١٣ کاتژمێر گفتوگۆ

عوسمان ڕانیەیی

کەسایەتیی نیشتمانی و نووسەر و ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری بەتوانا و زمانزان، کاک ئازاد عەبدولواحید، سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان، شاکارێکی دیکەی ئەدەبی و زانستی و ئەکادیمی خستە سەر خەرمانی کارە نایابەکانی دیکەیەوە، ئەم جارەیان “شێخی قەڵەم” دوای کارکردنێکی فەرهاد ئاسا، لە باڵای بێستوونێکی ئەم وڵاتی کوردەوارییە دەڕوانێ، دوای چەندان ژوان و دانیشتنی گەرموگوڕ و چروپڕ، لە میانی گفتوگۆیەکی هەمەلایەنی پڕ هۆشیاری و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و سیاسی و مێژوویی و فەلسەفی، توانیویەتی گەنجینەیەکی دیکەی گرانبەها بدۆزێتەوە و پێشکەشی گەلەکەی بکاتەوە و بە زمانی پێنووس و بەدەم تاووتووکردنەوەی مێژوو، بە ڕۆڵەکانی نیشتمان ببێژێت: ئێمەی کورد ستوونێکی بەژن زراڤی درەوشاوە و کەسایەتییەکی بلیمەتی وەک (پڕۆفیسۆر دوکتۆر موحسین محەمەد حوسێن)مان هەیە.

ئەو هەڤپەیڤینەی کاک ئازاد عەبدولواحید لەم گەشتە ١٣ کاتژمێرییەی ئەنجامی داوە، بە پرسیارە فرەڕەهەندکانی کە زۆر باش دەزانێ چۆن و لەکوێ و کەی پرسیار لە بەرانبەرەکەی دەکات، وەها ڕاشکاوانە (پرۆفیسۆر موحسین محەمەد حوسێن)ی هێناوەتە ئاخافتن، وەک خۆی دەڵێت”خۆم ئەو پرسیارانەم لە خۆم بپرسیبایە، وەک پرسیارەکانی تۆ نەدەهاتنەوە” لە بەرانبەریشدا ئەو وەڵامە قووڵ و زانستیانەی جەنابی پرۆفیسۆر خستوونیەتە ڕوو، ئەوە هەڵدەگرن کە کردوویانە بە ناوونیشانی کتێبەکەیان (بێ ترس و دوور لە سۆز مێژوو دەنووسێتەوە).
لە ماوەی مانگێک خوێندنەوە و گەشتکردنم لە پانتایی فیکر و ڕامان و ڕۆشنبیری ئەو دوو کەسایەتییەدا، وەک بیرمەندی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان “ئیبراهیم مەحموود” دەڵێت: (فڕین لەناو کونی دەرزیدا – التحلیق من خرم الأبرة)، منیش هاوشێوەی ئەو، زۆر بە وردی و بە ئیشقەوە هاوڕێی گەشتەکەی ئەو دوو زاتە هێژایە بووم، لێرەشەوە پوختەی ئەم سەفەرە مەعریفییەم دەکەمە نوقڵانەی جەژن و پێشکەشی خوێنەرانی دەکەم، بە هیوام تا ڕادەیەک هاوزمانانم بە چەند لایەنێکی گفتوگۆی ناو کتێبەکە ئاشنا کردبێت.
بەشبەحاڵی خۆم، وەک خوێنەرێک، زۆر لەخوێندنەوەی ئەم کتێبە سوودمەندبووم، چونکە توانیم بە زۆرترین زانیاری، زۆرترین ڕاستی مێژوویی بگەم، بە چەردەیەک لە ناوونیشان و سەرچاوەی جیاواز و ناوی دەیان کتێب و نووسەر و ڕەخنەگر و زانا و لێکۆڵەری خۆیی و بیانی، هاوکات هەڵوێستی ڕاستودروستی چەندان کەس و کەسایەتی و فڵان و فیسارم لە ئاست پرسگەلی جیاوازجیاوازدا بۆ بە دیارکەوتن، هەروەها دەمامک و دووڕوویی و خەمساردی زۆر کەسیش لە ئاست بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان وەک ڕۆژی ڕوون خۆیان نواند.
لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، هێندەم هێڵی ڕاست و چەپ و کەوانە و خاڵ و بۆر لەسەر و بنی دێڕەکان داناوە، لە دامێن و ئەو لا و ئەو لای لاپەڕەکانیشدا هێندەم تێبینی نووسیون و پەڕەکانم نووشتاندوونەتەوە، بێتو ئەو کتێبەم وەک خواستن (ئیستعارە) وەرگرتبا، هەرگیز خاوەنەکەی ڕازی نەدەبوو لێمی وەربگرێتەوە، چ بکەم ئەوە خەسڵەت و خووی منە لە خوێندنەوەی کتێبی باش.
