شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەکەوێ

جەمال نوری

دووهەم دیوانەشیعری حەکیم میرزا*، کەوتە بەر دیدەی خوێنەرانی، حەکیم یەکێکە لەو شاعیرانەی خاوەن دەنگێکی تاییەتی خۆیەتی.
میرزا لە ڕێگای موفرەداتی وشەوە موخاتەبەی خودئاگاە دەکات، ئەو دەستەواژانەی کە پانتاییەکی فراوانی هەیە لە دەقە شیعریەکانیدا، وەک مردن، غوربەت، تەنیایی، ژیان، ئەشق، نیشتمان، تاریکی و، هتد، ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە شاعیر زیاتر ڕۆچۆتە ناو ئەو چەمکانەوە، کە لە دەلالەتی واتادا مەدلوولێکی تر ئەدات بە خوێنەر؛ واتە شیعر لە شوێنگەیەكی بەتاڵی بەشەرییەتدا وجودی نییە، ئێمە بۆ ئەوە شیعر دەنووسینەوە، خەڵكانی دی بیخوێننەوە و چێژی لێ وەرگرن، لەو جیهانە جەنجاڵەی دەیگوزەرێنین و، پڕاوپڕە لە وەهم و ناعەدالەتی.
ئەم دنیا پڕ جەنجاڵە، مانایەکی نەهێشتۆتەوە بۆ ژیان، بەڵکو ژیانی قۆرغ کردووە و تەحەکوم بە تاکەکانی ژیان دەکات، میرزا لە ڕێگای ئەم دیوانە تازەیەوە مەبەسێتی لەو جۆرە ژیانە بێتە دەرێ و خۆی گرێ نەداتەوە بە و بێسەروبەرییەی ژیان، بە جۆرێکی تر حەکیم میرزا دەیەوێ لە ڕێگای ئەزمونکردنی ژیانەوە لە دەرگای مردن بدات و لە ماڵی ئارامی و بێدەنگیدا ڕامێنێ. وەک دەزانرێ خەسڵەتی بنچینەیی شیعر (زمان)ـە؛ بەبێ زمان داهێنان سەر هەڵنادا؛ لە هەمان کاتدا (زمان)یش به‌بێ باری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌به‌ستی ده‌ربڕین و گه‌یاندن و داڕشتنه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌، لە توانایدا نەدەبوو بەم چەشنەی ئێستاکە لێی تێگەیشتووین، هەبوایە. واتە کاتێک زمان بۆ شاعیر چەند زەروورە لەهەمان کاتدا بۆ بەکارهێنانی ئەو زمانە پاراوەش پێویستە شاعیر پەنا بەرێتە بەر بەکارهێنانی (وشەی ناوازە)، تاوەکو فۆرمی گشتی شیعرەکەی بڕازێنێتەوە و گیانێکی ئێستاتیکی بکاتە بەر ئەوە وشەیە، لە (شیعردا) لە شەققەی باڵ دەدات. ئالێرەدا پێویستە ڕەخنەگر، وەک کەسێکی خوێنەر دید و سەرنج و ڕەخنەکانی لە ئاست نووسینی سەنگی دەقە شیعرەکەدا بێ.
لەم دیوانەشیعرەی برای شاعیر زیاتر شیعرەکانی بە هەناسەی چامە (قەسیدە) نووسراون، واتە پێکهاتەیەکە لە شیعری درێژ، لێرەدا شاعیر بۆ داڕشتنی فۆرمی گشتی شیعر چەند ئاماژەپێکراو (مەدلوول)ـێک دەستنیشان ئەکا؛ وەک: (مردن، تەرەفی ئاو، چاوەڕوانی بەیانی، شەو نییە، خەو و، هتد) تاوەکو لە ڕێگای ئەم مەدلولانەی دەستنیشانی کردوون ئاماژە (دەلالەت)ـی واتاکانی لە ڕێگای کۆد و هێمای شیعرەوە وێنا بکات، لێرەوە میرزا هەناسەی شیعری لە شێوەی قەسیدەدایە؛ ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە شاعیر بۆ هەریەک لەو مەدلولانە هێندە کینگڵی داوە هەناسەی کورتی شیعر، تێری ناکات.
لە لایەکەوە ئەم چەند قەسیدەیەی حەکیم میرزا، خۆی لە شیعری درێژدا دەبینێتەوە و، ناچنە خانەی شیعری درامیەوە، چون لە شیعری درامیدا ژمارەی دێڕە شیعرەکان درێژ نین بەڵکو گرنگی بە تابلۆ و دیمەنە یەک لەدوایەکەکان دەدات، بە پشتبەستن بە ڕووداو و هەڵوێستی جیاواز و ململانێی نێوانیان بەرەو کامڵبوون دەچێ، لە ڕێگای دایەلۆگەوە بەڵام لە شیعری درێژدا گرنگی بە فراوانکردنی پانتایی خەیاڵ دەدات لە دەوری ئەو مەدلولانەی کە دیاری کردوون، درێژە بەو هەناسەشیعرانەی خۆی دەدات کە هەستە باڵاکانی شاعیری لە دەوری کۆ کردۆتەوە.
