ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرۆژەی وەرگێڕان پرۆژەیەکی ڕاگوزەریی و تەنها گواستنەوەی تێکست نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بەڵکو پرۆژەیەکی مەعریفی و مەبەستدارانەیە بۆ گواستنەوەی کولتوور و ئەدەبیات و زانست لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە. ئەوەی وەرگێڕان وەکو پرۆژەیەکی ڕاگوزەریی و سادەی گواستنەوەی تێکست ببینێت لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە وەرگێڕێکی مەبەستدار نییە و دەشێ ئامانجی دیکەی هەبێت، جگە لە ئامانجی خزمەتکردنی زمان و کولتوورەکەی، بەڵام وەرگێڕی مەبەستدار ئەو وەرگێڕەیە، کە وەرگێڕان وەکو پرۆسەیەکی مەعریفی و ژیاریی دەبینێت و هەر تێکستێک بە مەبەستێک و بۆ پێویستی کتێبخانە و ئەو زمانە دەبینێت، کە تێکستەکەی بۆ وەردەگێڕێت.
لەنێو دونیای وەرگێڕانی کوردیدا کەمن ژمارەی ئەو وەرگێڕانەی کە بەشێوەیەکی مەبەستدارانە وەردەگێڕن، ڕەنگە لێرەدا ڕیزکردنی ناوەکانیان پێویست نەبێت، بەڵام یەکێک لەو وەرگێڕانە “هەڵکەوت عەبدوڵڵا”یە کە لە ڕیزی پێشەوەی وەرگێڕە مەبەستدارەکانە و لە وەرگێڕانی هەر کتێبێک مەبەست و پێویستییەکی کتێبخانەی کوردی و دونیای فیکر و ڕۆشنبیریی کوردییە، کە بۆ وەرگێڕان هەلی دەبژێرێت. ئەمەشە وایکردووە هەر کتێبێکی ئەم وەرگێڕە بڵاوبکرێتەوە بە تامەزرۆییەوە دەبم یەکەمین خوێنەرەکانی و هەندێک لە کتێبانەی دووبارە و سێبارە دەخوێنمەوە، چونکە پێویستی کۆمەڵگەی ئێمەن و بۆ ناسینی دونیاکەمان گرنگی خۆیان هەیە.
لێرەوە دەچمە سەر یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی ئەم وەرگێڕە، کە وەکو پرۆژەیەکی گرنگ و هەڵگری پرسیارێکی گرنگە، کە زۆرجار پرسیارێکی گەلێک سادەیە، بەڵام لە جەوهەردا وەڵامدانەوەی گەلێک سەختە، لەبەرئەوەیە، کە هەمیشە چەند پرسیارێک گرنگ بێت وەڵامەکەی دوو هێندە گرنگە. مرۆڤ بوونەوەرێکی ترسنۆکە لەئاستی بەشێک لە وەڵامی پرسیارەکاندا، بۆیە زۆرجار خۆی لە وەڵامەکان دەدزێتەوە، یان بە وەڵامی سادە قاییل دەبێت. بەڵام مرۆڤە مەزنەکان کاتێک پرسیارێک دەکەن هەمیشە دەکەونە شوێن وەڵامەکەشی و ئەگەر وەڵامەکەشیان (وەک ئەوەی ڕازیکەر بێت) دەست نەکەوێت، بەڵام بۆ هەمیشەیی لەگەڵیدا دەژین و بە ئومێدی وەڵامێکی ڕازیکەرەوە درێژە بە ژیان دەدەن.
بۆچی دەژیین؟ ناونیشانی کتێبێکی “سەعید ناشید”ە، کە هەڵکەوت عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم کتێبە بەدەوری ئەو پرسیارەدا دەسووڕێتەوە، کە ناونیشانەکەی هەڵگرییەتی و لەڕووکەشدا گەلێک سادە دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک ئەم کتێبە “262” لاپەڕەییە دەخوێنیتەوە ئەوسا دەزانی ئەم پرسیارە چەند قووڵە و وەڵامەکەشی چەندە سەختە، چونکە مرۆڤ ناتوانێت بە یەک وەڵام قاییل بێت و دەشێ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا وەڵامی پرسیارەکەش جۆرێکی دیکەی لێ بێت. هەر لەبەر ئەوەیە نووسەر بە وردەکارییەکی زۆرەوە هەوڵی گەڕانێکی چڕی داوە بەدوای وەڵام ئەم پرسیارەدا.
