیربوونەوە نییە بەڵكو لە ئەنجامی ماندبوونەوەیە. قرژاڵی مێینە كە جووت دەبێت، نێرینەكە دەكوژێت و دەیخوات!
ئەم هەموو سیفەتانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی ناوی فیلمەكە بكرێت بە (قرژاڵ) و لەو سۆنگەشەوە تەعریف و پێناسی مرۆڤی مۆدێڕن و دنیاكەی بكرێت.
لەبارەی ڕەهەندە شاراوەكانی فیلمەكە:
فیلمی (قرژاڵ)، لە ڕاستیدا كۆمیدیایەكی ڕەش و وشك و بێ ڕۆحە لە ژیانی مرۆڤ. مرۆڤێك لە دنیایەكی (دۆستۆپیایی ـ Dystopia) هەمان چەمكی پێچەوانەی مەدینە فازیڵە، كە تیایدا كۆنتڕۆڵی پەیوەندییە ئینسانییەكان لە دەستی خۆی نییە و ئەوانی دی مرۆڤ ناچار دەكەن ڕازی بێت بە پەیوەندییە ناچارییەكان، نابێت چاوەڕوانی ئەوەمان لێی هەبێت كە فەزایەكی شادو دڵخۆشكەرانەی هەبێت!
یەكێك لە یەكەمین تایبەتمەندییەكانی ئەم فیلمە ئەوەیە، توانیویەتی لە ڕێگەی ئەو ستراكچەرە سارد و بێ ڕەنگ و دیالۆگە وشكانەی و بێ ئیحساسی كارەكتەرەكانیەوە نیشان بدات دنیا لە وەها دۆخێكدا چ دنیایەكی تۆقێنەر و بێزاركەرە.
فیلمەكەش هەروەك ژیانی قرژاڵەكان، ژیانی مرۆڤەكانی سنووردار و سیستەمدار و یاسامەدار كردووە. چۆن ئێمە دنیای قرژاڵەكانمان پێ سەیر و پێكەنیناوییە، ئەگەریش لەدەرەوەی دیدی مرۆڤەوە تەماشای ژیانی خۆمان بكەین، دەبینین ژیانمان زۆر گاڵتەجاڕانە و سەیرە.
یۆرگۆس لانتیمۆسی دەرهێنەر لە فیلمەكەدا دەكەوێتە هەجووی كۆمەڵگە و باسی ئەو فشار و پاڵەپەستۆ كۆمەڵایەتی و ئیحساسیانە دەكات كە لە دۆزینەوەی شەریكی ژیان دەخرێتە سەر تاكەكانی.
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی (قرژاڵ)، شێوازی دیالۆگە شەخسییەكانیەتی كە لە ڕاستای فەزای دنیای فیلم و دۆخی كارەكتەرەكانی فۆرموولە دەبن و كارەكتەرەكان بەردەوام خۆیان لە دۆخێكی شكێنەر و عەزابهێنەردا دەبیننەوە و گفتوگۆی سەرەتای یەكترناسینیان زۆر كڵێشەیی و سادەی و هیچە.
هەڵبەت كاتێك فیلمەكە دنیایەكی بێ ڕۆحی هەیە، ئاساییە كارەكتەرەكانیش بێ ڕۆح و وشك بن و قەواعیدی قسە بكەن! بۆ نمونە گفتوگۆی نێوان هاوجووتەكانی نێو فیلمەكە كە باسی ئەشق و خۆشەویستی دەكەن، زۆر بێ ڕۆح قسە دەكەن. ڕێك دەرهێنەر لێرەدایە مەتەڵەك لە دنیای ئەوڕۆی ئێمە دەگرێت بەو پێیەی پەیوەندییە ئاشقانەكانی دنیای ئێستامان وەها بێ ئیحساسن، كەچی زۆر ڕۆمانتیك ئاسا و خۆش و یۆتۆپیایی لێوەیان دەدوێین، لە كاتێكدا ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی فەزای ژیانمان تەماشامان بكات، دەزانێت چەندە گاڵتەجاڕ و درۆزنین!
