شیعری ئازاد بۆچی سەری هەڵدا؟

هۆنیار عەبدوڵڵا

سەرهەڵدانی شیعری ئازاد لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتدا، شۆڕشێكی فۆرمی و ناوەڕۆكی بوو. ئەم دیاردە نوێیە لە بۆشاییەوە دروست نەبوو، بەڵكوو دەرەنجامی چەندین هۆكاری قووڵ و فرەڕەهەند بوو، كە كاریگەرییان لەسەر بیر و هەست و ژیانی مرۆڤی ئەو سەردەمە هەبوو، ئەمانە وایان كرد شیعر بە دەربڕینێكی نوێوە بێتە ئاراوە.

شیعر هەمیشە ئاوێنەی ژیانی كۆمەڵگا بووە و دەنگی زەمەنەكەی خۆی گەیاندووە. لەو سەردەمەی شیعری ئازاد تێیدا سەری هەڵدا، كۆمەڵگا بە قۆناغێكی گەورەی گۆڕانكاری تێدەپەڕی. پێكهاتەی شارەكان، شێوازی ژیان، پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان لە نێوان شار و گوند و تەنانەت تێڕوانین بۆ دونیا گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. ژیان شێوازێكی نوێی وەرگرتبوو كە فۆرمی كۆن و باوی شیعر، بە هەموو پابەندبوونەكانییەوە، زەحمەت بوو بتوانێت بە باشی ڕەنگ بداتەوە. پێویست بوو قاڵبێكی نوێ بێتە ئاراوە لەگەڵ لێدانی دڵی نوێی كۆمەڵگە و ئاڵۆزییەكانی ژیانی مۆدێرندا بگونجێت. شیعری ئازاد وەك هەناسەیەكی نوێ هات بۆ ئەوەی ببێتە دەنگی ئەم گۆڕانكارییە قووڵە كۆمەڵایەتی و ژیارییانە.
ئەو قۆناغە مێژووییە پڕ بوو لە ئاڵۆزیی سیاسی و كۆمەڵایەتی. زۆربەی وڵاتان لەژێر باری داگیركاری و ستەم و چەوسانەوەدا دەیان ناڵاند. ئەمەش باری قورساییەكی دەروونی و هەستیی زۆری لەسەر شانی تاك و كۆمەڵگا دروست كردبوو. هەستەکان دەمارگرژ بوون، بیرەکان قەتیس دەبوون و هاواری ناخەکان کپ دەکران. لەم دۆخەدا، شیعر بوو بە تاكە پەناگا و باشترین ئامراز بۆ دەربڕینی ئەو هەستە سۆزاوییە زۆرانەی كە لە ناخدا كوڵ دەهاتن و ئەو بیرە شۆڕشگێڕانەی كە ئازادییان دەخواست. شیعری ئازاد، بە تێكشكاندنی بەشێك لەو سنوور و كۆت و بەندانەی فۆرمی كلاسیكی، جۆرە ئازادییەكی دەروونی بە شاعیر بەخشی، وای كرد بتوانێت بێ سنوور و بە قووڵایی زیاتر، ئەو بارگرانی و ئاوات و حەزە شاراوەیە دەرببڕێت كە لە ناخی خۆیدا و لە ناخی خەڵكیدا هەبوون. ئازادیی فۆرم ڕەنگدانەوەی حەزی قووڵی ڕۆح بوو بۆ ئازادی.
جووڵەی ئەدەبی تەنها لە یەك ناوچەدا قەتیس نابێت و كاریگەرییەكانی دەگوازێتەوە. لەو سەردەمەدا، پەنجەرەكانی ئەدەبیات بە ڕووی ئەدەبیاتی جیهانی، بە تایبەت ئەدەبیاتی ڕۆژاوا، كرابوونەوە. شاعیران و ئەدیبان ئاشنای ڕەوتە ئەدەبییە نوێكان و فۆرمە شیعرییە جیاوازەكانی ئەورووپا بوون. ئەم ئاشنابوونە، تەنها لاساییكردنەوە نەبوو، بەڵكو بوو بە هاندەرێك بۆ بیركردنەوە لە نوێكردنەوە و گۆڕانكاری لە خودی شیعردا. ئەگەر شیعر گوزارشتە لە ژیان، و ژیانیش گۆڕابوو و بیركردنەوەکان فراوانتر بووبوون، ئەوا پێویست بوو فۆرمی شیعریش پەرە بسەنێت و خۆی نوێ بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت پێشوازی لەو بیر و هەست و شێوازە دەربڕینانە بكات كە لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی فكری و ئەدەبییەوە هاتببوونە ناو كایەی ئەدەبیاتەوە. حەزی نوێگەری و داهێنان لە خودی ناوەندە ئەدەبییەكاندا هۆكارێكی سەرەكی بوو.