وەک کوردێک دڵم زۆر خۆش بوو کە ئێمە کەسانی وەک “پڕۆفیسۆر دوکتۆر موحسین محەمەد حوسێن”مان هەیە، کە بەو قووڵییەوە چووەتە ناو مێژووی گەلەکەی و گەلانی دیکەی ناوچەکە، بگرە هی نەتەوەکانی دیکەی جیهان و ئەو شارەزاییە زۆرەی دەربارەی شارستانیەتە دێرین و کۆن و مۆدێرنەکانی مرۆڤایەتی هەیەتی، هەروەها دەربارەی ئایین و ئایینزاکان و زانا و بیرمەندان و ڕێبازە ئایینی و فکرییەکان زۆر بابەتیانە و بە شیکارییەکی ورد و جوانەوە دوور لە “سۆزداری” بابەتەکانی شەنوکەو کردووە.
ئەو وەک ڕۆڵەیەکی هەولێری، لە گەڕەکی (عارەبان) چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە، لەناو خێزانێکی مام ناوەند گەشەی کردووە، ئینجا وەک مەلێکی عەوداڵی ئازادی بەرەو جیهانی دەرەوەی بنەماڵەکەیان لە شەقەی باڵی داوە، یەکەم جار لە هەولێر، پاشان بەرەو بەغدا ڕۆیشتووە، لەو شارەدا کە هەموو شتێک بۆ ئەو نوێ بووە، سەرەتای ژیانی ئەوێی پڕ زەحمەت و دەردی سەری بووە، بەڵام ناوەستێ و ناکەوێ، بە دوای بەدیهێنانی خەونەکانیدا دەگەڕێ، لێرەوە لە بەغدای پایتەختی شارستانیەتەکان و ئەدەب و زانست، هزری گەشە و نەشونما دەکات، چاوی بۆ ژیانێکی نوێ کردۆتەوە و هەر لەو شارەش، ساڵی ١٩٦٢ خوێندن لە زانکۆی بەغدا تەواو دەکات، لە زانستگە قوتابی بیرمەندی گەورە (د.عەلی وەردی) بووە، ئەو لە وەسفی (عەلی وەردی)دا دەڵێت؛ “بەمانای وشە کەسێکی بیرمەندبوو، دیالۆگسازیش دەڵێ ڕۆژئاواییەکان بە (سان سیمۆنی عێراق) ناوی دەبەن”. پڕۆفیسۆر زۆر شانازی بە ڕۆژگاری خوێندن و پەروەردەی نەوەکانەوە دەکات، جا بۆ نەیکات؟ کە یەکێک لە قوتابییەکانی، لە خانەی مامۆستایانی هەولێر، زانای کۆچکردووی کورد (عەزیز گەردی) بووبێ.
لە باسی کەسایەتییەکان و زانا و بیرمەندە گەورە و ناودارەکان، کورد و عەرەب و بیانییەکان لە ڕۆژگارێکی زووی مێژوییەوە تا هەنووکە، بۆ ناسین و ڕامان لە بیر و هەڵوێستیان، پڕۆفیسۆر گەشتێکی فراوان و قووڵمان پێ دەکات، هەر لە (ئیبن ئەلشەعار) کە ماوەی شەش ساڵ لە ماڵی (ئیبن مستەوفی)دا لە قەڵای هەولێر بەخێوکراوە، تا دەگاتە (ڕابیعە) خاتوونی خوشکی (سەلاحەددین ئەیوبی) کە خێزانی سوڵتان موزەفەر بووە و ٤٤ ساڵ لە هەولێر ژیاوە، بەڵام بۆ کورد خشتێکی لەسەر خشتێک دانەناوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە (ئیبن ئەسیر) هیچ خزمەتی کوردی نەکردووە، ئەگەرچی بەبنەچە کورد بووە، ئینجا دێتە سەر باسی (سوهرەوەردی) و چۆنیەتی ڕووداوی مردنەکەی، باسی (ئیبن خولەکان)مان بۆ دەکات و دەڵێت خەڵکی هەولێر بووە، نەک خەلەکان، هەروەها (یاقوتی حەمەوی) و چەندان شاعیر و بیرمەند و گەڕیدەی هێناوەتە بەرباس، دواتر لە مەڕ هزروانانی سەردەم دێتە سەر باسی مارکس و ئەنگڵس و مکیاڤیللی و دەیانی دیکەی هاوشێوەیان، کە هەریەکەیان بە گوێرەی کاریگەری سەردەمی خۆیان، شرۆڤەی بۆچوونەکانیانی کردووە.
