رۆژنامەی ھەولێر

کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ بۆ ئەدیبی ناودار مامۆستا فازیل شەوڕۆ

سەعات پێنجی ئێوارەی ڕۆژێ چوارشەممە ٢٥/٦/٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدەبدۆست و نووسەر و ئەدیبانی کۆیە و شارەکانی تری کوردستان کتێبخانەی گشتی کۆیە کۆڕێکی ڕێزلێنانی بۆ نووسەر و ئەدیبی ناودار مامۆستا فازیل شەوڕۆ بەڕێوە برد.

سەرەتا وتارە پەخشانێک لە لایەن نووسەری قەڵەم‌بەبڕشت ڕەهبەر سەید برایم خوێندرایەوە؛ ئینجا دکتۆر شوکریە ڕەسوڵ بابەتێکی جوانی بە ناوی شەوڕۆ و خەباتی ئەدەبی و کولتووری پێشکەش کرد؛ پاشان هونەرمەندی ناوداری کورد ڕۆستەم ئاغالە وتارێکی جوانی بە ناوی شەوڕۆ و شێوەکاری پێشکەش کرد.
هەروەها شاعیر و نووسەری ناسراو و قەڵەمزێڕین دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن بابەتێکی بە ناوی شەوڕۆ و مایسترۆی ئەدەب و هونەر و زانست خوێندەوە. ئنجا نووسەر توێژەری بەتوانا دکتۆر هاوژین سڵێوە بابەتێکی لەسەر نووسینە هاوبەشەکانی خۆی و مامۆستا فازیل شەوڕۆ خوێندەوە.
پاشان نووسەری قەڵەمجوانی بواری پەروەردەیی مامۆستا هەمزە عەباس فەقێ وتارێکی پێشکەش کرد بە ناوی شەوڕۆ قەڵەمێک پەروەردەی لێ دەچۆڕێت.
هەروەها کورتەوتارێکی مامۆستا حاجی محێدین و چەند وتەیەکی کورت لە لایەن دکتۆر عەتیە حەمەسەعید و لاوژە جەواد بە هەمان بۆنەوە خوێندرایەوە. ئنجا خەڵاتی زێڕینی ئاڵای کوردستان لە لایەن ئارام ساڵحەوە بە نووسەر بەخشرا. بڕگەی کۆتایی مەراسیمەکەش بریتی بوو لە بەخشینی چەندین دیاری و چەپکەگوڵ لە لایەن ئامادەبووانەوە بە نووسەر. کۆڕەکە نزیکەی دوو سەعاتی خایاند و لە لایەن میدیاکار و ڕۆژنامەنووس هاوکار ڕەندیخانی بە جوانی بەڕێوە چوو.