فەرهاد شاکەلی: قەرەنی جەمیل دوایین تابلۆی خۆی نەخشاند

تابلۆ و نیگارەکانی قەرەنی جەمیل، بۆ من، هیی ئەوە نەبوون لێیان بکۆڵمەوە یا پەیام و سیمبۆڵ و هێلکاری و ئەندازە و ڕەنگەکانیان بخەمە ژێر پرسیارەوە. بۆ شیعریش من هەر ئاوەها بیر دەکەمەوە. شاعیرێک، مەرجیش نییە لە نزیکەوە بیناسم، کە زانیم خوێندەوارە، داهێنەرە، ڕاستگۆیە و پەیامێکی پێیە، هونەری بێت، یا فەلسەفی و ئەخلاقی، چی دەڵێت و چۆنی دەڵێت ناکەمە تاکە پێوەری پەسەندکردن و نەکردنی. بۆ قەرەنی و هونەرمەندانی گەورەی وەک ئەویش هەر پێوەرێکی لەو شێوەیە بە کار دەبەم، دیارە لەگەڵ ئەو جیاوازییەدا کە زۆرتر شارەزای شیعر و ئەدەب و زمانم و کەمتر هونەری نیگارکێشان.

هەتا لە ئیتالیا بوو هەر دووراودوور پێوەندیمان هەبوو. ئەمە دەبێ سەرەتای هەشتاکان بووبێت. کە باری کرد و چووە سپانیا ئاشنایەتیمان پلەیەک و دوو پلە و زۆرتریش چووە سەرێ. سەرەتا نامەمان بۆ یەکدی دەنووسی. دواتر دەستمان پێ کرد تەلەفۆنیش بکەین. لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ناوەڕاستی نەوەدەکان هەموو ژیان و شەو و ڕۆژ و مانگ و ساڵی من بووبوون بە وشە و نووسین و خوێندنەوە و زمان و شیعر و ناساندنی کورد و فەرهەنگ و ئازار و داهێنانەکانی، لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەم جیهانە. دوو گۆڤارم بڵاو دەکردنەوە، کۆمەڵێک کتێبی دۆستەکانم و خۆمم چاپ و بڵاو کردنەوە. بۆ ئەم کتێب و چاپەمەنییانە، پێویستم بە وێنە و بە تابلۆ بوو، وێنەیەک، نیگارێک، تابلۆیەک، هونەرمەندێکی کورد کێشابێتی و نەخشاندبێتی. قەرەنی جەمیڵ ئەو سەرچاوەیە بوو کە ڕاوەستانی نەدەزانی و وشکبوونی نەدەناسی. هەرچییەکم داوا بکردایە هەر زوو فریامان دەکەوت.
لە سپانیا، لە شاری گرانادا [غەرناتە]ی هەرێمی ئەندەلوس دەژیا. ساڵێکیان من بۆ کۆنفرانسێک لە بەرشەلۆنا بانگهێشت کرابووم. هەلێکی باش بوو. دوای کۆنفرانسەکە چووم بۆ گرانادا بۆ سەردانی قەرەنی. خۆی و دەستگیرانە توونسییەکەی [تەقوا] لە ماڵێکی بچکۆلەدا دەژیان. سێ چوار ڕۆژێک لایان بووم. ئەوە یەکەم جار بوو قەرەنیم لە نزیکەوە بینی.
چەند ساڵێک دواتر، هاوینی ١٩٩٨، لەگەڵ ماڵ و منداڵدا بڕیارمان دا بچین بۆ سپانیا و مانگێک لەوێ ببەینە سەر. لەگەڵ قەرەنی قسەم کرد. گوتی من لە شارۆچکەی [پینێدا دێ مار: Pineda de Mar]ی نزیکی بەرشەلۆنا دەژیم، دەتوانم ماڵێکتان بە کرێ بۆ بگرم و ئەو مانگە لەوێ بژین. هیچ دوودڵیمان نەکرد و پێمان باش بوو. یەک دوو ڕۆژێکی مابوو بچین بۆ ئەندەلوس، هاوڕێیەکی قەرەنی تەلەفۆنی بۆ کردین، وتی بە داخەوە تەقوای دەستگیرانی قەرەنی، لەم ڕۆژانەدا ڕۆیشتبوو بۆ سەردانی کەسوکارەکەی لە توونس، لە ڕووداوێکی ئۆتۆمۆبیلدا گیانی سپاردووە و ئێستا قەرەنی زۆر غەمبارە. هەر وایش بوو. کە چاومان بە قەرەنی