وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – ههولێر
(باربارا كینگسۆلڤەر ـ Barbara Kingsolver) نووسەری (ئینجیلی ژەهراوی پۆیزنوود ـ The Poisonwood Bible author)، بەیانیان زوو كاتژمێر چواری بەیانی بە مێشكێكی پڕ لە بیرۆكە و ڕستەوە هەڵدەستێت و بە پەلەپڕووزكێ خۆی دەگەیێنێتە مێزی نووسینەكەی تا ئەو وشانەی كە جێنگڵیان دەدا، هەڵڕێژێتە نێو كۆمپیوتەرەكەیەوە!
ـ دەزانیت ڕەچەڵەکی ناوی خێزانیت لە چییەوە هاتووە؟
باربارا: بەڵێ. هەندێك حیكایەتیم لەبارەوە بیستووە كە چۆن گۆڕاوە. ڕەنگە گۆڕانکارییەكە سەرەتا لە (گۆنسالڤێز ـ Gonsalvez)ـەوە هاتبێت، کە ناوێکی باوی پورتوگالییە. كە گەیشتووەتە ڤێرجینیا بووە (کۆنسۆڵڤەر ـ Consolver)، پاشان بە خێرایی گۆڕاوە بۆ (کینسۆڵڤینگ ـ Kinsolving) و (کینگسۆڵڤەر ـ Kingsolver) و شتی تر. ئێمە هەموومان نزیکین لە یەکترەوە. كە دەگەڕێینەوە بۆ شەش یان حەوت نەوە پێش، دەزانین پێشینانمان بە كەمی گرنگییان بە ناوەکان دەدا و بۆیان گرنگ نەبوو چۆن دەنووسرێت.
ـ لەخەوهەستان و عادەتی نووسینت چۆنە؟
باربارا: زوو لە خەو هەڵدەستم. زۆر زوو. چواری بەیانی و پێش لە خۆرهەڵاتن هەوڵدانی من بۆ نووسین دەستپێدەکات، چونكە كە لە خەو هەڵدەستم، سەرم پڕیەتی لە وشە و پێویستم بەوەیە زوو بگەمە سەر مێزەکەم و دەست بكەم بە هەڵڕشتنیان بۆ نێو فایلێک. هەمیشە بە ڕستەکانەوە هەڵدەستم کە لە نێو سەرمدا جێنگكڵم دەدەن. بۆیە هەموو ڕۆژێک گەیشتنە مێزی نووسینەکەم وەک فریاگوزارییەکە بۆ من. شتێکی سەیرە كە خەڵکی پرسیار دەکەن چۆن كاتی نووسینم ڕێك دەخەم، ڕاستییەكەی لەو پرسیارە ناگەم. ڕێكخستن بۆ من ئەوەیە كە کۆمپیوتەرەکەم بکوژێنمەوە و مێزەکەم بەجێبهێڵم بۆ کارێکی دیكە.
