باهۆز مستەفا
تابلۆیەک
بە ڕەنگی ئاویی و سوور
لەسەر کانڤاسی پێست
لە هەموو سووچ و رووێکەوە
وەک یەک و
یەک جۆر دەخوێندرێتەوە
وەک شووشە روون و ئاشکرایە
تەنیا کۆدی دەستەکانی نەبێ
لە کۆدی داڤینشی قورسترە
ئاشکراکردنی
هەر پەنجەیەکی کەللە سەرێکە
نهێنی
کۆمەڵێک ڕەنگی هەڵگرتووە
لێدانی فڵچەی
لە بەرزترین شەپۆڵ و
خێراترین باهۆز بەهێزترە
دەتوانێ شار بکاتە بیابان و
زەوی بکاتە خۆڵەمێش
هاوڕێم
ئیتر لەگەڵ کێ لە مێزەکەی دواوەی نووسەران
دابنیشم؟
چاوەڕوان بووم گفتوگۆکە تەواو بکەین،
گوتت زوو دێمەوە سێ مانگی دیکە!
کوا نەهاتی، من هاتم بەس تۆ ڕۆشتی هاوڕێ
دڵم تەنگە، تۆ قەت وا منت بێ تاقەت نەکردووە
لەو هەموو برادەرە بۆ من بۆ؟
ئیتر کێ باسی ڕەنگ و جوانیم بۆ بکات
کێ؟
ئێوارە چاوەڕوانی کێ بم؟
هاوڕێ
دوێنێ شەو
لەگەڵ تابلۆکانت
باسی تۆمان دەکرد
چیرۆکی تۆیان بۆ دەگێڕامەوە…