کەوت، بەردەوام دەگریا. دوای چەند ڕۆژێک چوو بۆ توونس، دەیویست بچێتە سەردانی ئارامگاکەی تەقوا. کە گەڕایەوە، وردە وردە، هەر نەبێ بە ڕوواڵەت، ئارامتر بوو. دەستی کردەوە بە کارەکەی خۆی، تابلۆی دەنەخشاند و وێنەی کاریکاتووری خەڵکی دەکێشا، بە تایبەت بۆ تووریستان. ئەمە پیشەیەک بوو زۆربەی هونەرمەندە نیگارکێشەکان بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارەی بژێو دەیانکرد. هونەرە ڕاستییەکەیان ئەوە بوو کە بە شێنەیی دەیانکرد و گران دەیانفرۆشت. ئەو هاوینە ڕۆژانە قەرەنیمان دەبینی. جاری وایش هەبوو بانگهێشتی ماڵمان دەکرد و پێکەوە شێومان دەخوارد. شیعری [کە شەو دێت و پەنجەرەکان دەکاتە خەو]م لەو ماوەیەدا نووسی و دواتر لە دیوانی [هەموو ڕازی من ئاشکرایە و هەموو ئاشکرای تۆ ڕاز]دا بڵاوم کردەوە.
دوای ئەو هەموو ساڵەی ژیان لە سپانیا، هێشتا پاسپۆرتیان پێ نەدابوو، واتە وەک هاووڵاتی وەرنەگیرابوو. ناچار بڕیاری دا بچێت بۆ هۆڵەندا. نازانم کەی باری کرد بۆ هۆڵەندا؟ ئێستا لە بیرم نەماوە.
هەر لەو ساڵانەدا هاتە سەردانمان لە سوێد. ئەو کاتە من لە گەڕەکی سۆللـەنتوونای ستۆکهۆڵم دەژیام. نزیکەی حەفتەیەک لامان مایەوە. ڕێککەوت وا بوو کە هەر لەو حەفتەیەدا ماڵی کاک [سەلیم بەرەکات]ی نووسەر، خۆی و هاوسەرەکەی و کوڕەکەیان، هاتنە سەردانمان. تەلەفۆنم بۆ کاک [بەڕۆژ ئاکرەیی] کرد و پێم خۆش بوو ئەویشمان لەگەڵ بێت و هات. ڕۆژێکی یەکجار خۆش بوو، سەرشار لە گفتوگۆی فەرهەنگی و بیروڕا گۆڕینەوە و هەندێکیش گاڵتە و پێکەنین. کاک سەلیم و کاک بەڕۆژ لە یەکدی نەدەگەیشتن؛ ئەویان تەنیا عەرەبی و ئینگلیزیی دەزانی و ئەمیشیان تەنیا کوردی و فارسی، زۆر جار دەبوو من قسەکانیان بۆ یەکدی تەرجەمە بکەم.
لەو ساڵانەدا هەلومەرجی کوردستان ئارامتر و باشتر بووبوو. زۆر کەس بیریان لەوە دەکردەوە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و لەوێ بژین. کاک قەرەنی وای کرد. نازانم چ ساڵێک گەڕایەوە. منیش لەو ساڵانەدا بۆ سەردان دەچوومەوە بۆ کوردستان. یەک دوو جارێک لەوێ چاوم بە قەرەنی کەوت. باسی ئەوەی کرد کە ژنی هێناوە و کچێکیان هەیە. لە بواری هونەرەکەیدا، هەمیشە لە پێشکەوتندا بوو. زۆر جار پێشانگای تایبەتی ڕێک دەخست، یا لە پێشانگای گرۆییدا بەشداریی دەکرد. یەک دوو جارێکیش تەلەفۆنم بۆ کرد، پێم وایە دواجاریان بۆ سەرەخۆشی بوو، کە برایەکی کۆچی کردبوو.
لەم ڕۆژانەدا، سەرلەبەیانییەک، هەواڵی کۆچی کاک قەرەنیم خوێندەوە، بە ڕاستی ئازارێکی قووڵ و ئێشێکی زۆری پێ گەیاندم. کۆچی هونەرمەندێکی گەورە و داهێنەری وەک قەرەنی جەمیل، بۆ نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد، لە دەستدانی گەنجینەیەکی یەکجار گەورە و هەرەسهێنانی یەکێکە لە لووتکە بەرزەکانی هونەر و داهێنانی کوردەواری.