ـ کەی ڕۆژەکەت تەواو دەکەیت؟ ئێوارانەكانت چۆنن؟
باربارا: من تەواوی ژیانم هەم ڕۆماننووس بووم و هەم دایكیش بووم. گریبەستی یەکەم کتێبم (دارەکانی فاسۆلیا) لەو ڕۆژەدا بوو کە لەگەڵ یەکەم منداڵم لە نەخۆشخانەوە دەگەڕامەوە ماڵەوە، بۆیە لە هەمان ڕۆژ هەم بوومە ڕۆماننووس و هەم دایک. ئەم دوو ژیانە گرنگەم هەمیشە یەک شت بوون بۆ من. هەمیشە پێویست بووە هەردووکیان لە هەمان کاتدا ئەنجام بدەم. بۆیە کاتژمێرەکانی نووسینم هەمیشە بەستراونەتەوە بە كارە لۆجیستیکییەكانی بەخێوكردنی منداڵەکانم. کاتێک بچووک بوون قورس بوو. كە بۆ نووسین هەر کاتژمێرێک دەچوومە لەسەر مێزی نووسینەکەم، وەک خەڵاتێك وابوو لە لام. بە تێپەڕینی کات و چوونی منداڵەکانم بۆ قوتابخانە، وردە وردە دۆخەكە ئاسانتر بووەوە. ئێستا كوڕی یەكەمم گەورەساڵانە و بچووکەكەشم ١٦ ساڵیەتی، بۆیە هەردووکیان گەورەن و خۆیان دەتوانن كاروبارەكانیان بەڕێوە بەرن. کاتی نووسین بۆ من هەمیشە بەنرخ بووە، شتێک کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دەکەم و بە باشترین شێوە سوودی لێوەردەگرم. ڕەنگە ئەوە هۆکارێک بێت کە زوو لەخەو هەڵدەستم و لە کاتژمێرە بێدەنگەکانی بەرەبەیان دەست بە نووسین دەكەم، ئەو دەمەی كە کەس پێویستی بە من نییە.
ـ نەریتێكی تایبەت و نائاساییت بۆ نووسین هەیە، بۆ نمونە کڵاوی سیحراوی لەسەر ناكەیت لە كاتی نووسین؟
باربارا: نەخێر. هەمیشە كاتی نووسین هێندە بۆم بەتام و گرنگ بووە کە پێویستم بە هیچ جۆرە نەریتێک نەبووە تا لەگەڵ ڕووحیەتی خۆمدا بیگونجێنەم. پێشتر دەمگوت پاسی قوتابخانە ئیلهامبەخشمە. کاتێک دەڕۆیشت و منداڵەكانمی دەبرد و منی بەجێدەهێشت، ئەو کاتە ئیتر ڕۆژی کاری من دەستی پێدەکرد، و بە گەڕانەوەی پاسەكەش کۆتایی دەهات. وەک دایکێك، کاتی کارەکەم سنووردار بوو. لە لایەکی ترەوە، زۆر سوپاسی خێزانەکەشم دەكەم بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانم، لەوەی كە كارەكەم لە كاتێكی دیاریكراوی ڕۆژدا تەواو بکەم و بڕۆم نانی ئێوار ئامادە بکەم. ئەمە شتێکی تەندروستە كە کار بەلاوە بنێیت و نانی ئێوار ئامادە بکەیت و لەگەڵ ئازیزانت بیخۆیت. بۆ من گرنگە ئەم خەڵکە لە ژیانمدا هەبن کە یارمەتیم دەدەن نەریتێکی شارستانی بگرمە بەر، كە ئەم خەڵکە لە ژیانمدا هەبن و بمبەستنەوە بە جیهانی فراوانتر و ئایندەوە. منداڵەکانم هەموو شتێکیان فێر كردووم لەسەر ژیانم و لەسەر ئەو کەسەی كە دەمەوێت لە جیهاندا بم. ئەوان بە شێوەیەکی دیار بەستوویانمەتەوە بە ئایندەوە. دایکبوون باشتری کردووم وەک نووسەری. هەروەها ڕاستیشە كە بگوترێت نووسەربوون باشتری کردووم وەک دایکایەتی.
ـ ئایا بەردەوام بوویت لەگەڵ ئەو نەریتە ژیانییەی کە لە (ئاژەڵ، ڕووەک، پەڕجوو Animal, Vegetable, Miracle) باست کردووە یان خووەکانت گۆڕاون؟
باربارا: بە گشتی وەک خێزانێكی ئاسایی خواردن دەخۆین. هەوڵ دەدەین لە هیچ شتێكدا زێدەڕۆیی نەكەین، لە سەرچاوە خۆراكییەکان، سووتەمەنی، ڕێك وەك ئەو پرۆسەیەی لە کتێبەكەدا باسم کردووە. پڕاکتیزەكردنی ئەوەی لە كتێبەكەدا باسم كردووە بۆمان نایاب بوو، چ لە ڕووی سۆزدارییەوە و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەشداربوون لەگەڵ جوتیارەکانی هەرێمەکەمان، فێربوون لەسەر ڕەچەڵەکی خۆراکەکەمان.