خواستی دەرهێنەر لەم فیلمەدا ئەوەیە تێمان بگەیێنێت ئێمەی مرۆڤ دەبێت بە دڵنیاییەوە هاوسەرگیری بكەین و ئەگەر نەیكەین، ژیانمان كێماسی تێدایە. نەك هەر خەڵكی تێڕوانینێكی نەرێنیانەیان بەرامبەر زگورتەكان دەبێت، بەڵكو ڕەنگە زگورتەكانیش لە دۆزینەوەی شەریك و هاوجووتێك تووشی كێشە بن و بگەنە ئەو ئەنجامەی وەك هاوڕێكەی دەیڤد فێڵ بكەن و دەست بدەنە كارێكی هەڵە و یا خۆیان وەك تایبەتمەندبوونی بەرامبەرەكە نیشان بدەن بۆ ئەوەی هاوجووتەكەیان دەست كەوێت، بەڵام ماوەیەك دوای هاوسەرگیری حەقیقەتەكەیان دەردەكەوێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە. لێرەدا ڕستەیەكی جوان لە فیلمەكەدا هەیە كە ژنی خاوەن هۆتێلەكە دەڵێت: “ئەگەر تووشی كێشەیەك بوویتەوە كە نەتتوانی چارەسەری بكەیت، منداڵێكت دەدرێتێ كە زۆر جار هاوكار دەبێت لەم بابەتە”،
ئەم ڕستەیە چەندە گاڵتەجاڕانە بێت، هێندە باكگراوەند و پێشینەیەكی لەخۆیدا كۆ كردووەتەوە لەسەر بوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و هاوسەرگیرییەكان بەو پێیەی منداڵ ئەگەری هەیە بەشێك لە چارەسەری نێوان دوو كەس بێت كە كێشەیەكیان هەیە و یا جیاوازن و یا تێدەگەن دنیابینییان دوور و جیاوازە، هەروەك لە نێو كوردیشدا دەڵێت “با منداڵت بێت، هەموو شتێكتان چارە دەبێت!”
لەم فیلمەدا بۆمان دەردەكەوێت كە كۆمەڵگە دەیهەوێت یاساكانی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت و بەمەش وامان لێدەكات كارەكتەری ڕاستەقینەی ئێمە دەرنەكەوێت و دەست بدەینە گزیكردن لە ژیانماندا بۆ مانەوەی هاوجووتەكانمان و ئەمەش هۆكار دەبێت بۆ ئەوەی بكەوینە نێو دۆزەخێكەوە كە یەكەم جار كۆمەڵگە و دووەمجار خۆمان بۆ خۆمان دروستمان كردووە. زۆر كەس وەك دەیڤد، ئەم دنیایە لە خۆیان تار و تەنگ دەكەن و تووشی كێشەی سۆزداری دەبنەوە و خۆیان گۆشەگیر دەكەن.
یەكێك لە خاڵە سەرەنجڕاكێشەكانی (قرژاڵ) ئەوەیە كە یاساكان لە ستایشی ئەشق و پەیوەندیی ڕۆمانتیك نووسراونەتەوە، بەڵام تەواو دیارە ئەم یاسایانە كەسانێك نووسیویاننەتەوە ئاڵۆزی و بەشە تار و تاریكەكەیان درك پێ نەكردووە، چونكە شتێكمان نییە بە ناوی “پەیوەندی گەرمی ئاشقانە” و لە ژیانی حەقیقیشدا دەبینین هاوجووتەكان چەندی سەرەتا بە خۆشەویستی و گەرموگوڕییەوە یەكتریان ناسیبێت و یەكتریان خۆش ویستبێت، كەچی بە تێپەڕینی كات ئەم خۆشەویستییە كاڵ و كاڵتر بووەتەوە و وەك ڕۆژانی سەرەتا نەماوەتەوە و نامێنێتەوە، بۆیە لانتیمۆسی دەرهێنەر هەوڵ دەدات بە تاكی زگورت بڵێت نەكەویتە داوی ئەم خەیاڵاتانەوە و پێشمان دەڵێت كە یاسا نووسراوەكانی كۆمەڵگە شكستخواردوون و ئەگەریش شتێك هەبێت بە ناوی ئەشق (پەیوەندی نێوان دەیڤد و ژنە كوێرەكە) ئەوا ئەو ئەشقە نەمر نییە، بەڵكو وەك دواساتەكانی فیلمەكە دەیڤد بێزار دەبێت لە كوێربوونی ژنە خۆشەویستەكەی، دەشێت بێزاربوون و بێتاقەتی و هەڵاتنیشی تێبكەوێت. ڕێك هەروەك ژیانی ڕاستەقینەی هاوسەرگیری كە دەشێت دنیایەك كێشەش بێنە پێشەوە و بێتاقەتی و بێزاری و لێكدووركەوتنەوەشی تێبكەوێت.