فەرهاد شاکەلی:
که‌ شه‌و دێت و په‌نجه‌ره‌کان ده‌کاته‌ خه‌و
بۆ خه‌مه‌کانی (قه‌ره‌نی جەمیل) و بۆ هونه‌ره‌که‌ی

ده‌چیته‌وه‌‌‌‌ بۆ لای خه‌مێک، خه‌مێکی په‌نجاڕه‌نگ
به‌ زمانی گه‌رده‌لوول و
به‌ زمانی په‌نجه‌ره‌ دێ به‌ پیرته‌وه‌،
هه‌موو به‌ره‌به‌یانێک
ناوێکی تازه‌ی لێ ده‌نێی، مێژوویه‌کی وه‌کوو گزنگ
بێڕابوردووی بۆ ده‌نووسی،
که‌چی هێشتایش هه‌ر بێناوه‌.
ده‌چیته‌وه‌ بۆ خه‌ڵوه‌تی تاریکایی،
بۆ مزگه‌وتی ته‌نهایی…
شه‌و ده‌بێته‌ له‌تێ ئاوێنه‌ی ته‌مگرتوو
نه‌ بریسکه‌ی دوو چاوی مه‌نگی ئاشنا به‌ دی ده‌که‌ی
ڕۆحت بلاوێنێته‌وه،
نه‌ باڵی ئاورێشمینی هه‌ورێکی په‌رچه‌مخه‌نه‌یی
نه‌مامی یادگاره‌کانت ده‌خاته‌ له‌نجه‌ی شێتانه‌.
بایه‌ک شه‌وانه‌ شنه‌شن
به‌رپه‌نجه‌ره‌ی ماڵی ته‌نهاییت پێ ده‌گرێ
تیشکی چرایه‌کی مه‌ستت پێشان ده‌دات
بیکه‌ به‌ دار، گرمه‌ی هه‌ورێک به‌ لقوپۆپیا هه‌ڵواسه‌!
بیکه‌ به‌ سێبه‌رێکی شین،
برینێکی زه‌رده‌په‌ڕی پێ داپۆشه‌…!
وتم ئه‌م ڕووبارانه‌ چه‌نده بێ هاژه‌ن.
ئه‌م دارستانه‌ سه‌رشێته‌ چه‌ند هۆگری خه‌می زه‌ردی
بیابانه‌!
شه‌پۆلێکی خه‌واڵوو
له‌ ناوله‌پما شه‌وێ دامرکایه‌وه‌‌
گه‌ڵایه‌کی پرچئاڵتوونین
خۆی به‌خت ده‌کرد بۆ ئه‌وینی ده‌نکه‌لمێ.

که‌ شه‌و دێت و په‌نجه‌ره‌کان ده‌کاته‌ خه‌و
کۆڵانی شار ڕه‌نگی ڕووناکییان له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌،
تۆ ڕه‌نگی ڕۆژ،
تۆ ده‌نگی ڕۆژ له‌ بیر ناکه‌ی.
له‌ناو دڵی نیگارێکدا گه‌وهه‌رێکی تیشکهاوێژ ده‌ڕوێنی.
ئه‌وه‌ وێنه‌ی گومه‌زێکی (ئه‌لحه‌مرا)یه‌، عاشقانه‌،
وا گوڵاوی مێژوو به‌سه‌ر (ئه‌نده‌لوس)دا ده‌پرژێنی.
زه‌نگی یادێک پڕیشکی ژان و دوودڵی،
وه‌کو پۆلێ باڵداری ده‌نووکئاگرین،
به‌ر ده‌داته‌ نه‌خشه‌ی زه‌ردی ئاواره‌یی…
هه‌رێمی ته‌م هه‌ڵبژێره‌!
هه‌رێمی خه‌م هه‌ڵبژێره‌!
به‌ڵام نه‌که‌ی بۆ پێته‌ختی خه‌مه‌کانت چاو بگێڕی،
سنوورێ بۆ خه‌ونستانه‌ سووتاوه‌که‌ت بنه‌خشێنی!

فرمێسکی چی بۆ نهێنی
ئه‌م گه‌ردوونه‌ هه‌زارڕه‌نگه‌ ده‌وه‌رێنی؟
خۆ ده‌زانی
ڕه‌گی خه‌ون و ڕه‌گی ئه‌وین
‌له‌ شۆره‌زاری ده‌شتێکی بێسنوورا
لێک ئاڵاون.
باوه‌ڕ نه‌که‌ی
ڕه‌شه‌با بۆ ڕنووه‌به‌فری زامدار بگری!
داری شه‌وگار، له‌ وه‌رزی تاسه‌دا نه‌بێ، گۆپکه‌ بکا!
به‌رسێلۆنا (کاتالۆنیا) ٣٠-٧-١٩٩٨