ـ ڕۆتینی نووسین و بیرۆكەی كتێب نووسینت بۆمان باس بكە؟ پلانی پێشوەختە بۆ نووسینی كتێبەكانت دادەڕێژیت؟
باربارا: پلان و نەخشەڕێی زۆر دادەڕێژم. وەک زانایەک ڕاهێنراوم. ئاخر بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرم لە بایۆلۆجیا هەیە و ئەمەش مەیلی بیرکردنەوە و كاركردنی وەک زانایەک تێدا دروست كردووم. پێم وایە هەموو کتێبێک وەك نووسینی تێزێک وایە. با بە زاراوە زانستییەكە بۆت باس بكەم. “ئەگەرچی”ـیەکی گەورە بەلامەوە گرنگە. پاشان بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن ئەو پرسیارە ڕاستەقینەیە لەسەر سروشتی مرۆڤ یان جیهان وەربگێڕمە سەر دەق و تێزێك. ڕۆمان هیچت پێ ناڵێت، پێویستە هەموو شتێکی تێدا پیشان بدرێت. تەنانەت بۆ تاقە پرسیارێکیش دەبێت لە ڕێگەی کارەکتەر و دەقەكەوە بخرێتە ڕوو. کاتێکی زۆر بە بیرکردنەوە لە پێکهاتەی گێڕانەوەی ڕۆمانەكە بەكار دەبەم. نووسینی زۆر دەکەم کە هێشتا وێنادار نییە بەڵکو زیاتر نەخشەڕێگەیە. بۆ نمونە فایلێك بە ناوی (لامپی سەر مێزەكە) لە نێو كۆمپیوتەرەكەم دەكەمەوە و دواتر كارەكتەرەكان (x، y،z ) دروست دەكەم و هەموو شتەكانیان لەسەر دەنووسم. واتە چەندین مانگ كار لەسەر ئەوە دەكەم تا بە تەواوی كارەكتەرەكانم دەناسم و دروستیان دەكەم. پاشان مێژووی ژیان و ڕەفتار و كرداریان بۆ دادەڕێژم. بۆیە زۆر جار وەک هەموو نووسەران، پرسیارم لێ دەکرێت کە ئایا کارەکتەرەکانت هی خۆتن یا ناسیاو و نێزیكەكانتن؟ بەڵام بە تەماشاكردنی پڕۆسەكەم دەزانن كە ئەمە بۆ من مەحاڵە. من بە بینینی گێڕانەوەیەك دەست پێدەکەم، بۆیە ناتوانم کەسانی ناسیاو بخەمە نێو كتێبەكەوە. بەم شێوەیە بەردەوام دەبم لە داهێنانی كەسایەتییەكانی نێو ڕۆمانەكەم، بە وردی مێژوو و ڕفتار و ڕەچەڵەكیان دەناسم، كە لەوە بوومەوە دەست دەكەم بە نووسینی دیمەنەكانی ڕۆمانەكە. زۆر جار هەر لە سەرەتاوە دیمەنەكان دێنە مێشكم، بەڵام من بەردەوام دەنووسم و لاپەڕە ڕەش دەكەمەوە. جاری وایە سەدان لاپەڕە دەنووسم تا دەگەمە ئەو لاپەڕەیەی كە من دەمەوێت.