لە باسی (سەلاحەددینی ئەیوبی) کە بەشێکی باشی لەو کتێبە بەرکەوتووە، ئەو بەبەڵگەوە ڕای زانستی و ئەکادیمی خۆی خستۆتە ڕوو، من پێم باشە وەک چۆن بۆچوونی منی لەسەر ئەو بابەتە یەکلایی کردەوە، ئاوهاش خوێنەری کورد، ئەوانەی مەبەستیانە دەربارەی سوڵتان (سەلاحەددین ئەیوبی) زانیاری دروست بزانن، با ئەو کتێبە و کتێبەکانی دیکەی پڕۆفیسۆر و لێکۆڵینەوەکانی بخوێننەوە، لەوانە کتێبی (موضوعات في التاريخ الكردي)، ئینجا قەزاوەتی خۆیان بکەن.
لە باسی شوێنەوارناسیدا، پڕۆفیسۆر زۆر بابەتیانە باسی ئەو لایەنە دەکات و دەڵێت؛ “شوێنەوار زانستێکی بنەڕەتی مێژووە، بەڵام درۆی لەگەڵ نەکرێ، ئەگەر ئەو شوێنەوارە ئی خۆت نەبێ، مەڵێ ئی منە، ئەگەر ئەو شوێنەوارە لە وڵاتی تۆ بێت، بە پارچەیەک لە مێژووی تۆ دادەنرێت” هەروەها دەڵێت؛ “لە کوردستان هەندێک شوێنەوار و شتی وەک (نارامسین)مان لە ناوچەی قەرەداخ هەیە، ئەگەرچی شوێنەواری زۆر گرنگمان نییە، لەوانەی پێیان دەگوترێت (الأوابد) کە تێک ناچن، وەک ئەهرامەکانی میسر و ئەبولهۆل و پەرستگەی ئەبوو سونبل لە میسر و ئەسەد بابل لە عێراق.
لە باسی خۆشەویستی بۆ مێژوو دەڵێت؛ ئەوەی مێژووی خۆش بوێت هاوئاهەنگییەکی خەیاڵ ئامێزی لەگەڵ دروست دەکات، من کاتێک لەسەر مێژوو دەنووسم، وەک ئەوەیە لەسەر ئامێری پیانۆ بم و ئاوازێکی خۆش بژەنم، هەروەها دەڵێ؛ “دەبێ مرۆڤ لە کۆمەڵگەی خۆیدا ڕۆڵی هەبێت، منیش ئەو ڕۆڵ بینینەم لە نووسینەوەی مێژووی وڵاتەکەمدا دەبینم، من لەسەر مێژووی کورد و کوردستانم نووسیوە، ئەوە لەلام شتێکی بنچینەییە، هەروەها دەفەرموێت؛ “من مێژووی کوردم لە درۆ و دەلەسەی گەلانی دیکە ڕزگار کرد، کە بەشێوەی ڕەگەزپەرستانە سەیری مێژوو دەکەن”.
لە باسی جوگرافیادا پڕۆفیسۆر دەڵێت؛ “جوگرافیاشم حەز لێیە، چونکە جوگرافیا خاکی ڕووداوەکانە، لەسەر ئەو خاکە ئەو مێژووە، لەو سەردەمەدا دروستبووە، لەبەر ئەوەی سەرەتای مێژوو ئەوەیە مرۆڤێک لەسەر خاکێک لە زەمانێکدا شتێکی کردووە، ئەوەش یەکێکە لە ڕەگەزەکانی مێژوو”.
لە بواری خوێندن و فێرکردنی قوتابییاندا دەڵێت؛ خوێندن هاندانێکە لە خۆتەوە دەست پێ دەکات، شتێکی زاتییە، پێوەندی بەخۆتەوە هەیە، هەروەها دەفەرموێت؛” دەبێ قوتابییەکانمان گۆش بکەین کە چۆن بە مەوزوعیەت فێربکرێن، دەشڵێت؛ دەبێ بە دیققەتەوە دوژمنەکانمان بخوێنینەوە).
ڕەگەکانی درەختی پڕ بەرهەمی ژیانی پڕۆفیسۆر لە هەولێر و قەڵاتەوە سەرچاوەیان گرتووە و چوونەتە ناو جەستەیەوە، بۆیە کاتێک کاک ئازاد عەبدولواحید لێی دەپرسێت هەولێر و قەڵاتت خۆش دەوێن، لەوەڵامدا دەڵێت؛ قەڵات کەسایەتی هەولێری چەسپاندووە، چونکە قەڵات هەولێر بووە، هەولێریش قەڵات بووە. کە لێشی دەپرسێت بەنیاز نیت بیرەوەرییەکانت بنووسیتەوە، دەڵێت با، کە نووسیم ناوی دەنێم (من ناگۆڕێم)!
9/6/2025