ئەم کتێبە لە یازدە بەش پێکهاتووە و تەواوی بەشەکان لە هەوڵی کنەوپشکنینی ئەو پرسیارەن، کە ناونیشانەکە هەڵگرییەتی. لە بەشی یەکەمدا نووسەر “لەبارەی داستانی ماناوە” دەدوێت و بە کۆمەڵێک پرسیار دەرگای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ خوێنەردا دەکاتەوە و هەر لە پرسیاری بۆچی دەژیین-ـەوە بۆ پرسیاری بۆچی دەخوێنم و بۆچی کاردەکەم و بۆچی هاوسەرگیریی دەکەم و بۆچی منداڵ دەخەمەوە؟ لەنێو ئەم لێشاوە پرسیارەدا نووسەر ئەوە دەخاتەڕوو ئایا دەرفەتی دەربازبوون هەیە، یان ئەوە کۆتاییەکەیە؟ وەک دەزانین مرۆڤ مەحکومە بەو ژیانەی تێیدایە، یان بەجۆرێک فڕێدراوەتە نێوی، بۆیە گرنگە بە وردی و وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسیارانەدا بکرێت، چونکە وەکو نووسەر دەڵێت پرسیاری مانای ژیان کاتێک بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا ناکەین دەمانگەیەنێت بە گەوجی، یان خەمۆکی. کەواتە بۆ ئەوەی نەگەینە ئەوە، پێویستە بە وردی بیر لە ماناکانی ژیان بکەینەوە، چونکە پێدانی مانا بە ژیان یەکێکە لە پێداویستییە ڕۆحییەکانی مرۆڤ.
لە تەواوی بەشەکانی دیکەی ئەم کتێبەدا نووسەر هەرجارێک لە دەروازەیەکی نوێوە لە مانای ژیان دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت زۆرترین ڕووبەر لەبەردەم خوێنەردا بکاتەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەدا دەکات تا خوێنەر ترسی لە پرسیارە سەختەکە بشکێن، کە پرسیاری بۆچی دەژیینە؟ چونکە ئەم پرسیارە چەندە سادەیە هێندەش سەختە و مرۆڤە ئازاکان خۆیان لەبەردەم وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبیننەوە و دەیانەوێت پێداگرانە بۆ وەڵامەکەی بگەڕێن. بەڵام ئایا بۆچی دەژیین وەڵامێکی دروستی هەیە؟
بێگومان ئەم پرسیارە وەڵامی هەیە، بەڵام وەڵامێکی جێگیریی نییە، چونکە هەر مرۆڤێک بەپێی شێوازی ژیانی دەتوانێت وەڵامێکی ئەم پرسیارە بداتەوە و ئامانجی خۆی لە ژیان دیاری بکات. ئایا وەکو نووسەر لە جێگەیەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ دەکات “ئامانجی ژیان ئەوەیە هەموان گەشە بکەن، نەک هەندێک لەسەر حسابی هەندێکی دیکە گەشە بکەن.” یان “ئامانجی ژیان ئەوەیە سەرتاپای مرۆڤایەتی گەشە بکات تا ئەوپەڕی سنووری شیاو.”
ئەگەر سەرنج بدەین نووسەر “سنووری شیاو” بەکار دەهێنێت. واتە نابێت گەشەکردنەکە بگاتە سنوورێک، کە ئازادی ئەوانی تر چ گیانەوەر بێت، یان درەختەکان، یان بەرگە هەوا و دەریاکان پێشێل بکرێن. وەکو ئەوەی ئێستا لە زۆربەی وڵاتەکاندا دەکرێت. هەر لەبەرئەوەیە ئەگەر مرۆڤەکانیش سنووری یەکتریی پێشێل نەکەن (هەڵبەت زۆرجار دەیکەن) ئەوا نابێت سنووری بوونەوەرەکانی دیکەش پێشێل بکەن. نووسەر لە ناوەڕاستی کتێبەکەیدا لە وەڵامی پرسیاری بۆچی دەژییندا دەنووسێت “ئێمە دەژیین، بۆ ئەوەی هەر یەکێکمان بە شێوازی خۆی وەڵامی پرسیاری: بۆچی دەژیین؟ بداتەوە و شێوازەکانیش هەمەڕەنگ بن، بەپێی هەمەڕەنگی خولقان، وەک عاشقەکان دەیڵێن. واتە ئەوەیە هەر مرۆڤێک خودی خۆی بەدی بهێنێت.”
چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وتارێکی دیکەدا ئەوەم خستبووە ڕوو، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ناکامڵە و دەیەوێت لەڕێی پرۆژەکانییەوە (داهێنانەکانییەوە) بوونی خۆی تەواو بکات. کەچی چەند نووسەرێک ڕەخنەی توندی ئەو دیدگایەیان کرد و پێیانوابوو ئەوە هەڵەیە بەبێ ئەوەی ڕاستییەکەی بنووسن. مارتن هایدیگەریش هەمان بۆچوونی نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر نووسیوە و من بە ئیلهاموەرگرتن لەو فەیلەسووفە بۆچوونەکەم داڕشتبوویەوە و ئەم نووسەرەش دیسان بە ئیلهام وەرگرتن لە هایدیگەر ئەو بۆچوونەی دەربڕیوە. نووسین یەکێکە لە ڕێگەکانی تەواوکردنی پرۆژەی بوونی مرۆڤ، یان واتا بەخشین بە بوونی مرۆڤ. من لەبەرئەوە دەنووسم لەپێناو ئەوەی واتایەک بە بوونم ببەخشم، هاوکات پرۆژەیەکە بۆ تەواوکردنی بوونم، چونکە لە بنەڕەتەوە مرۆڤ بوونەوەرێکی ناکامڵە، ئەوە ئەزموونە بەرەو کامڵبوونی دەبات. وەکو ئەم نووسەرە پشتگیریی لێ دەکات مرۆڤ بەشێوازی خۆی بوونی خۆی تەواو دەکات و وەڵامی پرسیاری بۆچی دەژیین دەداتەوە؟
لە کۆتاییەکانی کتێبەکەدا نووسەر دەپەرژێتە سەر پرسیاری بەختەوەریی، چونکە ئەویش پەیوەستە بە پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم کتێبەوە لە جێگەیەکدا ڕستەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێش دەنووسێتەوە، کە من ساڵانێکی زۆرە بڕوام پێیەتی ئەویش ئەوەیە “لە هیچ شوێنێک بەدوای بەختەوەرییدا مەگەڕێ، ئەگەر لە ناخی خۆتتدا نەبێت.” بەختەوەریی لە هیچ جێگەیەک نییە مرۆڤ خۆی بەختەوەریی خۆی دەخولقێنێت، بۆ بەختەوەربوون گرنگ هەژاریی و دەوڵەمەندی نییە، گرنگ ئەوەیە چێژ لە چی دەبینی و بەچی ژیانێک قاییلیت تا بە بەختەوەریی بگەیت. هاوکات کەوتووتە سەر ئەوەشی پێناسەی بەختەوەریی لای تۆ چییە؟
لەکۆتاییەکانی کتێبەکەدا نووسەر گرەوێکی لەگەڵ خۆیدا کردووە لای من گرەوەکەی بردەوە نازانم لای کەسانی دیکە چۆن دەبێت. لە گرەوەکەدا دەڵێت ئەگەر بە یەکجار خوێندنەوەی کتێبەکە قاییل بوویت ئەوە من گرەوەکەم دۆڕاندووە، چونکە گرەوی ئەوەم کردووە، کە خوێنەر پێویستە زیاد لە جارێک کتێبەکە بخوێنێتەوە و منیش ساڵی پار و ئەمساڵیش کتێبەکەم خوێندەوە. ئێوەش خوێنەری کتێبەکە بن، چونکە گەشتێکی چێژبەخشی مەعریفییە بەنێو ژیانی خۆماندا و ئەو پرسیارانەی نەمانوێراوە لەخۆمانی بکەین.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و وەرگێڕانە ناوازە و هەڵبژاردنە دروستەکەی. دەستخۆشی بۆ دەزگای سەردەمیش بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە.