جگە لەم هۆكارە گشتییانە، شاعیر و ڕەخنەگری گەورە نازك مەلائیكە لە نووسینەكانیدا، چەند هۆكارێكی تایبەت بە خودی پێكهاتە و سروشتی شیعری كلاسیكی دەستنیشان دەكات كە وای كرد پێویست بكات شیعری ئازاد سەرهەڵبدات:
فۆرمی كلاسیكی زۆرجار شاعیری پابەند دەكرد بە بابەتی دیاریكراو یان بە شێوازێكی زۆر خەیاڵی و دوور لە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵك. شیعری ئازاد بەو نەرمی و ئازادییەی لە كێش و قافیەدا هەیبوو، ڕێگەی بە شاعیردا كە زیاتر نزیک بێتەوە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، باس لە كار و كۆشش، ئازارەكان، خەونە سادەكان و وردەكارییەكانی ژیان بكات. شاعیر ویستی لە هەوای خەیاڵی و ڕۆمانسیی بەرزەفڕ دوور بكەوێتەوە و پێ بنێتە سەر زەمینەی واقیعی تفت و تاڵی ژیان و بە زمانێك و شێوازێك دەری ببڕێت كە گونجاوتر بێت.
سیستەمی دوو بەشی (شەترین) و یەكگرتوویی قافیە بۆ سەدەها ساڵ قاڵبی سەرەكیی شیعری بوو. ئەم درێژبوونەوەیە بووبووە هۆی جۆرە یەكچەشنییەك و وای كردبوو زۆرجار شاعیران دووبارە ببنەوە یان سنووردار بن لە دەربڕیندا. ئێدی كات هاتبوو بۆ ئەوەی ئەم قاڵبە بشكێنرێت و فۆرمێكی نوێ بێتە ئاراوە كە ببێتە هۆی زیندووبوونەوە و پەرەسەندنی شیعر. شێعری ئازاد ئەو دەرفەتەی ڕەخساند تا شاعیر بتوانێت بە ئازادییەكی زیاتر، پێكهاتەی شیعرەكەی دابڕێژێتەوە و كەسێتی و شێوازی تایبەتی خۆی تێدا بنوێنێت، دوور لەو ڕێگا دیاریكراوەی كە لە شیعری كلاسیكیدا باو بوو (وەك دەستپێكردن بە وەسفی وێرانە و ژینگەی بیابان و پاشان چوونە سەر مەبەستی سەرەكی).
لە سەردەمێكدا كە گرنگییەكی زۆر بە پابەندبوون بە یاساكانی عەرووز و شێوەی دەرەكیی شیعر دەدرا، شێعری ئازاد هات تا بڵێت گرنگتر لە شێوە، ناوەڕۆكە. بە ئازادكردنی شاعیر لە ژمارەی دیاریكراوی تەفعیلە لە هەر دێڕێكدا و لە یەكگرتوویی قافیە، دەرفەتێكی گەورە ڕەخسا تا شاعیر تەواوی وزە و بیركردنەوەی بخاتە سەر مانا، پەیام، بیرۆكە، و سۆزی ناو شیعرەكە. مەبەست بوو دڵی شیعرەكە زیندوو بكرێتەوە و گرنگی بدرێت بەوەی شیعرەكە چی دەڵێت، نەك تەنها چۆن دەڵێت بە پێی پێوانە فۆرمییەكان.
بە كورتی، سەرهەڵدانی شێعری ئازاد وەڵامێكی پێویست بوو بۆ كۆی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەدەبییەكانی سەردەم، لەگەڵ حەزێكی قووڵ بۆ نوێبوونەوە و گەڕانەوە بۆ ناوەڕۆكی ژیان و دەربڕینی كەسێتیی شاعیر بە شێوازێكی ئازادتر. ئەمە تەنها گۆڕانكارییەكی سادەی فۆرم نەبوو، بەڵكو دەربڕینی ویستێكی قووڵ بوو بۆ ئازادی لە هەموو ئاستەكاندا.