لانتیمۆس، دواساتی فیلمەكە بە كراوەیی جێ دەھێڵێت تا هێز و توانا و تۆقێنەری ئەشق وەك دەرەنجامێك بۆ ئێمە جێبهڵێت و خۆمان بڕیاری لەسەر بدەین. واشمان لێ دەكات بگەینە دوو ئەنجام:
یەكەم: ئەگەر دەیڤد چاوی خۆی كوێر كردبێت، ئەوە نیشان دەدات پیاوێكی وەفادارە بە ژنێكی كوێر بەڵام مەحكومن بە ژیانێكی تێكشكاو و ڕەش و نەبینراو.
دووەم: ئەگەر دەیڤد ژنەكەی جێ هێشتبێت، ئەوا نیشانەی ئەوەیە كە قرژاڵ ئاسا گەڕاوەتەوە سەر كەسایەتییە سەرەكییەكەی كە كەسێكی ساد و وشكە و گشەگیر بوو و بۆ مانەوەشی پێویستی بە قەپێلكگۆڕین بووە.
مرۆڤ تا ئەوكاتەی زگورتە، هەست دەكات بەهێزترین بوونەوەری سەر ڕووی زەمینە، بەڵام كە بە هەموو فرتوفێڵ و ڕەنگگۆڕین هاوجووتێك پەیدا دەكات و ئاشقی دەبێت و هاوسەرگیری دەكات، ئەوجا تووشی كێشە و سەرشۆڕكردنەوە دەبێتەوە و ئێمەی بینەریش لە ڕێگەی دەیڤدەوە تێدەگەین ئەشقیش بێبەری نییە لە تێكشكان و ساردبوونەوە و هەڵاتن و وێرانبوون.
بە كورتی:
فیلمی قرژاڵ، شەڕی نێوان چاكە و خراپە نییە، بەڵكو نیشاندانی چاكە و خراپەیە لە سەر ڕووی یەك پوول و قبوڵكردنی هەردووكە وەك خۆیان، تا بۆ مرۆڤی مۆدێڕن دەركەوێت ژیانی هاوسەرگیری خۆی بەزمەسات و تەنزێكی تاڵ و تاریكە و ئەگەر هاوجووتەكان لە جیاوازییەكانی یەكتری تێنەگەن، ئەوا ئەشقیش دەبێتە كردەیەكی بكوژ. واتە ئایدۆلۆژیا دیكتاتۆریەت دروست دەكات كە ژنە شۆفێرەكەی سەرەتای فیلمەكە سیمبولی ئەو دیكتاتۆریەتەیە مرۆڤ لە نێو خۆیدا بۆ خۆی دروستی دەكات و جاشكەكەرەكەش سیمبولی مرۆڤی مۆدێڕنە كە دەكەوێتە بەر بێڕەحمی و بێبەزەیی دیكتاتۆرەوە و لەنێو دەچێت ئەگەر بێتو بە پێی یاساكانی ئەو نەجووڵێتەوە!
واتە ئەم فیلمە نیشاندانی وەرچەرخانی كۆمەڵگەی مرۆڤە لە مەدینە فازیڵەوە بۆ مەدینە فاسدە!