شیعر باڵاترین جۆری هونەرە، شیعری دراماش، (بیڵنسكی)٭ گوتەنی، باڵاترین جۆری شیعرە. سەرەكیترین سیمای شیعری درامی، یەكێتیی بابەتە، لە شیعری درامادا ناكرێت مەلی خەیاڵی شاعیر لەسەر چڵی چەندان بابەت بنیشێتەوە؛ ‏میرزا لە قەسیدەی (ئەشق)دا تیشک دەخاتە سەر دوو چەمکە تەواوکەرەکە لە ئاشق و مەئشووق کە دووانەیەکن لە یەک ئەتموسفیری ئەشقدا دەسووڕێنەوە، بەڵام مەئشووق غایبە لەم دەقە شیعرەی بە ناوی ئەشق. (غیاب) لە ئەشقدا یەک ئاڕاستە وەردەگرێت، ئاڕاستەیەک کە ئەوەی بەجێ ماوە، دیاری دەکات نەک ئەوەی کە ڕۆیشتووە: قسەکردن دەربارەی ئەم غیابە لە بنەڕەتدا واتە ئەوەی کە شوێنی ئاشق و شوێنی ئەویدی ناتوانرێت ئاڵوگۆڕ بکرێ.، دوای گەڕان و پشکنینی زۆر بۆمان دەردەکەوێ کە مەئشووقەکەی شاعیر غایبە و بەشوێنیدا وێڵە. با بزانین غایببوونی مەئشووق دەتوانێت پاشهات و لێکەوتەی حزوری ئەویدی بێت؛ ئەوە ئەویدییە دەڕوات و منم کە بەجێ دەمێنم. ئەویدی لە دوورکەوتنەوەیەکی ئەبەدیدایە، ئیدی لێرەوەیە دەتوانێت هەست بەوە بکات كە‌بە‌سە‌ر وجودا زاڵ بووە‌.
کەواتە بۆ گەیشتن بە ڕێگاکانی ناو دنیابینی خەیاڵی شاعیر پێویستە ئەوە بزانین کە دوو جۆر خە‌یاڵمان ھە‌یە‌؛ (خە‌یاڵی شعووری) و (خە‌یاڵی لاشعووری)؛ نووسەری دەق لە ڕێگای خەیاڵی” لاشعوریەوە ” وا دەکات پێناسێكی كە‌سیێتی و كو‌لتووری بۆ خۆی دروست بكات.
لە‌ ئە‌نترۆپۆلۆژیاشدا بە‌ھە‌مان شێوە خە‌یاڵ تە‌نها رێگایە‌كە‌ كە ‌مرۆڤ پە‌نای بۆ دە‌بات بۆ ئە‌وە‌ی بە‌سە‌ر شكستە‌ ئە‌نتۆلۆژییە‌كانیدا زاڵ بێت، لە‌وانە‌ ترس لە ‌كات و تیرۆری چارە‌نووس و ئە‌و تاریكیانە‌ی كە‌ بۆسە‌ی بۆ دە‌نێنە‌وە‌ لە ‌ژیاندا لێرەدا باس لە مردن دەکات.
دوای من تۆ ئازادی
دەتوانی ماڵەکەت بگوازیتەوە و
ئەدرەسەکەشت بگۆڕی
ئەوکاتەی من دەمرم
دەستەکانی تۆش پڕ دەبن
لە بۆنی کفن و داری عود
یەکەم شەوی ونبوونم
ئاوێنەی ژووری نوستنەکە دادەگری
دەیکەیتە هەزار پارچەوە
هەر پارچەیەکیشی لە قەراغ گۆڕستانێک فڕێ دەدەیت‌.
حەکیم میرزا لە ئەنجامی ئەزموون، گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی لە ڕێگای قەسیدەکانیەوە پێمان بڵێ، ئەشق هەروا سانا نییە، دۆزینەوەی شوناسی مرۆڤە لەناو خودئاگاهیدا ئەو دەمەی دابڕان و دوورکەوتنەوە دروست دەبێ خاڵی پێگەیشتن نەیتوانیوە هێڵەکانی ژیان ببڕێ و ببننەوە بە یەک تا لە یەکدیدا گوزارشت لەوی دی بکەن.
هەڵبەتە گەر بپرسین کە داخۆ شاعر ناونیشانی دیوانەکەی بۆچی لە چاوگی مردنەوە سەرچاوەی گرتووە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیوانە شیعریەکەی، ئەوکات دەگەینە دەرئەنجامێک، زۆربەی زۆری شاعیران بە زمانی شیعری خۆیان لە چەمکە فەلسەفیەکەی مردنیان داوە، هەندێکیان لە بازنەی میساڵیەتەوە لە مردنیان ڕوانیوە هەندێکی تریان لە بازنەی مادیەتەوە سەرچاوەیان گرتووە، چەمکی مردنیش لای میرزا لە ڕەهەندە مادیەکەوە سەرچاوەیان گرتووە واتە شاعر کاتێک لە دەرگای مردن دەدات دەیەوێ موخاتەبەی بکات، موخاتەبەیەک بە مانای زیندووڕاگرتنی ئەو کاتانەیە، کە بەردەوام خۆی بەدوور بگرێ لە دۆخێکی چەقبەستوو لە دید و ئایدیاکی دۆگمایی، بەڵکو ئەو مەبەستێتی لەگەڵ هەر ناوهێنانێکی مردندا، ئەنتی‌مردن بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ژیانی کۆمەڵایەتی و بنیادی ڕۆشنگەریی کە بەردەوام لە نوێبوونەوەدا خۆی بنوێنێ.
کورتەیەک لە ژیاننامەی حەکیم میرزا
حەکیم میرزا ساڵی ١٩٥٧ لە شاری سلێمانیدا هاتۆتە دنیاوە؛
سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانیدا خوێندووە؛
دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆیە؛
لە ناوەڕاستی ساڵەکانی هەستاکانەوە شیعر دەنووسێ
لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەوە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و بەشداری چەندین چالاکی ئەدەبی و کولتووریی سویدیەکانی کردووە؛
خاوەنی چەند دیوانەشیعرێکە؛ لەوانە:
1. دایکم لە تەنیاییم رادەمێنێت؛ ساڵی ٢٠١٦ سلێمانی
2. شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەکەوێ؛ ٢٠٢١ سلێمانی