ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
هونەرمەندی كوردی دوورە وڵات (جەلال رەئوف) بە بۆنەی كۆچی دوایی كردنی هونەرمەند (قەرەنی جەمیل) پۆرترێتی تایبەتی نەخشاند.
(جەلال رەئوف) بە (هەولێر)ی گوت : ئەم پۆرترێتەم نەخشاند بۆت، بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەك بێت یادت بكەمەوە. وا ھەستدەکەم كە ھێشتا لە ئیتاڵیایت لە شێوەی یادگارێكی زیندوو. بیر لەوساڵانە دەكەمەوە كە پێكەوە ھونەرمان دەخوێند لە بەغدا، چەند ساڵێك لە فلۆڕەنسا ھاوڕێی زۆر نزیك بووین .
دەمەوێ سەبارەت بە كۆچت قسەبكەم، سەبارەت بەو شتەی كە بە ئازارەوە پێیدەوترێ ( مردن) و نیگا غەمناکەكەتی ڕفاند . كۆچت ھەروەك جەوھەرت بەرھەمێكی ھونەری مەزنی بە جێھێشت .
یادت دەكەمەوە لەگەڵ ئەم شیعرەی فێرناندۆ پێشەوا کە دەلێ:
مردن پێچی ڕێگایەكە
مردن تەنھا ئەوەیە نابینرێیت
كەس بێ سەروشوێن نابێ
ھەمو شتێك ڕاستیەو تێپەڕبوونە
شایانی باسە قەرەنی جەمیل، سێشەممە 3-6-2025، كە یەكێكە لە دیارترین هونەرمەند و شێوەكارەكانی كورد بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 71 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
قەرەنی جەمیل، ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایكبووە، لە 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1984 كۆرسی یەك ساڵەی لیتۆگرافی لە ئیسپانیا تەواوكردووە.