ـ کتێبەکانت لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە پڕۆگرام دەخوێنرێنەوە. ئەمە زۆر کەم بۆ نووسەرێکی هاوچەرخ ڕوودەدات. ئەمە وەک وێنەکێشێکی هاوچەرخ وایە کە کارەکەی لەلایەن مۆزەخانەکانەوە بۆ هەتاهەتاییە نیشان بدرێن؟
باربارا: باوەڕنەکراوە، هەستێکی نایابە. هیوادارم قووتابییەكان ڕقیان لێم نەبێتەوە [پێدەکەنێت]. ئاسایییە كە لاوان و مێرمنداڵان ڕقیان لە هەر کارێک بێتەوە کە پێیان دەسپێردرێت، بۆیە سەرەتا دەڵێم: داوای لێبوردن دەکەم. دەزانم تەمەنتان ١٥ ساڵە، ڕەنگە کارێکی باشترتان هەبێت جگە لە خوێندنەوەی (ئینجیلی ژەهراوی پۆیزنوود) یان (دارەکانی فاسۆلیا ـ The Bean Trees)، بەڵام پێویستە شتێک بۆ وانەی ئینگلیزیتان بخوێننەوە، هیوادارم ئەم كتێبانە هاوڕێتان بن. سوپاسی زۆریشم بۆ مامۆستایانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی ئامادەیی هەیە. پێموایە ئەوان پیرۆزترین كەسانی سەر ڕووی ئەم زەوییەن. ئەوان نەوەیەکی نوێی خوێنەر دەدەنە كۆمەڵگە، دەیاننێرنە جیهانێكەوە كە چۆڕاوی هەموو مێژووی ئەدەبیاتی لەخۆ گرتووە تا بیخوێننەوە. ئەمە دیارییەکی جوانە بۆ جیهان. بەتایبەتی ئێستا کە مەترسیی لەدەستدانی نەوەیەکی خوێنەرمان هەیە.
ـ چی وات لێ دەكات پێبکەنێت؟
باربارا: [بە پێکەنینەوە] ئەوە چ پرسیارێك بوو. هەر ناتوانم ئەو شتانەت بۆ باس بكەم كە ئێستا بە مێشکمدا دێن. زۆر و شەرمەزارکەرن!
ـ چی دڵخوازی تۆیە؟
باربارا: هەرشتێك لە مینیباڕەکەدا هەبێت لە کۆتایی ڕێگەكە بە دڵی منە. كە پاش ئێوارەیەکی درێژی واژۆکردنی کتێب دەگەمەوە هۆتێلەکەم، كەیفم بە بینینی خوێنەرەكانم دێت، بەڵام بە تێپەڕینی کات، خەوتنەكەم چێژم پێ دەبەخشێت!
ـ چ ڕستەیەک زۆر دەڵەیتەوە؟
باربارا: “ئەگەر ڕاستگۆ بم، بەڵێ”، وابزانم ئەمەیە.
ـ چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ ئەوانەی حەزیان لێیە ببنە نووسەر؟
باربارا: ئەوەندەی دەتوانیت لەبارەی جیهانەکەتەوە بزانە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە تەنها کۆرسی نووسین و شتی لەو بابەتە وەربگریت، ڕەنگە گرنگ بێت لەسەر زانست بزانیت. نووسەرێكی كەم هەیە كە لەبارەی ژانری ئەدەبیاتی خیاڵی بزانێت، واتە لەسەر بایۆلۆجی، فیزیا، کیمیا و ژینگە بزانێت، ئێمە لە نێو دونیای ئەدەبیدا پێویستییەكی گەورەمان بە زانست هەیە.
ـ دەتەوێت چی لەسەر كێلی گۆڕەکەت بنووسرێت؟
باربارا: مامێكی گەورەم هەیە کە لە نزیک شوێنی ژیانی منەوە بەخاك سپێردراوە. بیرم لەوە كردووەتەوە ڕستەی سەر كێلەكەی ئەو بدزم. نزیکەی سەد ساڵ لەمەوپێش مردووە. لەسەر بەردی گۆڕەکەی نووسراوە: لێرەم بووم، ئێستا ڕۆیشتووم. کاتێکی خۆشم بەسەربرد.

